|
له ته‌عریبه‌وه تا ئه‌نفال |
Monday, April 14, 2008 |
خه‌بات عه‌بدوڵا
به درێژایی مێژوو، پێش دامه‌زراندن و پاش دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی عێراق، هیچ رژێمێك هێنده‌ی به‌عس حسابی بۆ (مه‌ترسی كورد) له‌سه‌ر پاشه‌ڕۆژی عێراق و ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی نه‌كردووه.
له سۆنگه‌ی ئاسایشی ناوخۆیی عێراقی به‌عسه‌وه، كورد یه‌كه‌مین و گه‌وره‌ترین مه‌ترسیه له‌سه‌ر ئاستی ناوه‌وه. بۆ به‌گژداچوونه‌وه‌ی ئه‌و مه‌ترسییه، به‌عس پلانی جه‌نگێكی بێ‌بڕانه‌وه‌ی بۆ ته‌فروتوناكردنی هێزی مرۆیی كورد پیاده كردووه.
به‌عس به‌شێوه‌یه‌كی سیستماتیكی و قۆناغ به قۆناغ كه‌وته ده‌ستنیشانكردن و سنور بۆ كێشانی ژماره‌ی كورد، ئه‌ویش به‌سێ رێگه‌ی جیاواز، یه‌كه‌میان ته‌عریبكردن، دووه‌میان راگواستن و، سێیه‌میشیان قڕكردن بوو.
له‌ئیده‌ی به‌عسه‌وه، كورد كه‌مینه‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی و كوردستان به‌شێكی خاكی عێراقه، كورد میوانی خاكی عه‌ره‌به و به‌وپێیه‌ش جگه له كۆمه‌ڵێك مافی كلتوری و پێكه‌وه‌ژیانی هه‌میشه‌یی له‌گه‌ڵ عه‌ره‌بدا، هیچ مافێكی تریان نییه.
به‌عس له‌ڕێی ده‌ستكاریكردنی سه‌رژمێرییه‌كان و ده‌ستێوه‌ردانی راسته‌وخۆ بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی ژماره‌ی كورد، چه‌ندین خێڵ و ئاین و ئایننرا و ته‌ریقه‌تی له كورد دابڕی و له‌ساڵی 1977دا بڕیارێكیان ده‌ركرد كه به گوێره‌ی ئه‌و بڕیاره چه‌ندین عه‌شیره‌ت و په‌یڕه‌وكه‌رانی ئاینی جیاجیای كوردستان به‌عه‌ره‌ب له‌قه‌ڵه‌م دران و له‌ناونووسی گشتی 17/10/1977دا عه‌ره‌ب نوسیان كردن، له‌وانه‌ش (یه‌زیدییه‌كان، كیكان، گه‌رگه‌ری، شه‌به‌ك، گێژ، باڵانی، ساڵه‌یی، شێخ بزێنی، دیانه‌كانی كوردستان‌و شێخ‌و سه‌یده‌كانی كوردستان).
روپێوی خاكی كوردستانی باشور به زۆرتر له (85000 كچگ) داده‌نرێت، له‌و رووبه‌ره‌دا مه‌ڵبه‌ندی پێنج پارێزگا: سلێمانی، كه‌ركوك، هه‌ولێر، موسڵ و دهۆك و سی و حه‌وت قه‌زا و سه‌د وسی ناحیه‌ی تێده‌كه‌وێت.
ئه‌و رووبه‌ره به‌شی هه‌ره گه‌وره‌ی چڕی دانیشتوان و سه‌رچاوه بێ‌شوماره‌كانی نه‌وت و ئاو و كانزاكانی هه‌موو عێراقی ئێستای تێده‌كه‌وێت. به‌پێی ئه‌و سنوره‌ی كه له ساڵی 1974دا بۆ ناوچه‌ی ئۆتۆنۆمی دانرا و به‌عس به كوردستانی له‌قه‌ڵه‌مدا، ته‌نیا (36.347 كچگ)ی له‌و روپێوه هێشته‌وه كه مه‌ڵبه‌نده‌كانی هه‌رسێ پارێزگای سلێمانی و هه‌ولێر و دهۆك و بیست‌ویه‌ك قه‌زا و، حه‌فتا ناحیه‌ی له‌خۆگرتووه. به‌مه‌ش زۆرتر له (48.653 كچگ)ی له‌خاكی كوردستانی باشور دابڕی و هه‌موو ناوچه ستراتیجییه‌كانی كه‌ركوك و موسڵ و خانه‌قین و ده‌وروبه‌ریانی له‌سنوری ناوچه‌ی ئۆتۆنۆمی ده‌رهێنا و به‌خاكی عه‌ره‌بی له‌قه‌ڵه‌م دان و به‌كاوه‌خۆ كه‌وته ته‌عریبكردنیان.
