گێرانه‌وه‌ی/ عاصی فرود:
داڕشتنه‌وه‌ی/ ئه‌نفالستان
هه‌قی خۆمانه ئێستا ئۆردووگای رزگاری و هه‌موو جیهانمان وه‌ك تابلۆیه‌كی ره‌ش بێته‌پێش چاو كه‌ته‌نها سوخمهكهی مریه‌می تێدا ده‌بریسكێته‌وه، وێنه‌ی ئه‌وكچه‌ی له‌سه‌ره‌وه ده‌یبینن حیكایه‌تێكه مرۆڤ ده‌خاته به‌رده‌می دووڕێیانێكهوه یان ئه‌وه‌تا وه‌كو مرۆڤ بیرده‌كه‌یته‌وه له‌دژی ئه‌و كاره‌ساتانه یان ئه‌وه‌تا لهمرۆڤایهتیت ده‌خاو وه‌ك بوونه‌وه‌رێكی زاره‌تره‌ك داده‌نیشیت.
مریه‌م له‌دایكبووی ساڵی 1965و ئێستا دانیشتووی ناحییه‌ی رزگاری (صمود)ه به‌ر له په‌لاماره‌كانی ئه‌نفالی سێ له‌دێی تیله‌كۆی سه‌ر به‌ناحییه‌ی قادركه‌ره‌م داده‌نیشتن، چیرۆكی مریه‌م ههرتابلۆیهكی ته‌ڵخی رۆژگاری ئه‌نفال نییه، به‌ڵكو پێمانده‌ڵێت: دوای ئه‌نفالیش رۆژگاره‌كان هه‌ر كاره‌ساتن، هه‌ناسه سارده‌كانی مریه‌م ئه‌و ئۆردووگا گهرمهسێرهی رزگاری ته‌زاندووه، كچێك هه‌موو بیره‌وه‌رییه‌كانی ده‌ستگیرانداری خۆی له بووخچهیهكی بوكێنیدا كۆده‌كاته‌وه، ئه‌و بوخچه‌یه‌ی كه ئه‌نفال نه‌یهێشت بكرێته‌وه و دواتریش مه‌حاڵه بكرێته‌وه.
كچهگهرمیانییهك كه‌ئه‌نفال سه‌رله‌به‌ری ژیانی كرده دۆزه‌خ، دۆزه‌خێك له‌م سه‌رزه‌مینه‌ی ئینسان به‌رێوه‌ی ده‌با و ئاگره ئه‌فسوناوییه‌كه‌ی خۆشده‌كات. دۆزه‌خێك كه راپه‌ڕین و دامه‌زراندنی حكومه‌تی كوردیش نه‌یانتوانی، یان نه‌یانویست بیگۆڕن و هه‌ناسه‌یه‌كی پێببهخشنهوه..
نه‌یان په‌رژا مریه‌م له‌مرۆڤێكی دڵشكاوی دوای ئه‌نفاله‌وه بگۆڕنه سهرمرۆڤێكی ئاسایی، كاتێك به‌ویژدانه‌وه له‌چیرۆكی مریه‌م و ده‌ستگیرانه ئه‌نفالكراوه‌كه‌ی راده‌مێنین، ده‌توانین له‌وه تێبگه‌ین، كه‌وا ئینسانییه‌ت چه‌نده له‌به‌رده‌می هه‌ڕه‌شه‌دایه..دروشمه‌كان چه‌نده له‌ده‌روازه‌ی دۆڕاندا شه‌رم دایگرتوون..كه له‌وێنه‌ی ئه‌و كچه قهیرهییهی ئۆردووگای رزگاری ورد ده‌بینه‌وه ده‌زانین كه‌وا ئه‌نفال ههرگوندی نه‌ڕووخاند، به‌ڵكو له‌گه‌ڵ رووخاندنی ههرخانوویهكدا خیزانێكیشی شوێنبزركرد، پاسارییه‌كانی بێهێلانهكرد، هه‌زاران عه‌شق ودڵداری له‌بین برد، له‌ولاشه‌وه سه‌دان ئه‌نفالچی و مرۆڤی تاوانباری توڕدایه ناو كۆمه‌ڵگای كوردییه‌وه و ئێستاش بوونه‌ته رهزاگرانترین بوونهروهر و بهتهنیشتمانهوه ده‌ژین.
