Print
 په‌رله‌مانتارێک: کاریگه‌ری ناوچه‌یی و حیزبی به‌سه‌ر دابه‌شکردنی بودجه‌وه‌ هه‌یه‌
Thursday, May 26, 2011

(سبه‌ی):
ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی کوردستان تا دێت هه‌ڵه‌و که‌موکوڕی زیاتر له‌ پڕۆژه‌ یاسای بودجه‌ی ئه‌مساڵی هه‌رێمدا ده‌دۆزنه‌وه‌، هاوکات په‌رله‌مانتارێکی ئۆپۆزسیۆنیش ده‌ڵێت: به‌م که‌موکوڕییانه‌وه‌ ده‌نگ به‌ په‌سه‌ندکردنی بودجه‌ ناده‌ین.
محه‌مه‌د سه‌عید محه‌مه‌د، په‌رله‌مانتاری فراکسیۆنی یه‌کگرتوی ئیسلامی له‌ په‌رله‌مانی کوردستان بۆ‌ (سبه‌ی)ی وتی: گرنگترین بواری ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ رێگاوبانه‌کانن، ئێمه‌ پێشتر داوامانکرد رێگاوبانه‌کان بکرێن به‌ هێڵی خێرا، که‌ دیزاین و نه‌خشه‌سازیکردنه‌که‌ی قۆناغێکی بڕیوه‌و‌ ده‌بوایه‌ بودجه‌یه‌کی زۆری بۆ دابنرایه‌، به‌ڵام بڕه‌که‌ی ته‌نها 89 ملیار دیناره‌و بڕێکی زۆر که‌مه‌، له‌کاتێکدا وه‌زاره‌تی ئاوه‌دا‌نکردنه‌وه‌و نیشته‌جێکردن داوای زۆری کردوه‌ و ده‌ڵێت؛ ده‌توانین تا 200 ملیار دینار خه‌رج بکه‌ین.
ئه‌وه‌شی وت: داوامانکردوه‌ له‌ بودجه‌ی وه‌گه‌ڕخستن به‌ تایبه‌ت به‌شه‌کانی چاککردنه‌وه‌و مه‌سره‌فی ترو مینحه‌و پاداشت که‌مبکرێته‌وه،‌ به‌مه‌ش نزیکه‌ی‌ ترلیۆن و نیوێک دینار ده‌گه‌ڕێته‌وه‌و ته‌رخانکردنی بڕی 200 ملیار دیناریش بۆ ئاوه‌دانکردنه‌وه،‌ کاریگه‌ری ئه‌وتۆی نابێت له‌ سه‌ر ئه‌و بڕه‌ پاره‌ زۆره‌ی که‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.
محه‌مه‌د سه‌عید محه‌مه‌د، که‌ هاوکات ئه‌ندامی لیژنه‌ی ئاوه‌دانکردنه‌وه‌و نیشته‌جێکردنی په‌رله‌مانه‌، راشیگه‌یاند: "بواری ئاوادانکردنه‌وه‌ و ژێرخانی ئابوری هه‌رێم له‌ دواوه‌یه،‌ ده‌بێت له‌ بودجه‌ی وه‌گه‌ڕخستن که‌مبکرێته‌وه‌ بۆ وه‌به‌رهێنان، به‌ڵام بێ پلانی و بێ به‌رنامه‌یی له‌ دابه‌شکردنی بودجه‌دا هه‌یه‌، چونکه‌ هه‌ندێک شوێن که‌می ده‌وێت و زۆری بۆ ته‌رخانکراوه‌ و هه‌ندێکی تر به‌ پێچه‌وانه‌وه‌یه‌، که‌ کاریگه‌ری شه‌خسی و ناوچه‌ی و حیزبی و سیاسی به‌ سه‌ر ئه‌م جۆره‌ دابه‌شکردنانه‌وه‌ هه‌یه،‌ نه‌ک کاریگه‌ری ئه‌کادیمی".
له‌باره‌ی ده‌نگدان به‌ بودجه‌، په‌رله‌مانتاره‌که‌ی یه‌کگرتو رایگه‌یاند: وه‌ک ئۆپۆزسیۆن ده‌نگ به‌ بودجه‌ ناده‌ین، هه‌روه‌ها فراکسیۆنی کوردستانی ماوه‌ی 10 رۆژه‌ باس له‌ که‌موکوڕی جه‌وهه‌ری وستراتیژی و بودجه‌ ده‌که‌ن، که‌چی داواش ده‌که‌ن تێپه‌ڕێت، له‌کاتێکدا ده‌بو داوایان بکردایه‌ که‌موکوڕیی بودجه‌ له‌ په‌رله‌مان چارسه‌ر بکرێت یا بگه‌ڕێنرێته‌وه‌ بۆ حکومه‌ت، به‌ڵام ئاشکرایه‌ کاریگه‌ری حیزبی و زۆرینه‌ و که‌مینه‌ی به‌ سه‌ره‌وه‌ ده‌بێت.

Sbeiy.com © 2007