|
فراكسیۆنی گۆڕان لە هەڵسەنگاندنێكدا: تەخشان و پەخشانێكی زۆر لە بودجەی ئەمساڵدا كراوە |
Tuesday, May 24, 2011 |
(سبهی):
زیاتر لە (1275) پرۆژەی ساڵی رابوردو، ئەمساڵیش بودجەیان بۆ تەرخان كراوەتەوە، بێئەوەی چارەنوسی بودجەی تەرخانكراوی ساڵی رابردویان دیاربێت.
كوێستان محەمەد، ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان، بۆ رۆژنامهی (رۆژنامە)ی ئاشكراكرد: "1275 پرۆژەی ساڵی رابوردو هەیە، كە پارەی تەرخانكراوی ساڵی رابوردویان بۆ خەرجنەكراوەو ئەمساڵیش خراونەتە ناو پرۆژە بەردەوامەكانی ساڵی (2011)ەوە، كە كۆی پارەی ئەو پرۆژانە نزیكەی (660) ملیار دینارەو ئەمساڵیش هەمان بڕیان بۆ دانراوەتەوە، بەو پێیەش؛ حكومەت كەمتر (34%)ی بودجەی که پرۆژەكانی خستوەتە بواری جێبەجێكردنەوە" و بڕوای خۆیشی پیشاندا: "دەبو، ئەو بودجەیەی که نەخراوەتە بواری جێبەجێكردنەوە، لە بودجەی ئەمساڵدا وەكو بودجەی (مدور)، لە خانەی داهاتەكاندا ئاماژەی پێبدرایە، بەڵام تائێستا چارەنوسی دیارنییەو لە حساباتی كۆتایشدا هیچ ئاماژەیەكی پێ نەكراوە".
ئەو پەرلەمانتارە، ئەوەشی ئاشكراكرد: "جگە لەو پرۆژانە، (489) پرۆژەی دیكەش لە بودجەی پاردا ماوەی تەواوبونیان كەمترە لە ساڵێك و تائێستا تەواو نەكراون و لە بودجەی (2011)یش، پارەی تەواویان بۆ دانەنراوە، بەو مانایەش پرۆژەیەكی یەك ساڵیی، بە سێ ساڵ تەواو دەكرێت، تەنانەت هەندێك پرۆژە هەیە ماوەی تەواوبونەكەی (2) مانگە، بەڵام بە سێ ساڵ پارەی بۆ تەرخاندەكرێت.
هەر لەبودجەی ئەمساڵداو لە خانەی پرۆژە پێشنیازكراوەكاندا، پرۆژە هەیە ماوەی تەواوبونەكەی سێ ساڵەو گوژمەكەی (45) ملیار دینارە، ئەمساڵ تەنیا ملیارێك دیناری بۆ تەرخانكراوە، پرۆژەی دیكە هەیە بڕی (20) ملیارو (500) ملیۆن دیناری پێویستەو ئەمساڵ تەنیا ملیارێكی بۆ تەرخانكراوە.
لە تازەترین پێشهاتیشدا، دوێنێ دوشهممه فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان، لە راپۆرتێكی هەڵسەنگاندندا كە لە دوتوێی (23) مادەدا بڵاویكردوەتەوەو دانهیهکی دهست (رۆژنامه) کهوتوه، بەشێكی زۆری خەوشەكانی "خەمڵاندن"ەكەی حكومەتی هەرێم بۆ بودجەی ئەمساڵی خستوەتەڕو، لە كۆتایی راپۆرتەكەشیدا فراكسیۆنی "گۆڕان" بڕوای خۆی پیشانداوە: "بەو هەمو تەرحە زۆرو زەوەندەی لەسەر بودجەكە لەنێو تەلاری پەرلەمان و لە دەرەوەیدا لەلایەن شیكەرەوانی بودجە خرانە بەرچاو، دەبو ئەو بودجەیە بگەڕێندرێتەوە بۆ حكومەت؛ بۆئەوەی لانیكەم وەك بودجەیەكی زانستیی بەرجەستە بكرێت؛ كە تەخشانو پەخشانی زۆری تێدا كراوە". |
|
|