سیاسه‌تی ته‌عریب، راگواستن و نیشته‌جێكردنی زۆره‌ملێیانه‌ی به‌دوای خۆیدا هێنا.
هه‌ر له سۆنگه‌ی ئاسایشی ناوخۆیی عێراقه‌وه، راگواستنی كورد چه‌ند هۆكارێكی بۆ كراوه‌ته بنه‌ما، كه به پێی ئه‌و هۆكارانه چه‌ندین ناوچه‌ی جیاجیای سه‌ر به كوردستانی باشور له خه‌ڵكه‌كه‌ی چۆڵكران و به هێزی سوپا‌و دانیشتوانی عه‌ره‌ب پڕكرانه‌وه.
هۆكاره‌كانی راگواستن جیاوازن، گرنگترینیان ئه‌مانه‌ن:
1- راگواستن به هۆی ته‌وه‌ره ستراتیجییه‌كانه‌وه: كه قه‌زاكانی به‌دره و مه‌نده‌لی و خانه‌قین و شێخان و تلكێف و ته‌له‌عفه‌ر و شنگار و به‌شێك له قه‌زاكانی توز و زاخۆی گرتۆته‌وه.
2- راگواستن به‌هۆی ناوچه نه‌وتاوییه‌كانه‌وه: قه‌زای كه‌ركوك و هه‌ریه‌كه له قه‌زاكانی دوبز و كۆیه‌ی گرتۆته‌وه.
3- راگواستن به‌هۆی ناوچه سنورییه‌كانه‌وه: قه‌زاكانی هه‌ڵه‌بجه و پێنجوێن و شارباژێڕ و دوكان و پشده‌ر و چۆمان و ره‌واندز و زێبار و ئامێدی و زاخۆی گرتۆته‌وه.
4- راگواستن به‌هۆی جه‌نگی كوردستانه‌وه: هه‌موو گوند و ئاواییه‌كانی كوردستانی گرتۆته‌وه كه هێزی سوپا ناتوانێت راسته‌وخۆ بیانخاته ژێر كۆنترۆڵی خۆیه‌وه.
ئه‌نجامی ئه‌م سیاسه‌ته، له‌نێوان ساڵانی 1968-1982دا پتر له (200000) كوردی فه‌یلی له شاره‌كانی به‌غدا و قه‌زاكانی به‌دره و مه‌نده‌لی و خانه‌قین ده‌ركران و ره‌وانه‌ی ئێران كران. به‌شی زۆری ناوچه راگوێزراوه‌كانی سنور و ناوچه نه‌وتاوییه‌كانیش به‌ره‌و قوڵایی شار و شارۆچكه‌كانی سه‌ر به ناوچه‌ی ئۆتۆنۆمی كۆچیان پێكرا و له ئۆردوگای زۆره‌ملێدا نیشته‌جێكران. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ته‌نیا له پارێزگای سلێمانیدا، عێراق (29) ئۆردوگا و، له پارێزگای هه‌ولێردا (16) ئۆردوگا و، له پارێزگای دهۆكدا (14) ئۆردوگای زۆره‌ملێی دروستكردبوو. له ساڵی 1985 به‌دواوه و له‌گه‌رمه‌ی جه‌نگی عێراق- ئێران‌و، عێراق- كوردستاندا، سیاسه‌تی سوتماككردنی كوردستان ئاقارێكی مه‌ترسیداری گرته‌به‌ر، ئه‌و سیاسه‌ته له ماوه‌ی ته‌نیا چوار ساڵدا تا كۆتایی هاوینی 1988 كه پرۆسێسه‌كانی ئه‌نفال گه‌یشتنه ترۆپك، له كۆی (4654) گوندی سه‌ر به هه‌ر سێ پارێزگای سلێمانی و هه‌ولێر و دهۆك، (4006)گوندی له‌گه‌ڵ خاكدا ته‌ختكران و سوتێنران. له كۆی (2035) گوندی ته‌نیا سه‌ر به پارێزگای سلێمانیدا، سه‌رجه‌م (1992) گوندی خاپوركران. له‌پارێزگای هه‌ولێریشدا له‌كۆی (1496) گوند، سه‌رجه‌م (1205) گوندی خاپوركران. دواجار له پارێزگای دهۆكدا له كۆی (1123) گوند، سه‌رجه‌م (809) گوندی خاپوركران. ئه‌مه سه‌ره‌ڕای كاولكردنی سه‌دان گوند و ده‌یان قه‌زا و ناحیه‌ی سه‌ر به ناوچه كوردنشینه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ناوچه‌ی ئۆتۆنۆمی.