مریه‌م هێشتا مانگێك بوو كه‌وا له كوڕه مامێكی خۆی ماره بڕابوو، پیشتریش ئه‌وان دڵخوازی یه‌كتربوون، هێشتا ههرمانگێكیان لهدهستگیرانداری و چاوه‌ڕوانی مانگی هه‌نگوین به‌سه‌ربردبوو، كه‌واده‌ی ئه‌وه هاته پێشه‌وه بچنهماڵی خۆیان باوكی ده‌چێته كه‌ركوك به‌نیازی ئه‌وه‌ی جلی بوكێنی بۆ كچكه‌ی بێنێته‌وه كه‌ماوه‌یه‌ك پێشتر كڕدرابوون و له‌شاری كه‌ركوك به دووریندرابوون، هه‌تا ئه‌و ژنبهژنهی كردووه‌یه‌تی له‌گه‌ڵ برازاكه‌ی مه‌یسه‌ربێت و خۆی وته‌نی كاری خێره‌و چاكتره زوو ببڕێته‌وه.
به‌م خه‌یاڵه‌وه باوكی مریه‌م ده‌چێته شاری كه‌ركوك تاجلی بوكێنی كچه‌كه‌ی له‌شار بهێنێته‌وه، دوای ئه‌وه‌ی جله‌كان وه‌رده‌گرێته‌وه و هه‌ندێك كه‌لوپه‌لی پێداویست بۆماڵه‌وه ده‌كڕێت ده‌مه‌و عه‌سرێك، سواری سه‌یاره ده‌بێت و له‌كه‌ركوكه‌وه به‌ره‌و گوندی تیلهكۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه، به‌ڵام بێ‌ئاگا له‌وه‌ی رێگاگیراوه و حوكمی قه‌ره‌قوشی گه‌یشتووه‌ته مه‌مله‌كه‌ت، كه‌ده‌گاته سهیتهرهیهكی به‌عسییه‌كانی ناوچه‌كه‌ی خۆیان له‌لای قادركه‌ره‌م رێگای ناده‌ن بێته‌وه بۆ تیلهكۆ، چونكه ئه‌و سه‌روه‌خته تازه بڕیاره دۆزه‌خییه‌كه‌ی نووسینگه‌ی باكور ده‌رده‌چێت كه له‌گونده‌وه بۆشار و لهشاریشهوه بۆگوند هاتووچۆ قه‌ده‌غه‌ده‌كات، ئیدی باوای مریه‌م ئه‌مه بهكۆستێك ده‌زانێت ئه‌و رۆژه زۆر له سه‌ربازه‌كانی ئهوبازگهیه ده‌پاڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی رێگای بده‌ن و بڕواته‌وه بۆ گونده‌كه‌ی خۆی، به‌ڵام ئه‌م پاڕانه‌وه‌یه بێسوودبوو، ئیتر باوای مریه‌م به‌هه‌ناسه ساردی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ كه‌ركوك و ده‌چێته ماڵی خانهخوێیهكهیان، بۆبه‌یانی سه‌رله‌نوێ ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ بازگه‌كه، به‌ڵام ئه‌مجاره‌ش بێسوود ده‌بێت ودیسان رێگای ناده‌ن و دووباره ده‌گه‌رێته‌وه بۆ كه‌ركوك، به‌م شێوه‌یه بۆماوه‌ی ده رۆژی ره‌به‌ق هه‌موو به‌یانییه‌ك به‌نیازی دڵنهرمبوونی سه‌ربازه‌كان له كه‌ركوكه‌وه دێته‌وه بۆ سه‌یته‌ره‌كه وهه‌وڵده‌دات رێگای بده‌ن بگه‌ڕێته‌وه بۆ تیلهكۆ، به‌ڵام ئه‌سته‌مه سه‌ربازه‌كان بتوانن