Print
 عوسمان فه‌یزوڵا: وه‌ك هه‌ڵوێستێک به‌رامبه‌ر خۆپیشانده‌ران خه‌ڵاتی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ شانۆم ره‌تكرده‌وه‌
Thursday, March 31, 2011

(سبه‌ی):
له‌یادی‌ رۆژی‌ جیهانی‌ شانۆدا، ژماره‌یه‌ك له‌شانۆكاران له‌سه‌رای‌ ئازادی‌ یاده‌كه‌یان كرده‌وه‌، هونه‌رمه‌ندێكیش وه‌ك هه‌ڵوێست وه‌رگرتن، خه‌ڵاتی‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ شانۆی‌ سلێمانی‌ ره‌تكرده‌وه‌.
مامۆستا عوسمان فه‌یزوڵا، له‌لێدوانێكیدا بۆ (سبه‌ی‌) رایگه‌یاند: دوێنێ‌  27/3/2011 رێكه‌وتبوین هه‌مومان بچینه‌ سه‌رای‌ ئازادی‌، له‌وێ‌ به‌یانێکی‌ رۆژی‌ شانۆی‌ جیهانی‌ بخوێنینه‌وه‌و یاده‌که‌ بكه‌ینه‌وه‌، له‌هه‌مان كاتدا به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ هونه‌ری‌ شانۆ رێوره‌سمی رێزلێنانی كرد‌ بۆ رێز گرتن له‌ ژماره‌یه‌ك هونه‌رمه‌ند، به‌ڵام من له‌سه‌رای‌ ئازادی‌ هاوڕێكانم جێنه‌هێشت ‌و نه‌چوم بۆ خه‌ڵاته‌كه‌م.
عوسمان فه‌یزوڵا تاكه‌ هونه‌رمه‌ند بو ئه‌و خه‌ڵاته‌ی‌ ره‌تكرده‌وه‌، كه‌ بڕیاربو له‌لایه‌ن به‌رێوه‌به‌رایه‌تی‌ شانۆی‌ سلێمانیه‌وه‌ وه‌ك رێز لێنان پێی‌ ببه‌خشرێت.
به‌هۆی‌ فراوانبونی‌ خۆپیشاندانه‌كان له‌ شار و شارۆچکه‌کانی هه‌رێمی کوردستان، رۆژانه‌ خه‌ڵكێكی‌ زۆر له‌ سه‌رجه‌م چین و توێژه‌ جیاوازه‌کان وه‌ك هه‌ڵوێست وه‌رگرتن په‌یوه‌ندی‌ به‌ سه‌رای‌ ئازادیی و خۆپیشانده‌رانه‌وه‌ ده‌که‌ن، به‌بێ‌ ره‌چاو كردنی‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ تایبه‌تیه‌كانیان.

Sbeiy.com © 2007