پێش پرۆسێسه‌كانی ئه‌نفال، به‌شێكی زۆری دانیشتوانی ئه‌و ناوچانه‌ی راده‌گوێزران ده‌برانه ئۆردوگاوه . به‌ڵام ئه‌نفال له‌ده‌ره‌وه‌ی راگواستندا ئامانجه شاراوه‌كه‌ی به‌عسی له‌پشته‌وه بوو، ئامانجی كه‌مكردنه‌وه‌ی ژماره‌ی كورد ئه‌گه‌ر به قڕكردن و قه‌ڵاچۆكردنیش بێت.
جینۆساید كه ره‌شه‌كوژی و قڕكردن ده‌گرێته‌وه، یه‌كێكه له‌و تاوانانه‌ی كه به‌پێی بڕیاری نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان نه‌ك هه‌ر دژ به‌و كه‌سانه‌یه كه كاره‌كه ده‌یانگرێته‌وه، به‌ڵكو تاوانێكه دژ به مرۆڤایه‌تی.
به‌پێی ئه‌و كۆنڤێنشنه‌ی كه نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان به تێكڕای ده‌نگ قبوڵی كرد و له (12/1/1951)ه‌وه كاری پێده‌كرێت، پێناسه‌ی قڕكردن به یه‌كێك له‌م هه‌ڵسوكه‌وتانه‌ی كه به ئه‌نقه‌ست بۆ له‌ناوبردنی سه‌رجه‌م یان به‌شێك له گروپێكی نه‌ته‌وه‌یی یان نه‌ژادیی یان ئایینی ئه‌نجام ده‌درێت، پێناسه‌كراوه:
أ- كوشتنی ئه‌ندامه‌كانی گروپێك "نه‌ته‌وه‌یه‌ك".
ب- زیانگه‌یاندن به ته‌واوی ئه‌ندامانی گروپه‌كه، چ له ڕووی فیزیكییه‌وه، چ له ڕووی عه‌قڵییه‌وه.
پ- دانانی گروپه‌كه له ژێر باودۆخێكی ئه‌وتۆ كه ببێته هۆی له‌ناوچوونی هه‌موو یان به‌شێكی ئه‌ندامه‌كانی.
ت- رێگاگرتن به هه‌ر شێوه‌یه‌ك له زاووزێ و گه‌شه‌كردن له ناو گروپه‌كه‌دا. ج- به زۆر مناڵ گواستنه‌وه له گروپێكه‌وه بۆ گروپێكی تر.
به‌پێی ئه‌م كۆنڤێنشنه بێت، عێراق پێش پرۆسێسی ئه‌نفاله‌كانیش له ساڵی 1988دا، جینۆسایدی دژی كورد ئه‌نجامداوه.