پێشێلی بڕیاره‌كه‌ی عه‌لی كیمیاوی بكه‌ن، بۆیه هه‌موو ده‌مه‌و عه‌سرێكی دره‌نگ به نائومێدی و دڵشكاوییه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ كه‌ركوك و بۆ به‌یانی دووباره دێته‌وه لای سه‌ربازه‌كان، ئه‌م هاتووچۆیه ده‌بێته پیشه‌ی باوكی مریه‌م، له‌كه‌ركوكه‌وه بۆ سه‌یته‌ره‌كه و لهسهیتهرهكهوه بۆ كه‌ركوك، تاوای لێدێت ئه‌وه‌نده هاتووچۆ ده‌كات.. ده‌بێته ناسیاوی عه‌سكه‌ره‌كان، رۆژێك له‌و رۆژانه سه‌ربازێكیان به‌زه‌یی بهحاڵیدا دێته‌وه و بانگی دهكاتهلاوه و پێی ده‌ڵێت: ئه‌گه‌ر من لهسهرمهسئولیاتی خۆم رێگات بده‌م ده‌توانی به‌پێ بڕۆیته‌وه بۆ گونده‌كه‌ی خۆتان؟
ئه‌ویش ده‌ڵیت به‌ڵێ ئینجا عه‌سكه‌ره‌كه پێی ده‌ڵێت: لێره‌وه له‌پشتی بازگه‌كه‌وه ملی ریگابگره و برۆ، به‌ڵام وریای كه‌مینی جاش و سه‌ربازبه، چونكه ئه‌وێ ئێستا ناوچه‌ی قه‌ده‌غه‌كراوه، به خوا ئه‌گه‌ر بتگرن ماڵی منیش به‌تۆوه وێران ده‌كه‌ن، به‌م شێوه‌یه و به بووخچه‌ی بوكێنی (مریه‌م)ه‌وه بهلاڕێیهكدا به پشتی سهیتهرهكهدا ملی رێگای تیلهكۆ ده‌گرێته به‌ر بهوخهیاڵهی ژن بۆ كوڕه‌كه‌ی بگوازێته‌وه و كچه‌كه‌شی بنێرێته ماڵی خۆی.
گه‌ڕانه‌وه و ئافاتی ئه‌نفال:
باوای مریه‌م به‌هه‌ر ده‌ردیی سه‌رییه‌ك بوو خۆی گه‌یانده‌وه لای كوڕ و كچه دهستگیراندارهكهی، به‌ڵام به‌سه‌ر دڵه راوكێ و ترسی ئه‌نفالدا ده‌گاته‌وه تیلهكۆ، خه‌ڵكی گوند له‌حاڵێكی خراپدابوون، ئیدی بوارێك بۆ زه‌ماوه‌ندی مریه‌م و ده‌ستگیرانه‌كه‌ی نامێنێته‌وه، ئه‌مڕۆ بۆسبه‌ی زه‌ماوه‌ند دواده‌كه‌وێت به‌نیازی ئارامبوونه‌وه‌ی ئه‌و ترس و دڵه راوكێیهدا، به‌ڵام چاوه‌ڕوانی لهبێچاوی ناخۆشتره، چاوه‌ڕوانی له‌سایه‌ی به‌عسیزمدا بۆ ئارامی جۆره خۆخه‌ڵه‌تاندنێكی بێدهسهڵاتانهبوو، ئیدی رۆژبه‌رۆژ هه‌واڵه‌كان گه‌رمتر و ترس و هه‌ڕه‌شه‌كانی به‌عسیش زیاتر په‌ل بۆناوچه‌كه ده‌كوتن، ئیدی كات به به‌ریه‌وه نامێنێ و ئه‌م ترس و له‌رزه‌ش چیدی هه‌فته‌یه‌ك نابات، كه په‌لاماره‌كانی ئه‌نفالی سێ ده‌گاته سه‌ریان و ورده‌ورده بازنه‌ی ئازادییه‌كان به‌رته‌سك ده‌بنه‌وه و له‌یه‌كێك له‌رۆژانی مانگی نیساندا شاڵاوی ئه‌نفال ده‌گاته سه‌رگوندی تیله كۆ و ئه‌نفال كاره‌ساته‌كه ده‌خوڵقێنێت.
