Print
 بودجه‌ی‌ 2011؛ له‌مساڵدا 260 ملیار دینار بۆ ده‌رماڵه‌ی‌ (ئیستسنائی) ته‌رخانكراوه‌
Saturday, May 21, 2011
(سبه‌ی):
به‌شێكی‌ زۆری‌ ئه‌و پاره‌یه‌ی‌ ساڵانه‌ بۆ موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌ران ته‌رخانده‌كرێت، بۆ ده‌رماڵه‌یه‌، حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌مساڵدا 2 ترلیۆن ‌و 39 ملیار دیناری‌ بۆ ده‌رماڵه‌ ته‌رخانكردوه‌و به‌شێكی‌ ئه‌م ده‌رماڵانه‌ش پێویستن ‌و ده‌بێت هه‌بێت، به‌ڵام به‌شێكی‌ گومانی‌ له‌سه‌ره‌، له‌وانه‌ش ده‌رماڵه‌ی‌ (ئیستسنائیه‌).
ده‌رماڵه‌ی‌ ئیستسنائی له‌ زۆر وڵاتدا هه‌یه‌، به‌ڵام میكانیزمێك هه‌یه‌ بۆ خه‌رجكردنی‌، ئه‌م ده‌رماڵه‌یه‌‌ پێویسته‌ هه‌بێت بۆ كاری‌ تایبه‌ت ‌و پێویسته‌ بڕێكی‌ دیاریكراوبێت ‌و به‌ میكانیزمێكی‌ رون خه‌رجبكرێت.
حكومه‌تی‌ هه‌رێم جگه‌ له‌وه‌ی‌ پاره‌‌ كه‌ بۆ 19 جۆر ده‌رماڵه‌ ته‌رخانیده‌كات و‌ بریتین له‌ ده‌رماڵه‌ی‌ (مه‌ترسی‌، كاری‌ زیاده‌، نیشته‌جێبون، میوانداری‌، چاودێر، پله‌و پایه‌، خزمه‌تكردنی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌، مه‌ترسی‌ ئه‌منی‌، بڕاوه‌، خواردن، پێگه‌ی‌ جوگرافی‌، بڕوانامه‌، زه‌وجی‌، منداڵ، پیشه‌یی‌، ده‌رماڵه‌ی‌ ئه‌ندازیاری‌، تایبه‌ت، خه‌رجی‌ گه‌شتكردن)؛ ده‌رماڵه‌یه‌كی‌ دیكه‌ هه‌یه‌ به‌ناوی‌ ده‌رماڵه‌ی‌ ئیستسنائی‌، كه‌ ریزبه‌ندی‌ سێیه‌می‌ هه‌یه‌ له‌ ریزبه‌ندی‌ ده‌رماڵه‌كانداو له‌مساڵدا 260 ملیار دینار بۆ ئه‌و جۆره‌ ده‌ر‌ماڵه‌یه‌ ته‌رخانكراوه‌.
ئه‌و ده‌رماڵه‌یه‌ش بۆ ئه‌و كه‌سانه‌یه‌ كه‌ زیاتر 100% ده‌رماڵه‌ وه‌رده‌گرن ‌و ئه‌گه‌ر فه‌رمانبه‌رێك به‌ 100% ده‌رماڵه‌ وه‌ربگرێت ئه‌وه‌ی‌ ده‌مێنێته‌وه‌ وه‌ك ده‌رماڵه‌ی‌ ئیستسنائی بۆی‌ ده‌نوسرێت ‌و هه‌مو فه‌رمانبه‌رانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانیش وه‌ك یه‌ك سودمه‌ند نین له‌م ده‌رماڵه‌.
ده‌رماڵه‌ی‌ ئیستسنائی له‌ زۆر وڵاتدا هه‌یه‌، بۆنمونه‌ له‌ هه‌ندێك وڵاتدا ئه‌وانه‌ی‌ له‌ بواری‌ نه‌وه‌وی‌ ‌و هاوشێوه‌یدا كار ده‌كه‌ن، ئه‌و ده‌رماڵه‌یان ده‌درێتێ، به‌ڵام له‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا هیچ كارێك نییه‌ كه‌ ده‌رماڵه‌ی‌ بۆ خه‌رجبكرێت له‌و 19 جۆره‌ی‌ ده‌رماڵه‌ به‌ده‌ربێت، ئیدی‌ ده‌بێت ده‌رماڵه‌ی‌ ئیستسنائی بۆ چی‌ بێت؟
له‌ساڵی‌ 2009دا بڕی‌ 188 ملیار دینار و له‌ ساڵی‌ 2010دا بڕی‌ 290 ملیار دیناری‌ دیكه‌ بۆ ئه‌م ده‌رماڵه‌یه‌‌ ته‌رخانكراوه‌، له‌ شه‌ش مانگی‌ یه‌كه‌می‌ ساڵی‌ پاریشدا 165 ملیار دینار خه‌رجكراوه‌و له‌ ئه‌مساڵیشدا 260 ملیار ته‌رخانكراوه‌.
ئه‌وه‌ی‌ كه‌ جێگه‌ی‌ سه‌رنجه‌ ئه‌وه‌یه‌؛ ئه‌م ده‌رماڵه‌یه‌ بۆ كێیه‌؟ ئایا بۆ ده‌بێت ئه‌م ده‌رماڵه‌یه‌ له‌ هه‌مو جۆره‌كانی‌ دیكه‌ی‌ ده‌رماڵه‌ پاره‌ی‌ زیاتری‌ بۆ ته‌رخان بكرێت و خه‌رجبكرێت و نه‌شزاندرێت بۆ كێیه‌؟
Sbeiy.com © 2007