{ره‌نگبێ ئه‌م نوسینه خوێندنی مه‌لێک بێت له‌ده‌ره‌وه‌ی پۆل، وا ئه‌مجاره من ئارهزوداری ئه‌م نه‌غمه‌یه بوم}.
ئاخۆ بۆچی، ده‌سه‌ڵاتی کوردی خه‌مسارده؛ به‌ڕوی توڕه‌یی شه‌قام و داوای ئۆپۆزیسیۆن دا؟
شه‌رعیه‌تی ده‌سه‌ڵاتی کوردی، له سه‌ره‌تای دروست بونیه‌وه جۆرێکه له ــ ده‌سه‌ڵاتی دیفاکتۆ ــ.
به‌ڕا ی من ئه‌وه‌ش ده‌ستنیشانی سروشتی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی کردوه، به‌مێژوی بیست ساڵی ته‌مه‌نیه‌وه.
هه‌نوکه و باری ئێستاکه‌ی، بریتییه له قه‌یرانێک له‌نێوان ده‌سه‌ڵات و خۆپیشانده‌رانی نزیکه‌ی نیوه‌ی قهڵهمرهوهکهی (رونتر بلێم جگه له هه‌ولێر و دهۆک).
لێره‌دا، ده‌سه‌ڵاته دیفاکتۆ که چیه؟
{ده‌سه‌ڵاتێکه، خۆی شه‌رعیه‌تی کامڵ بوی نێوده‌وڵه‌تی نیه. به‌ڵکو له سه‌ره‌نجامی قه‌یرانی شه‌رعی ده‌سه‌ڵاتی نێوده‌وڵه‌تی عێراقییه‌وه دروست بوه. یان، ده‌سه‌ڵاتی دیفاکتۆ، ده‌گه‌ڕێت به‌دوای شهرعیهتێکدا بۆخۆی، له‌نێو ده‌سه‌ڵاتێکی گه‌وره‌تری شه‌رعیه‌ت تێکچودا...}.
ئه‌گه‌ر له تیۆرسینی و پێڕستی زانسته پڕۆگرامیه که‌وه دایبه‌زێنین بۆ روداوی مێژویی؛ وه‌کو ئه‌وه‌ی خواره‌وه‌ی لێ دێت:
{زوربه‌مان، ده‌یزانین له‌ئه‌نجامی شکستی نێوده‌وڵه‌تی ده‌سه‌ڵاتی شه‌رعی عێراقیه‌وه، به‌هۆی داگیرکردنی وڵاتی (کوه‌یت)ه‌وه، دواتر تێکشکانی له‌به‌رده‌م هێزه نێوده‌وڵه‌تیه‌کان دا، له نزیک سه‌ره‌تای ساڵی 1991دا، هه‌روه‌ها راپه‌ڕینی خه‌ڵکی شیعه‌ی باشور، کورده‌کانی باکور و روداوه دراماتیکیه‌کانی دوای جه‌نگه‌که‌وه، روداوگه‌لێک هاتنه به‌ره‌وه، له‌سه‌رکوتی رژێم و هورێز کردن و کۆڕه‌وی به‌کۆمه‌ڵی خه‌ڵكی ناوچه‌که، له دواینه به‌هاری ئه‌و ساڵه‌دا، بوه هۆی دروستکردنی زونی ناوچه‌یه‌کی ئارام به‌ناوی ـ پڕۆڤاید کۆمفۆرتهبڵ ــ (*)له به‌شێکی کوردستانی باشوردا له باکوری عێراق، بۆ پاراستنی کورده‌کان له‌ده‌ست زه‌برو زه‌نگی ده‌سه‌ڵاتی هارو برینداری به‌عس، له‌و ناوچه‌یه‌دا به هۆی په‌یدابونی بۆشایی ده‌سه‌ڵاته‌وه، له‌بارێکی سه‌پاو دا ده‌سه‌ڵاتێکی لۆکا‌ڵی کورده‌کان هاته‌گۆڕێ. له رێگه‌ی هه‌ڵبژاردنی ساڵی 1992ه‌وه شه‌رعیه‌تێکی نێوخۆیی (لۆکا‌ڵی)به‌ده‌ست هێنا، بهبهرهندهبونی دو حیزبی سه‌ره‌کی (پارتی) و (یه‌کێتی).
(حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان) ناوه‌که‌ی بو، وه‌کو (ده‌سه‌ڵاتی دیفاکتۆ).
پێکهاته‌که‌ی حکومه‌تێکی شه‌راکه‌تی نیوه به‌نیوه‌ی ئه‌م دو حیزبه بو، سه‌ره‌نجامی دواتر که‌نارکه‌وتنی حیزبه بچوکه‌کانی تر و توانه‌وه و پوکانه‌وه چون و پاشکۆیه‌تی ده‌ستنده‌خۆری بو به‌نسیبیان.
(پارتی) و (یه‌کێتی) وه‌کو دو حیزبی ده‌سه‌ڵات، ته‌نها دو ساڵ له ده‌سه‌ڵاته هاوبه‌شه‌که‌دا هه‌ڵیان کرد. له ساڵی 1994دا بۆ چه‌سپاندن و جێگیرکردنی خۆیان که‌وتنه شه‌ڕی خوێناوی ناوخۆوه له‌سه‌ر سامان و سه‌روه‌ری، تا روخانی به‌عس له 2003دا له‌ژێر زه‌بری ده‌رکی دا و دیسان ته‌بایی کردنیان له سهردیوێکی تری سامان و سه‌روه‌ری، به‌هه‌مو سه‌ربوردی مێژوهکهوه، تاهه‌نوکه ده‌سه‌ڵاته (دوشهقوله) کوردیه‌که، له‌ماوه‌ی بیست ساڵی ته‌مه‌نی دا، جگه له جێکه‌وته‌یه‌کی مۆله‌ق له ده‌ستوری نوێی عێراقێکی ده‌ڵه‌مه‌یی دا، هیچ جۆرێکی تر له شه‌رعیه‌تی ده‌سه‌ڵاتی ره‌های نێوده‌وڵه‌تی نیه}.
ــ ئه م مێژوه هه‌ندێک ئه‌نجامگیری پێ راگه‌یاندین:
* له مه‌نجه‌ڵی ده‌سه‌ڵات دا، (پارتی) و (یه‌کێتی) دوکهڵهسهری به‌ران بون، جێگه‌یان به‌یه‌ک نه‌ده‌گرت.
* بۆ چه‌سپاندنی ده‌سه‌ڵات؛ سامان و دارایی، گرنگترین ئامرازێکه.
* ههرودو زلحیزبه‌که، پاره و سامان شه‌ڕی پێکردن، هه‌مان شتیش یه‌کی خستنه‌وه.
*ده‌سکه‌وتی ماڵی گومرگی (ئیبراهیم خه‌لیل) له‌به‌شه زه‌وی بن ده‌سه‌ڵاتی پارتی، شه‌ڕی نه‌گریسی ناوخۆی درێژه‌پێدا.
* وه‌رگرتنی رێژه‌ی 17% (له‌سه‌دا حه‌ڤده)ی بودجه‌ی سامانی گشتی عێراق، دیسان هه‌ردو کیانی یه‌کخسته‌وه.
ــ پێهاته و سلوک و سه‌ره‌نجامیان:
له‌گه‌ڵ جیاوازی سه‌ره‌تایی هه‌ردو حیزبی (پارتی) و (یه‌کێتی)دا؛ وه‌لێ هاوئامانجی، له‌ئێستاوه بۆ ئاینده یه‌کی تر، زۆر سه‌یر و سه‌رسوڕهێنه‌ر پیکهاتیان به‌ره‌و جوت بون و هاوشێوه‌یی ده‌بات.
چۆن؟
له‌هه‌ردو باری جه‌نگ و ته‌بایی دا، لای ئه‌مان، مه‌به‌ست چه‌سپاندنی ده‌سه‌ڵاته.