ئیدی خه‌ڵكی ناوچه‌كه ده‌كه‌ونه به‌رهێرشی جاش وجهیش و به‌كۆمه‌ڵ ده‌گیرێن و مه‌ڕوماڵاتیان به‌تاڵان ده‌برێن، به‌رله‌وه‌ی هێرشه‌كان ده‌ستپێبكه‌ن مریه‌م وخێزانهكهیان گوندی تیلهكۆیان به‌جێهیشتبوو به‌و نیازه‌ی ههرماوهیهكه و لهوجهوهڵانهدا خۆیان ده‌شارنه‌وه و ده‌گه‌رێنه‌وه سه‌ر ماڵوحاڵی خۆیان و دواتر زه‌ماوه‌ند ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌مجاره خۆشاردنه‌وه، دادی كه‌س نادات، ئه‌نفاله و كه‌س نابوێرێت چجای گه‌رمیانییه‌كی عاشق بێت و بیه‌وێت وه‌چه بخاته‌وه و سبه‌ی ببێته پێشمه‌رگه؟!
به‌ڵام مریه‌م ..له‌و حه‌شری ئه‌نفاله‌دا وه‌ك عاشقێكی به‌وه‌فا بووخچه‌ی بوكێنێكهی له‌گه‌ڵ خۆی هه‌ڵده‌گرێت بۆجهولهكان وه‌كو هه‌ر شتێكی پێویستی خۆی بردبووی. ئه‌و رۆژه‌ی جاشه‌كان گه‌یشتنه ناوچه‌كه و به‌ته‌واوی لێیان نزیكببوونهوه ده‌بوایه كوڕهگهنجهكان مشورێك له حاڵی خۆیان بخۆن و نه‌كه‌ونه چنگیان، ئه‌و كه له‌گه‌ڵ كوڕه‌مامه‌كه‌ی هه‌میشه دزهنیگایهكیان بۆ یهكتردهكرد ته‌نانه‌ت له‌كاتی دهستگیرانداریشیاندا لهودزهنیگایه زیاترنهبوو، ئیتر ئه‌نفال لێیاندهبێته ملۆزم وئهونیگایهشیان لێده‌كاته ئه‌سته‌م..
سه‌ركرده‌كانی سوپا و جاش بێئه‌وه‌ی له تراژیدیاكانی بسڵه‌مێنه‌وه په‌یمانی وێرانكاری به‌هاكانی ژیان بۆ سه‌رۆكی فه‌رمانده نوێ ده‌كه‌نه‌وه، له‌و قاتوقڕییه‌دا وه‌كو هه‌موو كوڕانی گوند ده‌ستگیرانه‌كه‌ی مریه‌میش ته‌نها فریای ماڵئاوییهكی شه‌رمنۆكانه كه‌وت..وه‌كو باوكی مرییه‌م ده‌ڵێت: "چاوم لیان بوو هه‌روا وهشهرمهوه له‌به‌رمن وهدزییهوه ده‌ستێكی ماڵئاواییان بۆیه‌كتر به‌رزكرده‌وه، ئیدی زاوا (برازاكه‌م) رۆیی و ئه‌نفال بردی وكچه‌كه‌م بهولهونه مایه‌وه ها له‌به‌رچاوتان".
