Print
 مامۆستایانی‌ ئاینی‌: هه‌ڕه‌شه‌و ته‌قه‌كردن، سورترمان ده‌كات له‌سه‌ر پشتگیریکردنی‌ له‌خۆپیشانده‌ران
Monday, April 4, 2011
(سبه‌ی):
مامۆستایانی‌ ئاینی‌ رۆژانه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ فراوان به‌شداری‌ خۆپیشاندانه‌كان ده‌كه‌ن، له‌ماوه‌ی‌ رابوردودا هه‌ندێكیان روبه‌روی‌ هه‌ڕه‌شه‌و ده‌ستگیركردن بونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن هه‌ڕه‌شه‌و ته‌قه‌كردن زیاتر سورمان ده‌كات له‌سه‌ر داواكارییه‌ ره‌واكانی‌ خۆپیشانده‌ران.
مامۆستا كامه‌ران عه‌لی‌، که‌ به‌هۆی‌ به‌شداری‌ كردنی‌ له‌خۆپیشاندانه‌كان‌و نوێژكردنی‌ له‌ سه‌رای‌ ئازادی‌، له‌لایه‌ن ئاسایشه‌وه‌ دو رۆژ ده‌ستگیركرا، له‌ لێدوانێكدا بۆ (سبه‌ی‌) راگه‌یاند: به‌لای‌ ئێمه‌وه‌ گرتن ‌و ئازاردان له‌ مامۆستایانی‌ ئاینیش شتێكی‌ ئاسایی‌ ‌و چاوه‌ڕوانكراوه، له‌دوای‌ هه‌ر هه‌ڕه‌شه‌یه‌كه‌وه‌ مامۆستایانی ئاینی زیاتر سور ده‌بن له‌سه‌ر پشتگیریکردنی‌ خۆپیشانده‌ران ‌و داوا ره‌واكانیان.
مامۆستا كامه‌ران رونیشیكرده‌وه‌، ئه‌وه‌ی‌ سه‌ردانی‌ سه‌رای‌ ئازادی‌ بكات به‌ چاوی‌ خۆی‌ ده‌یبینێت رۆژانه‌ ژماره‌ی‌ مامۆستایانی‌ ئاینی‌ له‌ زیادبوندایه‌ ‌و قسه‌ی‌ خۆیان هه‌یه‌، وتیشی: ئه‌و بارودۆخه‌ی به‌سه‌ر ئێمه‌دا هاتوه‌ له‌گرتن‌و هه‌ڕه‌شه‌كردن، زیاتر سورمان ده‌كات له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ كه‌رۆژانه‌ بێینه‌ سه‌رای‌ ئازادی‌ ‌و پاڵپشتی‌ خۆپیشانده‌ران بكه‌ین.
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو: من زۆر گه‌شبینم به‌ چونه‌ پێشه‌وه‌ی‌ داواكارییه‌كانی‌ خۆپیشانده‌ران، من لێره‌شه‌وه‌ داوا له‌هاونیشتیمانیان ده‌كه‌م خۆڕاگربن، خۆڕاِگری‌ گره‌نتی‌ به‌ده‌ستهێنانی‌ مافه‌كانیانه‌.
‌لای خۆشیه‌وه‌ مامۆستا ئه‌بوبه‌كر پێنجوێنی،‌ پێشنوێژو وتار خوێنی‌ مزگه‌وتی‌ شه‌هیدانی‌ مامۆستایان له‌سلێمانی‌، كه‌ رۆژانه‌ به‌شداری‌ خۆپیشاندانه‌كان ده‌كات، له‌ماوه‌ی‌ رابردوا ته‌قه‌ له‌ماڵه‌كه‌ی‌ كراوه‌، ناوبراو پێیوایه‌، به‌شداری‌ مامۆستایانی‌ ئاینی‌ له‌سۆنگه‌ی‌ به‌رپرسیارێتی‌ ئاینی‌‌و نه‌ته‌وه‌ییه‌.
راشیگه‌یاند: مامۆستایانی‌ ئاینی‌ له‌گه‌ڵ خواست ‌و داواكارییه‌كانی‌ خه‌ڵكدان و به‌ دو شێواز به‌شدارییان هه‌یه‌، یه‌كه‌میان راسته‌وخۆیه‌ كه‌هاتونه‌ته‌ ناو خۆپیشانده‌ران، دوه‌میشیان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ مزگه‌وته‌كانه‌وه‌ راسته‌وخۆ ‌و ناراسته‌وخۆ به‌ به‌رپرسه‌كانمان وتوه‌ ئیتر ره‌زاتان گران بوه‌و پێویسته‌ بێنه‌ خواره‌وه‌ له‌بورجی‌ عاج، پێمانوتون هه‌رچی‌ زوتره‌ هه‌نگاو بۆ چاكسازی‌ بنێن، چونكه‌ ئه‌گه‌ر به‌پێچه‌وانه‌وه‌ی‌ شه‌پۆلی‌ شه‌قامه‌وه‌ هه‌نگاو بنێن، ئه‌وا‌ هه‌ر خۆتان زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بن.
مامۆستا ئه‌بوبه‌كر پێنجوێنی‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا: ئه‌و كاته‌نه‌ش كه‌ ئێمه‌‌ لێره‌ نین، به‌دڵ له‌گه‌ڵ خۆپیشانده‌رانداین، هیچ هه‌ڕه‌شه‌و ته‌قه‌ لێكردنێك نامانترسێنێ‌ به‌ڵكو زیاتر سورمان ده‌كات له‌سه‌ر پشتگیری‌ خۆپیشانده‌ران ‌و مافه‌ ره‌واكانیان.
Sbeiy.com © 2007