Print
 سه‌رای‌ ئازادی‌؛ خۆپیشانده‌ر و رۆشنبیر و په‌رله‌مانتاران داوای ئازادكردنی مامۆستا (كامه‌ران عه‌لی)‌ یان كرد
Monday, April 4, 2011

(سبه‌ی‌):
دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ به‌هۆی‌ وتارێكیه‌وه‌ دو رۆژ له‌مه‌وبه‌ر و بۆ دوه‌مجار له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه‌ ده‌ستگیركراو ئێستاش له‌ ئاسایشی‌ سلێمانیه‌ به‌ مه‌به‌ستی‌ دادگاییكردنی به‌پێی‌ یاسای به‌گژاچونه‌وه‌ی‌ تیرۆر،  ئه‌مرۆ (پێنج شه‌ممه‌) خۆپیشانده‌رانی سه‌رای ئازادی شاری سلێمانی داوای‌ ئازادكردنی ده‌ستبه‌جێی‌ مامۆستا (كامه‌ران عه‌لی‌)یان كرد.
هه‌ر له‌ خۆپیشاندانه‌كه‌ی‌ ئه‌مڕۆدا بیلال سلێمان، ئه‌ندامى په‌رله‌مانی‌ كوردستان له‌ وتارێكدا بۆ خۆپیشانده‌ران، داوایكرد مامۆستا كامه‌ران ئازاد بكرێت و له‌ لێدوانێكیشدا بۆ ‌(سبه‌ی) وتی: مامۆستا كامه‌ران ته‌نها به‌هۆی وتارێكه‌وه‌ ده‌ستگیركراوه‌، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی ته‌قه‌یان له‌ خۆپیشانده‌ران كردوه‌ تا ئێستا به‌ ئازادی ده‌سوڕێنه‌وه‌ و حكومه‌ت توانای ده‌ستگیركردنیانی نیه‌.
 وتیشی: یاسا له‌ كوردستان سه‌روه‌ر نیه‌، چونكه‌ تا ئێستا نه‌توانراوه‌ 17 خاڵه‌كه‌ی په‌رله‌مان‌ جێبه‌جێ بكرێت.
سه‌باره‌ت به‌ هه‌وڵه‌كانی خۆشیان بۆ ئازادكردنی مامۆستا كامه‌ران، ئه‌ندامه‌كه‌ی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان رایگه‌یاند: لیژنه‌ی ناخۆی په‌رله‌مان له‌ به‌دواداچوندایه‌ و بڕیاره‌ رۆژی‌ یه‌كشه‌ممه‌ ئازادبكرێت.
هه‌ر سه‌باره‌ت به‌ داوای‌ ئازادكردنی، له‌ خۆپیشاندانه‌كه‌ی‌ ئه‌مڕۆی‌ سه‌رادا هه‌ریه‌كه‌ له‌ نوسه‌ران و رۆشنبیران (رێبین هه‌ردی و ئاسۆس هه‌ردی)، له‌ وتاری خۆیاندا داوای ئازادكردنی مامۆستا كامه‌رانیان كرد.

 زمناكۆ ئیسماعیل
فۆتۆ: بێساران ره‌ش

Sbeiy.com © 2007