Print
 سه‌رهه‌نگ فه‌ره‌ج: ئه‌و پرۆژانه‌ی‌ له‌ بودجه‌ی‌ ئه‌مساڵدا بۆ قه‌زاكانی‌ (سه‌یدسادق و شاره‌زور و پێنجوێن) دانراوه‌، زۆربه‌یان پرۆژه‌كانی‌ ساڵی‌ رابوردون
Tuesday, May 24, 2011
(سبه‌ی‌):
چه‌ندین پرۆژه‌ كه‌ له‌ بودجه‌ی‌ ساڵی‌ پار بۆ شاره‌كانی پێنجوێن و سه‌یدسادق و قه‌زای‌ شاره‌زور بڕیاریان له‌سه‌ر درابو، تا ئێستا نه‌چونه‌ته‌ بواری‌ جێبه‌جێكردنه‌وه‌و له‌ بودجه‌ی‌ ئه‌مساڵیشدا سه‌ر له‌نوێ پاره‌يان بۆ ته‌رخانكراوه‌ته‌وه‌، ئه‌ندامێكی په‌رله‌مانیش ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا سه‌باره‌ت به‌ پاره‌ی‌ ئه‌و پرۆژانه‌ له‌ بودجه‌ی‌ ساڵی‌ پاردا پرسیاری‌ له‌ وه‌زیری‌ دارایی كردوه‌، به‌ڵام هیچ وه‌ڵامێكی نه‌داوه‌ته‌وه‌.
سه‌رهه‌نگ فه‌ره‌ج، ئه‌ندامی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان له‌ لێدوانێكدا به‌ (سبه‌ی‌) راگه‌یاند: دو پێوه‌ر هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی پرۆژه‌ خزمه‌تگوزاریه‌كان بۆ ناوچه‌كان به‌سه‌ریدا دابه‌شبكرێت، كه‌ بریتین له‌ ژماره‌ی دانیشتوان و راده‌ی‌ زه‌ره‌رمه‌ندی ناوچه‌كان.
بۆ هه‌ردو پێوه‌ره‌كه‌، ناوبراو باسی له‌ قه‌زاكانی‌ سه‌یدسادق و پێنجوێن دا كه‌ له‌لایه‌ن رژێمی‌ به‌عسه‌وه‌ خاپوركران و له‌ ئێستاشدا كه‌مترین بڕی خزمه‌تگوزاری‌ بۆ ئه‌و ناوچانه‌ ته‌رخانكراوه‌و ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو كه‌: ئه‌و پرۆژانه‌ی‌ له‌ بودجه‌ی‌ ئه‌مساڵدا بۆ ئه‌و ناوچانه‌ دانراوه‌، زۆربه‌یان پرۆژه‌كانی‌ ساڵی‌ رابوردون كه‌ هیچ ئیشێكیان تێدا نه‌كراوه‌، یاخود پارساڵ به‌ كه‌موكوڕی‌ كاریان تێداكراوه‌و ئێستاش بودجه‌یان بۆ ته‌رخانكراوه‌ته‌وه‌.
سه‌رهه‌نگ فه‌ره‌ج رونیكرده‌وه‌: دادگاكانی قه‌زاكانی‌ شاره‌زور و سه‌یدسادق، ساڵی‌ پار یه‌كی 1 ملیۆن دۆلاریان بۆ ته‌رخانكراوه‌ له‌ پرۆژه‌كانی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ریدا، به‌ڵام هیچیان جێبه‌جێ نه‌كران و ئه‌مساڵیش له‌ پرۆژه‌كانی (په‌ره‌پێدان) جارێكی دیكه‌ پاره‌یان بۆ ته‌رخانكراوه‌ته‌وه‌.
هاوكات ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕو، چه‌ند پرۆژه‌یه‌ك له‌و سنورانه‌ له‌ بودجه‌ی‌ ئه‌مساڵدا بڕیاری له‌سه‌ر دراوه‌، ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ ئه‌و پرۆژانه‌ ناچنه‌ بازنه‌ی‌ خزمه‌تكردن به‌ شاره‌كان، نمونه‌ی‌ ئه‌وه‌شی‌ به‌ رێگای‌ سه‌ره‌كی سه‌یدسادق- پێنجوێن و مه‌رزی باشماخ هێنایه‌وه‌و وتی: ئه‌و پرۆژانه‌ی بۆ مه‌رزی باشماخ ده‌كرێت، له‌سه‌ر پێنجوێن حساب ده‌كرێت، ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ مه‌رزی باشماخ مه‌رزێكی نێوده‌وڵه‌تیه‌ و داهاتی گه‌وره‌ی هه‌یه‌ بۆ كوردستان و ده‌بوایه‌ له‌ چوارچێوه‌ی‌ پرۆژه‌ ستراتیژیه‌كان، پرۆژه‌ی بۆ ته‌رخانبكرایه‌.
سه‌باره‌ت به‌و پارانه‌ی‌ بۆ پرۆژه‌كانی‌ پارساڵ ته‌رخانكراوه‌و پرۆژه‌كانیش جێه‌به‌جێ نه‌كراون، ئه‌ندامه‌كه‌ی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان ئه‌وه‌ی‌ خسته‌ڕو كه‌، له‌وباره‌یه‌وه‌ پرسیاری‌ له‌ وه‌زیری‌ دارایی كردوه‌، به‌ڵام هیچ وه‌ڵامێكی نه‌داوه‌ته‌وه‌.
Sbeiy.com © 2007