Print
 ئه‌نجومه‌نی‌ كاتی‌ مه‌یدانی‌ ئازادی، پاش تێپه‌ڕبونی‌ یه‌ك مانگ به‌ سه‌ر كاره‌ساته‌كانی‌‌ 17ی‌ شوباتدا
Tuesday, March 22, 2011

(سبه‌ی‌):
سڵاوی‌ ئازادیخوازانه‌تان لێبێت.

ئه‌مڕۆ یه‌ك مانگ به‌سه‌ر ڕوداوه‌ خوێناویه‌كی‌ سلێمانیدا تێپه‌ڕ ده‌بێت. له‌و كاته‌وه‌ خه‌ڵكی‌ ناڕازی‌ ڕژانه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان بۆ ده‌ربڕینی‌ ناڕه‌زایه‌تی‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و تاوانانه‌ی‌ ئه‌نجامدران و به‌رامبه‌ر شێوازی‌ حوكمڕانێتی‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا.
تا ئێستا خۆپیشاندانه‌كانی‌ كوردستان به‌رده‌وامیان هه‌یه‌ و ڕۆژ له‌ دوای‌ ڕۆژ له‌ په‌ره‌سه‌ندندایه‌. هۆكاری‌ ئه‌م په‌ره‌سه‌ندنه‌ی‌ ناڕه‌زایه‌تیه‌كانیش په‌یوه‌سته‌ به‌ كارنه‌كردنی‌ ده‌سته‌ڵاتدارانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بۆ جێبه‌جێكردنی‌ داخوازیه‌كان.
به‌ڕێزان، وه‌ك ئاگادارن ڕۆژانه‌ له‌ ڕێی‌ میدیاكان و ئه‌و نامانه‌ی‌ ئاڕاسته‌ی‌ خه‌ڵك و ئه‌نجومه‌نی‌ كاتی‌ مه‌یدانی‌ ئازادی‌ ده‌كرێن، گوێبیستی‌ په‌یامی‌ پشتیوانی‌ و داكۆكی‌ له‌ داواكاریه‌كانمان له‌لایه‌ن بكه‌رانی‌ سیاسیه‌وه‌ ده‌بین، دوا نامه‌ی‌ پشتیوانی‌ بۆ ئه‌م بزوتنه‌وه‌ جه‌ماوه‌ریه‌ مه‌ده‌نیانه‌ی‌ كوردستان نامه‌كه‌ی‌ سه‌رۆك كۆماری‌ عێراقی‌ فیدراڵه‌ كه‌ تێیدا ناساندنی‌ داواكاریه‌كانیان به‌ ڕه‌وا پێناسه‌ كردوه‌. لێره‌وه‌ سه‌رباری‌ پیشوازی‌ ئێمه‌ له‌سه‌رجه‌م ئه‌و هه‌وڵانه‌ی‌ بۆ پشتیوانی‌ داخوازیه‌كانمان دراون وه‌ك ده‌ستكه‌وتی‌ جه‌ماوه‌ر چاویان لێده‌كه‌ین، هیوادارین ئه‌م پشتیوانیه‌ گوتاریانه‌ هاوزه‌مان بن له‌گه‌ڵ كردار به‌ ئاڕاسته‌ی‌ هه‌رچی‌ زوتری‌ جێبه‌جێكردنی‌ داخوازیه‌كانی‌ خه‌ڵكی‌ ناڕازی‌. ئێمه‌ وه‌ك خۆپیشانده‌ران چاوه‌ڕێی‌ كردارین و له‌ قۆناغی‌ یه‌كه‌مدا پێویسته‌ هه‌ردو ده‌سه‌ڵاتی‌ دادوه‌ری‌ و جێبه‌جێكردن، تاوانباران ده‌ستنیشانبكه‌ن و ڕاپێچی‌ دادگایان بكه‌ن.
داواكارین له‌ سه‌رجه‌م ئه‌و لایه‌ن و كه‌سایه‌تیانه‌ی‌ نامه‌ و هه‌ڵوێستی‌ پشتیوانیان بۆ خه‌ڵك ناردوه‌، به‌ گوێره‌ی‌ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی‌ هه‌یانه‌ فشار دروستبكه‌ن بۆ جێبه‌جێكردنی‌ داخوازیه‌كانی‌ خه‌ڵك.
 
ئه‌نجومه‌نی‌ كاتی‌ مه‌یدانی‌ ئازادی‌
17/3/2011

 

Sbeiy.com © 2007