Print
 سه‌رای‌ ئازادی‌؛ كه‌سوكاری‌ شه‌هیدان (بیلال ئه‌حمه‌د و شێرزاد ته‌ها و سۆرانی مامه‌ حه‌مه‌) خه‌ڵاتكران
Thursday, March 31, 2011

(سبه‌ی‌):
له‌ رێو ره‌سمی رۆژی‌ ماته‌مینی‌ كه‌ ئه‌مڕۆ (دوشه‌ممه‌) له‌ سه‌رای‌ ئازادی‌ به‌ڕێوه‌چو، له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی كاتی‌ سه‌راوه‌ خه‌ڵاتی‌ زیوین به‌خشرایه‌ كه‌سوكاری‌ شه‌هیدان (شێرزاد ته‌ها بیلال ئه‌حمه‌دو سۆرانی‌ مامه‌ حه‌مه‌).
له‌ باره‌ی‌ وه‌رگرتنی خه‌ڵاته‌كه‌وه‌و خۆپیشاندانه‌كانی‌ سه‌رای‌ ئازادیه‌وه‌‌‌، باوكی‌ شه‌هید شێرزاد به‌ (سبه‌ی)‌ راگه‌یاند: بینینی‌ ئه‌و هه‌مو گه‌نجه‌ كه‌ ده‌یانه‌وێت به‌هه‌ستێكی‌ گه‌رمه‌وه‌ چاكسازی‌ بكه‌ن ‌و گه‌نده‌ڵی‌ نه‌هێڵن، سه‌ربه‌رزییه‌كی‌ زۆره‌ بۆ ئێمه‌ی‌ كه‌سوكاری‌ شه‌هیدان.
وتیشی: داواكارین هه‌رچی زوتره‌ ده‌سه‌ڵاتداران به‌ده‌م داواكاری‌ خۆپیشانده‌رانه‌وه‌ بێن و بكوژی‌ شه‌هیده‌كانمان ده‌ستگیر بكه‌ن، دوپاتیشی ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ له‌ خوێنی‌ شه‌هیده‌كانمان خۆش نابین.
له‌ قسه‌كانیدا باوكی شه‌هید شێرزاد، ئه‌وه‌ی خسته‌ڕو كه‌، له‌لایه‌ن چه‌ندین به‌رپرسه‌وه‌ ته‌له‌فۆنی‌ بۆكراوه‌و پێیوتراوه‌ چاوی‌ پێیان بكه‌وێت ‌و قسه‌و باسی‌ شه‌هیدبونی‌ شێرزادیان بۆ بكات و داواكارییه‌كانی‌ خۆی‌ پێیان‌ بڵێت تا بۆی‌ جێبه‌جێ‌ بكه‌ن، به‌ڵام ئه‌و وه‌ها كارێكی‌ ره‌تكردوةته‌وه‌.
هاوكات ئةوةشي وت كة: ئه‌گه‌ر به‌ هه‌زاران كه‌سیش بێن ‌و بیانه‌وێت خوێنی‌ شه‌هیده‌كانمان بكڕنه‌وه‌‌و بیكه‌ن به‌شه‌هیدی‌ لایه‌نێك، من ئه‌وه‌م قه‌بوڵ نییه‌، ئه‌و شه‌هیده‌ی‌ من شه‌هیدی‌ ئه‌م گه‌له‌‌و ئه‌م خاكه‌‌و ئه‌م میله‌ته‌یه‌".
له‌لایه‌ن خۆشیه‌وه‌ باوكی‌ شه‌هید بیلال، ده‌رباره‌ی‌ به‌خشینی‌ خه‌ڵاتی رێزلێنان پێی‌ له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی كاتی‌ سه‌رای‌ ئازادیه‌وه‌، خۆشحاڵی‌ خۆی‌ ده‌ربڕی و ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا: كه‌ نیگه‌رانن به‌رامبه‌ر به‌ده‌ستگیر نه‌كردنی‌ تاوانباران، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا خوێنی‌ بیلال به‌ زایه‌ نه‌چوه‌‌.
فه‌رمان مامه‌ حه‌مه‌، برای‌ سۆرانی مامه‌ حه‌مه‌، كه‌ یه‌كێك بو له‌ وه‌رگرانی‌ خه‌ڵاته‌كه‌ی‌ ئه‌مڕۆى ئه‌نجومه‌نی كاتی‌ سه‌رای‌ ئازادی‌، خۆشحاڵی‌ خۆی‌ به‌ وه‌رگرتنی خه‌ڵاته‌كه‌ی‌ ئه‌نجومه‌ن ده‌ربڕی‌ و رایگه‌یاند: خۆشحاڵم كه‌ له‌ سه‌رای‌ ئازادی‌، سۆرانی‌ مامه‌ حه‌مه‌ له‌بیر نه‌كراوه‌و هه‌میشه‌ وه‌ك شه‌هیدی‌ قه‌ڵه‌م له ‌دڵی‌ ئازادیخوازاندا ده‌بینرێت.
جێی‌ ئاماژه‌یه‌ له‌گه‌ڵ دابه‌شكردنی‌ خه‌ڵاته‌كانی‌ ئه‌مڕۆی‌ سه‌رای‌ ئازادی‌ به‌سه‌ر كه‌سوكاری‌ شه‌هیداندا، خه‌ڵات بۆ هه‌ریه‌كه‌ له‌شه‌هیدان (سه‌ركان حه‌مه‌ سه‌عید‌و شه‌هید عه‌لی‌ ره‌سوڵ) دابینكرابو، به‌ڵام كه‌سوكاری‌ ئه‌و شه‌هیدانه‌ له‌ رێو ره‌سمه‌كه‌دا ئاماده‌نه‌بون بۆ وه‌رگرتنی خه‌ڵاته‌كانیان.

زمناكۆ ئیسماعیل

Sbeiy.com © 2007