له شاڵاوی فڕاندنی زۆرتر له (8000) كه‌سی سه‌ر به بارزانییه‌كان له ته‌مموزی 1983دا، سه‌دام حسێن ته‌نیا دوو مانگ دوای ئه‌و كاره مه‌به‌ستی رژێمه‌كه‌ی له‌و كاره نه‌شارده‌وه‌و به ئاشكرا له ده‌زگاكانی میدیاوه وتی:
ئێمه سزای هه‌موو ئه‌و كه‌سانه ده‌ده‌ین كه هاریكاری له‌گه‌ڵ كوڕه‌كانی بارزانیدا ده‌كه‌ن، ئه‌وانه به تووندی سزای خۆیان وه‌رگرت و فڕێدرانه جه‌هه‌نه‌مه‌وه. هه‌روه‌ها له سه‌ره‌تای ساڵی خوێندنی 1985-1986دا، عێراق (1500) مناڵی كوردی ته‌مه‌ن (8-14) ساڵانی وه‌ك بارمته له قوتابخانه‌كاندا فڕاند به بیانوی تۆڵه‌كردنه‌وه له دایك‌و باوك و خزم‌و كه‌سوكاره‌كانیان.
پێش شاڵاوه‌كانی ئه‌نفال و له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و پرۆسێسه‌دا، له چه‌ندین شوێنی جیاجیای كوردستان، چه‌كی كیمیایی دژی دانیشتوانه سیڤیله‌كه‌ی كوردستان به‌كارهێنرا. له بۆردومانی شاری هه‌ڵه‌بجه له 16/3/1988دا، ده‌وروبه‌ری (10000)كه‌س كوژران و برینداربوون. پاش كوشتاره‌كه هه‌زاران ساوای بێ دایك‌وباوك و به‌شێكی دانیشتوانه‌كه‌ی ئه‌و شاره، له‌لایه‌ن هێزه‌كانی عێراقه‌وه ده‌ستگیركران و راپێچی شوێنی نادیار كران.
له‌مێژووی نوێی كوردا، هیچ پرۆسێسێكی عه‌سكه‌ریی هێنده‌ی پرۆسێسه‌كانی ئه‌نفال روو له له‌ناوبردنی كورد نه‌بووه. له ده‌ره‌وه‌ی راگواستن و ته‌عریبدا، به مه‌به‌ستی كه‌مكردنه‌وه‌ی ژماره‌ی كورد، ئه‌نفال روو له قڕكردن و قه‌ڵاچۆكردنی كورد بوو.
ئه‌نفال كاردانه‌وه نه‌بوو… پێش ده‌سپێكی ئه‌و پرۆسێسه، ده‌وڵه‌تی عێراق پێشتر پلانی كاره‌كه‌ی داڕشتبوو ناوچه‌كانی قڕكردنی د‌یاریكردبوو، به‌پێی بڕیارێكی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی شۆڕش له 30/6/1987دا، عێراق هه‌موو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌كانی كشتوكاڵیی شار‌و دێهاته‌كانی كوردستانی هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌و هه‌موو كه‌ره‌سه كشتوكاڵییه‌كانیشی قه‌ده‌غه كرد.
سه‌رجه‌م قوتابخانه و نه‌خۆشخانه و كاره خزمه‌تگوزارییه‌كانی كێشایه‌وه و زۆنێكی ئاسایشی دروستكرد. به‌پێی چه‌ند بڕیارێكی نهێنی تر كه (مه‌كته‌بی ته‌نزیمی شیمال) ده‌ریكرد، داواكرا وه‌كو ناوچه‌یه‌كی عه‌سكه‌ری مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ناوچه‌كانی ناو زۆنه قه‌ده‌غه‌كراوه‌كه‌دا بكرێت و هه‌ر كه‌سێكی ته‌مه‌ن 15 ساڵ به‌بانه‌وه ده‌ستگیركرا، پاش وه‌رگرتنی زانیاری لێی، بكوژرێت.
كه هێرشه‌كانی ئه‌نفال ده‌ستیان پێكرد، ئیتر زۆنه قه‌ده‌غه‌كراوه‌كه، كه روپێوه‌كه‌ی ده‌یان هه‌زار كیلۆمه‌تری چوارگۆشه‌ی خاك بوو، هه‌زاران گوند و ئاوایی و، سه‌دان هه‌زار كه‌سی سیڤیلی تێدا ده‌ژیا، سه‌رله‌به‌ر بووه یه‌ك نیشانی عه‌سكه‌ریی سوپای عێراق.
