Print
 بودجه‌ی‌ 2011؛ له‌ موچه‌ی‌ ئه‌و 25 هه‌زار كه‌سه‌ی‌ داده‌مه‌زرێن، 1 ترلیۆن ‌و 498 ملیار دینار زیاده‌یه‌
Saturday, May 21, 2011

(سبه‌ی‌):
یه‌كێك له‌و خانانه‌ی‌ بودجه‌ی‌ (به‌كاربردن) كه‌ ساڵانه‌ زۆرترین پاره‌ی‌ له‌ بودجه‌دا بۆ ته‌رخان ده‌كرێت، موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانه‌، له‌ بودجه‌ی‌ گشتیشدا زۆرترین بڕ بۆ موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌ران ته‌رخانكراوه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا زۆرترین زیاده‌ڕه‌وی‌ و كه‌موكورتی‌ ‌و به‌ هه‌ده‌ردان‌و كاری‌ نایاسایی‌، له‌موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌راندا ده‌كرێت.
به‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام و به‌ مه‌به‌ستی‌ بێده‌نگكردنی‌ هاوڵاتیان‌و وه‌ڵامنه‌دانه‌وه‌ی‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ بۆچی‌ پرۆژه‌ی‌ خزمه‌تگوزاری‌ پێشكه‌ش به‌ هاوڵاتیانی‌ كوردستان ناكرێت، ده‌سه‌ڵات ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات زۆرترین به‌شی‌ بودجه‌ بۆ موچه‌یه‌و زۆر جار ئه‌مه‌ش تێده‌په‌ڕێنێت و رێژه‌و ژماره‌ی‌ هه‌ڵه‌ ده‌دات وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ "70% بودجه‌ بۆ موچه‌ ده‌ڕوات".
به‌پێی‌ به‌دواداچونێك بۆ ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی‌ له‌ بودجه‌ بۆ فه‌رمانبه‌ران ته‌رخانكراوه‌، هیچ ساڵێك نه‌بوه‌ 30% زیاتر له‌ پاره‌ی‌ بودجه‌ بۆ موچه‌خۆری‌ فه‌رمی‌ بێت، مه‌به‌ست له‌ موچه‌خۆری‌ فه‌رمی‌ هه‌ڵاواردنی‌ هه‌مو ئه‌و كاره‌ نایاساییانه‌یه‌ كه‌ له‌موچه‌دا هه‌یه‌و ده‌رهێنانی‌ هه‌مو ئه‌و كه‌سانه‌یه‌ له‌ لیستی‌ موچه‌، كه‌ به‌ نایاسایی‌ ‌و نائاسایی‌ به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ فه‌رمانبه‌ربن، موچه‌ وه‌رده‌گرن.
له‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا به‌هه‌ده‌ردان ‌و ناڕێكییه‌كی‌ زۆر له‌ موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌راندا هه‌یه‌و به‌ رێكخستنه‌وه‌ی‌ ‌و نه‌هێشتنی‌ ناڕێكییه‌كان ده‌تواندرێت بڕێكی‌ زۆری‌ پاره‌ بگه‌ڕێندرێته‌وه‌ بۆ خه‌زێنه‌ی‌ گشتی‌؛ ئه‌گه‌ر سه‌یرێكی‌ نه‌خشه‌ی‌ موچه‌ بكرێت له‌ سێ‌ ساڵی‌ رابردودا، ئه‌م ناڕێكییه‌ به‌ئاسانی‌ هه‌ستی‌ پێده‌كرێت، بۆ نمونه‌؛ له‌ بودجه‌ی‌ ساڵی‌ 2009دا 3 ترلیۆن ‌و 819 ملیار دینار بۆ موچه‌ ته‌رخانكراوه‌ بۆ 616 هه‌زار‌و 302 فه‌رمانبه‌ر، له‌ بودجه‌ی‌ ساڵی‌ 2010شدا 4 ترلیۆن ‌و 602 ملیار دینار بۆ موچه‌ ته‌رخانكراوه‌ بۆ 625 هه‌زار‌و 849 فه‌رمانبه‌ر، له‌ ساڵی‌ 2011شدا 6 ترلیۆن 190 ملیار دینار بۆ موچه‌ ته‌رخانكراوه‌ بۆ 650 هه‌زار‌و 849 فه‌رمانبه‌ر.
