Print
 بودجه‌ی‌ 2011ی هه‌رێم؛ له‌ بودجه‌ی‌ ئه‌مساڵیشدا جێگه‌ی‌ 25 هه‌زار فه‌رمانبه‌ره‌كه‌ی‌ پارساڵ نه‌كراوه‌ته‌ كه‌ به‌ نایاسایی دامه‌زراون
Saturday, May 21, 2011
(سبه‌ی):
ساڵی رابوردو پاره‌ بۆ 25 هه‌زار فه‌رمانبه‌ر ته‌رخانکراوه،‌ که‌ به‌ نایاسایی دامه‌زراون، به‌ڵام ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ ونه‌، چونکه‌ ساڵی رابوردو به‌ ره‌زامه‌ندی‌ په‌رله‌مانی کوردستان كه‌ وه‌ك میلاكات به‌سه‌ر وه‌زاره‌ت‌و دامه‌زراوه‌كانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا دابه‌شكرا، بڕیاربو 9547 كه‌س دابمه‌زرێت، كه‌چی حكومه‌ت 35 هه‌زار فه‌رمانبه‌ری‌ دامه‌زراند، به‌و پێیه‌ش 25 هه‌زارو 453 كه‌س به‌ نایاسایی دامه‌زران.
سه‌رباری‌ ئه‌وه‌ش ده‌بوایه‌ له‌ بودجه‌دا جێگه‌ی‌ ئه‌و كه‌سانه‌ بكرایه‌ته‌وه‌و موچه‌یان بۆ ته‌رخانبكرایه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ جێی‌ پرسیاره‌ له‌ بودجه‌ی ئه‌مساڵیشدا جێگه‌ی‌ ئه‌و كه‌سانه‌ نه‌کراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵگه‌ی‌ ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌یه‌؛ ژماره‌ی‌ فه‌رمانبه‌ران به‌بێ‌ ئه‌و 25 هه‌زار‌و 453 كه‌سه‌ كه‌ به‌ نایاسایی‌ دامه‌زراون له‌ ساڵی رابردودا، 625 هه‌زار كه‌س بوه‌، ئه‌مساڵیش بڕیاره‌ 25 هه‌زار فه‌رمانبه‌ر دابمه‌زرێت، ئه‌وه‌ش كه‌‌ له‌ پرۆژه‌ی‌ بودجه‌ی‌ ئه‌مساڵدا هاتوه، ته‌نها موچه‌ بۆ‌ 650 هه‌زار فه‌رمانبه‌ر دیاریكراوه‌و دیارنیه‌ ئه‌و 25 هه‌زار فه‌رمانبه‌ره‌ی‌ دیكه‌ چۆن‌و له‌ كوێ‌ موچه‌یان بۆ دیاریكراوه‌.
له‌ ساڵی‌ 2009دا ژماره‌ی‌ فه‌رمانبه‌ران 616 هه‌زارو 302 فه‌رمانبه‌ر بوه‌، به‌ دامه‌زراندنی‌ 9 هه‌زارو547 كه‌س، ژماره‌که‌ بوه‌ به‌ 625 هه‌زارو 849 فه‌رمانبه‌ر، له‌ ساڵی‌ 2011شدا بڕیاری‌ دامه‌زراندنی‌ 25 هه‌زار فه‌رمانبه‌ر دراو ژماره‌كه‌ بو به‌ 650 هه‌زارو 849 فه‌رمانبه‌ر، بۆیه‌‌ ئه‌و 25 هه‌زار فه‌رمانبه‌ره‌ی‌ دیكه‌ له‌ كوێ‌ جێگایان‌ كراوه‌ته‌وه،‌ كه‌ به‌نایاسایی‌ دامه‌زراون.
له‌لایه‌کی تره‌وه‌، ژماره‌یه‌كی‌ زۆر له‌‌ كادیری‌ حیزبی‌ فه‌رمانبه‌رن له‌ وه‌زاره‌تی‌ دارایی ‌‌و له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ رێكخراوه‌كان، به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ بۆ ساتێكیش ده‌وام بكه‌ن، له‌ناو ئه‌و كه‌سانه‌شدا ئه‌ندام مه‌ڵبه‌ند موچه‌ی‌ به‌رێوه‌به‌ری‌ ته‌نفیزی‌ وه‌رده‌گرێت، ده‌یان كادیری‌ حیزبی‌ موچه‌ی‌ راوێژكارو به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتی‌ وه‌رده‌گرن، ساڵانه‌ پاره‌یه‌كی‌ زۆر له‌ بودجه‌ی‌ گشتی‌ بۆ ئه‌م كادیره‌ حیزبیانه‌ كه‌ به ‌نایاسایی‌ كراونه‌ته‌ فه‌رمانبه‌ر خه‌رجده‌كرێت.
ژماره‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ ئێستای‌ وه‌زاره‌تی‌ دارایی‌ 30 هه‌زارو 296 فه‌رمانبه‌ره‌و 816 ملیار‌و 118 ملیۆن دینار موچه‌یان بۆ ته‌رخانکراوه‌، ئه‌گه‌ر رێژه‌یه‌كی‌ تێكڕایی‌ وه‌ربگیرێت؛ موچه‌ی‌ كارمه‌ندێكی‌ وه‌زاره‌تی‌ دارایی‌ بۆ ئه‌م ساڵ 4.8 ئه‌وه‌نده‌ی‌ موچه‌ی‌ كارمه‌ندێكی‌ وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌یه‌، چونكه‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بۆ 118 هه‌زار‌و 471 فه‌رمانبه‌ری‌ وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه،‌ 627 ملیار‌و 972 ملیۆن دیناری‌ ته‌رخانكردوه‌.
به‌م پێیه‌ هه‌رچه‌نده‌ ژماره‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌ نزیكه‌ی‌ چوار ئه‌وه‌نده‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ وه‌زاره‌تی‌ داراییه‌، به‌ڵام موچه‌ی‌ ته‌رخانكراو بۆ فه‌رمانبه‌رانی‌ وه‌زاره‌تی‌ دارایی‌ 189 ملیار دیناری‌ زیاتره‌ له‌ موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌، له‌م روانگه‌یه‌شه‌وه‌ له‌ رێژه‌ سه‌دییه‌كه‌دا مانگانه‌ هه‌ر فه‌رمانبه‌رێكی‌ وه‌زاره‌تی‌ دارایی‌ 2 ملیۆن‌ و 266 هه‌زار دینار وه‌رده‌گرێت، که‌ ئه‌م موچه‌ زۆرانه‌ش بۆ فه‌رمانبه‌ری‌ ئاسایی‌ نییه‌، به‌ڵكو به‌شی‌ هه‌ره‌ زۆری‌ بۆ ئه‌و كادیره‌ حیزبیانه‌یه‌ كه‌ موچه‌یه‌كی‌ به‌رزییان هه‌یه‌ له‌م وه‌زاره‌ته‌.
Sbeiy.com © 2007