Print
 هاوارێک..!
Saturday, March 19, 2011
کامەران عەزیز

هەڵوێستی پێنجەم:
راوەستانی خۆپیشاندەران..ئەنجامەکەی بێئومێد کردن و خۆکوژی گەنجانە...!

گەنجان لە هەر توێژێکی دیی کۆمەڵایەتی زیاتر خاوەنی ئەو هەیاجان و وزە و ئێنەرژیەن، کە دەتوانێت ببنە پاڵنەری خێراترکردنی گۆڕانکاری و روداوەکان... ببنە... خێراترکردنی هەنگاو و داهێنان و گۆڕانکاریەکان، ئەم وزەیە دەتوانێت ببێتە هۆی سەرچاوەیەکی بەهێز بۆ توانای زیاتریان تا بتوانن بە زویی دیوار و سنورەکانی ئەودیوی ژیانی خۆیان بەبێ ماندوبون ببڕن، بۆ کەشفکردن و ئاشکراکردنی هەمو نهێنییەکانی دی ژیانیان، تا ژیانی گەنجیەتی خۆیان بەرەو ئاییندەیەکی باشتر بگوێزنەوە... بە بەراورد و جیاوازی کردنی کەمی ئاستی ژیانی خۆیان و کۆمەڵگاکەیان بدۆزنەوە، ئەم ئاستە کەمە لە گوزەرانیان بکەنە بنەمای هەستان و خرۆشانەکانیان... هەر ئەم ئاستە کەمەی ژیانیان بکەنە چرای رونکردنەوەی ویست و پێداویستەکانیان... تا بەبێ ترس و بەبێ گوێگرتن روبەڕوی هەر بەڵێنێکی درۆینەی دەسەڵاتداران ببنەوە، بێدەنگ نەبن و رانەوەستن...!
گەنجیەتی بۆ گەنجان مانای سەلماندن و ناساندنی بون و کەسایەتیانە... مانای بەکارهێنانی توانای جەستەیی‌ و ئازایەتی خۆیانە بەرامبەر بە کۆمەڵگا و دەسەڵات، بۆ ئاییندەیەکی رون و پێشکەوتو... بۆ ئاییندەیەکی پڕ لە داهێنان و گەشە کردو...!

گەنجان ئەو توێژەن کە خاوەنی دەرونێکی ئۆقرە نەگرتو و نا ئارامن... هەمو شتێک بەلای گەنجانەوە زو کۆن دەبێت و باوی نامێنێت... بۆیە هەمیشە بیر دەکەنەوە لە وێنەو ستایلێکی نوێ بۆ ژیانی ئێستا و داهاتویان... بیر دەکەنەوە بۆ گٶڕینی هەر دەسەڵاتێکی چەقبەستو و نەگۆڕ و رۆتین و دوبارە لە ژیانی ئێستایاندا، تا هەمان ستایل و چۆنیەتی دەسەڵات لە ئاییندەیاندا دوبارە نەبێتەوە و دیسان ئاییندەیان بە مۆدێل و باوەڕی کۆن داگیر نەکرێتەوە...! گەنجان بۆ ئەم ئامانج و مەبەستە هەموکات بەبێ ترس ئامادەن بێنە مەیدان و سەر شەقام، تا ئازایانە روی بە روی دەسەڵاتداران ببنەوە، بە ئومێدی بەدیهێنان و سەرکەوتن...!

لەبەربونی ئەم وزە و ئێنەرژیەیە کە هەمو حیزب و دەسەڵاتێک، پێوەری توانا و هێزی خۆی بەبونی زۆرینەی رێژەی گەنجان لە حیزب و دەسەڵاتیاندا بپێون... حیزب و دەسەڵاتە کۆنسەرڤاتیڤ و سەربازیەکان شا گەشکە دەبن بەبونی رێژەی زۆری گەنجان لە ریزی هێزەکانیاندا. بەپێچەوانەشەوە بەزویی توشی لەرزین دەبن و هەست بە مەرگ دەکەن، کاتێک توشی روبەڕو بونەوە بون لەگەڵ هێزی نا رازی گەنجاندا... کاتێک بینیان زۆرینەی رێژەی گەنجان دژ بە خۆیان وەستاوەتەوە... کاتێک کە نەیانتوانی هێزی گەنجان دەستەمۆ بکەن و چەواشەیان بکەن...!