به‌مشێوه‌ ئه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت له‌و كاته‌وه‌ی‌ فه‌رمانبه‌ر هه‌یه‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، تاوه‌كو ساڵی‌ 2009 بڕی‌ 3 ترلیۆن ‌و 819 ملیار دینار بۆ موچه‌یان بۆ ته‌رخانكراوه‌، به‌ڵام له‌ماوه‌ی‌ دو ساڵدا واته‌ له‌ 2010 ‌و 2011، ئه‌م پاره‌ بوه‌ به‌ 6 ترلیۆن ‌و 190 ملیار دینار، ئایا كام لۆجیكی‌ ئابوری‌ رێگا به‌وه‌ ده‌دات ئه‌و پاره‌یه‌ به‌ ده‌یان ساڵ بۆ موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌ران ته‌رخانكراوه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ژماره‌ی‌ فه‌رمانبه‌ران له‌و ده‌یان ساڵه‌دا گه‌شتبێته‌ 616 هه‌زار فه‌رمانبه‌ر؛ 3 ترلیۆن ‌و 819 ملیار دینار بۆ موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌ران ته‌رخانكرابێت ‌و به‌ دو ساڵیش بۆ 35 هه‌زار فه‌رمانبه‌ر 2 ترلیۆن‌و 371 ملیار دینار بۆ موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌ران زیادبوبێت؟
ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ پێش ساڵی‌ 2009 به‌ هه‌زاران فه‌رمانبه‌ر له‌ دۆخی‌ شه‌ڕی‌ ناوخۆ و ململانێدا به‌ نایاسایی‌ دامه‌زراون، پار ساڵیش له‌ دۆخی‌"ریفۆرم" و "چاكسازی‌"یدا كه‌ خۆیان ناویان لێناوه‌، ئه‌و پاره‌یه‌ كه‌ بۆ موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌ران ته‌رخانكراوه‌، به‌شێوه‌یه‌كی‌ ترسناك زیادیكردوه‌.
به‌ وردبونه‌وه‌یه‌كی خێرا ئه‌وه‌ به‌دی‌ ده‌كه‌ین كه‌ به‌و هه‌مو موچه‌ نایاساییه‌ زۆره‌ی‌ كه‌ له‌ وه‌زیر‌و بریكاری‌ وه‌زیرو راوێژكارو به‌رێوه‌به‌ری‌ گشتی‌‌و هه‌زاران كادیری‌ حیزبیش كه‌وه‌ك فه‌رمانبه‌ر ئه‌ژماركراون، له‌ ساڵی‌ رابردودا 40% بودجه‌ی‌ گشتی‌ بۆ موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌ران ته‌رخانكراوه‌و به‌ ده‌رهێنانی‌ ئه‌م موچه‌ نایاساییانه‌و خانه‌نشینی‌ نایاسایی‌ ‌و رێكخستنه‌وه‌ی‌ هه‌ندێك ده‌رماڵه‌، پشكی‌ موچه‌ له‌ بودجه‌ی‌ گشتیدا ده‌گاته‌ نزیكه‌ی‌ 30%.
له‌ بودجه‌ی‌ ئه‌مساڵی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانیشدا، 2 ترلیۆن‌و 508 ملیار دیناری‌ زیاتره‌ له‌ بودجه‌ی‌ پارساڵ، رێژه‌ سه‌دییه‌كه‌ی‌ پاره‌ی‌ ته‌رخانكراو بۆ موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌ران ده‌بو كه‌مبكات، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی‌ مه‌ترسیدار زیادیكردوه‌ بۆ 44%ی‌ بودجه‌ی‌ گشتی‌.
