Print
 ئاوات محه‌مه‌د: هه‌ندێك رێكخراو له‌بری‌ به‌مه‌ده‌نیكردن،‌ كۆمه‌ڵگایان به‌ حیزبی‌ كردوه‌
Tuesday, May 24, 2011
(سبه‌ی):
له‌ بودجه‌ی 6 مانگی‌ یه‌كه‌می‌ ساڵی پاردا حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان (227) ملیار و (678)ملیۆن دیناری ته‌رخانكرد بۆ به‌خشین، كه‌ به‌شێكی به‌رچاوی ئه‌م بڕه‌ پاره‌یه‌ بۆ میدیاكان و رێكخراوه‌ حیزبی و نزیكه‌كانی حیزب خه‌رجكراوه‌، له‌ بودجه‌ی ئه‌مساڵیشدا به‌شێوازی جیا جیا ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ بۆ رێکخراوه‌کان ته‌رخان کراوه‌ته‌وه‌و چالاكوانێكی‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ مه‌ده‌نیش ده‌ڵێت: بڕینه‌وه‌ی پاره‌ بۆ هه‌ندێک له‌و رێکخراوانه‌ مرۆڤ توشی‌ شۆك ده‌كات.
ئاوات محه‌مه‌د، رێكخه‌ری فیدراسیۆنی رێکخراوه‌کانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی به‌ (سبه‌ی)ی راگه‌یاند: هه‌ندێك رێكخراو هه‌یه‌ كاری باش ده‌كه‌ن، به‌ڵام له‌ روی مادیه‌وه‌ باش نین بۆیه‌ هاوكاری ئه‌و رێكخراوانه‌‌ بکرێت كارێكی باشه‌، به‌ڵام گرفته‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ یاسایه‌ك نیه‌ ئه‌و مینحه‌یه‌ رێكبخات، هه‌رچه‌نده‌ یه‌كێك له‌ گرفته‌كان ئه‌و به‌خشینانه‌یه‌ كه‌ له‌ بودجه‌ی هه‌رێمدا ماوه‌ته‌وه،‌ به‌ تایبه‌تیش ئه‌و پارانه‌ی كه‌ ده‌درێت به‌ رێكخراوه‌كان، ده‌توانین بڵێین به‌شێكی باشی ئه‌و پارانه‌ به‌ هه‌ده‌ر ده‌چێت، چونكه‌ زیاتر ده‌درێت به‌و رێكخراوانه‌ كه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ نزیكن.
وتیشی‌: ئێمه‌ وه‌ك فیدارسیۆن چه‌ند ساڵێكه‌ پێشنیارمان كردوه‌ حكومه‌ت له‌ سه‌ر بنه‌مای پرۆژه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ رێكخراوه‌كاندا بكات و حكومه‌تیش هاته‌ سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌، به‌ڵام تائێستا ئه‌و بڕیاره‌ جێبه‌جێنه‌كراوه‌، له‌دوای ده‌رچونی یاسای كاری رێكخراوه‌كان که‌ چه‌ند رۆژێكه‌ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم واژۆیكردوه،‌ واباشتره‌ ئیتر به‌ پێی پرۆژه‌ له‌مه‌ودوا یارمه‌تی رێكخراوه‌كان بدرێت كه‌ پێشكه‌شی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی ده‌كه‌ن، چونكه‌ زۆرجار باس له‌ پاره‌ی زۆر ده‌كرێت، كه‌ ده‌درێن به‌و رێكخراوانه‌ی له‌ حیزبه‌وه‌ نزیكن، توشی شۆك ده‌بیت.
ئاوات محه‌مه‌د، پێدانی به‌خشینی به‌ هه‌ندێك له‌ رێكخراوه‌كان به‌ ناڕه‌وا وه‌سفكرد، وتیشی: هه‌ندێك رێكخراو مۆركێكی حیزبیان هه‌یه‌ و له‌بری‌ به‌ مه‌ده‌نیكردنی‌ كۆمه‌ڵگا، كاره‌كه‌یان جۆرێكی تری رێكخستنی حیزبیه‌‌ ‌و كۆمه‌ڵگایان به‌ره‌و ئه‌و ئاراسته‌یه‌ بردوه‌، ده‌كرێت ئه‌و رێكخراوانه‌ بودجه‌ له‌ حیزبه‌كانیان وه‌ربگرن، به‌ڵام نابێت ئه‌و رێكخراوانه‌ ئه‌ركه‌كانیان بكه‌وێته‌ سه‌ر ده‌وڵه‌ت و هه‌روه‌ها وه‌ك رێكخراوێكی ناحیزبی خۆیان پێناسه‌ بكه‌ن.
ئه‌وه‌شی راگه‌یاند: كۆمه‌ڵگای ئێمه‌ هێشتا له‌ سه‌ره‌تای به‌ مه‌ده‌نی بوندایه‌، ئه‌و جۆره‌ رێكخراوانه‌ش له‌ رژێمی شمولیدا هه‌وڵی لاوازكردن و كۆنترۆڵ كردنی ئه‌و پنتانه‌ ده‌ده‌ن، كه‌ جۆرێك له‌ ئازادی و مه‌ده‌نی بونی تێدایه‌، بۆیه‌ ئه‌و رێكخراوانه‌ی كه‌ له‌ ژێرسێبه‌ری حیزبدان نه‌یانتوانیوه‌ له‌ كایه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كاندا كار بكه‌ن.
هه‌رچه‌نده‌ ئه‌مساڵ حكومه‌تی هه‌رێمی کوردستان بڕیاریدا مینحه‌ی رێكخراو و میدیاكانی ببڕێت و به‌ پرۆژه‌ مینحه‌ بدات به‌رێكخراوه‌كان، به‌ڵام له‌پرۆژه‌ یاسای بودجه‌ی ئه‌مساڵیشدا كه‌ ئێستا له‌ په‌رله‌مانی كوردستان گفتوگۆی له‌سه‌ر ده‌كرێت، له‌ بری كه‌مكردنه‌وه‌ی ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ كه‌ بۆ به‌خشین دانراوه،‌ به‌پێچه‌وانه‌وه‌ بڕه‌كه‌ زیادی‌ كردوه‌ بۆ (761)ملیار دینار، به‌شێكی‌ زۆری‌ ئه‌م بڕه‌ پاره‌یه‌ش بۆ رێكخراوه‌كانه‌.
Sbeiy.com © 2007