Print
 د.ره‌فیق سابیر: ئه‌م بودجه‌یه‌ ناتوانێت ئامانجی‌ ستراتیژی‌ گه‌وره‌ی هه‌بێت
Wednesday, May 18, 2011

(سبه‌ی):
ئه‌مڕۆ (سێشه‌ممه‌) بۆ دوه‌مجار له‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان گفتوگۆ له‌باره‌ی‌ پڕۆژه‌ یاسای‌ بودجه‌ی خه‌مڵێنراوی‌ ساڵی‌ (2011)ی هه‌رێم كرا، هاوکات په‌رله‌مانتارێكی‌ فراکسیۆنی كوردستانیش پێیوایه‌، ناته‌واوی‌، ناڕونی‌ و نا دادپه‌روه‌ری‌ له‌ بودجه‌دا هه‌یه‌.
د.ره‌فیق سابیر، ئه‌ندامی فراکسیۆنی كوردستانی‌ له‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان به‌ (سبه‌ی‌)ی راگه‌یاند: دوێنێ‌ (دوشه‌ممه)‌ بۆ یه‌كه‌مجار تاوتوێی‌ پرۆژه‌ یاسای‌ بودجه‌ی‌ ساڵی‌ 2011 كراو راپۆرتی‌ هه‌مو لیژنه‌كانی‌ په‌رله‌مان خوێنرانه‌وه‌، تیایدا هه‌مو كه‌موكوڕی و ناته‌واوییه‌کان‌ ده‌ستنیشانكران، كه‌ له‌و پرۆژه ‌یاسایه‌دا هه‌یه‌، ئه‌مڕۆش هه‌ردو وه‌زیری‌ دارایی‌ و پلاندانان ده‌رباره‌ی‌ ئه‌و كه‌موكوڕی‌ و ناته‌واویانه‌ی‌ كه‌ له‌ پرۆژه‌ یاساكه‌دا هه‌یه‌ ده‌بێت رونکردنه‌وه‌ بده‌ن، هه‌روه‌ها كۆمه‌ڵێك مه‌سه‌له‌ی تر كه‌ جێگای‌ قبوڵ نیه‌، واته‌ چ لای‌ لیژنه‌ی‌ دارایی و چ لای‌ لیژنه‌كانی‌ تری‌ په‌رله‌مانه‌وه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ هه‌ردو وه‌زیر رونكردنه‌وه‌ له‌و باره‌یه‌وه‌ بده‌ن.
وتیشی‌: ئه‌وه‌ی‌ گرنگه‌ لێره‌دا، ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و كه‌موكوڕی‌ و ناته‌واویانه‌ی‌ كه‌ له‌ بودجه‌یه‌دا هه‌یه‌ چ به‌هۆی‌ كه‌مته‌رخه‌میه‌وه‌ بێت یا به‌هۆی‌ دوباره‌كردنه‌وه‌ی‌ پرۆژه‌وه‌ بێت، یاخود هه‌ر هۆیه‌كی‌ تره‌وه‌ بێت، به‌شی‌ زۆریان ده‌ستنیشان كراون، دوای‌ ئه‌وه‌ش ئه‌ندامانی‌ په‌رله‌مان به‌ وردی‌ رای‌ خۆیان له‌باره‌ی‌ پرۆژه‌ یاساكه‌ش و بودجه‌ خه‌مڵێنراوه‌كه‌وه‌ ده‌رده‌بڕن، من بۆ خۆم هیوام زۆره‌ به‌ كۆمه‌ك و كۆششی‌ ئه‌ندامانی‌ په‌رله‌مان ئه‌م كه‌موكوڕی‌ و ناته‌واویانه‌ چاره‌سه‌ر بكه‌ین.
