Print
 وتاری‌ د. زانا ره‌ئوف ‌و د. شاهۆ سه‌عید له‌ سه‌رای‌ ئازادی‌، له‌ یادی‌ بیست‌و سێ‌ ساڵه‌ی‌ مه‌رگه‌ساتی‌ كیمیابارانی‌ هه‌ڵه‌بجه‌دا
Tuesday, March 22, 2011

هاوڵاتیانی‌ سه‌ربه‌رز..
خۆپیشانده‌رانی‌ خۆڕاگر..
ماته‌مگێڕانی‌ یادی‌ كیمیابارانی‌ هه‌ڵه‌بجه‌...
 بیست‌و سێ‌ ساڵ‌ له‌مه‌‌وبه‌ر گه‌لی‌ كوردستان وه‌ك گه‌لێكی‌ ته‌نها‌و بێكه‌س له‌ ئاست به‌ربه‌ریه‌تی‌ داگیركاراندا له‌ كۆتاییه‌كانی‌ ده‌یه‌ی هه‌شته‌می‌ سه‌ده‌ی‌ رابردودا ده‌ركه‌وت. ئێستا كه‌ بۆ بیست ساڵ‌ ده‌چێت هه‌رێمی‌ كوردستان خاوه‌نی‌ حوكمی‌ خۆماڵییه‌، به‌ڵام تائێستا سه‌ركردایه‌تی‌ كورد، حكومه‌تی‌ هه‌رێم، په‌رله‌مان ‌و داموده‌زگا فه‌رمیه‌كانی‌ هه‌رێمی كوردستان نه‌یانتوانیوه‌ هێنده‌ی‌ چاوی‌ كامێرای‌ په‌یامنێرێكی‌ بیانی‌ وێنه‌ی‌ ئه‌و مه‌رگه‌ساته‌ به‌ جیهان‌و نێوه‌نده‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان بناسێنن. ئه‌وه‌ی‌ تائێستا له‌ وێژدانی‌ مرۆڤایه‌تیدا زیندوه‌ وێنه‌ی‌ قوربانیه‌كانی‌ هه‌ڵه‌بجه‌یه‌، ئه‌و وێنه‌یه‌ی‌ كه‌ چه‌ند په‌یامنێرێك گواستیانه‌وه‌ بۆ دنیا، به‌ڵام كاركردن له‌سه‌ر كه‌یسی‌ یاسایی‌و مرۆیی‌ ‌و نه‌ته‌وه‌یی‌ ئه‌و وێنه‌یه‌ زیندو نیه‌، كه‌ ئه‌وه‌ ئه‌ركی‌ داموده‌زگاكانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بو له‌ ماوه‌ی‌ بیست ساڵی‌ رابردودا كاری‌ له‌سه‌ر بكه‌ن‌و زیاتر وه‌ك تاوانێكی‌ جینۆساید، وه‌ك تاوانێك دژی‌ مرۆڤایه‌تی‌، وه‌ك تاوانێك دژی‌ به‌رائه‌ت‌و دژی‌ ژیان به‌ جیهانی‌ بناسێنن.
 له‌ ماوه‌ی‌ بیست ساڵی‌ رابردودا ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ كورد شكستیان خوارد له‌ یادكردنه‌وه‌ی‌ هه‌ردو مه‌رگه‌ساتی‌ هه‌ڵه‌بجه‌‌و ئه‌نفال به‌شێوه‌یه‌كی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ كه‌ تاك شوناسی‌ نه‌ته‌وه‌كه‌مان بسه‌لمێنی‌ له‌سه‌ر ئاستی‌ ناوخۆ، له‌سه‌ر ئاستی‌ عیراق‌و نێوده‌وڵه‌تیش كورد شكستیان خوارد له‌ كاركردن له‌ سه‌ر كه‌یسی‌ یاسایی‌‌و مرۆیی‌ ئه‌و تاوانه‌. ته‌نانه‌ت خه‌مساردی‌‌و بێباكیی‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ كورد گه‌یشته‌ ئاستێك كه‌ ئاماده‌ نه‌بن ئیمزا له‌سه‌ر سزادانی‌ تاوانبارانی‌ كه‌یسی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ بكه‌ن، یه‌كێك له‌ فڕۆكه‌وانه‌ تاوانباره‌كانی‌ ئه‌و مه‌رگه‌ساته‌ به‌ فه‌رمانی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ كورد ئازادكرا، په‌رله‌مانی‌ كوردستانیش هه‌رچه‌نده‌ له‌ خولی‌ پێشودا لیژنه‌یه‌كی‌ بۆ ئه‌و پرسه‌ پێكهێنا، به‌ڵام مه‌له‌فی‌ ئه‌و لیژنه‌یه‌ داخراوه‌‌و تا ئێستا نه‌كراوه‌ته‌وه‌. حكومه‌تی‌ هه‌رێم‌و داموده‌زگا فه‌رمیه‌كانی‌ كوردستان شكستیان خوارد له‌ دڵدانه‌وه‌ی‌ هه‌ڵه‌بجه‌‌و هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌كان، له‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی‌ شاره‌كه‌یان، له‌ قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌ی‌ قوربانیه‌ زیندوه‌كانیان.
