(سبهی):
كەموكوڕییەكانی پرۆژەی بودجەی ساڵی (2011)، پەرلەمانتاران نیگەران دەكات و بەپێویستی دەزانن بودجەكە بۆ چارەسەری ئەو گرفتانە رەوانەی حكومەت بكرێتەوە، یان لە هۆڵی پەرلەماندا «كەموكوڕییەكان» نەهێڵرێن.
هەرچەندە پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی (2011)ی هەرێمی كوردستان (5) مانگ دوای وادەی دیاریكراو لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە رەوانەی پەرلەمان كراوە، دوێنێ (16)ی ئایار، پەرلەمان یەكەم كۆبونەوەی لەسەر كرد، بەڵام لەدوای ئەو دانیشتنە، بەشێكی بەرچاوی پەرلەمانتاران لەو بڕوایەدان گرفت و كەموكوڕییەكانی هێندە زۆرن، كە پێویستە بگەڕێنرێتەوە بۆ حكومەت، یان لە پەرلەماندا هەمو گرفتەكانی چارەسەر بكرێن.
كاردۆ محەمەد، سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان، رایدەگەیەنێت؛ بودجەی ئەمساڵ وەك ساڵانی رابردو (پڕە لە هەڵەو كەموكوڕیی گەورەو نەیتوانیوە چارەسەری كێشەكان بكات).
وتیشی: سەرباری ئەو كاتە زۆرەی لەبەردەمی حکومهتدا بوه، بەڵام نا پرۆفیشناڵە لە ئامادەكردنی بودجەو كێشەكانی پێ چارەسەر ناكرێت، بۆیە پێویستە لە پەرلەمان هەمو كەموكوڕییەكان دیاری بكرێت و هەڵبسەنگێنرێت، دوای ئەوە بنێردرێتەوە بۆ حكومەت بۆ ئەوەی لە ماوەیەكی دیاریكراودا چارەسەری بكات، ئەوسا بێتەوە پەرلەمان و پەسەند بكرێت.
هاوكات، بیلال سلێمان، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی كۆمەڵ، هاوڕایە لەگەڵ كاردۆ و لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامهی (رۆژنامە)، وتی: چاوەڕێمان دەكرد پرۆژەكە لەوەی ساڵی رابردو باشتر بێت، بەڵام بەداخەوە ئەمساڵ كەموكوڕییەكان زیاترە، ئەوەش جێی تێڕامانە.
بۆ چارەسەری گرفتەكانیش دەڵێت: دەبێت پەرلەمان پەلە نەكات لە پەسەندكردنی و بڕگە بە بڕگە بە كێشەو كەمورتییەكاندا بچێتەوەو چارەسەری بكات، ئەوەش باشترە لەوەی بنێردرێتەوە بۆ حكومەت، چونكە پێموانییە؛ حكومەت بەشێوەیهك چاكی بكات كە جێی رەزامەندیی بێت.
لای خۆشیەوە، عومەر سدیق هەورامی، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی كوردستانیی و ئەندامی لیژنەی دارایی، نایشارێتەوە پرۆژەی بودجەكە كەموكوڕیی و گرفتی تێدایەو بە رۆژنامهی (رۆژنامە)ی راگەیاند: ئەو بڕە پارانەی بۆ هەندێك فەسڵو باب دانراون، كەمو زیادیان هەیەو وتیشی: "تێبینییەكانی خۆمم لهو روهوه، داوەتە لیژنەی دارایی".
لەبارەی ئەو بۆچونهی كە باس لە گەڕانەوەی بودجەش دەكات، وتی: بە گەڕانەوەی بودجە درەنگ دەبێت و ئەوەش لە بەرژەوەندیی حكومەت و هاوڵاتییان و پەرلەمانیش نییە، بۆیە دەكرێت ئەو كەموكوڕییانەی هەن، زۆربەیان لەناو هۆڵی پەرلەماندا چاكیان بكەین و ئەو تێبینییانەش كە ئۆپۆزسیۆن هەیانە، ئاماژەی پێبدەن بۆ ئەوەی نەهێڵرێن.
ناڕونیی بودجەو رۆڵی حیزب!
بودجەی گشتیی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی (2011) بریتیە لە (11) تریلیۆن و (80) ملیارد دینار، ئەوەش پاش دەركردنی نەفەقاتی سەروەریی. پەرلەمانتارانی ئۆپۆزسیۆنیش، لەگەڵ ئەوەی جەخت لەوە دەكەنەوە؛ بەشێكی زۆری داهاتە ناوخۆییەكان ناڕونن، رەخنەی ئەوە دەگرن، كە (70%)ی بودجەكە بۆ بەكاربردن تەرخانكراوەو (30%)ی بۆ وەبەرهێنانە "ئەوەش زیانەكانی مەترسیدارن".
