Print
 ئه‌نجومه‌نی‌ كاتی‌ مه‌یدانی‌ ئازادی‌: هه‌ڵوێستی‌ یه‌كلاكه‌ره‌وه‌مان راده‌گه‌یه‌نین، له‌ رێگای‌ خستنه‌ڕوی‌ نه‌خشه‌ڕێگایه‌كی‌ نیشتمانی‌ سه‌رتاسه‌ری‌
Saturday, April 23, 2011
(سبه‌ی‌):
رونكردنه‌وه‌یه‌ك بۆ رای‌ گشتی‌:
 لای‌ ده‌سه‌ڵات رۆژمێر هێشتا هه‌ڤده‌ی‌ دوه‌، ده‌سه‌ڵات هه‌مان ده‌سته‌ڵاتی‌ ئه‌و رۆژه‌ و بیست ساڵی‌ رابردوه‌، هه‌ر رۆژه‌و شه‌قامێكی‌ شار سورتر ده‌كات به‌ خوێنی‌ هاونیشتمانیانی‌. ئێمه‌ وه‌ك هاونیشتمانیانی‌ كوردستان ئیلتیزامی‌ ئه‌خلاقیمان و ده‌نگی‌ ویژدانمان بو كه‌ ئێمه‌ی‌ برده‌ سه‌ر شه‌قام. له‌ به‌ر رۆشنایی‌ روداوه‌كانی‌ 45 رۆژی‌ رابردودا كه‌ هه‌موان هه‌ڵوێستی‌ ده‌سه‌ڵاتمان بینی‌، پێویسته‌ شێواز و ئامانجی‌ خه‌باتی‌ مه‌ده‌نیمان پێبنێته‌ قۆناغێكی‌ نوێوه‌ .
تازه‌به‌تازه‌ ئه‌ندامێكی‌ مه‌كته‌ب سیاسی‌ پارتی‌ ده‌ڵێت: "هیچ ئیجرائاتێك به‌رامبه‌ر به‌رپرسی لقی‌ چواری‌ پارتی‌ ناكه‌ین"، ئه‌مه‌ش یه‌ك مانای‌ هه‌یه‌ ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵات ئه‌وه‌ به‌تاوان نازانێت كه‌ له‌ 17ی‌ شوبات‌و رۆژانی‌ دواتری‌ رویانداو به‌رده‌وامه‌ له‌سه‌ر پاراستنی‌ تاوانباران. له‌په‌یوه‌ند به‌یه‌كێتیشه‌وه‌ ئه‌میش به‌هه‌مان شێوه‌ تائێستا هیچ كام له‌تاوانبارانی‌ ته‌سلیم به‌دادگا نه‌كردوه‌ و نه‌چونه‌ته‌ پای‌ جێبه‌جێكردنی‌ هیچ كام له‌ داواكاریه‌كانی‌ خۆپیشانده‌ران، له‌كاتێكدا كه‌ فه‌رمانی‌ دادگا بۆ ده‌ستگیركردنی‌ سه‌رجه‌میان ده‌ركراوه‌. ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ به‌ ئاشكرا حوكمی‌ یاساشی‌ فه‌رامۆشكردوه‌.
پاش چل‌و پێنج رۆژ له‌خۆپیشاندانی‌ جه‌ماوه‌ریی‌ ‌و خه‌باتی‌ مه‌ده‌نیانه‌ی‌ هاونیشتمانیان، ده‌سه‌ڵات له‌رێگه‌ی‌ نواندنی‌ خه‌مساردیی‌ له‌ ئاست داواكارییه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كان‌و سه‌پاندنی‌ ئابڵۆقه‌ی‌ سه‌ربازیی‌ به‌ سه‌ر شارو شارۆچكه‌كاندا‌و به‌رده‌وامی‌ له‌ هێرشی‌ ژه‌هراوی میدیاكانیان بۆ سه‌ر ئه‌م بزوتنه‌وه‌ ئاستیخوازانه‌یه‌ و ده‌ستگیركردنی‌ خۆپیشانده‌ران و هه‌ڵكوتانه‌ سه‌ر ماڵان و دوكانه‌كان نیشانیداین كه‌ ئیراده‌یه‌ك نیه‌ بۆ چاكسازی‌ و جێبه‌ جێكردنی‌ حوكمی‌ یاسا.
ئێمه‌ وه‌ك ئه‌نجومه‌نی‌ كاتی‌ مه‌یدانی‌ ئازادی‌ رایده‌گه‌یه‌نین كه‌ سبه‌ینێ‌ كاتژمێر 3ی‌ پاشنیوه‌ڕۆ هه‌ڵوێستی‌ یه‌كلاكه‌ره‌وه‌مان راده‌گه‌یه‌نین له‌ رێگای‌ خستنه‌ڕوی‌ نه‌خشه‌ڕێگایه‌كی‌ نیشتمانی‌ سه‌رتاسه‌ری‌. له‌ 4/4 ئێمه‌ نه‌خشه‌ رێگای‌ ده‌ربازبون له‌م قه‌یرانه‌ سیاسیه‌ی‌ كوردستان راده‌گه‌یه‌نین كه‌ تێیدا پڕۆژه‌یه‌كی‌ ستراتیجی‌ چاره‌نوسساز ده‌خه‌ینه‌ڕو كه‌ به‌ هۆیه‌وه‌ نه‌ك ته‌نها داواكاریه‌كانی‌ خۆپیشانده‌ران جێبه‌جێده‌بن، به‌ڵكو نه‌خشه‌ رێگایه‌كه‌ بۆ ده‌ربازبون له‌ قه‌یرانی‌ سیستمی‌ حوكمڕانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، له‌و پڕۆژه‌یه‌دا كۆمه‌ڵێك داواكاری‌ نوێو شێوازی‌ جێبه‌جێكردنی‌ سه‌رجه‌م داواكاریه‌كان ده‌خرێنه‌ڕو. ئه‌م نه‌خشه‌ رێگایه‌ ده‌ستبردنه‌ بۆ گۆڕینی‌ بنه‌ڕه‌تی‌ له‌ سیستمی‌ حوكمڕانی‌ هه‌رێمدا.
ئه‌نجومه‌نی‌ كاتی‌ مه‌یدانی‌ ئازادی‌
 3/4/2011
Sbeiy.com © 2007