Print
 پارەی پڕۆژەكان چییان بەسەردێت؟!
Wednesday, June 1, 2011

عەلی حەمە ساڵح
ساڵانە بەشێكی زۆری پارەی پڕۆژەكانی هەرێمی كوردستان خەرج ناكرێت و هۆكاری خەرجنەكردن و چارەنوسی پارەكانیش بەنادیاریی و نەزانراویی دەمێنێتەوە.

بەپێی پێوەرە نێودەڵەتییەكان، هەمیشە بودجەی بەكاربردن لـــــــەنێوان (30% بۆ 35%)ەو بودجەی وەبەرهێنانیش لەنێوان (65% بۆ 70%)، بەڵام لە كوردستان ئەمە بەتەواویی پێچەوانە بوەتەوە.

هەرچەندە بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەكان، نابێت (70%)ی بودجە بۆ بواری بەكاربردن بێت، بەڵام لە كوردستان بە خەرجكردنی ئەم (70%) یەوە نەوەستاون، بەڵكو پارەی بودجەی وەبەرهێنانیشیان گواستوەتەوە بۆ بودجەی بەكاربردن، با بە نمونەی زیندو ئەمە ببینین.

خەرجی فعلی هەرێمی كوردستان لە ساڵی (2009)دا، (9)ترلیۆن و (952)ملیار دینار بوە، لەم بڕەپارەیە، یەك ملیار و (599) ملیار دینار بۆ پڕۆژە بوە، بەمپێیەش (16%)ی بودجە بۆ پڕۆژەی وەبەرهێنان بوە، واتە (84%)ی بۆ بواری بەكاربردن بوە، كە ئەمەی هەرێمی كوردستان كردویەتی لە دونیادا كەموێنە بوە.

ئەوەی جێگای هەڵوەستە لەسەركردنە، ئەم (16%)یه كە ئێمە دەڵێین كراوەتە پڕۆژە، هەموی وەك خۆی و بەدروستی خەرج ناكرێت، بۆ نمونە؛ ئەگەر لە حیساباتی خیتامی (2009) بڕوانین، (501)ملیار دیناری پڕۆژەكان بۆ پڕۆژەی وەزارەتی ناوخۆ خەرجكراوە و (28)ملیار دینار بۆ پڕۆژەكانی وەزارەتی تەندروستییە، بەمپێیەش؛ وەزارەتی ناوخۆ هەژدە ئەوەندەی وەزارەتی تەندروستی پارە بۆ پڕۆژەكانی خەرجكراوە، وەزارەتی پەرەوەردەش (71)ملیار دینار بۆ پڕۆژەكانی خەرجكراوە و بەمپێیەش بێت وەزارەتی ناوخۆ حەوت ئەوەندەی وەزارەتی پەروەردە پارە بۆ پڕۆژەكانی خەرجكراوە، لەكاتێكدا وەزارەتی پەروەردە و تەندروستی، دو وەزارەتی خزمەتگوزارین و وەزارەتی ناوخۆش وەزارەتێكی ئەمنییە.

ئەگەر بێتو ئەم (501)ملیار دینارەش بە دروستی خەرجكرابێت بۆ پڕۆژەكانی وەزارەتی ناوخۆ، بەو پارەیە نزیكەی (313)بینا دروستدەكرێت، ئەگەر هەر بینایەكیش بە ئەندازەی قوتابخانەیەكی (27)پۆلی بێت، كە هەر قوتابخانەیەك یەك ملیار و (600)ملیۆن دیناری بۆ تەرخان بكرێت، ئایا ئەو (313)بینایەی وەزارەتی ناوخۆ لەكوێن، كە تەنیا لە ساڵی (2009)دا دروستكراون؟

لە ساڵی (2009)دا، (704)ملیار دیناری پڕۆژەكان تەنیا دینارێكیان لێ خەرج نەكراوە، كەسیش لە حكومەتەكەی پارتی و یەكێتی نەپرسی؛ ئەرێ پارەی ئەم هەمو پڕۆژەیە بۆ كوێ چو؟، بەو (704)ملیار دینارە كە پەرلەمان و سەرۆكایەتی هەرێم تەرخانیانكردبو بۆ پڕۆژەو تەنیا یەك دیناریشی نەكرایە پڕۆژە، (600) قوتابخانە دروستدەكرا، ئەرێ بەڕاست دەكرێت نەزانین پارەی (600)قوتابخانە چی بەسەرهات؟

لە ساڵی (2010)دا، لە سەردەمی حوكمڕانیی كابینە تەكنۆكراتەكەدا،  (1275)پڕۆژە كە لە بودجەی گشتییدا پارەیان بۆ تەرخانكرابو، پارەكانیان خەرجنەكراوە و ئەمساڵ دیسانەوە لە بودجەی گشتیی پارەیان بۆ تەرخانكراوەتەوە.

لەكوێی دونیادا هەیە، لە هەرێمێكی سێ شاریدا پارەی (1275)پڕۆژە كە پەرلەمان و سەرۆكایەتی هەرێم پارەیان بۆ تەرخانكردوە، تەنیا دینارێكیان تێدا خەرجنەكرابێت و لێپێچینەوە لەگەڵ هیچ كەسێكیشدا نەكرێت، نەوترێت ئەرێ پارەی ئەم سەدان پڕۆژەیە چی بەسەرهات؟

سەرنگونكردنی پارەی پڕۆژەكان، تەنیا نەخۆشخانە و قوتابخانە و رێگاوبان و دەیان بینای فەرمانەگەكانی نەگرتوەتەوە، بەڵكو گەیشتە خانوی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوەكان، حكومەتێك پارەی خانوی كەسوكاری شەهیدانو ئەنفالكراوەكان سەرنگون بكات، دەبێت بۆچی باش بێت؟

بۆ سەرجەم پڕۆژە پێشنیازكراوەكانی پارساڵی وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوەكان (23)ملیارو (836) ملیۆن دینار تەرخانكرا، بەڵام یەك ملیار و (295) ملیۆن دینار خەرجكراوە، واتە (22)ملیارو (541) ملیۆن دینار خەرجنەكراوە، ئەم پارەیە بۆكوێ رۆیشت؟

Sbeiy.com © 2007