(سبه‌ی):
توێژه‌رێكی ئابوریی له راپۆرتێكی شیكاریدا ده‌رباره‌ی بودجه‌ی ئه‌مساڵی هه‌رێمی کوردستان، ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌کات، که گومان و ونبونێكی زۆر له داهاتی هه‌رێمدا هه‌یه، ئه‌و ونییهی له داهاتی هه‌رێمی كوردستاندا هه‌یه ئه‌سته‌مه له هیچ شوێنێكی دونیادا هاوشێوه‌ی هه‌بێت.
پێش ئه‌وه‌ی قسه له‌سه‌ر ناوه‌ڕۆكی داهاته‌كه بكه‌ین، ئه‌وه ده‌خه‌ینه‌ڕو، كه چۆن حكومه‌تی هه‌رێم زانیاری‌و ژماره‌ی هه‌ڵه‌و نادروست‌و دژ به‌یه‌كی داوه‌ته په‌رله‌مانی كوردستان‌و حكومه‌تی ناوه‌ندی، حكومه‌تی هه‌رێم ئه‌گه‌ر به‌و لۆجیكه بیربكاته‌وه، كه له‌به‌رئه‌وه‌ی داهاتی هه‌رێم به‌پێی یاسا داهاتێكه ده‌بێت بگه‌ڕێته‌وه بۆ حكومه‌تی ناوه‌ند ئاساییه گه‌نده‌ڵی تێدا بكرێت، ئه‌مه زۆر مه‌ترسیداره.
یه‌كێك له‌و كه‌موكورتییه گه‌ورانه‌ی هه‌یه ئه‌وه‌یه، حكومه‌تی هه‌رێم زانیاری نادروست له‌باره‌ی داهاتی هه‌رێمی كوردستان ده‌داته پهرلهمانو حكومه‌تی ناوه‌ندی، گه‌ر ساڵی 2009 وه‌ربگرین 3 ژماره‌ی فه‌رمی حكومه‌تی هه‌رێممان له‌به‌رده‌سته سه‌باره‌ت به داهاتی هه‌رێمی كوردستان كه ژماره‌كان جیاوازن له یه‌كتری.
له حیساباتی خیتامی ساڵی 2009دا، داهاتی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان به 456 ملیار‌و446 ملیۆن دینار هاتوه، له بودجه‌ی ساڵی 2010ی هه‌رێمی كوردستاندا داهاتی هه‌رێمی كوردستان بۆ ساڵی 2009 به 375 ملیار‌و 129 ملیۆن دینار هاتوه.
هه‌روه‌ها له بودجه‌ی ساڵی 2011دا داهاتی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان بۆ ساڵی 2009به 228 ملیار‌و91 ملیۆن دینار هاتوه، كه‌واته ده‌بێت به‌كام له‌م ژمارانه باوه‌ڕبكه‌ین، كه داهاتی هه‌رێمی كوردستانه؟
له بواری خهمڵاندیشدا، حكومه‌ت پێوه‌رێكی لۆجیكی پێڕه‌و نه‌كردوه بۆ داهاته‌كان، بۆ نمونه له‌شه‌ش مانگی یه‌كه‌می ساڵی 2010دا داهاتی هه‌رێمی كوردستان 316 ملیار‌و 798 ملیۆن دینار بوه، به‌ڵام داهاتی هه‌رێمی كوردستان بۆ ته‌واوی ساڵی 2011، به 400 ملیار‌و 507 ملیۆن دینار خه‌مڵێندراوه.
