Print
 ژماره‌یه‌ك له‌ گه‌نجانی‌ حاجی‌ ئۆمه‌ران: ئه‌گه‌ر تا 10 رۆژی‌ تر داواكاری‌ خۆپیشانده‌ران جێبه‌جێ نه‌كرێت، خۆپیشاندان رێكده‌خه‌ین
Thursday, March 31, 2011

(سبه‌ی‌):
له‌ درێژه‌ی‌ به‌رده‌وامی‌ پشتگیری‌ و پشتیوانی‌ چین و توێژی‌ سه‌رجه‌م شارو شارۆچكه‌كانی‌ هه‌رێم له‌ خۆپیشانده‌ران و داواكاریه‌كانیان، ژماره‌یه‌ك له‌ گه‌نجانی‌ شارۆچكه‌ی‌ حاجی ئۆمه‌ران له‌ راگه‌یاندنێكدا پشتیوانی خۆیان بۆ ئه‌و خۆپیشاندانانه‌ ده‌ربڕیوه‌ كه‌ له‌ سه‌رای‌ ئازادی‌ سلێمانی‌ و چه‌ند شارو شارۆچكه‌یه‌كی تر، دژ به‌ گه‌نده‌ڵی‌ و له‌ پێناو چاكسازی سیاسی به‌ڕێوه‌ده‌چن.
له‌ راگه‌یاندنه‌كه‌دا هاتوه‌: ئیمه‌ وه‌ك كۆمه‌ڵێك گه‌نجانی شارۆچكه‌ی‌ (حاجی ئۆمه‌ران)، پشتیوانی خۆمان ده‌رده‌بڕین بۆ گشت خۆپشانده‌رانی هه‌رێمی كوردستان و سه‌رای ئازادی سلیمانی.
هاوكات ئاماژه‌یان به‌وه‌كردوه‌: وه‌ك هه‌مو خه‌ڵكی كوردستان ده‌زانن، ئه‌وناوچانه‌ی له‌ژێر ركێفی پارتیدان، كه‌ شارۆچكه‌ی حاجی ئۆمه‌رانیش یه‌كێكه‌ له‌و ناوچانه‌، به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ناتوانن ده‌نگی ناڕه‌زای خۆیان ده‌رببڕن، ئه‌و حاڵه‌ته‌ش رازیبون نیه‌ له‌ ده‌سه‌ڵات، به‌ڵكو بێده‌نگكردنه‌.
له‌ به‌شێكی دیكه‌ی‌ راگه‌یاندنه‌كه‌یاندا گه‌نجانی‌ شارۆچكه‌ی‌ حاجی ئۆمه‌ران داوایانكردوه‌، به‌زوترین كات داواكاری خۆپیشانده‌ران جێبه‌جێبكرێت و حكومه‌تی دو حیزبی هه‌ڵبوه‌شێنرێته‌وه‌و له‌ جێگه‌یدا‌ حكومه‌تێكی ئینتیقالی دابمه‌زرێت، چونكه‌ 38 رۆژه‌ ئه‌م حكومه‌ته‌ی‌ ئێستا نه‌یتوانیوه‌ داواكاریه‌ هه‌نوكه‌ییه‌كانی‌ خۆپیشانده‌ران جێبه‌جێ بكه‌ن و به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ شه‌رعیه‌تی نه‌ماوه‌.
هۆشداریشیان داوه‌ به‌ به‌رپرسانی‌ هه‌رێم و ئه‌وه‌یان راگه‌یاندوه‌ كه ‌"خه‌ڵك له‌و قسانه‌ تێری خواردوه‌‌ 20 ساڵه‌ بۆ خه‌ڵكی ده‌كه‌ن و باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن خۆپیشانده‌ران ئه‌زمونی كوردستانیان خستوه‌ته‌ به‌ر مه‌ترسیه‌وه‌، به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ ئه‌وه‌ ئێوه‌ن ده‌تانه‌وێت ئه‌م ده‌ستكه‌وتانه‌ تێكبده‌ن نه‌ك ئێمه‌، هه‌ر ئێوه‌ن 20 ساڵه‌ به‌ناوی ئه‌زمون و ده‌ستكه‌وته‌وه‌ پاره‌ی‌ خه‌ڵكی ره‌ش و روت قۆرغ ده‌كه‌ن.
سه‌باره‌ت به‌ جێبه‌جێكردنی داواكاری‌ خۆپیشانده‌رانيش، گه‌نجانی‌ شارۆچكه‌ی‌ حاجی ئۆمه‌ران مۆڵه‌تی ته‌نها 10 رۆژیان داناوه‌و ئاشكرایانكردوه‌ كه‌: ئه‌گه‌ر له‌ ماوه‌ی‌ ئه‌و 10 رۆژه‌دا وه‌ڵامی خۆپیشانده‌ران نه‌درێته‌وه‌و خواسته‌كانیان جێبه‌جێ نه‌كرێت، ئه‌وانیش وه‌ك هاوڵاتیانی شار و شارۆچكه‌كانی تری كوردستان، خۆپیشاندان رێكده‌خه‌ن و هیچ هێزێكیش ناتوانێت به‌ر به‌ ئیراده‌ی گه‌ل بگرێت.

 

Sbeiy.com © 2007