Print
 بودجه‌ی‌ ئه‌مساڵی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ‌و مه‌ترسییه‌كی‌ گه‌وره‌
Wednesday, May 18, 2011

عه‌لی‌ حه‌مه‌ساڵح  
 
پێش ئه‌وه‌ی‌ بودجه‌ی‌ ئه‌مساڵی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بچێته‌ په‌رله‌مان ‌و گفتوگۆی‌ له‌سه‌ر بكرێت، به‌پێویستم زانی‌ كه‌ مه‌ترسییه‌كانی‌ به‌شێكی‌ گرنگ له‌ ناوه‌ڕۆكی‌ ئه‌م بودجه‌یه‌ بخه‌مه‌ڕو، به‌هیوای‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ په‌رله‌مانتارانی‌ كوردستان له‌ چه‌ند ئاماژه‌یه‌كی‌ مه‌ترسیدار ئاگاداربكه‌مه‌وه‌.

خاڵێكی‌ دیكه‌ كه‌ له‌مساڵدا هه‌ڕه‌شه‌ له‌ بودجه‌ی‌ كوردستان ده‌كات، مه‌ترسیی‌ بڕینی‌ نیوه‌ی‌ به‌شه‌ بودجه‌ی‌ كوردستانه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تی‌ ناوه‌ند و بێده‌نگی‌ ‌و بێخه‌می‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ سیاسیی‌ كوردستانه‌ له‌سه‌ر ئه‌و مه‌ترسییه‌ گه‌وره‌یه‌.

حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بۆ ساڵی‌ (2011)، داوای‌ له‌ حكومه‌تی‌ ناوه‌ندی‌ كردوه‌ كه‌ پشكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بۆ ئه‌مساڵ‌ (15) ترلیۆن ‌و (298) ملیار دینارو (989) ملیۆن دینار بێت، به‌ڵام حكومه‌تی‌ ناوه‌ندی‌ به‌م داواكارییه‌ رازی‌ نه‌بوه‌ و پشكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانی‌ به‌ (10) ترلیۆن ‌و (777) ملیار و (894) ملیۆن دینار داناوه‌.

ئه‌وه‌ی‌ جێگه‌ی‌ سه‌رنجه‌، حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بۆ بودجه‌ی‌ به‌كاربردن، پاره‌یه‌كی‌ زۆری‌ داناوه‌ و بۆ بودجه‌ی‌ وه‌به‌رهێنان پاره‌یه‌كی‌ كه‌می‌ داناوه‌، حكومه‌تی‌ ناوه‌ندیش وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ كه‌ ئه‌م سیاسه‌ته‌ داراییه‌ی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌هه‌ڵه‌ بزانێت، بودجه‌ی‌ به‌كاربردنی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانی‌ كه‌مكردوه‌ته‌وه‌ و له‌ به‌رامبه‌ردا بودجه‌ی‌ وه‌به‌رهێنانی‌ زیادكردوه‌ ‌و به‌خستنه‌ڕوی‌ ورده‌كارییه‌كانی‌ بــــودجـــه‌ی‌ (2011)ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ ئه‌سته‌مه‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بتوانێت ئه‌و پاره‌یه‌ی‌ بۆ بودجه‌ی‌ وه‌به‌رهێنان (پرۆژه‌كان) دانراوه‌، خه‌رجی‌ بكات، چۆن؟

-حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، بۆ موچه‌خۆران، داوای‌ (5) ترلیۆن ‌و (586) ملیار دیناری‌ كردوه‌، به‌ڵام حكومه‌تی‌ ناوه‌ند به‌ (4) ترلیۆن ‌و (621) ملیار دینار رازی‌ بوه‌.

-حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، بۆ شمه‌ك ‌و خزمه‌تگوزاریی‌ ‌و چاككردنه‌وه‌، داوای‌ ترلیۆنێك ‌و (966) ملیار و (800) ملیۆن دیناری‌ كردوه‌ و حكومه‌تی‌ ناوه‌ندی‌ بۆ (815) ملیار و (8) ملیۆن دینار كه‌میكردوه‌ته‌وه‌، ده‌بێت ئه‌و خزمه‌تگوزاریی‌ ‌و چاككردنه‌وانه‌ چین كه‌ دو هێنده‌ی‌ سه‌رجه‌م پرۆژه‌كانی‌ ساڵی‌ رابردوی‌ هه‌مو هه‌رێمی‌ كوردستان پاره‌یان پێویست بێت؟

-حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، داوای‌ (450) ملیار دیناری‌ كردوه‌ بۆ باربو (اعانات)، به‌ڵام حكومه‌تی‌ ناوه‌ند بۆ (254) ملیار دینار كه‌میكردوه‌ته‌وه‌.