چه‌ند نمونه‌یه‌ك
كاره‌با: به‌پێی حیساباتی خیتامی ساڵی 2009، داهاتی كاره‌با له هه‌رێمی كوردستاندا 100 ملیار‌و 25 ملیۆن دینار بو، به‌ڵام له ساڵی 2010دا داهاتی كاره‌با به 55 ملیۆن دینار خهمڵێندرابو، له‌كاتێكدا داهاتی فه‌رمی كاره‌با به‌پێی ئه‌و فۆرمه‌ی كه له بودجه‌ی ئه‌مساڵی هه‌رێمی كوردستاندا هاتوه (الایرادات والنفقات والعجز للموازنه لحكومه اقلیم كوردستان 2011)، 151ملیار‌و 236 ملیۆن دیناره، به‌مپێیه‌ش داهاتی دروستی كاره‌با له ساڵی پاردا به‌بڕی 2749 ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌و خهمڵێندراوهیه، كه حكومه‌ت بۆ داهاتی وه‌زاره‌تی كاره‌بای كردبو.
داهاتی فه‌رمی كاره‌با به‌پێی ئه‌و فۆرمه‌ی كه بودجه‌ی ئه‌م ساڵی هه‌رێمی كوردستانی هاتووه(الایرادات والنفقات والعجز للموازنه لحكومه اقلیم كوردستان 2011) له پار ساڵدا 151 ملیار‌و 236 ملیۆن دینار بوه، بۆ ئه‌م ساڵیش داهاتی كاره‌با به 120 ملیۆن دینار ته‌خمین كراوه، ئایا ده‌كرێت داهاتی كاره‌با له پار ساڵدا 1260 ئه‌وه‌نده‌ی داهاتی كاره‌با بێت له ئه‌م ساڵدا؟
له شه‌ش مانگی یه‌كه‌می ساڵی 2010دا داهاتی وه‌زاره‌تی كاره‌با 29 ملیۆن دینار بوه، گه‌ر داهاتی كاره‌با نهشخرێته ناو داهاتی وه‌زاره‌تی كاره‌باوه، ده‌بێت به‌شێوه‌یه‌كی رون ئه‌م داهاته‌و شێوازی خه‌رجكردنی ره‌وانه‌ی په‌رله‌مان بكرێت.
نه‌وت: داهاتی وه‌زاره‌تی سامانه سروشتییه‌كان زۆر كه‌مه‌و جێی باوه‌ڕنییه، به‌پێی فۆرمی بودجه‌ی ساڵی 2010 داهاتی ساڵی 2009دا ته‌نیا (18) ملیۆن دیناره، به‌ڵام وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف (7)ملیار‌و(749) ملیۆن دیناری خستوه‌ته ناو داهاتی كوردستان، واته داهاتی وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف(430) ئه‌وه‌نده‌ی داهاتی وه‌زاره‌تی سامانه سروشتییه‌كانه، چی مه‌نتقێكی ئابوری رێگا به‌مه ده‌دات؟!
هه‌ندێک وه‌زاره‌ت ئامانج له دامه‌زارندنیان كۆكردنه‌وه‌ی داهاته بۆ وڵات، واته وه‌زاره‌تی ده‌وڵه‌ت ژییهنن، به‌ڵام وه‌زاره‌تی سامانه سروشتییه‌كان نه‌ك داهاتی بۆ هه‌رێمی كوردستان نییه، به‌ڵكو داهاته‌كه‌ی زۆر زیاتره له خه‌رجییه‌كانی خۆی، ئه‌مه‌ش به پێچه‌وانه‌ی ئه‌و بنه‌ما ئابوریانه‌یه كه باس له هۆكارو گرنگییه‌كانی دروستبونی ئه‌و وه‌زاره‌ته ده‌كه‌ن، كه ده‌بێت ئه‌م وه‌زاره‌ته داهاته‌كه‌ی هۆكاری گه‌شه‌سه‌ندنی كه‌رتی ئابوری بێت له كوردستاندا، نه‌ك ئه‌وه‌ی خه‌رجییه‌كانی له داهاته‌كه‌ی زۆرتر بێت، ئه‌گه‌ر به‌راوردێك له‌نێوان داهات و خه‌رجییه‌كانی ئه‌م وه‌زاره‌تدا بكه‌ین، ده‌بینین: داهاتی ساڵی 2010ی ئه‌م وه‌زاره‌ته به (890) ملیۆن دینار خه‌مڵێندراوه، له‌كاتێكدا به‌پێی نوسراوی ژماره 1658 