یه‌كێك له رزگاربووانی ئه‌و پرۆسێسه كه خه‌ڵكی گوندی (ره‌بات)ی سه‌ربه ناوچه‌ی گه‌رمیانه و له 4/4/1988 له لایه‌ن هێزه‌كانی سوپای عێراقه‌وه ده‌گیرێت، ده‌گێڕێته‌وه و ده‌ڵێت: "دوژمن زۆر بێ به‌زه‌ییانه‌و بێ گوێدانه گریان‌و هاواری ژن‌و منداڵ، هه‌موومانی ره‌وانه‌ی (قۆره‌توو)ی نزیك خانه‌قین كرد. شه‌پۆلێكی زۆری تریشیان له‌و ده‌وروبه‌ره هێنابووه ئه‌وێ، ئه‌و شه‌پۆله‌ی ئێمه‌ی تێدابووین ده‌گه‌یشته په‌نجا هه‌زار كه‌س.
دوو شه‌و بێ نان‌و ئاو ماینه‌وه. ئینجا له 6/4/1988دا ئێمه‌یان گواسته‌وه بۆ (تۆپزاوا)ی كه‌ركوك، له‌وێ به‌مجۆره له یه‌كتری جیاكراینه‌وه: یه‌كه‌م: ته‌مه‌نی دوازده ساڵ تا چل‌وپێنج ساڵ.
دووه‌م: ته‌مه‌نی په‌نجا ساڵ و سه‌رووتر.
سێیه‌م: كچ.
چواره‌م: ژن‌و منداڵ.
(…..)، یه‌كه‌م هه‌نگاو بێ‌سه‌روشوێنكردنی مێردمنداڵ و گه‌نجه‌كان بوو. واته ئه‌و به‌شه‌ی له دوازده تاچل‌وپێنج ساڵ ده‌بوو. به چاوی خۆم بینیم دوو دوو به ده‌ست‌وچاو به‌ستراوی سواری پاسی ئۆتۆمبیلی سه‌رگیراوكران. پاسه‌كان په‌نجه‌ره‌كانیان بۆیه كرابوون و ناوه‌وه‌یان دیارنه‌بوون. له‌دوای ئه‌وان نۆره‌ی ئێمه‌هات (…..).
دوای كیمیابارانكردنی گوندی شێخ وه‌سانان له 15/4/1987دا، كه بووه هۆی كوشتنی (210) كه‌س و برینداربوونی (360) كه‌سی تر، له سه‌ره‌تاوه برینداره‌كان بۆ نه‌خۆشخانه‌ی هه‌ولێر ره‌وانه‌كران و پاشان بۆ گرتووخانه‌ی دائیره‌ی ئه‌من و له‌وێش هه‌موویان گولله‌باران كران.
گروپێكی تر كه ژماره‌یان (400) كه‌س ده‌بوو، دوای بۆردومانێكی كیمیایی له ناوچه‌ی سلێمانی، به‌ره‌و نه‌خۆشخانه‌ی شاره‌كه كه‌وتنه‌ڕێ، به‌ڵام ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی عێراق ده‌ستگیری كردن و له‌رۆژی 2/4/1988 له‌سه‌ر بازگه‌ی تانجه‌ڕۆ هه‌موویانی گولله‌باران كرد و به‌كۆمه‌ڵ له گۆڕنران.
هه‌ر له دوادوای شاڵاوه‌كانی ئه‌نفال و له كۆتایی مانگی ئابی 1988دا، هه‌زاران كوردی سیڤیل له ناوچه‌ی ئامێدی له لایه‌ن هێزه‌كانی عێراقه‌وه ده‌ستگیر كران و دواییتر هه‌موویان گولله‌باران كران.
ئه‌م پرۆسێسه كه له مانگی شوباته‌وه تا سه‌ره‌تاكانی ئه‌یلولی 1988 درێژه‌ی هه‌بوو، ده‌كرێت دوای (هۆلۆكۆست) به‌گه‌وره‌ترین تاوانی جینۆساید دابنرێت، كه تێیدا ده‌وربه‌ری (182000) كه‌س شوێن بزركران.
__________________________________
له‌به‌ر درێژی بابه‌ته‌که نه‌مان توانی ئاماژه به سه‌رچاوه‌کان بده‌ین . |
|
|