|
په‌یامی ئه‌نجومه‌نی كاتی مه‌یدانی ئازادی به‌بۆنه‌ی نه‌ورۆزی ئازادیه‌وه |
Wednesday, March 23, 2011 |
جه‌ماوه‌ری شۆڕشگێری كوردستان... خۆپیشانده‌رانی جه‌سور و خۆڕاگری مه‌یدانی ئازادی. نه‌ورۆزی ساڵی2711ی كوردیتان پیرۆز بێت...ئه‌مڕۆ نه‌ورۆزی ئازادیه و له مه‌یدانی ئازادی مه‌شخه‌ڵی حه‌قانیه‌ت داده‌گیرسێنین. نه‌ورۆزی راپه‌ڕینی جه‌ماوه‌ری شۆڕشگێڕی كوردستانه دژ به زوحاكی گه‌نده‌ڵی و ناعه‌داله‌تی... په‌یامی ئه‌م نه‌ورۆزه‌مان پێداگریه له‌سه‌ر داواكانمان تا سه‌ركه‌وتن...
ئێوه كه 30 رۆژه له مه‌یدانی ئازادی‌دا راوه‌ستاون و باوه‌ڕ و ئیراده‌ی شۆڕشگێڕانه‌تان ماندویه‌تی ناناسێ توانیوتانه خه‌ونی ده‌سه‌ڵات به مانه‌وه‌ی له‌سه‌ر كورسی بۆ هه‌تاهه‌تایه تێك بده‌ن. ئه‌وان دوای تاقیكردنه‌وه‌ی هێزی چه‌ك و میلیشیاكانیان له كوشتنی خۆپیشانده‌ران و دانانی بۆمبه ده‌نگیه‌كان و سوتاندنی كه‌ناڵه‌كان و سوتاندنی خێمه‌كان و ترساندنی خه‌ڵك به ده‌مامكداره‌كان شكستیان هێنا و زانیان كه ئه‌م كاره قێزه‌ونانه رقی خه‌ڵك زیاتر ده‌كا و داواكانی خه‌ڵك قوڵتر ده‌كات، به‌ڵام ئێستا سێ سه‌رۆكایه‌تیه‌كانی حكومه‌ت وپه‌رله‌مان و هه‌رێم كه‌وتونه‌ته به‌ڵێن دان كه داواكان جێبه‌جێ ده‌كه‌ن و ته‌نانه‌ت ئه‌وانیش ده‌ڵێن ئێمه‌ش داوا ده‌كه‌ین. ئه‌مه ئه‌نجامی خۆپیشاندانه‌كانمان و 31 رۆژ به‌رده‌وامی خۆپیشاندانه‌كانمانه. ئێستا مه‌یدانی ئازادی و ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ی بوه‌ته هێزێك كه ده‌سه‌ڵات ناچاره گوێی لێبگرێ و وه‌ڵامی بداته‌وه. به‌ڵام وه‌ڵامه‌كانی ده‌سه‌ڵات هێشتا به‌ڵێنه و ئێمه پێی قایل نین. ده‌سه‌ڵاتێك 20 ساڵه به‌ڵێن ده‌دات و هیچ كارێكی عه‌مه‌لی نه‌كردوه بۆ لیپرسینه‌وه‌ی تاوانبارانی گه‌نده‌ڵی و ناعه‌داله‌تی و سه‌ركوتی ئازادی له‌م هه‌رێمه‌دا. ئێستاش 31 رۆژه یه‌ك هه‌نگاوی به‌كرده‌وه له‌لایه‌ن ئه‌م ده‌سه‌ڵات و سێ سه‌رۆكایه‌تیه‌وه نه‌نراوه بۆ گرتن و دادگایی تاوانبارنی كوشتنی گه‌نجان و بردنه ده‌ره‌وه‌ی مقه‌راتی چه‌كداری حزبه‌كان و لیپرسینه‌وه له‌سه‌روه‌ت و سامانی به‌رپرسانی حكومی و ده‌سه‌ڵاتداران. نه‌ك هه‌ر ئه‌مه به‌ڵكو له‌و شوێنه‌ی له‌سه‌ر كاغه‌زی نامه‌ی ئه‌م سه‌رۆكی هه‌رێمه به‌ڵێنی به‌ڕه‌سمی ناسینی مافی خۆپیشاندان ده‌ده‌ن له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیع ئه‌مری قه‌ده‌غه‌كردنی خۆپیشاندانی جه‌ماوه‌ر له هه‌ولێر و كه‌لار و هه‌ڵه‌بجه و رانیه‌و پیره‌مه‌گرون و كۆیه‌و دوكان و ...هتد جێبه‌جێ ده‌كه‌ن. له‌و كاته‌دا نامه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌ت ده‌نوسرێ و دان به ئه‌نجومه‌نی مه‌یدانی ئازادی‌دا ده‌نرێ كه نوێنه‌ری داخوازیه‌كانی خه‌ڵكی كوردستانه، هه‌ر ئه‌و كاته رۆژنامه‌كه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌ت و میدیای حزبی ده‌سه‌ڵاتداره‌كان دژی ئه‌نجومه‌نی مه‌یدانی ئازادی له ته‌له‌فزیۆن و رادیۆ و رۆژنامه و سایته‌كانیه‌وه درۆ‌و بوختان و داوا و هه‌ڕه‌شه‌كان بڵاوده‌كرێنه‌وه. له‌و كاته‌دا سه‌رۆكی په‌رله‌مان باسی میكانیزمی جێبه‌جێكردنی 17 خاڵه‌كه‌ی ده‌كا و تیایدا توندوتیژی مه‌حكوم ده‌كا، حیزبی ئه‌و سه‌رۆكه هه‌ڕه‌شه‌ی زمان بڕین له لاوانی هه‌ولێر ده‌كا كه ده‌یانه‌وێ ده‌نگی خۆیان بخه‌نه پاڵ ده‌نگی ئه‌و هه‌زاران كه‌سه‌ی له شار و شارۆچكه‌كانی كوردستان خۆپیشاندان ده‌كه‌ن.