بە بۆچونی سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان، تەرخانكردنی بەشێكی سەرەكیی بودجە (بودجەی ئەمساڵ بەراورد بە ساڵانی رابردو، زیاترە)، بۆ بەكاربردن كاریگەریی زۆر نێگەتیڤی دەبێت لەسەر هەڵاوسان و ژیانی ئەو هاوڵاتییانەی كەمدەرامەتن، وتی: گرفتێكی سەرەكییە، لە عێراقدا كە (15) پارێزگایە، (60%)ی بودجەكەی بۆ بەكاربردنە، بەڵام لە كوردستان بە (سێ) پارێزگا، بودجەی بەكاربردن (70%)ی بودجە گشتییەكەیە.
كاردۆ، كە ئەندامی لیژنەی داراییشە، جەخت لە نادیاریی سەرچاوەی داهات دەكات لە بودجەكەداو پێیوایە؛ "یەكێكی دیكەیە لە گرفتەكان، بۆیە دەبێت ئەو سەرچاوانە بۆ خەڵكی كوردستان و پەرلەمان ئاشكرا بكرێت، چونكە داهاتێكی زۆری وەزارەتەكان شاردراوەن".
پەرلەمانتارەكەی كۆمەڵیش، هەرچەندە هەمان بۆچونی هەیە لەسەر ناڕونیی بەشێكی داهاتەكان، بەڵام لەو بڕوایەدا نییە كەموكوڕییەكان لە نەزانینەوە بێتو وتی: كۆمەڵێك لەو كەموكوڕییانە لەوە نییە كە هەستی پێ نەكرابێت، بەڵكو به ئهنقهسته، ئەوەش بۆ شاردنەوەی هەندێك ژمارەو داتا، بۆ ئەوەی پەرلەمانتاران دركی پێ نەكەن، دوەمیش؛ ئەوەیە كە ئەوان پێیانخۆش نییە ژمارەكان بدەنە دەست كۆی پەرلەمانتاران و دەیانەوێت بەشێك لەو بودجەیە بۆ مەرامی تایبەت بەكاربهێنن.
هاوکات، سەمیر سەلیم، پهرلهمانتاری فراكسیۆنی یەكگرتو، رەخنە لە ناڕونیی داهاتە ناوخۆییەكانی هەرێم دەگرێت لە پرۆژەی بودجەداو بۆ (رۆژنامە) وتی: داهاتی ناوخۆ زۆر بە كەمیی و بە ناڕونیی خراوەتە بودجەكەو وا هەست دەكرێت تەنیا سهرفكردنی ئەو بڕەیە، كە لە بەغداوە بۆ هەرێمی كوردستان تەرخانكراوە.
ئهو، بە نیگەرانییەوە لە هەیمەنەی حیزب دەڕوانێت بەسەر پرۆژەكەداو پێیوایە: زانیاریی و داتاكانی ناو پرۆژەكە لەژێر پرسیاردان، جگە لەوە "دەڵێی بودجەكە هی دەوڵەتێكە؛ كە ئەولەویەتی سەرەكیی بۆ دەزگا ئەمنیی و پۆلیسییەكانە، ئەوەش نادیموكراسی پێوە دیارە"، وتیشی: پاڵنەرە حیزبییەكان رۆڵی كاریگەرو بناغەییان گێڕاوە لە داڕشتنهوهی پرۆژەكەو دیاریكردنی بڕو ژمارەكاندا.
كورتهێنان و پرۆژەی بەردەوام
ئەوەی لە بودجەی گشتیی هەرێمدا بە گرفتێكی سەرەكیی دادەنرێت "كورتهێنانی شاراوە"و تەرخانكردنی بڕێكی زۆری بودجەیە بۆ پرۆژە بەردەوامەكان، لە بری پرۆژەی پێشنیاركراو (نوێ).
لەو روەوە، كاردۆ محهمهد، دەڵێت: "حكومەت زیادەڕەویی دەكات لە سهرفكردنی ئەو بڕەی پەرلەمان بۆی دیاریكردوە، ئەوە سەرباری ئەو بودجەیەی هێزی پێشمەرگە، كە لە بەغدا چارەسەر نەكراوە، جگە لەوانەش پرۆژەی بەردەوام لە پرۆژەی نوێی پێشنیازكراو زیاترە لە بودجەكەدا، كە بەشێكی زۆری پارەی وەبەرهێنانیان بۆ تەرخانكراوە"، پێشیوایە؛ جگە لە ناعەدالەتیی و چەند پرۆژەیەكی دوبارە "شاردنەوەو پارەی مدەوەرو چەند كێشەیەكی دیكەشی تێدایە".