بابه‌تی جه‌ماوه‌رو ره‌شه‌خه‌ڵک، به هه‌میشه سوته‌مه‌نی جه‌نگ و قوربانی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی حیزب بون.
لێره‌وه جهماوهردهبێته ئامڕازێکه، بچوک تره له مه‌به‌ستی خودی حیزب.
جیاوازی هه‌ردو حیزب لهسهرهتاوهیه، ئاشبه‌تاڵ یاخود هه‌ره‌س ده‌سپێکێکی نوێیه بۆ هه‌ردو حیزب.
(پارتی) له سه‌ره‌تاوه حیزبێکی ئۆردوگانشین بو، له ئۆردوگاکانی (که‌ره‌ج) و (زێوه) و شوێنه‌کانی تری ئێران، زۆر به‌کزی و بێکاریگه‌ری له کوردستانی باشور ده‌رده‌که‌وت لهبونێکی ئیدیعایی له‌ناوچه‌ی بادینان دا هه‌بو، بهغیلیهک نه‌بو به‌زه‌بر و توانای شۆڕشگێریه‌که‌ی ببرێت، عه‌شیره‌تێکی سه‌قامگیر لوێدا پێیه‌کی له‌ناو ده‌وڵه‌ت داب‌و پێیه‌کی له‌ناو پارتی داب‌و، ناوی خۆی ده‌نا پارتی و له‌سه‌ر خوانی ده‌وڵه‌ت زوخی ژیانی خۆی وه‌رده‌گرت (هه‌میشه عه‌شیره‌ت واژیاوه، پارتیش نهئهجیندای عه‌شیره‌تی خۆی ده‌شارێته‌وه نه هیچ ناکۆکیه‌کی هه‌یه له‌گه‌ڵ ستراکتۆری عه‌شیره‌ت دا).
(یه‌کێتی) له‌وکاته‌وه په‌یدا بو به ئایدۆلۆژیای دژ به عه‌شیره‌ت و چه‌پگه‌را ده‌ستی پێ کرد و رسکاوی ناوچه‌کانی کوردستانی باشور و له‌ناوچه‌ی سۆران دا هێزێکی پڕکارا بو، هیچ سه‌رو ساختێکی وه‌های له‌گه‌ڵ ژیانی ده‌ری کوردستان و ماڵ و خێزانداری نێو ئوردوگاکاندا نه‌بو تا دوای ئه‌نفال. زۆر کارا و پڕکاریگه‌ر بو له‌وێدا، بون و زه‌خمی خۆی له چالاکیه شۆڕشگێڕیه چه‌کداریه‌که‌ی وه‌رده‌گرت و له‌ڕوی هێز و تواناوه باڵاترین هێز بو له هه‌ر حیزبێکی بچوکتری پارتی و به‌پارتیشه‌وه.
ئه‌ی چی بو، له‌دوای راپه‌ڕینه‌وه وای کرد. (پارتی) له حیزبێکی ناکارای ئوردوگا نیشینه‌وه به‌ره‌وه باڵاتر بچێت و سه‌ره‌نجام هه‌نوکه (یه‌کێتی) بکاته بچوک و پاشکۆی خۆی؟
له‌وانه‌ی ده‌توانین هه‌ندێکی ده‌ستنیشان بکه‌ین:
ــ لێ زانین له نرخ و ژماره‌ی ده‌نگه‌ده‌ر و به‌هه‌ندگرتنی گه‌مه‌ی هه‌ڵبژاردن.
ــ پیاده‌کردنی ستراتیژێک له به‌هه‌ند گرتنی سامان و دارایی دا، ئه‌ویش به گرتنی گه‌روی گومرگی (ئیبراهیم خه‌لیل) قۆرغ کردنی بۆ (پارتی) خۆی؛ وهکوبهشێکی گرنگی ئه‌و ستراتیژه.