هه‌ربۆیه ئه‌وه‌ی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته به‌قسه و به‌به‌ڵێن زمان شیرینه و به كرده‌وه ناشیرینه. ئێمه پێیان ده‌ڵێین ئێوه ئه‌گه‌ر ده‌تانه‌وێ نیه‌تی خۆتان بۆ جێبه‌جێكردنی به‌ڵێنه‌كانتان جێگای باوه‌ڕی خه‌ڵك بێت فه‌رمون به‌كرده‌وه ئاشكراكردن و گرتن ودادگایی تاوانبارن ده‌ست پێبكه‌ن، وه‌رن باره‌گا چه‌كداره‌كانی حزبه‌كانتان به‌رنه ده‌ره‌وه‌ی شاره‌كان، ئابڵوقه له‌سه‌ر هه‌ولێر و سه‌رجه‌م شار‌و شارۆچكه‌كان لابه‌رن. تا ئێمه‌ش بتوانین له‌سه‌ر داواكانی ترمان بۆ گۆڕینی ده‌ستور و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی سیستمی میلیشیایی و گێڕانه‌وه‌ی داهاته‌كانی كوردستان بۆ باشكردنی گوزه‌رانی خه‌لك،باسی گفتوگۆتان له‌گه‌ڵ بكه‌ین. ئه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ر له‌م 31 رۆژه‌وه فێربوه ئه‌وه‌یه كه ته‌نها هێزی خۆپیشاندانه‌كانه ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ی ناچاركردوه كه گوێ له داواكانی خه‌ڵك بگرێ و سه‌رۆكی هه‌رێم و كۆمار وحكومه‌ت وپه‌رله‌مان وه‌ڵام بده‌نه‌وه، هه‌ربۆیه ئه‌وه‌ی ئه‌م ده‌سه‌ڵات و سه‌رۆكایه‌تیانه ناچار ده‌كا ئه‌م خواستانه‌ی خه‌لك به‌كرده‌وه جێبه‌جێ بكه‌ن ئه‌وه هه‌ر ئه‌م هێزه‌ی خۆپیشاندانه‌كانی ئێمه‌ی جه‌ماوه‌ره و ئێمه چاوه‌ڕێی هێزی خۆمان ده‌كه‌ین بۆ سه‌پاندنی ئه‌م خواستانه. هه‌ربۆیه ئێمه ئه‌بێت له‌م نه‌ورۆزه‌وه بڕیار بده‌ین كه هه‌مو شاروشارۆچكه‌یه‌كی كوردستان، هه‌مو دائیره و گه‌ره‌ك و كارگه و زانكۆ و هه‌ر شه‌قام و سوچ و قوژبنێكی ئه‌م كوردستانه بكه‌ینه مه‌یدانی ئازادی. ئه‌م ده‌سه‌ڵاته جه‌ماوه‌ریه له هه‌مو شوێنێك بكه‌ینه خاوه‌نی ئه‌م كۆمه‌ڵگایه. هه‌رچۆن 31 رۆژه خۆپیشانده‌رانی مه‌یدانی مه‌یدانی ئازادی و مه‌یدان وسه‌كۆكانی ئازادی له كوردستاندا بونه‌ته ئه‌و هێزه‌ی په‌یامی ئازادی و خواستی ژیانێكی باشتری پاراستوه. نه‌ورۆزی ئازادی ئه‌مساڵمان په‌یامی سه‌ركه‌وتنی ئازادی و نه‌هێشتنی ده‌سه‌ڵاتی سته‌م وچه‌وسانه‌وه‌یه.
پیرۆزبێت نه‌ورۆزی ئازادی.. سه‌ركه‌وتوبێ مه‌یدانه‌كانی ئازادی كوردستان.
ئه‌نجومه‌نی كاتی مه‌یدانی ئازادی
20/03/2011 |
|
|