-ئه‌وه‌ی‌ جێگای‌ سه‌رنجه‌، حكومه‌تی‌ هه‌رێم داوای‌ (933) ملیار ‌و (650) ملیۆن دیناری‌ كردوه‌ بۆ به‌خشین (المنح)، ئایا ده‌بێت ئه‌م به‌خشینانه‌ بۆ كێ‌ بن كه‌ ئه‌وه‌نده‌ پاره‌یان پێویست بێت، به‌ڵام حكومه‌تی‌ ناوه‌ندی‌ به‌م پاره‌یه‌ رازی‌ نه‌بوه‌ و كه‌میكردوه‌ته‌وه‌ بۆ (166) ملیار دینار، ئه‌گه‌ر حكومه‌تی‌ هه‌رێم داینابێت (933) ملیار دینار بداته‌ به‌خشین ‌و حكومه‌تی‌ ناوه‌ندیش (767) ملیار دیناری‌ لێ‌ كه‌مكردبێته‌وه‌، ده‌بێت ئه‌و پاره‌یه‌ی‌ حكومه‌تی‌ ناوه‌ند لێی‌ كه‌مكردوه‌ته‌وه‌ و حكومه‌تی هه‌رێمیش داینابو كه‌ بیداته‌ به‌خشین، به‌چی‌ پڕی‌ بكاته‌وه‌.

-حكومه‌تی‌ هه‌رێم، داوای‌ (550) ملیار دیناری‌ كردوه‌ بۆ هاوكاری كۆمه‌ڵایه‌تی‌ ‌و حكومه‌تی‌ ناوه‌ند بۆ (243) ملیار دینار كه‌میكردوه‌ته‌وه‌.

-حكومه‌تی‌ هه‌رێم، داوای‌ (528) ملیار دیناری‌ كردوه‌ بۆ خه‌رجی دیكه‌ ‌و حكومه‌تی‌ ناوه‌ندیش بۆ (331) ملیار دینار كه‌میكردوه‌ته‌وه‌.

-حكومه‌تی‌ هه‌رێم، داوای‌ (750) ملیار دیناری‌ كردوه‌ بۆ مه‌وجوداتی‌ نادارایی‌ ‌و حكومه‌تی‌ ناوه‌ندیش بۆ (83) ملیار دینار كه‌می‌ كردوه‌ته‌وه‌.

ئه‌گه‌ر به‌گشتیی‌ بڕوانین، حكومه‌تی‌ هه‌رێم داوای‌ (10) ترلیۆن ‌و (766) ملیار دیناری‌ داواكردوه‌ بۆ بودجه‌ی‌ به‌كاربردن‌و حكومه‌تی‌ ناوه‌ندیش به‌ (6) ترلیۆن ‌و (515) ملیار دینار رازی‌ بوه‌، پرسیاره‌كه‌ له‌وه‌دایه‌، ته‌واوی‌ ئه‌و پاره‌یه‌ی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم بودجه‌ی‌ به‌كاربردن داوایكردوه‌، (4) ترلیۆن ‌و (215) ملیار دیناری‌ كه‌متره‌ له‌وه‌ی‌ كه‌ حكومه‌تی‌ ناوه‌ندی‌ بۆی‌ ته‌رخانكردوه‌، ئایا چۆن ئه‌و (4) ترلیۆن دیناره‌ پڕ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ حكومه‌تی‌ ناوه‌ند لێی‌ بڕیوه‌؟ بۆ پڕكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و پاره‌یه‌، مه‌ترسی ئه‌وه‌ ده‌كرێت له‌ بودجه‌ی‌ پرۆژه‌كان كه‌م بكرێته‌وه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم ساڵانی‌ پێشوتر كردویه‌تی‌ ‌و پاره‌ی‌ پرۆژه‌كانی‌ وه‌ك خۆی‌ خه‌رج نه‌كردوه‌.

-به‌پێچه‌وانه‌ی‌ سه‌رجه‌م پرۆژه‌كانی‌ به‌كاربردنه‌وه‌، ئه‌و پاره‌یه‌ی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم بۆ پرۆژه‌كان داوایكردوه‌، حكومه‌تی‌ ناوه‌ندی‌ وه‌ك خۆی‌ ره‌زامه‌ندیی‌ له‌سه‌ر داوه‌، كه‌ (4) ترلیۆن ‌و (262) ملیار دینار و (311) ملیۆن دیناره‌.