ــ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی (پارتی) له دروست بونی دوای هه‌ره‌سه‌وه، حیزبێکی ئوردوگانشینی ئه‌و دیوی سنوری نێوده‌وڵه‌تی ئێران بو، زۆر ئاسایی راهات بو له‌گه‌ڵ گرێبه‌ستی ده‌وڵه‌تانی تر و وابه‌سه‌ته‌یی کردن، (پارتی)هه‌ست به هیچ رێگر و سنورێکی حه‌رامکراو ناکات له‌و بواره‌دا، یان رونتر بڵێن له‌سه‌ره‌تاوه شه‌رمێکی نه‌ماوه له ده‌ست تێکه‌ڵکردن به ده‌وڵه‌تی دراوسێ و هه‌رلایه‌کی تری ده‌وڵه‌تی، ئه‌وانه له فه‌رهه‌نگی حیزبه‌که‌دا ناکه‌نه خیانه‌ت و ناپاکی، کاری رهواو رهواجداری سیاسین.
ــ له شۆڕشی ئه‌یلول و دوای هه‌ره‌سه‌وه، سامان و دارایی نرخی گرانی خۆی بۆ (پارتی) ئیسپات کرد بو، ده‌یزانی چۆن، سامان و دارایی پڕاو پڕ جێگای خه‌باتی چه‌کداری و مێژوی پیرۆزی جه‌نگاوه‌ری پێ بکڕێته‌وه، به‌پێچه‌وانه‌ی یه‌کێتییه‌وه، که سه‌رمایه‌ی بونی خوێ زیاتر خه‌بات و چالاکی یه چهکداریهکهوه به‌ده‌ستهێنا بو، که‌مترێک له دارایی و سامانه‌که‌ی.
ئه‌مانه‌و ره‌نگبێ هه‌ندێک هۆی تریش، لێره‌دا بچوکترن له‌باس، ئه‌مانه دوای راپه‌ڕین بونه هۆی به‌رده‌وام گه‌وره بونی (پارتی) له‌سه‌ر حسابی (یه‌کێتی)، دواتر‌و هه‌نوکه گه‌یاندویه‌تیه سه‌ر سه‌پاندنی ئه‌جینداکانی خۆی به‌سه‌ر هه‌مو لایه‌ک دا به‌بێ جیاوازی.
(یه‌کێتی) بۆ ئێستاکه له هه‌وڵی چه‌سپاندنی ده‌سه‌ڵات و به‌رژه‌وه‌ندیه تایبهتیهکانیهوه، هاوئامانجه له‌گه‌ڵ (پارتی) دا، وا خه‌ریکه به‌ره‌وه هاوشێوه‌بونی پارتیش ده‌چێت، وه‌لێ رۆژ به‌ڕۆژ جێگه رابوردوهکهی خۆی چۆڵ ده‌کات بۆ لایه‌کی تر.
چونکه به‌رده‌وام جوت ده‌بێت له‌سه‌ر فۆڕمی چه‌سپاوی (پارتی)؛ له‌و جێگه‌یه‌وه نیگه‌رانی ئه‌ندام و هه‌واداره سه‌ره‌تایی و راسته‌قینه‌کانی (یه‌کێتی) ده‌ستی پێ‌کرد؛ له شێوازه‌کانی به‌ره‌ی ریفۆڕمخوازو، دواتر بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و زۆر توێژ و گروپی تری به‌جێماوی ناو هه‌ناوی ئێستاکه‌ی.
(پارتی) حیزبێکه به‌و جۆره پێکهات و ستراکتۆره‌ی خۆیه‌وه ئه‌ندام و هه‌وادارانی له‌به‌ر هه‌رهۆیه‌ک بێت به‌و شێوه قه‌بوڵیانه.
به‌جۆرێک پارتی وه‌کو ئه‌و که‌شتیه وایه سه‌رنشینه‌کانی رازین به‌خودی که‌شتی و ناخوداکهی. هه‌روه‌ها رازین به هه‌مو ئامانج و گه‌شتێکی ئه‌و که‌شتیه.