ئه‌وه‌ی‌ خاڵی‌ سه‌ره‌كیه‌ له‌ بودجه‌ی‌ ئه‌م ساڵداو جێگای‌ سه‌رنجه‌، بۆ دامه‌زراندنی‌ 25 هه‌زار كه‌س له‌ ساڵێكدا، ترلیۆنێك ‌و 588 ملیار دینار زیادیكردوه‌، ئه‌وه‌ چوار مانگ له‌ مساڵدا به‌سه‌ر دامه‌زراندنی ئه‌و كه‌سانه‌ تێپه‌ڕبوه‌و به‌پێی‌ رێكاره‌ یاساییه‌كان ئه‌وه‌ نیشانده‌ده‌ن دامه‌زراندنی‌ ئه‌و 25 هه‌زار كه‌سه‌ پێویستی‌ به‌ دو مانگی‌ دیكه‌ هه‌یه‌، واته‌ شه‌ش مانگ تێپه‌ڕ ده‌بێت‌و ئه‌م 25 هه‌زار كه‌سه‌ دانه‌مه‌زراون و ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌شیان بۆ ته‌رخانكراوه‌، بۆیه‌ به‌ گوێره‌ی‌ ته‌رخانكردنی‌ ئه‌و ترلیۆن ‌و 588 ملیار دیناره‌ به‌هۆی‌ زیادبونی‌ موچه‌ی‌ ئه‌و 25 هه‌زار كه‌سه‌وه‌، پێویسته‌ هه‌ریه‌ك له‌و 25 هه‌زار كه‌سه‌، مانگانه‌ 10 ملیۆن ‌و 586 هه‌زار دینار موچه‌یان پێ بدرێت، كه‌ ئه‌مه‌ش هه‌رگیز وانییه‌، خۆ ئه‌گه‌ر حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بڵێت، ئه‌م زیادبونه‌ به‌هۆی‌ زیادبونی‌ موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانه‌وه‌یه‌، ئه‌مه‌ش باوه‌ڕپێكراوه‌ نییه‌، چونكه‌ ژماره‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان 625 هه‌زار كه‌سه‌، ئه‌گه‌ر هه‌ر فه‌رمانبه‌رێكیش 100 هه‌زار دینار بۆ موچه‌كه‌ی‌ زیادبكات له‌ ساڵێكدا، پێویستی‌ به‌ 625 ملیار دیناره‌ كه‌ 39%ی‌ ئه‌وپاره‌ ده‌كات به‌ناوی‌ موچه‌وه‌ زیادكراوه‌ بۆ بودجه‌ی‌ به‌كاربردن، ئه‌ی‌ كه‌واته‌ ئه‌م زیادكردنه‌ی‌ بودجه‌ی‌ به‌ركاربردن به‌ناوی‌ موچه‌وه‌ بۆچیه‌؟ بۆ كوێ‌ ‌و كێ‌ ده‌ڕوات، ئایا ده‌كرێت نه‌زاندرێت ترلیۆنێك ‌و 588 ملیار دینار چۆن خه‌رجده‌كرێت؟
ده‌توانین لێره‌دا بڵێین؛ نزیكه‌ی‌ ترلیۆنێك‌و 250 میلیار دینار كه‌ بۆ زیادبونی‌ موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌ران دانراوه‌، به‌ نارۆشنی‌ ماوه‌ته‌وه‌و پێویستی‌ به‌ رونكردنه‌وه‌یه‌، چونكه‌ ئه‌گه‌ر مانگانه‌ی‌ هه‌ر یه‌ك له‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ی‌ ئه‌م ساڵ داده‌مه‌زرێت 600 هه‌زار دیناریش بێت ئه‌وكاته‌ی‌ كه‌ داده‌مه‌زرێن، ته‌نها 90 ملیار دینار پێویسته‌و هاوكات ترلیۆنێك ‌و 498 ملیار دینار ده‌مێنێته‌وه‌، ئایا حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان چی‌ له‌م بڕه‌ پاره‌یه‌ ده‌كات؟

Sbeiy.com © 2007