Print
 تۆڕی به‌رگری‌ له‌ ماف و ئازادییه‌كانی خه‌ڵك: جه‌ژنی نه‌ورۆز‌ ده‌كه‌ین به‌ جه‌ژنی‌ توڕه‌یی‌ و شۆڕشی‌ سپی
Wednesday, March 23, 2011

(سبه‌ی):
به‌بۆنه‌ی‌ هاتنی‌ جه‌ژنی‌ نه‌ورۆزه‌وه‌، تۆڕی به‌رگری‌ له‌ ماف و ئازادییه‌كانی‌ خه‌ڵك، داوا له‌سه‌رجه‌م گه‌نجانی‌ كوردستان ده‌كات، رۆژی‌ نه‌ورۆز بكه‌ن به‌ رۆژی‌ توڕه‌یی ‌و شۆڕشی سپی له‌ كوردستان.

به‌یاننامه‌ی تۆڕی به‌رگری له‌ ماف و ئازادییه‌كانی‌ خه‌ڵك

نه‌ورۆزنامه‌یه‌ك بۆ گه‌نجانی‌ كوردستان

وه‌رن با جه‌ژنی‌ نه‌ورۆزی‌ ئه‌مساڵ بكه‌ین به‌ جه‌ژنی‌ توره‌ی‌ گه‌نجان و شۆرشی‌ سپی رابگه‌یه‌نین.

