Print
 چین و توێژه‌كانی هیران و نازه‌نین: با چیتر پارتی رێگری نه‌کات له‌به‌رده‌م ئه‌نجامدانی خۆپیشاندان له‌ هه‌ولێر
Thursday, March 31, 2011

 (سبه‌ی):
ژماره‌یه‌ک له‌ چین و توێژه‌كانی هیران و نازه‌نین له‌گه‌ڵ پشتگیرییان بۆ خۆپیشاندانی ناوچه‌ جیاوازه‌کانی هه‌رێمی کوردستان، داواش له‌ پارتی و یه‌کێتی ده‌که‌ن چیتر بازرگانی به‌ خوێنی شه‌هیدانه‌وه‌ نه‌که‌ن.
له‌ راگه‌یه‌ندراوێکدا که‌ وێنه‌یه‌کی بۆ (سبه‌ی) نێردراوه‌، چین و توێژه‌كانی هیران و نازه‌نین ئاماژه‌یان به‌وه‌داوه‌: "ئه‌م سه‌رای‌ ئازادییه‌ی له‌ سلێمانی‌ و شارۆ شارۆچكه‌كانی‌ تر هاتۆته‌ دی‌، له‌ ئه‌نجامی‌ كه‌ڵه‌كه‌بوونی‌ گه‌نده‌ڵی‌ و نا دادپه‌روه‌ری‌ و سته‌مكاری‌ و نه‌بوونی‌ ئازادی‌ ڕا ده‌ربڕینه‌، خه‌ڵكی‌ ئه‌م ناوچه‌یه‌ش ساڵانێكی‌ زۆر دوورو درێژه‌ تینووی‌ ته‌وژمێكی‌ ئاوهان، به‌ڵام وه‌ك خۆتان ده‌زانن ده‌سه‌ڵاتی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان هیچ ئازادیه‌كی‌ بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ نه‌هێشتۆته‌وه‌ كه‌ هاو ڕاو هاوبیری‌ ئه‌م پارته‌ نینه‌".
هاوکات چه‌ند خاڵێکیان خستوه‌ته‌ به‌رده‌م ده‌سه‌ڵات بۆ ئه‌وه‌ی جێبه‌جێی بکات و تیایدا هاتوه‌: داوا له‌ به‌رپرسانی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ هه‌ولێر واته‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان ده‌كه‌ین، چیتر ڕێگر نه‌بن له‌ خۆپیشاندانی‌ خه‌ڵكی‌ شاری‌ هه‌ولێرو شارو شارۆچكه‌كانی‌ تر، چونكه‌ دڵنیا بن له‌وه‌ی‌ ئه‌م كپكردن و بێده‌نگكردنه‌ ڕۆژێك دێت بته‌قێته‌وه‌، هه‌رچی‌ زوه‌ تاوانبارانی‌ بكوژانی‌ 17 ی‌ شوبات و باقی‌ بكوژانی‌ تری‌ ئه‌م دواییه‌ی‌ شه‌هیدانی‌ تری‌ ڕێگای‌ ئازادی‌ بدرێنه‌ دادگا و پێویسته‌ ئه‌م دوو حیزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌ خۆیان نه‌كه‌نه‌ قوربانی‌ چه‌ند كه‌سێكی‌ تاوانبار.