ئێستا دوای 19ساڵ له‌و ماڵئاواییه له‌و ئه‌نفاله مانه‌وه بووخچه و بوك و چاوه‌ڕوانی و خه‌مه‌كان.. ئه‌گه‌رچی مریه‌م به‌جه‌سته به‌ر شاڵاوه‌كه نه‌كه‌وت، به‌ڵام رۆحی ئه‌نفالكرا و چاره‌نووسی بووه خه‌ڵوزی ناوكوانوی ئه‌نفال.. ئه‌و هه‌رنه‌بووه كچه قهیرهیهكی دڵشكاو..به‌ڵكو بووه مه‌زڵومترین بوونه‌وه‌ری رۆژگاره‌كانی دوای ئه‌نفال و سه‌روه‌ختی دیموكراسیش، ئه‌نفال دلێ مریه‌می برد و ئیدی كوڕهمامه ده‌ستگیرانه‌كه‌ی نه‌بینیه‌وه. ئێستا بووخچه‌ی بوكێنییهكهی داستانێكه له‌عه‌شق، رۆمانێكه لهمهزڵومییهتی مرۆڤ، هه‌تا ئێستا ئه‌و بووخچهیهی بهنهكراوهیی له‌ئۆردووگای رزگاری ساڵانێكی درێژه هه‌ڵگیراوه، دڵنیام بووخچهكهی مریه‌م هه‌ر به‌ته‌نها مایه‌ی ریسوابوونی ئه‌نفال و ئه‌نفالچییه‌كان و ره‌فتاری به‌عسییانه نییه، به‌ڵكو ئێستا شه‌رمه‌زارییه بۆ هه‌مووان، بۆ ئه‌و رێكخراوانه‌ی به‌ناوی مافی مرۆڤه‌وه به‌جوانترین ئۆتۆمبێله‌وه كه‌شخه‌یی ده‌كه‌ن و مریه‌م و بووخچهكهی به‌هه‌ند ناگرن، بۆ ئه‌و دیموكراسییانه‌ی هه‌موو رۆژێ درۆ له‌گه‌ڵ ژنان ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌و رێكخراو و كه‌سایه‌تییانه‌ی بهسهرخهمهكانی ئه‌نفاله‌وه خه‌ریكی مشه‌خۆرین، بۆ ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی سوخمه و هه‌ناسه‌كانی مریه‌م نابێته شاكارێكی واقعی، بۆ ئه‌و سیاسییانه‌ی هه‌موو رۆژێ له‌گه‌ڵ ئه‌نفالچییه‌كان پێكههڵدهدهن..كه‌سوكاری شه‌هیده‌كان و ئه‌نفالكراوه‌كان، ئه‌وپێشمه‌رگانه‌ی دوێنێ بۆ ئازادی مریه‌م سنگیان به گولـله‌وه ده‌نا بۆ هه‌موومان كه بهوناههقییه قایلین و كه‌ی ویستیان چه‌پڵه‌مان پێدهكوتن.
ئه‌و بووخچهیه ههرسوخمه و كراسی بوكێكی دڵشكاوی تیدا نییه، كه له‌ئۆردووگای رزگاری بێنازكهوتووه، به‌ڵكو وای بۆده‌چم كه‌ئه‌وه پێناسی مرۆڤ بوونمانه توڕدراوه و هه‌موومان له ئاستیدا یان بێخه‌م و شه‌رمه‌زارین.. ئه‌و بووخچهیه هه‌رخه‌می مریه‌می تێدا نییه، به‌ڵكو پڕیه‌تی لهتانهوچڕنوكی به‌عس و ئه‌نفال، پڕیه‌تی لهخێسهی به‌عسییانه‌ی خۆمان، پڕیه‌تی له هه‌ڕه‌شه له‌عیشق و خۆشه‌ویستی و له‌ژیان و لهكوردبوون ولهمرۆڤ بوونی ئێمه.
ئهگهرئێره كۆمه‌ڵگای پیاوهگرگنهكان نه‌بووایه، ئه‌وهه‌موو كاته‌مان به فیڕۆنهدهدا ئه‌وهه‌موو پارهوپولهیان به‌قومار نهدهدۆراند، ئه‌گه‌ر وانهبووینایه له‌وێنه‌ی مرێممان ده‌ڕوانی وغیرهتێكمان ده‌نواند كه ده‌بینین، له‌یه‌كه‌مین رۆژی ئه‌نفاله‌وه هه‌تا ئێستا مریه‌می دڵشكاو بۆچركه ساتێكیش له بووخچه‌ی بوكێنێكهی جیانه‌بووه‌ته‌وه.
