|
سه‌کۆی ئازادی سلێمانی له ئاسایش وه‌رگیرایه‌وه‌و چالاکییه‌کانی خۆپیشانده‌ران به‌رده‌وام ده‌بێت |
Saturday, April 9, 2011 |
(سبه‌ی):
پاش بڵاوکردنه‌وه‌ی هێزێکی زۆری ئاسایش له سه‌رای ئازادی سلێمانی و داواکردنی ته‌سلیمکردنه‌وه‌ی سه‌کۆی ئازادی، له ئێستادا سه‌کۆکه له ئاسایش وه‌رگیراوه‌ته‌وه‌و ئه‌مڕۆش چالاکییه‌کانی خۆپیشانده‌رانیش وه‌ک رۆژانی رابوردو به‌رده‌وامی ده‌بێت.
له‌وباره‌یه‌وه سۆران عومه‌ر، ئه‌ندامێکی ئه‌نجومه‌نی کاتی سه‌رای ئازادی بۆ (سبه‌ی) رایگه‌یاند: له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هه‌وڵێک هه‌بو بۆ کۆتایی هێنان به چالاکییه‌کانی خۆپیشانده‌ران له سه‌رای ئازادی و ته‌سلیمکردنه‌وه‌ی سه‌کۆکه، به‌ڵام له ئێستادا سه‌کۆکه له ئاسایش وه‌رگیراوه‌ته‌وه.
وتیشی: هێزه‌کانی ئاسایش نوسراوێکیان له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نی کاتی سه‌را و ژماره‌یه‌ک هاوڵاتی خۆپیشانده‌ر ئیمزاکردوه بۆ ته‌سلیمکردنه‌وه‌ی سه‌کۆکه‌و به‌جێهێشتنی سه‌کۆکه له‌لایه‌ن هێزه ئه‌منییه‌کانه‌وه، هه‌روه‌ها بڕیاریشدرا پاشنیوه‌ڕۆ هێزێکی ئاسایش بۆ پاراستنی خۆپیشانده‌ران ره‌وانه‌ی سه‌رای ئازادی بکرێت.
ئه‌و ئه‌ندامه‌ی ئه‌نجومه‌نی کاتی سه‌رای ئازادی ته‌ئکیدیشی کرده‌وه، که له سه‌عات (02:00)ی پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆوه وه‌ک رۆژانی رابوردو درێژه به چالاکییه‌کانیان ده‌ده‌ن و کۆبونه‌وه‌و خۆپیشاندانی جه‌ماوه‌ری به‌رده‌وامی ده‌بێت.
پێشتریش ناسک قادر، وته‌بێژی ئه‌نجومه‌نی کاتی سه‌رای ئازادی بۆ (سبه‌ی) رایگه‌یاندبو، که ئه‌مڕۆ ئاسایش داوای لێکردبون سه‌کۆکه‌یان ته‌سلیم بکه‌ن و ئه‌و ناوه چۆڵ بکه‌ن.
زمناکۆ ئیسماعیل |
|
|