Print
 هه‌ولێر؛ گروپی هۆلاكۆ به‌زێن داوا ده‌كات به‌ زوترین كات وه‌ڵامی داواكاری‌ خۆپیشانده‌ران بدرێته‌وه‌
Wednesday, March 23, 2011

(سبه‌ی‌):

سـڵاو له‌ هه‌مو كوردێكی‌ خاوه‌ن ویژدان و خاوه‌ن غیره‌ت
سڵاو له‌ سه‌رای‌ ئازادی‌، شاری‌ هه‌ڵمه‌ت و قوربانی

پاش ئه‌وه‌ی‌ هه‌مو هاوڵاتیانی‌ كوردستان به‌ گشت چین و توێژه‌ جیاجیاكانه‌وه‌ له‌ زۆربه‌ی‌ شارو شارۆچكه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌وه‌ رژانه‌ سه‌ر شه‌قام بۆ ناڕه‌زایی‌ ده‌ربڕین له‌ ده‌ست زوڵم و زۆری‌ و حوكمی‌ تاك لایه‌نه‌ی‌ هه‌ردو حیزبی‌ ده‌سه‌ڵاتداری‌ كوردستان (پارتی‌ و یه‌كێتی‌)، به‌ڵام زۆر به‌داخه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ پارتی‌ له‌ رۆژی‌ 17 ی‌ شوباته‌وه‌ تاوه‌كو ئێستاش رێگه‌یان به‌ هیچ گه‌نج و لاو و نوسه‌رو رۆشنبیر و مامۆستایانی‌ ئایینی‌ و كرێكاران و مامۆستایانی‌ زانكۆو په‌یمانگاكان و هه‌مو چین و توێژه‌ جیاجیاكانی‌ ناو شاری‌ هه‌ولێری‌ هۆلاكۆ به‌زێن نه‌داوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ پشتگیری‌ خۆیان له‌ خۆپیشانده‌رانی‌ سه‌رای‌ ئازادی‌ شاری‌ هه‌ڵمه‌ت و قوربانی‌ ( شاری‌ سلێمانی‌ ) بكه‌ن، بۆیه‌ ئێمه‌ وه‌كو ئه‌م گروپه‌، گروپی‌ (هۆلاكۆ به‌زێن)ی‌ شاری‌ هه‌ولێر كه‌ له‌ هه‌مو چین و توێژه‌كان پێكهاتوه‌، لێره‌وه‌ به‌ (سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، سه‌رۆكایه‌تی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان و هه‌ردو حیزبی‌ ده‌سه‌ڵاتدار راده‌گه‌یه‌نین گه‌ر تاوه‌كو رۆژی‌ 26/3/2011 وه‌ڵامی‌ گشت داواكارییه‌ ره‌واكانی‌ خۆپیشانده‌رانی‌ سه‌رای‌ ئازادی‌ و شارو شارۆچكه‌كانی‌ كوردستان نه‌ده‌نه‌وه‌، به‌ تایبه‌ت تاوانبارانی‌ 17 ی‌ شوبات و دواتر راده‌ستنه‌كرێن، ئه‌وا زۆر به‌ راشكاوانه‌ پێتان راده‌گه‌یه‌نین خه‌ڵكی‌ هه‌ولێر ته‌نها هۆلاكۆ به‌زێن نیه‌، به‌ڵكو خه‌ڵكێكه‌ ده‌توانێت هه‌مو دیكتاتۆر و زاڵمێك ببه‌زێنێت و دڵنیاشتان ده‌كه‌ینه‌وه‌ گڕو تین و رقی‌ خه‌ڵكی‌ هه‌ولێر دره‌نگ هه‌ڵده‌ستێت، به‌ڵام گه‌ر هه‌ستا به‌ هیچ كه‌س و حیزب و بنه‌ماڵه‌و بگره‌ به‌ هه‌مو ئاوی‌ روباری‌ دیجله‌و فوراتیشه‌وه‌ ناكوژێته‌وه‌، بۆیه‌ به‌ خۆتاندا وه‌رنه‌وه‌و ملتان كه‌چ بكه‌ن بۆ داوا ره‌واكانی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان.

تێبینی‌/ بۆ پاراستنی گیانمان، ناوی‌ گروپه‌كه‌مان بڵاو نه‌كردوه‌ته‌وه‌

گروپی‌ هۆلاكۆ به‌زێن – شاری‌ هه‌ولێر
22ی‌ ئاداری‌ 2011

Sbeiy.com © 2007