Print
 عه‌زیمه‌ نه‌جمه‌دین: قه‌زا‌ هه‌یه‌ له‌ چه‌مچه‌ماڵ بچوكتره‌، به‌ڵام چوار ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌و شارۆچکه‌یه‌‌‌ پاره‌ی‌ بۆ ته‌رخانكراوه‌
Sunday, May 29, 2011

(سبه‌ی):
په‌رله‌مانتارانی کوردستان به‌رده‌وامن له‌ دۆزینه‌وه‌ی هه‌ڵه‌وکه‌موکوڕی زیاتر له‌ بودجه‌ی ئه‌مساڵی هه‌رێمی کوردستاندا، په‌رله‌مانتارێكیش ئاشكرای ده‌کات، چه‌مچه‌ماڵ له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ناوچه‌یه‌كی زیانلێكه‌توه‌، به‌ڵام به‌شه‌ بودجه‌ی زۆر كه‌متره‌ له‌ هه‌ندێك ناوچه‌ی تر كه‌ له‌ ژماره‌ی دانیشتوانیشدا ناگه‌ن به‌ چه‌مچه‌ماڵ.
عه‌زیمه‌ نه‌جمه‌دین، ئه‌ندامی فراكسیۆنی گۆڕان له‌ په‌رله‌مانی کوردستان له‌ لێدوانێكدا به‌ (سبه‌ی)ی راگه‌یاند: ئه‌و پاره‌یه‌ی كه‌ له‌ بودجه‌ی ئه‌مساڵدا ته‌رخانكراوه‌ بۆ چه‌مچه‌ماڵ، جگه‌ له‌وه‌ی زۆر پرۆژه‌ی‌ دوباره‌ی تێدایه‌، چه‌ند پرۆژه‌یه‌كی تریشی تێدایه، که‌‌ ته‌واو بوه‌ و دوباره‌ پاره‌ی بۆ دانراوه‌ته‌وه‌، له‌ بودجه‌ی په‌ره‌پێدانی پارێزگاكانیشدا له‌ 19 پرۆژه‌ی چه‌مچه‌ماڵ، 5 پرۆژه‌ی ته‌واو بوه‌ و پاره‌ی بۆ دانراوه‌ته‌وه‌.
وتیشی: ئه‌و پرۆژانه‌ی له‌‌مساڵدا بۆ چه‌مچه‌ماڵ دانراون، جگه‌ له‌ تۆڕی ئاو و یاریگایه‌ك و راكێشانی رێگایه‌ك، هیچ پرۆژه‌یه‌كی گه‌وره‌ی تێدا نیه، له‌ پرۆژه‌كانی ساڵی پێشوشدا چه‌ندین پرۆژه‌ ماوه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌مساڵ و ئه‌گه‌ر وه‌ك ساڵی پار ئیش له‌و پرۆژانه‌دا بكرێت، كه‌ڵه‌كه‌ ده‌بن و هیچ سودێكی نابێت.
عه‌زیمه‌ نه‌جمه‌دین، وه‌ک په‌رله‌مانتارێک که‌ نوێنه‌رانی چه‌مچه‌ماڵ ده‌کات، ئه‌وه‌شی ئاشكراكرد: ئه‌گه‌ر به‌پێی ژماره‌ی دانیشتوانیش بێ، هه‌ندێک شوێن هه‌یه‌ زۆر له‌ چه‌مچه‌ماڵ زیاتری بۆ ته‌رخانكراوه‌، له‌کاتێکدا چه‌مچه‌ماڵ تا ئێستا زیاتر له‌ 7 ملیار دینار زیاتری بۆ ته‌رخان نه‌كراوه‌، ئه‌مساڵیش هه‌مو پرۆژه‌كان كۆبكه‌یته‌وه‌ له‌ چه‌مچه‌ماڵ نزیكه‌ی 10 ملیار دیناره،‌ له‌ كاتێكدا قه‌زای بچوكتر هه‌یه‌ 40 ملیار دیناری بۆ ته‌رخانكراوه‌، واته‌ قه‌زا‌ هه‌یه‌ له‌ چه‌مچه‌ماڵ بچوكتریشه‌، که‌چی چوار ئه‌وه‌نده‌ی‌ چه‌مچه‌ماڵ پاره‌ی‌ بۆ ته‌رخانكراوه‌.
ئه‌وه‌شی وت: هه‌رچه‌نده‌ چه‌مچه‌ماڵ به‌هۆی ئه‌نفال و مانه‌وه‌ی تا ساڵی 2003 له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی به‌عسدا، ناوچه‌یه‌كی زیانلێكه‌وتوه‌، به‌ڵام ئه‌و پرۆژانه‌ی بۆی ته‌رخانكراوه‌ كه‌مه‌، هه‌روه‌ها ئه‌و پرۆژانه‌شی فه‌رمانگه‌كانی چه‌مچه‌ماڵ داوایانكردوه،‌ ئه‌و پرۆژانه‌ نیه‌ كه‌ ئێستا بۆیان دیاریكراوه‌ و خۆی له‌ چه‌ند پرۆژه‌یه‌کی بچوكدا ده‌بینێته‌وه‌.
عه‌زیمه‌ نه‌جمه‌دین كه‌ هاوکات ئه‌ندامی لیژنه‌ی په‌روه‌رده‌و فێركردنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی په‌رله‌مانه‌، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی به‌ باش زانی كه‌ له‌ بودجه‌دا بۆ بواری په‌ره‌وه‌رده‌ ته‌رخانكراوه‌، به‌ڵام گومانی هه‌بو له‌ سه‌رفكردنی ئه‌و پاره‌یه‌و وتی: "ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی که‌ له‌سه‌ر داوای هه‌مو په‌رله‌مانتاران و لیژنه‌ی په‌روه‌رده‌ و فێركردنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی، بۆ په‌روه‌رده‌ ته‌رخانكراوه‌ باشتره‌ بۆ ئه‌وه‌ی كاریگه‌ری هه‌بێت له‌سه‌ر كه‌مكردنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ڵاوسانه‌ی له‌ ناو خوێندنگاكاندا هه‌یه‌، به‌ڵام گه‌شبین نیم به‌وه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ سود ببینێت له‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی بۆی ته‌رخانكراوه"‌.
ئه‌وه‌شی راگه‌یاند: له‌ زۆربه‌ی ناوچه‌كان خوێندنگای 27 پۆلی دروستكراوه‌، به‌ڵام له‌ چه‌مچه‌ماڵدا كه‌ 4 ناحیه‌ی گه‌وره‌ی به‌سه‌ره‌وه‌یه،‌ یه‌ك خوێندنگای 27 پۆلی بۆ نه‌كراوه‌، هه‌ندێك خوێندنگا هه‌یه‌ له‌ ناو سلێمانیش كارگوزاری نیه‌ و پاره‌ له‌ مامۆستاكان وه‌رده‌گیرێت و ده‌درێت به‌ كارگوزار، له‌ ناو هه‌ولێریشدا خوێندنگا هه‌یه‌ پاره‌یان كۆكردۆته‌وه‌ بۆ كڕینی پانكه‌ و بۆیاخكردنی پۆلێك.

Sbeiy.com © 2007