|
بودجه‌ی هه‌رێم؛ 350 ملیار دیناری پرۆژه‌كانی ساڵی رابوردو خه‌رجنه‌كراوه |
Thursday, May 26, 2011 |
(سبه‌ی):
توێژه‌رێكی ئابوریی له راپۆرتێكی شیكاریدا ده‌رباره‌ی بودجه‌ی ئه‌مساڵی هه‌رێمی کوردستان، سه‌ره‌ڕای ئاشکراکردنی چه‌ندین هه‌ڵه و که‌موکوڕی، ئاماژه‌ی به چه‌ندین نمونه‌ی خه‌رجنه‌كردنی پاره‌ی پرۆژه‌كان کردوه.
عه‌لی حه‌مه ساڵح، له راپۆرته‌که‌دا ئاشکرایکردوه، ساڵانه به‌شێكی زۆری ئه‌و پاره‌یه‌ی که له‌چوارچێوه‌ی بودجه‌ی وه‌به‌رهێناندا بۆ پرۆژه‌كان ته‌رخانده‌كرێت خه‌رج ناكرێت، بۆ نمونه له ساڵی 2009دا 704 ملیار دیناری پرۆژه‌كان خه‌رجنه‌كراوه‌و به‌شی هه‌ره زۆری ئه‌م پاره‌یه‌ش بێ ئاگاداری په‌رله‌مان گواستراوه‌ته‌وه بۆ بودجه‌ی به‌كاربردن، پار ساڵیش 350 ملیار دیناری پرۆژه‌كان خه‌رجنه‌كراوه.
نمونه‌ی هه‌ندێک له‌و پرۆژانه‌ی که پاره‌ی بۆ ته‌رخانکراوه‌و پاره‌که‌ی خه‌رج نه‌کراوه، له‌وانه ساڵی پار بڕیاردرا له پارێزگای سلێمانی600 خان‌و له ناوچه‌كانی پیه‌ره‌مگرون‌و قه‌ڵادزێ و عه‌ربه‌ت‌و چه‌مچه‌ماڵ بۆ كه‌سوكاری شه‌هیدان‌و ئه‌نفالكراوه‌كان دروستبكرێت‌و بڕی 21 ملیار‌و600 ملیۆن دیناری بۆ ته‌رخانكراو بڕیاریشبو پار ساڵ 5 ملیار دیناری بۆ خه‌رجبكرێت، به‌ڵام هیچی لێ خه‌رجنه‌كرا.
دروستكردنی 400 خان‌و بۆ كه‌سوكاری شه‌هیدان له ناوه‌ندی پارێزگای دهۆك‌و زاخۆ و ئامێدی، 14 ملیار‌و 400 ملیۆن دیناری بۆ ته‌رخانكراو و بڕیاربوو پار ساڵ 3 ملیار‌و 736 ملیۆن دیناری بۆ خه‌رجێكرێت، به‌ڵام خه‌رجنه‌كراوه.
هه‌روه‌ها دروستكردنی بنكه‌ی كۆكردنه‌وه‌و پاراستنی به‌ڵگه‌نامه‌كانی جینۆساید له هه‌ولێر ملیارێك‌و 600 ملیۆن دیناری بۆ ته‌رخانكراوه‌و بڕیاریاربو له‌پارساڵدا 500 ملیۆن دیناری تێداخه‌رجبكرێت، به‌ڵام خه‌رج نه‌كراوه.
پارساڵ بڕیار له دروستكردنی بینا بۆ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی شه‌هیدان له كه‌لار دراو یه‌ك ملیار‌و 200 ملیۆن دیناری بۆ ته‌رخانكراو بڕیاربو پار ساڵ 500 ملیار دیناری تێداخه‌رجبكرێت، به‌ڵام نه‌كرا.
هه‌ر له ساڵی رابوردودا بڕیاردرا مۆنۆمێنتی ئه‌نفال له هه‌ولێر دروست بكرێت‌و 620 ملیۆن دیناری بۆ ته‌رخانكراو بڕیاربو پارساڵ 320 ملیۆن دیناری بۆ خه‌رجبكرێت، به‌ڵام نه‌كرا .
دروستكردنی مۆنۆمێنتی تایبه‌ت به ئه‌نافالی بارزانییه‌كان له ناحیه‌ی بارزان 6 ملیار دیناری بۆته‌رخانكراو بڕیاربو پار ساڵ 2ملیار دیناری تێدا خه‌رجبكرێت، به‌ڵام خه‌رجنه‌كراوه.
دروستكردنی باڵه‌خانه‌یه‌ك بۆ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی شه‌هیدان‌و ئه‌نفالكراوه‌كان له زاخۆ، پار ساڵ یه‌ك ملیار‌و500 ملیۆن دیناری بۆ ته‌رخانكراو بڕیاربو هه‌ر له پار ساڵدا 750 ملیۆن دیناری بۆ خه‌رجبكرێت، به‌ڵام نه‌كراوه.
دروستكردنی كۆمه‌ڵگای كۆگاكان له دهۆك 500 ملیۆن دیناری بۆ ته‌رخانكرا له پار ساڵداو بڕیاربو هه‌مو پاره‌كه پار ساڵ خه‌رجبكرێت، به‌ڵام خه‌رج نه‌كراوه.
هاوکات دروستكردنی بینای به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی كاروباری شه‌هیدان‌و ئه‌نفالكراوه‌كان له دهۆك 4ملیار‌و 300 ملیۆن دیناری له پارساڵدا بۆ ته‌رخانكراو بڕیاربو پارساڵ 2 ملیار دیناری خه‌رجبكرێت، به‌ڵام نه‌كراوه.
|
|
|