بۆیه ناکۆکی دولهتبون و جیابونه‌وه دوره له‌پارتییه‌وه، ئامانج له (پارتی)دا خودی (پارتی) خۆیه‌تی وه‌کو مه‌به‌ستێک، ههرداوایهکی نه‌ته‌وه‌ی و مافخوازیهک ده‌کاته سه‌فه‌ر و گه‌شتی وه‌رزی کهشتیهکهبه ناخودا و سه‌رنشینه‌کانیه‌وه، منه‌ت و مهسرهفیکیشه له‌سه‌ر ئه‌ستۆی جه‌ماوه‌ر و میله‌تی چاوه‌ڕوانی گوێ به‌نده‌ره‌که‌ی.
نمونه‌ی (که‌شتی) شتێکی تریشمان پێ ده‌ڵێت:
له‌وێدا جۆرێک لهچهسپین و ده‌زگابون هه‌یه له (پارتی)دا، رۆژێک له که‌نار و به‌نده‌ری ئۆردوگایه‌ک دا له‌نگه‌ر ده‌گرێت، ئێستا له مینا و به‌نده‌ری پایته‌ختێکی کوردی دایه، نازانین سبه‌ینی کوێ ده‌بێت به‌نسیبی سه‌فه‌ره‌کانی، گرنگ سه‌لامه‌تی که‌شتیه‌که‌یه.
وه‌لێ (یه‌کێتی) ئایۆلۆژیا و ئامانج سه‌ری پێ کردبون به‌یه‌کدا، ده‌زگابون گران بوه بۆ پێکهاته‌که‌ی به‌تایبه‌ت سه‌رقافڵه‌چی کاروانه‌که‌ی ئه‌ستێره‌ی رینیشاندهری بریتی بون له سه‌رکرده ئازادی به‌خشه‌کانی وه‌کو ناسر و عه‌رفات و ئه‌سه‌د و ما‌و جیڤارا و کاسترۆ، که هه‌مویان له‌و سه‌رکردانه‌ن که ده‌زگابونی ده‌سه‌ڵاتیان به‌مه‌رگ و چه‌ق به‌ستن زانیوه، (یه‌عقوب)یانه ته‌نها (یوسف)ێکی خۆیان کردوه به جێ‌نشین، به‌هه‌وای خود و هه‌ستی خود رێگای هه‌ڵبژاردوه، ئیتر هه‌رگیز چه‌سپین و ده‌زگابون به کیان و بونی (یه‌کێتی)یه‌وه نه‌نوساوه.
له‌دوا باری یه‌کێتی دا که ده‌یه‌وێت ببێته ده‌زگا و چهسپاوێک، وێنه‌ی ده‌زگا سه‌رکه‌وتوه‌که‌ی (پارتی) ده‌خوازێت بکاته (ماکێت)ێک بۆ پێکهێنانی (یه‌کێتی)یه‌کی ده‌زگایی.
ئه‌ویش فۆڕمی خێزان و بنه‌ماڵه‌ییه بۆ هاوشێوه‌بونی (پارتی)؛ (یه‌کێتی) هیچ سێ و دویهکی نه‌هێشتۆته‌وه بۆ لادان له‌م راستیه. زۆرناکۆک و ناته‌با، ته‌واو پێچه‌وانه‌وه به‌سه‌ره‌تای دروست بونی خۆی.
لێره‌وه ده‌گه‌ڕێینه‌وه بۆ ئه‌م زروفه‌ی توڕه‌یی شه‌قام و داواکانی ئۆپۆزیسیۆن، بۆیه ته‌نها به‌پێوانه‌ی لایه‌کی ده‌سه‌ڵات که ئه‌ویش (پارتی)یه زوربه‌ی پێوانه‌کان دهپێورین، چونکه زوربه‌ی ئه‌جینده و بڕیاری ئه‌وه که ده‌گشتێنرێت به‌سه‌ر جه‌ماوه رو ئۆپۆزیسۆن و به‌شێکی (یه‌کێتی) یه‌ک کهماوهته و له‌گه‌ڵی دایه له ده‌سه‌ڵات دا.