كه له 25/3/2010 له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی سامانه سروشتییه‌كانه‌وه بۆ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران نێدردراوه ئاماژه به‌وه دراوه، كه وه‌زاره‌تی سامانه سروشتییه‌كان پێشنیاری كردوه مادده‌ی 16و17و18 له‌بودجه‌ی 2010 لاببرێت‌و له‌بری ئه‌وه وه‌زاره‌تی سامانه سروشتییه‌كان 470 ملیار دینار دابین ده‌كات، كه له‌لایه‌ن كۆمپانیا نهوتییهكانهوه دراون.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی داهاتی ئه‌م وه‌زاره‌ته بۆ ساڵی 2010 به بڕی 890 ملیۆن دینار خه‌مڵێندراوه، به‌ڵام (99) ملیار‌و (870) ملیۆن دینار خه‌رجی بهكاربردنییهتی و (6) ملیار‌و (958) له بودجه‌ی وه‌به‌رهێنان بۆ پرۆژه‌كانی ته‌رخانكراوه، به‌مه‌ش خه‌رجییه‌كانی 120 ئه‌وه‌نده‌ی داهاته‌كه‌یه‌تی، به‌هه‌مان شێوه‌ی داهاتی ئه‌م وه‌زاره‌ته له ئه‌مساڵدا 370 ملیۆن دینار خه‌مڵێندراوه، كه زۆر كه‌متره له داهاتی پار ساڵی‌و ئه‌مه‌ش نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه كه نییهتییهك نیه بۆ ئه‌وه‌ی هیچ داهتێكی نه‌وت بخرێته ناو بودجه‌وه.
دو داهات كه داهاتی فرۆشتنی پێكهاته نهوتییهكانو ئه‌و شیرینیهیه كه له‌كۆمپانیاكانی گهڕانو پشكنین‌و ده‌رهێنانی نه‌وت وه‌رگیراوه‌و دیارنییه ئێستا، به‌زیاتر له 5 ملیار دۆلار مه‌زنده ده‌كرێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رنجه داهاتی نه‌وتی خاو له ساڵی 2009دا به(7) ملیۆن و (576) ملیۆن دینار دانراوه، ئه‌وانیش ده‌ڵێن به‌ڵگه، فه‌رمون به‌ڵگه.. به‌پێی نوسراوی ژماره 5/4/8229 كه وه‌زیری دارایی له 26/5/2010دا ناردویه‌تی بۆ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، داهاتی هه‌رێمی كوردستانی بۆ ساڵی 2009 زۆر به‌وردی تێدا دیاریكراوه، له بڕگه‌یه‌كدا داهاتی نه‌وتی خاو (ایرادات تصدیر النفگ الخام) به (7) ملیۆن و (576) ملیۆن دینار دانراوه، ئه‌گه‌ر نوسراوی فه‌رمی وه‌زیری دارایی بۆ سه‌رۆكی حكومه‌ت به‌ڵگه نه‌بێت ده‌بێت چی به‌ڵگه بێت؟!
ئه‌م ژماره دژبهیهكو گوماناویانه‌ی بۆ ئه‌م دو وه‌زاره‌ته هێنامانه‌وه بۆ وه‌زاره‌تی دارایی‌و ناوخۆ و وه‌زاره‌ته‌كانی دیكه‌ش بیهێنینه‌وه دروسته.
به‌پشت به‌ستن به‌و فۆرمانه‌ی كه حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌مساڵ ره‌وانه‌ی په‌رله‌مانی كردوه، ده‌زاندرێت ئه‌و پاره‌یه‌ی كه وه‌ك داهاتی هه‌رێمی كوردستان تهخمینكراوه بۆ ئه‌مساڵ دوره له راستییه‌وه، چونكه داهاتی هه‌رێمی كوردستان له شه‌ش مانگی یه‌كه‌می پارساڵدا 316 ملیار دینار بوه، به‌ڵام داهاتی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئه‌مساڵ به 400 ملیار دینار ته‌خمین كراوه.