Print
 سه‌رجه‌م خوێندكارانی‌ په‌یمانگای‌ ته‌كنیكی‌ سلێمانی‌ مانگرتنیان له‌ خوێندن راگه‌یاند
Saturday, April 23, 2011

(سبه‌ی‌):
وه‌ك ناڕه‌زاییه‌ك له‌به‌رامبه‌ر ده‌ستدرێژیكردنه‌ سه‌ر خوێندكارانی‌ به‌شه‌ ناوخۆییه‌كان، پێشنیوه‌ڕۆی‌ ئه‌مڕۆ (یه‌كشه‌ممه‌) سه‌رجه‌م خوێندكارانی‌ په‌یمانگای‌ ته‌كنیكی‌ سلێمانی‌ له‌ هۆڵه‌كانی‌ خوێندن هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ و مانگرتنیان راگه‌یاند و داوایانكرد لێپێچینه‌وه‌ بكرێت له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ ده‌ستدرێژییان كردوه‌ته‌ سه‌ر خوێندكارانی‌ به‌شه‌ ناوخۆییه‌كان.
یه‌كێك له‌و خوێندكارانه‌ كه‌ له‌ به‌شی‌ ناوخۆیی‌ فیرده‌وسه‌ له‌ سه‌رچنار به‌ (سبه‌ی‌) راگه‌یاند: چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر له‌ نزیك سه‌عات 4:40ی‌ به‌ره‌به‌یاندا ئوتومبیلێك به‌ده‌وری‌ بینای‌ به‌شه‌ ناوخۆییه‌كه‌ماندا سوڕانه‌وه‌ و پاش كه‌مێك ده‌ستی كرد به‌ ته‌قه‌كردن به‌سه‌ر بینای‌ به‌شه‌ ناوخۆییه‌كه‌ماندا و فیشه‌كێك به‌ر ژوره‌كه‌ی‌ ئێمه‌ كه‌وت.
وتیشی‌: جگه‌ له‌وه‌، دوێنێ‌ شه‌ویش به‌هه‌مان شێوه‌ چه‌ند كه‌سێكی‌ سه‌ر به‌ ئاسایش هه‌ڵیانكوتاوه‌ته‌ سه‌ر بینای‌ به‌شه‌ ناوخۆیی‌ كه‌ریمه‌ ره‌ش له‌ داره‌سوتاوه‌كه‌ و په‌لاماری‌ چه‌ند خوێندكارێكیان داوه‌، هه‌ر بۆیه‌ ئێمه‌ش وه‌ك ناڕه‌زاییه‌ك له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و كرده‌وانه‌، ئه‌مڕۆ مانگرتنی‌ خۆمان له‌ خوێندن راگه‌یاندوه‌ و داوا ده‌كه‌ین ئه‌نجامده‌رانی‌ ئه‌و كرده‌وه‌یه‌ بدرێنه‌ دادگا.

 

Sbeiy.com © 2007