ئاخۆ بۆچی خه‌ڵکی زیاتر له (پارتی) پڕ و به‌داخن؟!
لێره‌وه هه‌ندێک وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌یان وه‌رده‌گرن، که له سه‌ره‌تای روداوه‌کانی دوای 17/2وه ده‌یان کرد. به‌ڵام هێشتا پرسیارێک له‌دوی وه‌ڵام داماوه.
بۆچی ده‌سه‌ڵات خه‌مسارده به‌رامبه‌ر بهداواکان؟
چونکه ده‌سه‌ڵاتێکه، زیاترله ته‌عین کراوێک ده‌چێت له‌بان خۆیه‌وه، هه‌ڵبژاردن وه‌کو ئارایشتی ته‌عین کردنی لێ ماوه‌ته‌وه.
ده‌سه‌ڵاتێکه ده‌ست و دامانی تهعینکارێکه، هیچ منه‌تی نه‌ماوه به جه‌ماوه‌ری هه‌ڵبژاردنه‌که‌ی؛ هه‌ڵبژاردن ته‌نها بۆ ته‌عین و چه‌سپاندنی زۆرینه بو، هه‌ردوای ئه‌و رۆژه‌ش گاریگه‌ری خۆی کۆتایی پێ هێنا.
حیزب به جۆرێک له‌شه‌رعیه‌تی زۆرینه‌وه، له‌گه‌ڵ (بودجه)و ده‌سه‌ڵاته‌کانی سه‌رۆکایه‌تی (هه‌رێم) و (حکومه‌ت) و (په‌ڕله‌مان) دا ده‌ڕوانێت.
له‌باری ئاشتی و نائاشتی دا، که‌مینه‌ی ئۆپۆزسیۆن و جه‌ماوه‌ری توڕه‌ی شه‌قامه‌کان، بێ کاریگه‌ر ده‌بینێت، له‌سه‌ر بنکه‌ی ده‌سه‌ڵاتی خۆی. ئیتر هه‌رچی توڕه‌یی و ناڕه‌زاییه‌کی جه‌ماوه‌ره به‌بیدعه‌ی وه‌رگیراوی ده‌وڵه‌ته عه‌ره‌بیه‌کان و ده‌ستی بیانی ده‌خوێنێته‌وه.
که‌شتی ده‌سه‌ڵات ته‌نیشتی به به‌به‌نده‌ری ئارام کراوی پایته‌خته‌وه نوساندوه، له توڕه‌یی شه‌پۆله دوره‌کانی ده‌ریا ناترسێ!
په‌راوێـز:
(*)
( پڕۆڤاید کۆمفۆرتهبڵ) یاخود ــ زونی ئارام ــ به‌هۆی روداوی کۆڕه‌وی به‌هاری 1991ی کورده‌کانی عێراقه‌وه هێنرایه بون. به‌پێی بڕیارێکی نه‌ته‌وه یه‌کگرتوه‌کان بۆ گه‌ڕانده‌نه‌وه و پاراستنی کورده هه‌ڵاتوه‌کان له‌ده‌ست زه‌بروزه‌نگی رژێمی هاری به‌عس، که له سه‌ر سنوره‌کانی ئێران و تورکیا دابون، ئه‌و زونه له‌سه‌ر مۆدیلی ئه‌مه‌ریکی پێکهێنرابو، ئه‌وه‌ی بۆ پاراستی هیندییه سوره‌کانی دانیشتوانی ئه‌سڵی ئه‌و وڵاته، یان بۆ جۆری گیاندار و په‌له‌وه‌ر و ئاژه‌ڵێک که‌مه‌ترسی قڕبون و له‌ناوچون بیانگرێته‌وه؛ به‌وشێوه‌یه‌ش له‌و ساڵه‌دا بۆ کورده‌کانی عێراق ئه‌و جۆره ژینگه‌یه سازێندرا بۆ مانهوهسهقامگیری ژیانیان، دواتر ده‌سه‌ڵات و حکومه‌تی دیفاکتۆی کوردی لێ هاته به‌رهه‌م.