Print
 د. دانا سه‌عید سۆفی‌: پێویسته‌ رێگا بدرێت به‌خه‌ڵكی‌ هه‌ولێر خۆپیشاندان بكه‌ن
Monday, April 4, 2011
(سبه‌ی‌):
دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ چه‌ند كه‌سایه‌تیه‌ك و ژماره‌یه‌ك له‌ په‌رله‌مانتارانی یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ له‌ چه‌ند رۆژی‌ رابوردودا به‌یاننامه‌یه‌كیان ده‌ركردو تێیدا داوایانكرد رێگری‌ نه‌كرێت له‌ رێكخستنی خۆپیشاندان له‌ شاری‌ هه‌ولێر، یه‌كێك له‌و په‌رله‌مانتارانه‌ی‌ یه‌كێتی‌ ته‌ئكید له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌، كه‌ سورن له‌سه‌ر ناوه‌ڕۆكی‌ به‌یاننامه‌كه‌.
دكتۆر دانا سه‌عید سۆفی‌، سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ كاروباری‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ مه‌ده‌نی‌ له‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان، له‌ لێدوانێكیدا به‌ (سبه‌ی‌) راگه‌یاند: ئێمه‌ سورین له‌سه‌ر ناوه‌ڕۆكی‌ به‌یاننامه‌كه‌و پێویسته‌ رێگا بدرێت به‌ خه‌ڵك خۆپیشاندان بكه‌ن، چونكه‌ به‌پێی‌ یاسای‌ خۆپیشاندانه‌كان ده‌بێت رێگه‌ له‌ كه‌س نه‌گیرێت بۆ خۆپیشاندان، هه‌ر ئه‌و یاسایه‌ش رێوشوێنی‌ ئه‌منی‌ داناوه‌.
به‌گوێره‌ی‌ چه‌ند هه‌واڵێك له‌ ده‌زگاكانی‌ راگه‌یاندندا بڵاوكرایه‌وه‌، پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان فشاری‌ خستۆته‌ سه‌ر مه‌كته‌ب سیاسی‌ یه‌كێتی‌ ‌و ناڕه‌زایی‌ ده‌ربڕیوه‌ له‌ به‌رامبه‌ر به‌شداری‌ په‌رله‌مانتارانی یه‌كێتی‌ له‌و به‌یاننامه‌یه‌دا، به‌ڵام دكتۆر دانا ره‌تیكرده‌وه‌ فشاریان له‌سه‌ر بێت و وتی‌: ئه‌وه‌ رای‌ خۆمانه‌و پێمانوایه‌ رێگرتن له‌هه‌ر چالاكیه‌كی‌ مه‌ده‌نی‌ كاریگه‌ری‌ خراپی‌ ده‌بێت.
له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی‌ خۆپیشاندانی جه‌ماوه‌ری‌ سلێمانی‌ له‌ 17ی‌ شوباتدا، پارتی رێ و شوێنی‌ ئه‌منی توندی گرته‌به‌ر له‌ شاره‌كانی‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ خۆی، به‌ مه‌به‌ستی‌ رێگرتن له‌ خۆپیشاندان و كۆبونه‌وه‌ی‌ جه‌ماوه‌ری‌، له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و مامه‌ڵه‌یه‌شدا چه‌ند به‌یاننامه‌و ناڕه‌زایی جه‌ماوه‌ری‌ و رێكخراوه‌ی‌ ده‌ركراوه‌و به‌ مه‌به‌ستی‌ هه‌ڵگرتنی ئه‌و ئابڵوقه‌ سیاسیه‌، به‌ تایبه‌ت له‌ سه‌ر جه‌ماوه‌ری‌ شاری‌ هه‌ولێر.
له‌ نوێترین كاردانه‌وه‌شدا ژماره‌یه‌ك كه‌سایه‌تی كه‌ هه‌ریه‌كه‌ (خه‌لیل عوسمان، گۆران ئازاد، دكتۆر سه‌روه‌ر عه‌بدولره‌حمان، دكتۆر دانا سه‌عید سۆفی‌، شۆڕش سه‌ید مه‌جید) په‌رله‌مانتارانی یه‌كێتی‌ تێدابون، داوایانكرد رێگری‌ له‌ خۆپیشاندان و كۆبونه‌وه‌ی‌ جه‌ماوه‌ری‌ له‌ هه‌ولێر نه‌كرێت.
Sbeiy.com © 2007