كۆڕه‌و و بووخچهكهی مریه‌م :
لهكۆڕهوهكهی به‌هاری 1991 یشدا مریه‌م ده‌ستی له بووخچهكهی به‌رنه‌بوو به‌ڵكو ههربهكۆڵییهوهبوو بهئومیدی ئه‌وه‌ی رۆژێك كوڕه دڵخوازه‌كه‌ی بكه‌وێته بهرعافواتێك و بگه‌ڕێته‌وه و پێكه‌وه زهماوهندبكهن.
مریه‌م لهكۆڕهوهكهی سالی 1991دا له كه‌سوكاری داده‌برێت و بهگوللـهیهكی سه‌ربازه‌كانی به‌عس ده‌پێكرێت و بریندارده‌بێت، به‌ڵام گوللـه قودرهتای چییه بووخچهكهی لێجیادهكاتهوه؟! به‌ڵكو به‌برینداری وبهجهستهی زاماربووشهوه، ده‌ستبه‌رداری نابێت و دابڕانی خۆی و بووخچهكهی بووه مه‌سه‌له‌یكی مه‌حاڵ، ئه‌وكچه‌ی ئه‌نفال ده‌ستگیرانه‌كه‌ی برد و خۆشی چاوه‌ڕوانی كوشتی.. هێشتا توند بووخچه‌ی بوكێنییهكهی له باوه‌ش گرتووه، نه‌بادا قه‌ده‌رێك یان ئهنفالێكی دی بێت و ئه‌میشی لێ بفڕێنێت، تازه ئه‌وه‌ی سه‌بوری مریه‌مه هه‌ر بووخچهكهیهتی و ته‌واو.
مریه‌م به‌جه‌سته‌ی خوێناوییه‌وه ده‌گاته ئێران، لهخێزانهكهیان داده‌برێت و ماوه‌یه‌كی زۆر له‌خه‌سته‌خانه‌كانی ئێران به ته‌نیا، رۆژگاره‌كانی ئاواره‌یی و برینداری و چاوه‌ڕوانی به‌سه‌ربردبوو، كه‌چی دوای دوو مانگ له نه‌خۆشخانه‌كانی تارانه‌وه دێته‌وه بۆ كوردستان و به‌خۆی و بووخچهكهیهوه له ئۆردووگاكانی كوردستانی ئێران په‌یدابووه‌وه، مریه‌م و بووخچهكهی هه‌تا ئێستا دووچیرۆكی لێكدانه‌بڕاون وله ئۆردووگای رزگاری نزیك شاری كه‌لارن.. له‌و گهرمهسێرهدا دووخاڵی ته‌زیوون به ناوچاوانی ده‌سه‌ڵاتی كوردییه‌وه، سوخمه زه‌رده‌كه‌ی تاكه ره‌نگی دره‌وشاوه‌ی تابلۆی ره‌شی ئه‌نفاله. كراسهشینهكاڵهكهی هه‌موو ئه‌وانه به‌درۆ ده‌خاته‌وه كه ئۆردووگای صمودیان ناونا رزگاری..
مریه‌م ههرچاوهڕوانه:
نه‌ك به‌عس هه‌موو دنیا بڕوخێ مریه‌م له‌دڵه‌وه چاوه‌ڕوانی ده‌ستگیرانه ئه‌نفالكراوه‌كه‌ی ده‌كات، به‌ڵكو ئه‌مه خوایه بێته‌وه و زهماوهندبكهن.
به‌ڵام ئه‌نفال و رۆژگاری دوای ئه‌نفالیش كه‌ی هێنده رێزیان له‌چاوه‌ڕوانی مرۆڤ گرتووه؟
كه‌ی هێنده مرۆڤیان به‌لاوه مه‌به‌ست بووه؟!!
تا ده‌ربه‌ستی مریه‌می قه‌یره و رۆح ئه‌نفالكراو، مریه‌می هه‌ناسه ته‌زیوو ببن؟
ئه‌نفالستان كواخهونی قوربانی تێدا دێته‌دی؟ ئه‌وه‌ی بڕیارده‌دات هه‌ر جه‌لاده..
