Print
 رونکردنه‌وه‌یه‌ک له‌ مامۆستا (محه‌مه‌د نه‌سروڵا) یه‌که‌م وتارخوێنی‌ نوێژی‌ هه‌ینی‌ له‌ سه‌رای‌ ئازادی‌
Saturday, March 26, 2011

(سبه‌ی):
به‌ناوی‌ خوای‌ به‌خشنده‌ی‌ میهره‌بان
ڕوونكردنه‌وه‌
     له‌ سایتی‌ ڕه‌سمی‌ وه‌زاره‌تی‌ ئه‌وقافی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا وتارێك به‌ناوی‌ (په‌یامی‌ (مه‌لا) په‌یامی‌ ئاشتیه‌ نه‌ك گێره‌شێوێنی‌)له‌ نوسینی‌ مه‌لا ملحم محمد ساڵح/ سۆران بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، كه‌ تیایدا به‌ ڕاشكاوی‌ ناوی‌ به‌نده‌ی‌ هێناوه‌ وه‌ك یه‌كه‌م وتاربێژی‌ هه‌ینی‌ له‌ سه‌رای‌ ئازادی‌ و وێڕای‌ تۆمه‌ت خستنه‌ پاڵ و ته‌شهیر كردن، چه‌ندین زانیاری‌ هه‌ڵه‌ خراوه‌ته‌ ڕوو، كه‌ به‌ پێویستم زانی‌ له‌ ڕێی‌ چه‌ند خاڵێكه‌وه‌ وه‌ڵامی ئه‌و وتاره‌ بده‌مه‌وه‌.
1- بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و وتاره‌ له‌ سایتی‌ ڕه‌سمی‌ وه‌زاره‌تی‌ ئه‌وقاف دا پێچه‌وانه‌ی‌ وته‌كانی‌ به‌ڕێز وه‌زیری‌ ئه‌وقافه‌ به‌وه‌ی‌ مامۆستایانی‌ ئاینی‌ ئازادن له‌ وتاردان دا و نوێژی‌ سه‌رای‌ ئازادی‌ هیچ گرفتێكی‌ شه‌رعی‌ له‌سه‌ر نیه‌.
2- دووپاتی‌ ده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ شانازی‌ ده‌كه‌م به‌وه‌ی‌ شه‌ره‌فی‌ ئه‌وه‌م پێبڕا یه‌كه‌م نوێژی‌ هه‌ینی‌ له‌ سه‌رای‌ ئازادی‌ بۆ خۆپیشانده‌ران ئه‌نجام بده‌م.
3- دیاره‌ ئه‌و مامۆستا به‌ڕێزه‌ ئاگادار نیه‌ له‌وه‌ی‌ شه‌رعی‌ بوونی‌ نوێژی‌ هه‌ینی‌ له‌ سه‌رای‌ ئازادی‌ جێی‌ گومان نیه‌، به‌ پشت به‌ستن به‌ هه‌رسێ مه‌زهه‌بی  شافیعی‌ و حه‌نه‌فی‌ و ئه‌حمه‌دی‌ و هه‌ریه‌كه‌ له‌ مامۆستایان عه‌بدولكه‌ریمی‌ موده‌ریس و مامۆستا ئه‌حمه‌دی‌ شافیعی‌ ئه‌ندامی‌ لیژنه‌ی‌ باڵای فه‌توای‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ئه‌م جۆره‌ نوێژانه‌ به‌ دروست ده‌زانن.
4- دووپاتی‌ ده‌كه‌مه‌وه‌ له‌ به‌كار هێنانی‌ وشه‌ی‌ جیهاد له‌ وتاره‌كه‌دا، چونكه‌ خۆپیشاندانه‌كانی‌ كوردستان جیهادی‌ مه‌ده‌نین له‌ ڕوانگه‌ی‌ فه‌رموده‌ی‌ پیرۆزی‌ پێغه‌مبه‌ر درودی‌ خوای‌ له‌سه‌ر بێت.
5- دوپاتی‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ تاوه‌كو خۆپیشاندان به‌رده‌وام بێت له‌ سه‌رای‌ ئازادی‌ وتاری‌ هه‌ینیش به‌رده‌وام ده‌بێت و مامۆستایانی‌ ئاینی‌ به‌شێكی‌ دانه‌بڕاو ده‌بن له‌ خه‌ڵك و هه‌میشه‌ له‌ ئاست گه‌نده‌ڵی‌ و كه‌موكوڕیه‌كاندا بێ ده‌نگ نابن.
6- له‌ به‌رامبه‌ر ته‌شهیر پێكردنم له‌و وتاره‌ی‌ سایتی‌ وه‌زاره‌تی‌ ئه‌وقافدا ڕێووشێنی‌ یاسایی ده‌گرمه‌ به‌ر.
 
محمد نه‌سروڵا
پێشنوێژو وتارخوێنی‌ مزگه‌وتی‌ عه‌لی‌ كه‌مال ـ سلێمانی
26/3/2011

Sbeiy.com © 2007