Print
 ئاژانسی هه‌واڵی‌ رۆیته‌رز: خۆپیشاندانه‌كان، گۆڕانكاریه‌كی بنه‌ڕه‌تی له‌ كلتوری سیاسی كورده‌كانی عێراقدا كرد
Thursday, March 31, 2011

(سبه‌ی‌):
له‌ راپۆرتێكدا كه‌ ئاژانسی هه‌واڵی‌ رۆیته‌رز بڵاویكردوه‌ته‌وه‌ به‌ناوی‌ (خۆپیشاندانه‌كان، گۆڕانكاریه‌كی بنه‌ڕه‌تی له‌ كلتوری سیاسی كورده‌كانی عێراقدا كرد)، داواكاری‌ خۆپیشانده‌رانی شاروشارۆچكه‌كانی‌ كوردستان به‌ داواكاری‌ ره‌وا بۆ سه‌ندنه‌وه‌ی مافی‌ هاوڵاتیان له‌ بودجه‌و سه‌رمایه‌ی‌ هه‌رێم له‌ قه‌ڵه‌مدراوه‌و به‌ گۆڕانكاریه‌كی ریشه‌ییش له‌ دۆخی هه‌رێمدا باسی لێوه‌كراوه‌.
له‌ راپۆرته‌كه‌دا باس له‌وه‌كراوه‌ كه‌: دوای بیست ساڵ له‌ خۆسه‌پاندنی‌ دو حیزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كه‌ی كوردستان، خه‌ڵكی كوردستان به‌ به‌رده‌وامبون بۆ زیاتر له‌ مانگێك له‌ خۆپیشاندان، وره‌ی به‌رزی خۆیان بیری‌ ده‌سه‌ڵاتداران خسته‌وه‌.
هاوكات ئاماژه‌ به‌وه‌شدراوه‌: سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی نزیكه‌ی 11 ملیار دۆلار بودجه‌ی ساڵانه‌ی كوردستانه‌، هه‌ردو حیزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كه‌ قۆرخی ژیانی خه‌ڵكیان كردوه‌ له‌ روی داراییه‌وه‌.
هه‌ر له‌ راپۆرته‌كه‌دا ئه‌وه‌خراوه‌ته‌ڕو، كه‌ جگه‌ له‌ خه‌ڵكی كوردستان، خه‌ڵكانی بیانیش له‌ هه‌رێم له‌ بارودۆخی‌ هه‌رێمه‌كه‌ نارازین، له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌ خه‌لیل شوكه‌یر، به‌رێوه‌به‌ری گشتی كۆمپانیای خانوی پلاستیكی ، كه‌ %70 خانوه‌ پلاستیكیه‌كانی پارێزگای سلێمانی ئه‌و ئاماده‌یكردوه‌، به‌ ئاژانسه‌كه‌ی‌ راگه‌یاندوه‌: ئه‌گه‌ر هاوكاری یه‌كێك له‌ حیزبه‌ سیاسیه‌ (ده‌سه‌ڵاتداره‌كان) نه‌بێ، ناتوانرێت له‌ كاره‌كاندا سه‌ركه‌وتن به‌ ده‌ستبێنیت و مۆڵه‌تی كاركردنت نادرێتێ‌.
به‌ختیار عه‌لی، رۆماننوس له‌ باره‌ی خۆپیشاندانی‌ به‌رده‌وامی‌ شارو شارۆچكه‌كانی‌ هه‌رێم به‌ ئاژانسه‌كه‌ی راگه‌یاندوه‌: "ئه‌وه‌ی له‌ كوردستان روده‌دات گۆڕانكاریه‌كی ریشه‌ییه‌".
ئه‌وه‌شی وتوه‌ كه‌: بارودۆخه‌كه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ناگه‌ڕێته‌وه‌ پێش 17ی‌ شوبات.

 

 

 

Sbeiy.com © 2007