به‌ڕێزان...
 ئه‌گه‌ر یاده‌وه‌ریمان لاواز نه‌بێت هه‌مومان 16/ 3/ 2006 مان له‌یاده‌، ئه‌و رۆژه‌ی‌ كه‌ هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌كان دژی‌ یادكردنه‌وه‌ی‌ مه‌رگه‌ساتی‌ شاره‌كه‌یان راپه‌ڕین‌و مۆنیۆمێنتی‌ یاده‌كه‌یان سوتاند وه‌ك ناڕه‌زاییه‌ك دژی‌ حزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان كه‌ ئه‌و مۆنیۆمێنته‌یان وه‌ك ده‌غیله‌یه‌ك به‌كارده‌هێنا بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندكردن‌و قه‌ڵه‌وكردنی‌ حزب‌و سه‌ركرده‌كانی‌ حزب. نایشارینه‌وه‌‌و ده‌ڵێن له‌وه‌ ده‌چێ‌ ئه‌و په‌یام‌و ئاماژه‌ییه‌ی‌ كه‌ هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌كان به‌ له‌ چوار ساڵ‌ گه‌یاندیانه‌ سه‌ركردایه‌تی‌ كورد، هێشتا نه‌گه‌یشتبێ‌، به‌ به‌ڵگه‌ی‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌ر دوێنێ‌ بو بینیمان كه‌ چۆن ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ ئه‌م هه‌رێمه‌، له‌ به‌رزترین ئاستی‌ به‌رپرسیارێتیدا، یادی‌ راپه‌رینیان له‌ بۆنه‌ی‌ حزبی‌‌و له‌ژێر ئاڵای‌ حزبه‌كانیاندا كرده‌وه‌ نه‌ك له‌ بۆنه‌ی‌ نه‌ته‌وه‌ییدا، هه‌ربۆیه‌ ئه‌مڕۆ لامان سه‌یر نییه‌ كه‌ هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌كان بڕیاریان داوه‌ بایكۆتی‌ یادی‌ مه‌رگه‌ساتی‌ شاره‌كه‌یان بكه‌ن‌و جگه‌ له‌و كه‌سانه‌ی‌ كه‌ ره‌نگه‌ له‌ ترسی‌ نانبڕین به‌شدارییه‌كی‌ سارد‌و سڕی‌ ئه‌و یاده‌ بكه‌ن، ته‌واوی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌كان بڕیاریان داوه‌، پاش بیست ساڵی‌ حوكمی‌ خۆماڵی‌، له‌ ماڵه‌كانیان نه‌یه‌نه‌ ده‌ره‌وه‌‌و به‌بێده‌نگی‌‌و بێئومێدی‌‌و به‌ته‌نها خۆیان له‌گه‌ڵ‌ خۆیاندا ئه‌و یاده‌ بكه‌نه‌وه‌. پێش بیست‌و سێ‌ ساڵ‌ هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌كان به‌ ته‌نها كوژران، به‌ڵام ئه‌مڕۆیان خۆیان بۆ خۆیان به‌ ته‌نها له‌ ماڵه‌ داخراوه‌كانیاندا ئه‌و یاده‌ ده‌كه‌نه‌وه‌. ئه‌گه‌ر په‌یامی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌كان له‌ سوتاندنی‌ مۆنیۆمێنته‌كه‌یان له‌ 2006دا نه‌گه‌یشتبێ‌، ئومێدده‌كه‌ین بڕیاری‌ بایكۆتكردنیان بۆ ئه‌و یاده‌ له‌مساڵدا بگاته‌ گوێی‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ كوردستان‌و هه‌مومان له‌ مانای‌ ئه‌و په‌یامه‌ خه‌مناكه‌ بگه‌ین له‌م یاده‌ خه‌مناكه‌دا.

Sbeiy.com © 2007