سڵاوی خۆشه‌ویستی‌ و شكۆمه‌ندی‌ و ئیراده‌ بۆ ته‌واوی‌ گه‌نجان و خه‌ڵكانی‌ ئازادیخوازی‌ كوردستان، وێرای‌ پشتیوانی‌ و پیرۆزبایی‌ له‌ سه‌ركه‌وتن و ئیراده‌ی‌ به‌هێزو ماندوو نه‌ناسانه‌تان له‌ به‌رامبه‌ر هاتنه‌ مه‌یدانی‌ خه‌باتی‌ مه‌ده‌نیانه‌و تێكۆشانتان له‌ پێناو ئازادی‌ و ته‌واوی‌ ماف و داخوازیه‌كانتان، ئێمه‌ی‌ چالاكوان و كه‌سانی‌ ئازادیخوازی‌ تۆڕی‌ به‌رگی‌ له‌ ماف و ئازادییه‌كانی‌ خه‌ڵك، ئاماده‌ی‌ به‌ هه‌ره‌وه‌زی‌ كاركردن و كۆمه‌ك و پشتیوانیتانین له‌ گشت شارو شارۆچكه‌و لادێكانی‌ كوردستان بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌و به‌ به‌دادگا گه‌یاندنی‌ بكوژانی‌ ئازادیی‌ و گه‌نده‌ڵ و سته‌مكارانی‌ ده‌سه‌ڵاتدارو حكومڕانی‌ ئه‌م هه‌رێمه‌.
گه‌نجان و هاوڵاتیانی خۆپیشانده‌رو ناڕازی‌ له‌ خراپی‌ سیسته‌می‌ حكومڕانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و باری‌ گوزه‌رانتان، به‌ له‌به‌رچاوگرتنی‌ وه‌ڵامه‌ نه‌رێنی‌ و ساردوسڕو هه‌وڵه‌ به‌رده‌وامه‌كانی‌ ده‌سه‌ڵات و ده‌زگا داپڵۆسێنه‌رو بكوژو تۆقێنه‌ره‌كانی‌ هه‌ردو پارتی‌ ده‌سه‌ڵاتدار له‌به‌رامبه‌ر خۆپیشانده‌ران، به‌ ئامانجی‌ خامۆشكردن و سه‌ركوتكردنی‌ ئیراده‌و ده‌نگی‌ ئه‌و هه‌زاران گه‌نج و خه‌ڵكه‌ ئازادیخوازه‌ی‌ كه‌ ماوه‌ی‌ مانگێكه‌ به‌ شێوازی‌ مه‌ده‌نیانه‌ و ئاشتیانه‌ له‌ زۆربه‌ی‌ شاره‌كانی‌ كوردستان رژاونه‌ته‌ سه‌رشه‌قامه‌كان، وه‌ له‌ ناو ئاپۆڕه‌ی‌ هه‌زاران كه‌سدا داوای‌ چاكسازی‌ و عه‌داله‌ت و گۆڕینی‌ سیسته‌م و ده‌سه‌ڵاتی‌ حكومڕان ئه‌كه‌ن، بۆ هه‌رچی‌ باشكردنی‌ گوزه‌ران و پاراستنی‌ كه‌رامه‌ت و ماف و ئازادییه‌كانمان_ وه‌ به‌رده‌وامیدان به‌ گرتن و كوشتن و ئازاردان و سوكایه‌تی‌ كردنمان و به‌ده‌نگه‌وه‌ نه‌هاتنی‌ كرداریانه‌ی‌ هیچكام له‌ سه‌رۆكه‌ زۆرو بۆره‌كانی‌ ئه‌م هه‌رێمه‌، ئێمه‌ پێشنیار ئه‌كه‌ین كه‌ له‌ نه‌ورۆزی‌ ئه‌مساڵدا، وه‌ له‌ یه‌كه‌مین رۆژی‌ ساڵی‌ كوردیدا هه‌موو لایه‌كمان به‌شداری‌ و پشتیوانی‌ ته‌واوی‌ خه‌ڵكی‌ ئازادیخوازی‌ خۆپیشانده‌ر و راپه‌ڕیوی‌ كوردستان بكه‌ین، وه‌ جه‌ژنی‌ نه‌ورۆزی‌ ئه‌مساڵ به‌ جه‌ژنی‌ توڕه‌ی‌ گه‌نجان و شۆڕشی‌ سپی رابگه‌یه‌نین، وه‌ له‌ نه‌ورۆزی‌ ئه‌مساڵدا به‌ مه‌شخه‌ڵی‌ توڕه‌یی‌ و ئاگرینه‌وه‌ له‌ گشت شارو لادێیه‌ك بڕژێنه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان، ده‌ست له‌ناو ده‌ستی‌ یه‌كتر نه‌فره‌ت له‌ خوێن رشتن و توندوتیژی‌ و ده‌سه‌ڵاتی‌ سته‌مكارو گه‌نده‌ڵ بكه‌ین، داوای‌ هه‌رچی‌ زوتری‌ پێكهێنانی‌ به‌ره‌یه‌كی‌ نیشتیمانی‌ بكه‌ین بۆ پێكهێنانی‌ حكومه‌تێكی‌ كاتی‌ و هه‌نگاونان بۆ پێكهێنانی‌ حكومه‌تی‌ خه‌ڵك، كه‌ لێوان لێوبێت له‌ ئازادی‌ سیاسی‌ و كۆمه‌ڵایه‌تی‌ و عه‌داله‌ت و پاكیزه‌ له‌ سه‌رجه‌م بواره‌كانی‌ ژیاندا، وه‌ به‌ ئامانجی‌ به‌دیهێنانی‌ دونیایه‌كی‌ باشتر و شایسته‌ و خۆشگوزه‌ران بۆ هه‌مو تاكێكی‌ ئه‌م وڵاته‌.
گه‌نجانی‌ توڕه‌و شكۆمه‌ند و هۆشیار، ئێمه‌ به‌ هاوكاری‌ و به‌شداری‌ و پشتیوانی‌ ئێوه‌ی‌ هۆشیار و خه‌مخۆری‌ ئه‌م وڵاته‌، ساڵانێکه‌ ده‌ست له‌ناو ده‌ستی‌ كه‌سانی‌ ماندونه‌ناس و ئازادیخواز به‌ چالاكی‌ مه‌ده‌نی‌ جۆراوجۆر له‌ شێوه‌ی‌ كه‌مپین و خۆپێشاندان و ناڕه‌زایه‌تی‌ ده‌ربڕینه‌وه‌، بزوتنه‌وه‌یه‌كی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ ئازادیخوازیمان پێكهێناوه‌ و له‌پێناو به‌رگری‌ كردن له‌ ماف و ئازادییه‌كانی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان، به‌بێ جیاوازی‌ ره‌گه‌زی‌ و ئاینی‌ و ئایدیۆلۆجی‌، به‌ پشته‌بستن به‌ توانا سورداره‌كان خۆمان وه‌ك رێكخراوێكی‌ سه‌ربه‌خۆ و ناحكومی‌، وه‌ هه‌وڵی‌ به‌دیهێنان و ئامانج و داخوازییه‌كا و به‌رگریكردنمان داوه‌، له‌م پێناوه‌شدا چه‌ندین چار روبه‌ڕوی‌ گرفت و هه‌ڕه‌شه‌ی‌ جۆراوجۆربوینه‌ته‌وه‌، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه‌ هیچكام له‌م هه‌وڵه‌ قێزه‌ونانه‌ نه‌یتوانیوه‌ به‌ر به‌ تێكۆشانی‌ مه‌ده‌نیانه‌ی‌ تۆڕه‌كه‌مان بگرن و دوچاری‌ شكستمان بكه‌نه‌وه‌.
بۆیه‌ لێره‌وه‌ داوا له‌ هه‌موو پارته‌ سیاسیه‌كانی‌ كوردستان، به‌تاییبه‌تی‌ به‌ره‌ی‌ ئۆپۆزیسیۆن و خه‌ڵكی‌ ئازادیخواز و گروپ و رێكخراوه‌ مه‌ده‌نیه‌كان ئه‌كه‌ین، كه‌ به‌رپرسیارانه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ بارودۆخه‌كه‌دا بكه‌ن و هه‌وڵی‌  چاره‌سه‌ری‌ ریشه‌یی‌ و گونجاو بده‌ن و ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ زێڕین و مه‌زنه‌ له‌ كیس نه‌ده‌ن. له‌هه‌مانكاتدا هۆشداری‌ ئه‌ده‌ینه‌ هێزه‌ ئۆپۆزیسیۆنه‌كان كه‌ به‌رهه‌م و ره‌نجی‌ ده‌یان ساڵه‌ی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان كه‌ بۆ گۆڕینی‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ كوردستان ناویانه،‌ به‌فیرۆ نه‌ده‌ن و له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندی‌ تایبه‌تی‌ سیاسی‌ خۆیاندا راپه‌رینی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان خامۆش نه‌كه‌ن، ئه‌م ده‌ستكه‌وته‌ گرنگ و كۆده‌نگییه‌ی‌ كه‌ ئێستا هاتوه‌ته‌گۆڕێ‌ به‌لاڕێ‌ و له‌بار نه‌به‌ن، چونكه‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان چیتر سه‌ركوت و موزایه‌ده‌ و گه‌مه‌ی‌ سیاسی‌ به‌ ماف و داخوازییه‌كانی‌ خه‌ڵكه‌وه‌ له‌ هیچ حیزب و كه‌سێكی‌ سیاسی‌ قبوڵ ناكات.

تۆڕی‌ به‌رگری‌ له‌ ماف و ئازادییه‌كانی‌ خه‌ڵك  
www.tbmax.org ; [email protected],      18/3/2011
 tel: +96407707698822

 
سیروان عه‌ول

Sbeiy.com © 2007