بەڵام ئەگەر هاتو گەنجان بەهەر هۆیەک لە خۆپیشاندانەکانی ئەمڕۆدا توشی شکست و پاشەکشە بون، لە گۆڕانکاریەکانی ژیانیاندا و نەیانتوانی خواستەکانی رۆژانەیان بەدیبهێنن، ئەوا خەمۆکی و بێزاری دڵ و دەرونی گەنجان داگیر دەکات...! ئەم خەمۆکیەش گەنجان بەرەو چەند حاڵەتێکی ترسناک دەبات؛ لە حاڵەتی یەکەمدا، گەنجان توشی بێومێدی و نامۆیی دەکات، دەبێتە پاڵنەری گەنجان بەرەو هەڵبژاردنی کاری خۆکوژی و مەرگ...! لە حاڵەتی دوەمدا گەنجان توشی توڕەبون و بەگژاچون و توندوتیژی هیستریایی دەکاتەوە و لە هەمو شوێنێکدا ئامادە دەبن بۆ کاری توندتیژی و ئاژاوە و تێکدان و وێرانکاری و ئازاردانی هەر مرۆیەک کە بەرەو رویان ببێتەوە...! لە حاڵەتی سێیەمدا توشی هەڵوێستەیەکی سەیر دەبن... توشی دڵشکان و تۆران و بێزاریەکی گەورە دەبن...! هەمو بەهایەکی نیشتمانیان لە لا قێزەون دەبێت و هەمو دەسەڵاتێکی نێو نیشتمان بە دوژمنی خۆیان دەزانن...! بۆیە ناوەستن و بڕیاری خێراو توند دەدەن لە بەرامبەر شوێنەکانی ژیان و پەروەردەبونیاندا، بڕیاری بەجێهێشتنی نیشتمان... بڕیاری ماڵ ئاوایی لە بیرەوەریەکانی منداڵی و گەنجیەتی بریندار و شکاو دەدەن... کە کۆچی ساڵانی نەوەدەکان بەڵگەیەکی زیندوی ئەم بڕیارانەن...!

بۆیە هاوار دەکەم و دەڵێم ئەوانەی دەیانەوێت خەون و ژیانێکی نوێ لە ژیانیانیاندا ببینن... ئەوانەی دەیانەوێت ئاییندەی رون و باشتر بۆ نەوەکانیان بەدیبێنن... ئەوا با هەمو پێکەوە بە هەمو جیاوازیەکانمانەوە نەهێڵین ئەم هەستان و خرۆشانەی گەنجان و لاوانی کوردستان، بۆ گۆڕانکاری و ئیدارە و دەسەڵاتێکی نوێ... بۆ بەدیهێنانی داواکاری و داخوازیەکانمان... بۆ چاکسازی و دروستبونەیەکی نوێ رابوەستێت.

من لێرەوە بە هەمو هاوڵاتیەکی هوشیار و خەمخۆر... بە هەمو کەسێکی سیاسی ناڕازی... بە هەمو رٶشنبیر و نوسەر و هونەرمەندێکی رەخنەگر رادەگەیەنم کە ئەمڕۆ رۆژی گەیاندنی پەیامەکانتانە... ئەمڕۆ رۆژی بە کردەوە کردنەوەی رەخنەکانتانە... ئەمڕۆ رۆژی بە زینوڕاگرتنی وشە و وتەکانتانە... ئەمڕۆ رۆژی دەرهێنان و بەکارهێنای قەڵەمەکانتانە... ئەمڕٶ رٶژی رێنمایی کردنی هاوڵاتیانە..ڕۆژی بەرز کردنەوە و پیشاندانی مانیفێستەکانتانە... ئەمڕۆ رۆژی دەستگرتنی هەموانە دژ بە دەسەڵاتدارنی گەندەڵ و مشەخۆر و نا عەدالەت و سەرکوتگەری کوردستان...

Sbeiy.com © 2007