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌که‌


به‌ناوی‌ خوای‌ گه‌وره‌و میهره‌بان
بۆ / جه‌ماوه‌ری‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان و ده‌سه‌ڵات و حیزب و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی‌ كوردستان
 ئێمه‌ وه‌كو ژماره‌یه‌ك له‌ گشت چین و توێژه‌كانی هیران و نازه‌نین پشتگیری ته‌واوی‌ خۆمان بۆ سه‌رای‌ ئازادی‌ شاری‌ سلێمانی‌ و گه‌رمیان و هه‌ڵه‌بجه‌ی‌ شه‌هید و هه‌موو شارو شارۆچكه‌كانی‌ تری‌ كوردستان ده‌رده‌بڕین، ئێمه‌ حه‌ز ئه‌كه‌ین دڵنیاتان كه‌ینه‌وه‌ كه‌ به‌ دڵ و به‌ گیان له‌گه‌ڵ هه‌ر داوایه‌كی‌ ڕه‌وای‌ ئێوه‌ی‌ دڵسۆزی‌ ئه‌م خاك و نیشتمانه‌ داینه‌.
لای‌ هه‌موو جه‌ماوه‌ری‌ كوردستان ئاشكرایه‌ كه‌ ئه‌م سه‌رای‌ ئازادییه‌ی شاری‌ سلێمانی‌ و شارۆ شارۆچكه‌كانی‌ تر هاتۆته‌ دی‌، له‌ ئه‌نجامی‌ كه‌ڵه‌كه‌بوونی‌ زۆرێك له‌ گه‌نده‌ڵی‌ و نا دادپه‌روه‌ری‌ و سته‌مكاری‌ و نه‌بوونی‌ ئازادی‌ ڕا ده‌ربڕینه‌، خه‌ڵكی‌ ئه‌م ناوچه‌یه‌ش ساڵانێكی‌ زۆر دوورو درێژه‌ تینووی‌ ته‌وژمێكی‌ ئاوهان، به‌ڵام وه‌ك خۆتان ده‌زانن ده‌سه‌ڵاتی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان هیچ ئازادیه‌كی‌ بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ نه‌هێشتۆته‌وه‌ كه‌ هاو ڕاو هاوبیری‌ ئه‌م پارته‌ نینه‌ و بگره‌ زۆر جار خه‌ڵكی‌ گرتووه‌ له‌ گشت چین و توێژه‌ جیاوازه‌كان به‌ ناوی‌ تیرۆرست یان گێره‌ شێوین و بگره‌ هه‌ر ناوێكیان لێناوه‌ به‌ بێ‌ گوێدانه‌ یاساكانی‌ مافی‌ مرۆڤ.
ئێمه‌ش وه‌كو ئه‌م كۆمه‌ڵه‌ گه‌نج و لاوانه‌ به‌ باشمان زانی‌ كۆمه‌ڵێك داواكاری‌ بخه‌ینه‌ ڕوو بۆ ڕای‌ گشتی‌ كوردستان و هه‌ر سێ‌ ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و حیزبه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی‌ بتوانین كوردستان ڕزگار بكه‌ین له‌م قه‌یرانه‌ سیاسی و ئابوورییه‌ی‌ ئێستا هه‌رێمی‌ كوردستان تێیكه‌وتووه‌، چونكه‌ بێ‌ گوومان هه‌موو كاتێك دوژمنان خۆشحاڵ بوون به‌وه‌ی‌ هه‌ر كاتێك ناكۆكی‌ كه‌وتبێته‌ نێوان هێزه‌ سیاسییه‌ كوردستانییه‌كان چ جای‌ ئه‌وه‌ی‌ ناكۆكی‌ بكه‌وێت نێوان شه‌قام و ده‌سه‌ڵات:
1- داوا له‌ به‌رپرسانی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ هه‌ولێر واته‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان ده‌كه‌ین چیتر ڕێگر نه‌بن له‌ خۆپیشاندانی‌ خه‌ڵكی‌ شاری‌ هه‌ولێرو شارو شارۆچكه‌كانی‌ تر چونكه‌ دڵنیا بن له‌وه‌ی‌ ئه‌م كپكردن و بێده‌نگكردنه‌ ڕۆژێك دێت بته‌قێته‌وه‌.
