Print
 په‌رله‌مانتارێکی یه‌کێتی: پێویسته‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان جدیتر كاربکات بۆ جێبه‌جێکردنی داخوازییه‌كانی‌ خۆپیشانده‌ران
Monday, April 4, 2011

(سبه‌ی):
به‌بێ‌ ئاماده‌بونی‌ ئۆپۆزسیۆن، په‌رله‌مانی‌ كوردستان ئه‌مڕۆ (سێشه‌ممه‌) خوێندنه‌وه‌ی بۆ چه‌ند پڕۆژه‌ یاسایه‌ك كردو په‌رله‌مانتارێکی یه‌کێتیش به‌ پێویستی ده‌زانێت په‌رله‌مان رونتر کاربکات بۆ جێبه‌جێکردنی داواکارییه‌ هه‌نوكه‌ییه‌كانی‌ خۆپیشانده‌ران.
له‌ لێدوانێكیدا بۆ (سبه‌ی)‌ گۆران ئازاد، ئه‌ندامی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان له‌سه‌ر فركسیۆنی‌ كوردستانی‌ رایگه‌یاند: دانشتنی‌ ئه‌مڕۆ (سێشه‌ممه‌)ی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان تایبه‌ت بو به‌ خوێندنه‌وه‌ی‌ چه‌ند پرۆژه‌ یاسایه‌ك و هه‌روه‌ها په‌سه‌ندكردنی‌ ده‌سته‌له‌كاركێشانه‌وه‌ی‌ حاكم رزگار به‌ كۆی‌ ده‌نگی‌ ئه‌ندامانی‌ په‌رله‌مان و خوێندنه‌وه‌ی‌ یه‌كه‌م بۆ پرۆژه‌یاسای‌ بودجه‌ی‌ هه‌رێم و‌ پڕۆژه‌ یاساکانی مافی‌ نه‌خۆش و هاورده‌ و هه‌نارده‌كردن و رێكخستنی‌ قوتابخانه‌ ئه‌هلی‌ و حكومیه‌كان و بڕیاری دروستكردنی‌ چه‌ند یه‌كه‌یه‌كی‌ نیشته‌جێبون.
وتیشی: "پێویسته‌ په‌رله‌مانی کوردستان جدیتر و رونتر کاربکات ده‌رباره‌ی داواکارییه‌کانی خۆپیشانده‌ران و میکانیزمی گونجاو بۆ جێبه‌جکردنی داواکارییه‌ هه‌نوکه‌ییه‌کانی خۆپیشانده‌ران دابنێت، وه‌ک ده‌ستگیركردنی‌ تاوانباران و كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ باره‌گا حیزبیه‌كان له‌ناو شاره‌كاندا".
گۆران ئازاد که‌ په‌رله‌مانتاری سه‌ر به‌ یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستانه‌ ئه‌وه‌شی وت: به‌ كۆی ده‌نگی‌ په‌رله‌مانتاران به‌ ئۆپۆزسیۆن و ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ ده‌نگمان له‌سه‌ر ئه‌وه‌دا که‌ هه‌ردو وه‌زیری ناوخۆ و پێشمه‌رگه‌ بێنه‌ په‌رله‌مان، به‌وپێیه‌ی ئه‌وان به‌رپرسن له‌ ده‌ستگیرنه‌کردنی تاوانباران، به‌ڵام تاوه‌کو ئێستا نه‌هاتون و هۆکاره‌که‌شی نازانین.
ناوبراو که‌ هاوکات ئه‌ندامی لیژنه‌ی یاسایی په‌رله‌مانیشه‌ رونیکرده‌وه‌، "له‌ کاتی هاتنی وه‌زیری ناوخۆ بۆ په‌رله‌مان، پرسیاری لێده‌که‌ین ده‌رباره‌ی بارگرژی شاروشارۆچکه‌کانی هه‌رێمی کوردستان، چونکه‌ خه‌ڵک ئازاده‌ له‌وه‌ی چۆن کاروباره‌کانی به‌ڕێوه‌ده‌بات، وتیشی: ته‌قه‌کردن و هه‌ڕه‌شه‌کردنیش له‌ رۆژنامه‌نوسان و چین وتوێژه‌کان ده‌چێته‌ بواری تاوانه‌وه"‌.

هێژا محه‌مه‌د

Sbeiy.com © 2007