Print
 په‌یامێك له‌ جه‌ماوه‌ری‌ خۆپیشانده‌ری‌ كوردستانه‌وه‌ بۆ هه‌رسێ‌ لایه‌نی‌ ئۆپۆزسیۆنی‌ ناو په‌رله‌مان
Thursday, March 31, 2011

سڵاوی‌ ئازادی وخۆڕاگری‌ خۆپیشانده‌رانی‌ كوردستانتان لێبێت...
لای‌ هه‌موان ئاشكرایه‌ كه‌ زیاتر له‌ مانگێكه‌ له‌گه‌ڵ روداوه‌ خوێناوییه‌كانی‌ 17/ 2 و رۆژانی‌ دوایی‌ جه‌ماوه‌ری‌ كوردستان له‌ خۆپیشاندانی‌ به‌رده‌وامدایه‌ و داواكارییه‌كانی‌ پێشكه‌ش به‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان كردوه‌، تائێستا په‌رله‌مان و حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و سه‌رۆكی‌ كۆمار وه‌ڵامه‌كانیان بۆ داوای‌ خۆپیشانده‌ران له‌ ئاستی‌ وتاری‌ پشتگیری‌ زیاتر نییه‌ و تا ئێستا هیچ هه‌نگاوێكی‌ عه‌مه‌لی‌ نه‌نراوه‌ بۆ لانی‌ كه‌م جێبه‌جێكردنی‌ داواكارییه‌ هه‌نوكه‌ییه‌كان، لێره‌وه‌ ئێمه‌ دوپاتی‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵات له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان شه‌رعیه‌تی‌ یاسایی‌ و نیشتمانی‌ خۆی‌ ئه‌و كاته‌ له‌ده‌ستدا كه‌ هاوڵاتیانی‌ له‌سه‌ر مافێكی‌ سروشتی‌ خۆیان كه‌ خۆپیشاندانه‌ دایه‌ به‌ر ده‌ستڕ ێژی‌ گوله‌. ناكرێ‌ و ناشێت ده‌سه‌ڵاتێك كه‌ به‌رپرسه‌ له‌خوێنڕشتنی‌ هاوڵاتیان به‌ نوێنه‌ری‌ شه‌رعی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان دابنرێت، دڵنیایین كه‌ هه‌مو مرۆڤێكی‌ خاوه‌ن ویژدان له‌ ئاست ئه‌و تاوانانه‌دا بێ‌هه‌ڵوێست نابێت. لێره‌وه‌ ئێمه‌ له‌م قۆناغه‌ مێژویه‌ پڕبه‌رپرسیارێتیه‌دا بانگه‌وازی‌ نیشتمانپه‌روه‌ریتان ئاراسته‌ ده‌كه‌ین كه‌ وه‌ك چۆن تائێستا پشتیوانی‌ داواكاری‌ خۆپیشانده‌رانتان كردوه‌، بازنه‌ی‌ ئه‌م پشتگیرییه‌تان به‌ هێزتر و فراوانتر بكه‌ن ئه‌ویش به‌:-
1-هه‌ڵپه‌ساردنی‌ ئه‌ندامێتیان له‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان و ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی‌ هه‌مو ویژدان زیندوان كه‌ هه‌ر پۆست و وه‌زیفه‌یه‌كیان له‌ناو ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌دا هه‌یه‌.
2- ره‌تكردنه‌وه‌ی‌ هه‌ر دانوستانێك له‌نێوان ئۆپۆزسیۆن و ده‌سه‌ڵاتدا وه‌ك هه‌ڵوێستێكی‌ نیشتمانی‌ و مێژویی‌ به‌رامبه‌ر بێباكی‌ ده‌سه‌ڵات له‌مه‌ڕ ئه‌م دۆخه‌ مێژویه‌دا تا به‌دیهێنانی‌ داواكاریه‌ هه‌نوكه‌ییه‌كانی‌ خۆپیشانده‌ران.
ئه‌مانه‌ش وه‌ك فشارێكی‌ راسته‌قینه‌ له‌پێناو ملكه‌چكردنی‌ ده‌سه‌ڵات بۆ جێبه‌جێكردنی‌ لانی‌ كه‌می‌ داواكارییه‌هه‌نوكه‌ییه‌كان كه‌ دیارترینیان:
1- دادگایكردنی‌ تاوانبارانی‌ كوشتن و برینداركردنی‌ خۆپیشانده‌ران.
2- گواستنه‌وه‌ی‌ هێز و باره‌گا حیزبیه‌كان بۆ ده‌ره‌وه‌ی‌ شارو شارۆچكه‌كان.
3- هه‌ڵگرتنی‌ ئابڵوقه‌ی‌ سه‌ربازی‌ و باری‌ نائاسایی‌ سه‌ر شار و شارۆچكه‌كانی‌ كوردستان به‌مه‌به‌ستی‌ ده‌سته‌به‌ركردنی‌ مافی‌ ئازادی‌ راده‌ربڕین وداواكردنی‌ مافه‌ ره‌واكانیان.
ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ له‌ لایه‌ن ئۆپۆزسیۆنه‌وه‌ هانده‌رێك ده‌بێت بۆ كه‌سانی‌ ویژدان زیندوی‌ نێو ده‌سه‌ڵات كه‌ ئه‌وانیش هه‌نگاوی‌ عه‌مه‌لی‌ هه‌ڵبگرن بۆ داكۆكیكردن له‌ داخوازیه‌كانی‌ شه‌قامی‌ ناڕازی‌ له‌ كوردستان.
ئه‌و كات ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵات نه‌یه‌ته‌ پای‌ جێبه‌جێكردنی‌ ئه‌م داواكاریه‌ هه‌نوكه‌ییانه‌، ئه‌وا خه‌ڵك ناچار ده‌بێت دروشمی‌ بڕوخێ‌ به‌رزبكاته‌وه‌، له‌و كاته‌شدا هه‌مو لایه‌نه‌ێكی‌ سیاسی‌ له‌ به‌رده‌م گه‌ل و مێژو و یاسادا لێپرسراو ده‌بن به‌رامبه‌ر به‌رئه‌نجامه‌كانی‌.

چاوه‌ڕێی‌ هیمه‌تی‌ نیشتیمانیتانین
ئه‌نجومه‌نی‌ كاتی‌ مه‌یدانی‌ ئازادی  26\3\2011

Sbeiy.com © 2007