ته‌نیا مه‌رجێك بۆ ژیان دۆڕان وتوڕدانی مرۆڤبوون و هه‌سته ئینسانییهكانه..واقعی دوای ئه‌نفال هێنده دڵره‌ق و نامۆیه به‌مرۆڤ و به‌هاكانی، مه‌حاڵه ئومێدی مریهمهكانی تێدا بێنه‌دی. نامۆیی مریه‌م لێوانه له‌نهێنی هه‌سته كوژراوه‌كان..
ئه‌وكچه قه‌یره‌یه ئێستاش دوودڵه كه دستگیرانهكهی ناگه‌ڕێته‌وه.
وای له‌ده‌ردی كچانی دوای ئه‌نفال وای لهكۆستكهوتنی مرۆڤ.. وای له دڕنده‌یی دووپێ!!
ئێستا مریه‌م هه‌ر قهیرهكچێكی دڵشكاونییه، به‌ڵكو په‌ككه‌وته‌یه‌كی هه‌لا هه‌لایه، ئه‌و كه به‌نیازبوو كهیبانوویهكی سركی ماڵومێردی خۆی بێت، حاڵی حازر ته‌نها چاوی له‌دستی دایكه به ساڵاچوكهی بوو ههتابپرژێت پارویه‌ك نان و قومێك ئاوی به‌ده‌مه‌وه بكات، كه‌چی ئه‌و ئومێده‌شی چووه گۆڕه‌وه و دایكی به‌رله‌چه‌ند مانگێك نه‌فره‌تی له‌و دنیایه كرد كه ئه‌نفالچییه‌كان تیایدا حاكمن. ئه‌ویش ژیان و ماڵی ساردووسڕی به‌جێهێشت، ئه‌ویش فیراقی ئه‌نفال و چاوه‌ڕوانی كوڕه دهستگیراندارهكهی كوشتی، به‌ڵام به‌ر له‌مردنی فریای ئه‌وقسه‌یه كه‌وت بڵێت:
(ئه‌وه‌ی كوڕهكانمی ئه‌نفالكرد، ئێستا كوڕه‌كه‌ی حاكمی ئه‌م شاره‌یه) به‌ر له‌مه‌رگی دایكی مریه‌میش جه‌ڵته لێیدابوو، به‌ڵام فریای دووقسهكهوت" دوا وه‌سێتی مریه‌م مه‌سه‌له‌یه‌كی رۆحییه و هیچی دی.. ئه‌و به‌و جه‌ڵته‌یه ئه‌ندامه‌كانی جه‌سته‌شی له‌ده‌ستداو..له‌كچه قهیرهیهكی دڵشكاوهوه بووه كه‌م ئه‌ندامێكی هه‌میشه‌یی به‌رله‌وه‌ی جه‌ڵته وه‌ك ئهنفالێكی دی په‌لاماری رۆح و جه‌سته‌ی بدا‌و زمانی له‌گۆ بخات، فریای ئه‌وه كه‌وتبوو بڵێت..
"دهخیلتانبم چیدی بووخچهكهم نه‌كرێته‌وه، به‌ڵكو ئه‌و رۆژه‌ی ماڵئاوایی یه‌كجاری له‌م ئهنفالستانه ده‌كات، له‌گه‌ڵ ته‌رمه‌كه‌یدا بووخچهكهشی بخه‌نه گۆڕه‌وه" نه‌بادا دوای ئه‌م بكه‌وێته ده‌ست تاڵانچییهكان، نه‌بادا ئهنفالێكی تر ببێته‌وه و ئه‌نفالچییه‌كان كراس و سوخمهكهی له بووخچه‌ی بوكێنیهكهی ده‌ربهێنن و به‌تاڵان بیبه‌ن ژنه‌كانی خۆیانیان پێگوناهباركهن. تكایه با ژنی تاوانباران گوناه بارنهبن ئه‌وان بێبه‌رین له‌تاوان و دزی و فزییان، ئێمه دایكین..سروشتی راسته‌قینه‌ی مرۆڤین، كه‌ی تاڵانچی بووین؟!..
كه‌ی ئه‌نفالچی بووین.؟!