ده‌رباره‌ی‌ تێبینیه‌كانی‌ په‌رله‌مانتاران له‌سه‌ر پرۆژه‌یاساکه‌، د.ره‌فیق سابیر وتی‌: راستییه‌كه‌ی‌ تێبنییه‌كان زۆرن له‌سه‌ر پرۆژه‌ یاسای‌ بودجه‌، به‌شێكیان ئه‌وه‌یه‌‌ كۆمه‌ڵێك پڕۆژه‌ دوباره‌كراونه‌ته‌وه‌، كۆمه‌ڵێك مه‌سه‌له‌ هه‌یه‌ رون نیه‌، ده‌بێت چاوه‌ڕێی وه‌زیرانی‌ دارایی و پلاندانان بکه‌ین.
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو: كێشه‌یه‌كی‌ تری‌ ئه‌م پرۆژه‌ یاسایه‌ ئه‌وه‌یه‌ ناهاوسه‌نگی هه‌یه‌ له‌ نێوان پارێزگاكان و قه‌زاكان و ناحیه‌كان له‌ دابه‌شكردنی‌ پڕۆژه‌كاندا، هه‌ندێ‌ ناوچه‌ هه‌یه‌ پڕۆژه‌ی‌ زۆری‌ بۆ دیاریكراوه‌ و هه‌ندێ‌ ناوچه‌ی‌ تر به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، بۆ نمونه‌ یه‌ك گوند‌ نزیكه‌ی‌ 900 ملیۆن دیناری‌ بۆ ته‌رخانكراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ رێگاكه‌ی‌ قیرتاوبكرێت، که‌چی هه‌ر له‌ ته‌نیشت ئه‌و گونده‌وه‌ رێگای‌ تر هه‌یه‌ چه‌نده‌ها گوندی‌ له‌سه‌ره‌، پشتگوێخراوه‌، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵێك ناته‌واوی‌ و ناڕونی‌ و نادادپه‌روه‌ری‌ له‌ هه‌ندێ‌ بواردا هه‌یه‌، ئێمه‌ هه‌وڵده‌ده‌ین كه‌ له‌ په‌رله‌مان ئه‌و مه‌سه‌لانه‌ چاره‌سه‌ر بكرێت و زۆرترین ئاستی‌ دادپه‌روه‌ری‌ له‌ دابه‌شكردنی‌ ئه‌و بودجه‌یه‌دا هه‌بێت.
ده‌رباره‌ی‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ زۆربه‌ی‌ بودجه‌ی‌ 2011 به‌كاربردنه‌ و كه‌مترینی بۆ وه‌به‌رهێنانه‌، دكتۆر ره‌فیق سابیر وتی‌: به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌مه‌ یه‌كێكه‌ له‌ بواره‌ ناته‌واویه‌‌ هه‌ره‌ گه‌وره‌كانی‌ بودجه‌ی‌ هه‌رێم، كه‌ 70.23% ی‌ بۆ به‌كاربردنه‌، 29.77% ی‌ بۆ وه‌به‌رهێنانه‌، ئه‌مه‌ كه‌له‌به‌رێكی‌ زۆرگه‌وره‌یه‌ له‌ بودجه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا، بۆیه‌ ئه‌م بودجه‌یه‌ ناتوانێت هه‌ندێك ئامانجی‌ ستراتیژی‌ گه‌وره‌ی‌ هه‌بێت، ناشتوانێت گه‌شه‌پێدانی‌ جدی به‌ژیانی‌ ئابوریی‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بدات.
دواجار ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی‌ لیستی‌ كوردستانی‌ ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شکرد، که‌ تائێستا رون نیه‌ بودجه‌ی‌ ساڵی‌ 2011 ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ حكومه‌ت یان چاكسازی‌ تێدا ده‌كرێت.
جێگای‌ ئاماژه‌یه‌ به‌پێی‌ په‌یڕه‌وی‌ ناوخۆیی‌ په‌رله‌مان، پرۆژه‌ یاسای‌ بودجه‌ی‌ ساڵی‌ 2011 زیاتر له‌ (7) مانگ له‌كاتی‌ یاسایی‌ خۆی‌ دواكه‌وتوه‌ و هه‌وڵیش له‌ ئارادایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌زویی له‌په‌رله‌مان تێپه‌ڕێنرێت.

Sbeiy.com © 2007