2- پێویسته‌ ده‌سه‌ڵات به‌ سینگێكی‌ به‌رفراوانتر بڕوانێته‌ داواكاری‌  خۆپیشانده‌ران و به‌ زووترین كات هه‌وڵ بدات داواكانیان جێ‌ به‌ جێ‌ بكات وه‌ ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵات چیتر شه‌قام و خه‌ڵك پشت گوێ‌ بخات و گوێیان بۆ نه‌گرێت، ئه‌وا ڕۆژێكیش دێت شه‌قام به‌ گشتی‌ ده‌سه‌ڵات پشت گوێ‌ بخات .
3- پێویسته‌ هه‌رچی‌ زووه‌و تاوانبارانی‌ بكوژانی‌ 17 ی‌ شوبات و باقی‌ بكوژانی‌ تری‌ ئه‌م دوایه‌ی‌ شه‌هیدانی‌ تری‌ ڕێگای‌ ئازادی‌ بداته‌ دادگا و پێویسته‌ ئه‌م دوو حیزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌ خۆیان نه‌كه‌نه‌ قوربانی‌ چه‌ند كه‌سێكی‌ تاوانبار ئه‌گینا به‌هۆی‌ چه‌ند كه‌سێكی‌ كه‌مه‌وه‌ ڕۆژێك دێت سه‌ری‌ به‌پرسه‌ گه‌وره‌كان و حیزبه‌كانیشیان بكه‌نه‌ قوربانی‌ خۆیان.
4- پێویسته‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم زیاتر وه‌كو هه‌رێمی‌ كوردستان هه‌ڵسوكه‌وت بكات نه‌ك زیاتر وه‌كو سه‌رۆكی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان، چونكه‌ گه‌ر وا بكات زیاتر متمانه‌ په‌یدا ده‌كات لای‌ جه‌ماوه‌رو حیزبه‌ سیاسیه‌كان.
5- پێویسته‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌تیش چیتر بێ‌ مه‌وفیق نه‌وستێت و ڕۆڵێكی‌ جوامێرانه‌و دادپه‌روه‌رانه‌ بنوێنێت، چونكه‌ ئه‌و په‌روه‌رده‌ی‌ ووڵاتێكی‌ وه‌كو ئه‌مریكایه‌ كه‌ ئه‌م ووڵاته‌ خۆی‌ بانگه‌شه‌ی‌ ئازادی‌ ده‌كات.
6- داوا له‌ هه‌ردوو حیزبی‌ ده‌سه‌ڵاتدار ده‌كه‌ین سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان كه‌مال كه‌ركوكی‌ بگۆڕن، چونكه‌ له‌گه‌ڵ ڕێزمان بۆ كه‌مال كه‌ركوكی‌ هێشتا زۆری‌ ماوه‌ پۆستێكی‌ ئاوا گرنگی‌ پێ‌ بدرێت و له‌ ئاست ئه‌و به‌رپرسیاریه‌ته‌ گه‌وره‌یه‌دا نییه‌.
7- پێویسته‌ هه‌ر سێ‌ لایه‌نه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كانی‌ كوردستان ڕۆڵی‌ به‌رچاوو ڕوونتریان هه‌بێت له‌ ئاست ڕووداوه‌كانی‌ ئه‌م دوایه‌ی‌ كه‌ هه‌رێمی‌ كوردستان تێیكه‌وتووه‌.
8- داوا له‌ هه‌ردوو وه‌زیری‌ ناوخۆو پێشمه‌رگه‌ ده‌كه‌ین ده‌ست له‌ كاربكێشنه‌وه،‌ چونكه‌ بۆ خۆشیان ئاوا سه‌ربه‌رزیتره‌ نه‌وه‌ك دوایی‌ به‌ هێزی‌ شه‌قام استیقاله‌یان پێ‌ بده‌ن.
9- داوا له‌ هه‌ر دوو حیزبی‌ ده‌سه‌ڵاتدار ده‌كه‌ین كه‌ به‌ خۆیاندا بچنه‌وه‌ تاوه‌كو كار له‌ كار نه‌ترازاوه‌و چیتر بازرگانی‌ به‌ شه‌هیدانی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ی‌ شه‌هید و شێخ وه‌سانان و ئه‌نفالی‌ گه‌رمیان و بارزانه‌وه‌ نه‌كه‌ن.

ژماره‌یه‌ك له‌ گشت چین و توێژه‌كانی‌ هیران و نازه‌نین
به‌روار  : 2011.3.28

Sbeiy.com © 2007