ئه‌وه‌ی‌ گرنگه‌... په‌رله‌مانتارانی‌ كوردستان، وردببنه‌وه‌ و به‌راوردێك له‌نێوان ئه‌و بودجه‌یه‌ی‌ كوردستاندا بكه‌ن كه‌ حكومه‌تی‌ ناوه‌ند بۆ هه‌رێمی‌ كوردستانی‌ داڕشتوه‌، له‌گه‌ڵ‌ ئه‌و پرۆژه‌ بودجه‌یه‌ی‌ ساڵی‌ (2011)دا كه‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم ره‌وانه‌ی‌ په‌رله‌مانی‌ ده‌كات ‌و ده‌یه‌وێت به‌شێوه‌یه‌ك ده‌ستكاری‌ بكات، پاره‌ی‌ پرۆژه‌كانی‌ كوردستان كه‌م بكاته‌وه‌ ‌و پاشانیش چاودێرییه‌كی‌ دروست بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی‌ بزانرێت، ئایا بودجه‌كه‌ به‌گشتی ‌و بودجه‌ی‌ وه‌به‌رهێنان توانراوه‌ خه‌رجبكرێت، یان به‌لای‌ كه‌مه‌وه‌ بزانین، چۆن خه‌رج ده‌كرێت؟

داهاتی‌ هه‌رێم ‌و مه‌ترسی‌
حكومه‌تی‌ ناوه‌ندی‌ عێراق، داهاتی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانی‌ بۆ ساڵی‌ (2011) به‌ (5) ترلیۆن ‌و (495) ملیار دینار و (843) ملیۆن دینار ته‌خمین كردوه‌، كه‌ پشكی‌ سه‌ره‌كی‌ ئه‌م داهاته‌شی‌ بۆ نه‌وت داناوه‌ كه‌ داهاتی‌ نه‌وتی‌ كوردستان بۆ ئه‌مساڵ‌ به‌ (5) ترلیۆن ‌و (12) ملیار ‌و (347) ملیۆن دینار داناوه‌، داهاتی‌ باجی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانیشی‌ به‌ (412) ملیار ‌و (679) ملیۆن دینار داناوه‌.

ئه‌وه‌ی‌ جێگای‌ مه‌ترسییه‌، ئه‌گه‌ر حكومه‌تی‌ هه‌رێم بتوانێت ئه‌و بڕه‌نه‌وته‌ش دابین بكات، كۆتایی‌ به‌ گرفته‌كه‌ نایه‌ت، چونكه‌ تائێستا حكومه‌تی‌ ناوه‌ندی‌ عێراقی‌، دانی‌ به‌ گرێبه‌سته‌ نه‌وتییه‌كانی‌ كوردستاندا نه‌ناوه‌، ئه‌گه‌ر هاتو حكومه‌تی‌ عێراق دان به‌گرێبه‌سته‌ نه‌وتییه‌كانی‌ كوردستاندا نه‌نێت، ئه‌وا ئاماده‌ش نییه‌ پاره‌ی‌ كۆمپانیاكانی‌ ده‌رهێنانی‌ نه‌وت بدات، كۆمپانیاكانی‌ ده‌رهێنانی‌ نه‌وتیش، كاتێك نه‌وتی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان هه‌نارده‌ی‌ ده‌ره‌وه‌ ده‌كرێت، داوای‌ قازانجی‌ خۆیان ده‌كه‌ن.

دو حاڵه‌ت هه‌یه‌ به‌ رودانیان زیانێكی‌ گه‌وره‌ به‌ كوردستان ده‌كه‌وێت، یه‌كه‌میان: ئه‌وه‌ی‌ ئێستایه‌، حكومه‌تی‌ هه‌رێم، ده‌ڵێت، «ئه‌گه‌ر حكومه‌تی‌ ناوه‌ند، دان به‌ گرێبه‌سته‌ نه‌وتییه‌كانی‌ كوردستاندا نه‌نێت ‌و پاره‌ی‌ كۆمپانیاكانی‌ ده‌رهێنانی‌ نه‌وت نه‌دات، ئه‌وا نه‌وتی‌ كوردستان هه‌نارده‌ ناكه‌م، حكومه‌تی‌ ناوه‌ندیش تائێستا، ئاماده‌ نییه‌ كه‌ دان به‌و گرێبه‌سته‌ نه‌وتییانه‌دا بنێت‌و پاره‌ی‌ كۆمپانیاكانی‌ ده‌رهێنانی‌ نه‌وتیش بدات، لێره‌دا حكومه‌تی‌ ناوه‌ند (5) ترلیۆن ‌و (12) ملیار دینار له‌ بودجه‌ی‌ كوردستان ده‌بڕێت، كه‌ (46.5%)ی‌ بودجه‌ی‌ گشتی كوردستان ده‌كات.

ئه‌گه‌ری‌ دوه‌میش: ئه‌وه‌یه‌ كه‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم نه‌وته‌كه‌ ره‌وانه‌ بكات ‌و له‌ بودجه‌ی‌ گشتی كوردستان پاره‌ی‌ كۆمپانیاكانی‌ ده‌رهێنانی‌ نه‌وت بدات، له‌وكاته‌شدا خه‌ڵكی‌ كوردستان، زیانی‌ گه‌وره‌ ده‌كات.

Sbeiy.com © 2007