Print
 هه‌رێمی کوردستان؛ زیاتر له‌ دو ئه‌وه‌نده‌ی‌ ساڵی رابوردو، پاره‌ بۆ به‌خشین ته‌رخانكراوه‌
Wednesday, May 18, 2011
(سبه‌ی):
ساڵانه‌ بڕێك پاره‌ی‌ زۆر به‌ناوی‌ به‌خشینه‌وه‌ ته‌رخانده‌كرێت‌و خه‌رجده‌كرێت، به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ خه‌رجكردنی‌ ئه‌م پاره‌یه‌ بچێته‌ خزمه‌تی‌ گشتییه‌وه‌.
ته‌نیا نه‌چونه‌ خزمه‌تی‌ گشتی‌ ئه‌م خه‌رجیه‌، كه‌موكورتییه‌كانی‌ ئه‌م خانه‌یه‌ نییه‌، به‌ڵكو حكومه‌تی هه‌رێم به‌شێوه‌یه‌كی‌ نا یاسایی‌ زیاتر له‌و پاره‌یه‌ی‌ خه‌رجكردوه كه‌ په‌رله‌مان بۆی‌ په‌سه‌ند كردوه‌، ئه‌مه‌ جگه‌له‌وه‌ی که‌ زانیاری‌ هه‌ڵه‌و چه‌واشه‌كارییانه‌ی‌ داوه‌ته‌ په‌رله‌مان.
له‌نێو گه‌رمه‌ی‌ ناڕه‌زاییه‌كانی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستاندا، له‌نێو ئه‌و هه‌مو به‌ڵێنه‌ زۆر زه‌وه‌ندانه‌ی‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت ده‌یدات بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ خه‌رجییه‌ نا پێویسته‌كان، حكومه‌ت له‌بری‌ ئه‌وه‌ی‌ پاره‌ی‌ به‌خشین كه‌مبكاته‌وه‌، به‌شێوه‌یه‌كی‌ زۆر به‌رچاو زیادی‌ كردوه‌، له‌ پار ساڵدا 374 ملیار دینار بۆ به‌خشین ته‌رخانكرابو، به‌ڵام ئه‌مساڵ بوه‌ به‌ 761 ملیار دینار، واته‌ به‌بڕی‌ 387 ملیار دینار زیادی‌ كردوه‌.
به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ ساڵی‌ رابوردو په‌رله‌مان هیچ پاره‌یه‌كی بۆ لیژنه‌ی‌ ئۆڵۆمپی‌ عێراق ته‌رخان كردبێت، حكومه‌تی هه‌رێم ته‌نیا له‌ شه‌ش مانگی‌ یه‌كه‌می‌ پار ساڵدا ملیارێك‌و 762 ملیۆن دیناری‌ بۆ خه‌رجكردوه‌و ئه‌مساڵیش ملیارێك ‌و 500 ملیۆنی‌ بۆ ته‌رخانكردوه‌، بۆ ده‌بێت خه‌رجییه‌كانی‌ لیژنه‌ی‌ ئۆڵۆمپی‌ عێراق له‌سه‌ر هه‌رێمی‌ كوردستان بێت.
له‌ ساڵی‌ 2009دا، حكومه‌ت بڕی‌ 10 ملیار دینار بۆ رێكخراوه‌ زانستییه‌كان ته‌رخانكردبو، حكومه‌ت ده‌یگوت پاره‌ی‌ رێكخراوه‌كان كه‌م ده‌كه‌مه‌وه، به‌ڵام‌ نه‌ك كه‌می‌ نه‌كردوه‌ته‌وه‌ به‌ڵكو پاره‌ی‌ رێكخراوه‌ زانستییه‌كان بوه‌ به‌ 25 ملیار دینار.
حكومه‌ت له‌ ساڵی‌ 2010دا 11 ملیار دیناری‌ بۆ رێكخراوه‌ رۆشنبیرییه‌كان ته‌رخانكردبو، به‌ڵام ئه‌مساڵ بوه‌ به‌ 22.5 ملیار دینار، له‌ ساڵی‌ 2010دا بۆ رێكخراوی‌ دیكه‌ 40 ملیار دینار ته‌رخانكراوه‌، به‌ڵام ئه‌م ساڵ بوه‌ به‌ 67 ملیار دینار.
ئایا زیادبونی‌ ئه‌م به‌خشینانه‌ له‌ چوارچێوه‌ی‌ پڕۆژه‌ی‌ چاكسازیدایه‌؟
بۆ ئه‌م ساڵ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم ده‌سه‌ڵاتی به‌خشینی‌ 7 ملیارو 128 ملیۆن دیناری‌ هه‌یه‌‌و په‌رله‌مانی‌ كوردستان ده‌سه‌ڵاتی 900 ملیۆن‌و سه‌رۆكایه‌تی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران یه‌ك ملیارو 208 ملیۆن‌و وه‌زاره‌تی‌ دارایی‌ 603ملیارو 411 ملیۆن دینار‌و ده‌سته‌ی‌ وه‌به‌رهێنان 149 ملیار دیناری‌ هه‌یه‌.
ئه‌وه‌ی‌ كه‌ گرفته‌:
ئایا ئه‌م به‌خشینانه‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم‌و په‌رله‌مان‌و سه‌رۆكایه‌تی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران بۆ كێیه‌؟ له‌سه‌ر چ‌ بنه‌مایه‌كه.‌
سه‌رۆكایه‌تی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران له‌ شه‌ش مانگی‌ یه‌كه‌می‌ پارساڵدا هیچ بڕه‌ پاره‌یه‌كی‌ بۆ به‌خشین خه‌رجنه‌كردوه‌، به‌ڵام بۆ ئه‌م ساڵ یه‌ك ملیارو 208 ملیۆنی‌ بۆ ته‌رخانكراوه‌.
ده‌سته‌ی‌ وه‌به‌رهێنان خۆی‌ داوای‌ هیچ بڕه‌ پاره‌یه‌كی نه‌كردوه‌ بۆ به‌خشین، به‌ڵام 149 ملیار دیناری‌ بۆ ته‌رخانكراوه‌، ئایا بۆ كێیه‌؟
Sbeiy.com © 2007