Print
 نزیکه‌ی هه‌فته‌یه‌که‌ (5) پۆلیسی دوزخورماتو به‌هۆی به‌شداریکردن له‌ خۆپیشاندانه‌کانی سه‌رای ئازادی ده‌ستگیركراون
Monday, April 4, 2011

(سبه‌ی):
به‌هۆی به‌شداریکردنیان له‌ خۆپیشاندانه‌كانی‌ سه‌رای‌ ئازادی‌ سلێمانی پێنج پۆلیسی قه‌زای دوزخورماتو ماوه‌ی (6)رۆژه‌ ده‌ستگیركراون.
سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ به‌ڕێوه‌به‌رێتی پۆلیسی دوزخورماتوی سه‌ر به‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم كه‌ نه‌یویست ناوی‌ ئاشكرابكرێت بۆ (سبه‌ی) وتی: رۆژی‌ چوارشه‌ممه‌ ی رابوردو ژماره‌یه‌ك له‌ گه‌نجانی‌ دوزخورماتو بۆ پاڵپشتیكردنی خۆپیشانده‌رانی‌ سه‌رای‌ ئازادی‌ چونه‌ شاری سلێمانی، دواتر زانیاری‌ به‌ به‌شی‌ فریاكه‌وتنی‌  پۆلیسی‌ دوزخورماتو درا به‌وه‌ی‌ كه‌ پێنج پۆلیس له‌نێو ئه‌و گه‌نجانه‌دا بون که‌ به‌شدارییان له‌ خۆپیشاندانه‌کانی سه‌رای ئازادیدا کردوه‌.
وتیشی: پۆلیسه‌کان که‌ پێکهاتون له‌ (هێرش شه‌هاب، هیوا كه‌ریم، حسێن نه‌جده‌ر، حه‌یده‌ر عه‌بدولڕه‌حمان، قه‌حتان جاسم پاش گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ دوزخورماتو، ماوه‌ی (6)رۆژه‌ تائێستاش ده‌ستگیرکراون.
له‌باره‌ی‌ هۆكاری‌ ده‌ستگیركردنی‌ ئه‌و پۆلیسانه‌شه‌وه‌، سه‌رچاوه‌که‌ ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌کرد: ئه‌و پۆلیسانه‌ سه‌ر به‌ حکومه‌تی هه‌رێمن و موچه‌ش له‌ حکومه‌تی هه‌رێم وه‌رده‌گرن، ده‌ستگیرکردنیشیان ته‌نها ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی که‌ به‌شدارییان له‌ خۆپیشاندانه‌که‌دا کردوه‌، بۆیه‌ به‌ بڕیاری‌ به‌شه‌كه‌مان ده‌ستگیركراون.
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، له‌سه‌ره‌تادا بڕیاری‌ فه‌سڵكردنی‌ ئه‌و پۆلیسانه‌ درا، به‌ڵام بڕیاره‌كه‌ گۆڕدراو له‌ ئاینده‌یه‌كی‌ نزیكدا به‌كه‌فاله‌ت ئازاد ده‌كرێن.

هه‌ریاد‌ دوزی‌

Sbeiy.com © 2007