|
وه‌ک رێزلێنان له قوربانیانی خۆپیشاندانه‌کان، ئه‌مڕۆ له سه‌رای ئازادی ده‌كرێته رۆژی ماته‌مینی |
Thursday, March 31, 2011 |
(سبه‌ی):
به‌مه‌به‌ستی رێزلێنان له‌و که‌سانه‌ی له دوای روداوه‌کانی 17ی شوباتی شاری سلێمانییه‌وه، له‌سه‌رجه‌م شار و شارۆچکه‌کان بونه‌ته قوربانی، ئه‌مڕۆ (دوشه‌ممه) له سه‌رای ئازادی سلێمانی ده‌کرێته رۆژی ماته‌مینی.
له‌وباره‌یه‌وه ئه‌نجومه‌نی کاتی سه‌رای ئازادی له راگه‌یه‌ندراوێکدا ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌کردوه، ئه‌وان وه‌ك ئه‌نجومه‌نی كاتی مه‌یدانی ئازادی دوای گفتوگۆ و راوێژكردن له‌گه‌ڵ خێزان و بنه‌ماڵه‌ی شه‌هیدانی خۆپیشاندانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌ڕۆژانی 17 ی شوبات و رۆژانی دواتر، له سه‌عات 2ی پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ (دوشه‌ممه) رێوره‌سمی رۆژی ماته‌مینی بۆ شه‌هیدانی خۆپیشاندانه‌كان ده‌ستپێده‌کات و و تیایدا خێزانی شه‌هیده‌كان، وته‌كانیان پێشكه‌شده‌كه‌ن.
له‌هه‌مان کاتدا خێزانی شه‌هیده‌کانیش، به‌پێداگری له‌سه‌ر خواسته‌كانی خۆپیشاندان رێز له یادی شه‌هیده‌کان ده‌گرن و به‌ڵێن دوپات ده‌كه‌نه‌وه، تا گرتن و به‌دادگا گه‌یاندنی تاوانباران و بردنه‌ده‌ره‌وه‌ی باره‌گا چه‌كداره‌كان له‌ناوشاره‌كان و لابردنی ئابڵوقه‌ی سه‌ربازی سه‌ر شار‌و شارۆچكه‌كان، به‌رده‌وام ده‌بن له‌خۆپیشاندان.
به‌هۆی توندوتیژی و ته‌قه‌كردنی هێزه چه‌كداره‌كانی سه‌ر به ده‌سه‌ڵات له له‌خۆپیشانده‌ران له 17ی شوبات و رۆژانی دواتره‌وه، 9 كه‌س شه‌هیدبون و زیاتر له 200 كه‌سی دیکه‌ش برینداربون.
|
|
|