دیباجه یان پێشه‌كی ده‌ستوور شتێكی حه‌تمی و زه‌رور نییه، واته مه‌رج نییه هه‌موو ده‌ستوورێك دیباجه‌یه‌كی هه‌بێت، زۆر ده‌ستوور هه‌یه دیباجه‌ی نییه.
سه‌باره‌ت به ناوه‌ڕۆكی دیباجه، پێویسته له ئه‌ركی دیباجه ده‌رنه‌چێت، به‌گشتی دیباجه به زمانی داهاتوو ده‌نوسرێت نه‌ك رابردوو واته دانه‌ری ده‌ستوور ده‌یه‌وێ فه‌لسه‌فه‌ی خۆی له جۆری حوكمڕانێتی و شێوازی ده‌وڵه‌ته‌كه و ئه‌و سیستمه‌ی كه ده‌یه‌وێت دایبمه‌زرێنێت به كورتترین شێوه روونی ده‌كاته‌وه.
كه‌واته ده‌بێت زمانی داڕشتنی دیباجه كورت و پاراو و چڕپڕ بێ وشه‌ی زیادی تێدا نهنهبێت و پێشبینی داهاتووش بكات كه تێیدا هێڵه گشتییه‌كانی فه‌لسه‌فه‌ی ده‌سه‌ڵات و سیستمی سیاسی و ئه‌وجۆره سیستمه‌ی كه ده‌یه‌وێ له داهاتوودا دروستی بكات روون ده‌كاته‌وه.
سه‌باره‌ت به‌هێزی یاسایی دیباجه له راستیدا ناكۆكی قوڵ هه‌یه، هه‌ر له سه‌رده‌می شۆڕشی فه‌ره‌نساوه هه‌ندێ له بیرمه‌ندانی یاسای ده‌ستووریی ده‌ڵێن دیباجه یان هێزی یاسایی دیباجه له هێزی یاسایی "مه‌تنی" ده‌ستووره‌كه به‌هێزتره و پێویسته داموده‌زگاكانی ده‌وڵه‌ت و دادگاكان له‌كاتی ته‌فسیركردن و پیاده‌كردنی ده‌ستووردا پێوه‌ی پابه‌ندبن، ته‌نانه‌ت باڵاده‌ستی (علویهتیشی) هه‌بێت له‌كاتی ناكۆكی له‌گه‌ڵ ده‌قێك یان چه‌ند ده‌قێكی مه‌تنی ده‌ستووره‌كه، پێویسته دیباجه‌كه كاری پێ بكرێت و ده‌قی مهتنهكه له‌گه‌ڵ ئه‌و بگونجێنرێ.
به پێچه‌وانه‌ی رای یه‌كه‌م رایه‌كی تر هه‌یه هیچ هێزێكی یاسایی نادات به دیباجه و پێی وایه كه هێز و قیمه‌تی دیباجه له قیمه‌تێكی ئه‌ده‌بی زیاتر تێپه‌ڕناكات، یاسادانه‌ر یان ده‌زگاكانی دادوه‌ریی یان داموده‌زگاكانی جێبه‌جێكردن بۆیان هه‌یه هیچ پابه‌ند نه‌بن به دیباجه‌ی ده‌ستووره‌وه، ئه‌م رایه پێی وایه كه مه‌تنی ده‌ستووره‌كه هێزی یاسایی زیاتره له دیباجه‌كه، به‌ڵام رای سێیه‌م ده‌ڵێت دیباجه هه‌مان هێزی یاسایی ده‌ستووری هه‌یه.
بۆیه چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م ناكۆكییه فیقهییه هه‌ندێك له ده‌ستووره‌كان به ده‌قی روون و ئاشكرا ده‌ڵێن كه دیباجه هه‌مان هێزی یاسایی مه‌تنی ده‌ستووره‌كه‌ی هه‌یه ئیتر كێشه‌كه یان ناكۆكییه‌كه یه‌كلاده‌كه‌نه‌وه.
ئه‌وه‌ی تێبینی ده‌كرێت كه دانه‌رانی دیباجه‌ی پڕۆژه‌ی ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان (له‌گه‌ڵ رێزی زۆرمان بۆیان) له ئه‌ركی دیباجه نه‌گه‌یشتوون، به‌ڵكو هاتوون له لاساییكردنه‌وه‌ی سهرنهكهوتوانهدا لاسایی ئه‌زمونێكی سهرنهكهوتوویان كردۆته‌وه كه دیباجه‌ی ده‌ستووری عێراقه.
له راستیدا دیباجه‌ی ده‌ستووری عێراق خۆی له‌خۆیدا لادانێكی زه‌قی پێوه‌دیاره له ناوهڕۆك و ئه‌ركی دیباجه، چونكه درێژدادڕییه‌كی زۆر‌و بێ مانای پێوه‌دیاره، پڕۆژه‌كه له ده‌قێكی مێژوویی تێكه‌ڵ به ئایینی كۆن ده‌چێت و به زمانێكی رابردووش نوسراوه. هۆكاری ئه‌و لادانه‌ش له دیباجه‌ی ده‌ستووری عێراق بۆ ئه‌و ناكۆكییه قوڵه‌ی نێوان پێكهاته سه‌ره‌كییه‌كانی عێراق به‌تایبه‌تی (سوننه، شیعه، مه‌سیحی) و (كورد، عه‌ره‌ب، توركمان) ده‌گه‌ڕێته‌وه و هه‌ریه‌كه‌یان ویستی كه زۆرترین عهزهڵاتی خۆی پیشان بدات وا نیشان بدات كه ئه‌م وڵاته له رووی مێژووییه‌وه هی ئه‌وه، بۆیه وه‌ك ته‌وافوقێك دیباجه‌كه باس له به‌شێك له مێژووی هه‌ریه‌كه‌یان و ئه‌و چه‌وساندنه‌وه‌یه‌ی كه توشی بوون، كردوه. ئه‌مه‌ش وایكردوه كه دیباجه‌كه درێژ بێت، هه‌روه‌ها له دیباجهشهوه ده‌بێته تێكستێكی مێژوویی كه باس له رابردوو ده‌كات یان ئه‌وه‌نده‌ی باس له رابردوو ده‌كات ئه‌وه‌نده باس له فه‌لسه‌فه‌ی حوكمڕانی، جۆری ئه‌و سیستمه سیاسییه‌ی كه ده‌یانه‌وێت له داهاتوودا دروستی بكه‌ن ناكات.
به‌داخه‌وه دانه‌رانی پڕۆژه‌ی ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان هاتوون به‌شێوه‌یه‌كی سهرنهكهوتوانه لاسایی ئه‌و ئه‌زموونه سهرنهكهوتوهیان كرده‌وه، وه‌ك ئه‌وه وابێت كه هیچ دیباجه‌ی تر نه‌بێ له جیهان په‌نای بۆ به‌رن بێجگه له‌و ئه‌زمونه سه‌رنه‌كه‌وتووه‌ی عێراق (كه به‌داخه‌وه له چه‌ندین یاسای تردا په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌زموونه‌كانی عێراق هه‌رچه‌نده ئه‌زموونی فاشل و سهرنهكهوتووشن ده‌كاته نموونه‌ی باڵای خۆی و لاساییان ده‌كاته‌وه، بۆ نموونه: ده‌ركردنی یاسای هاوشێوه‌كردنی ئه‌ندامانی داواكاری گشتی به دادوه‌ره‌كان كه ئه‌مه جێگای باسی ئه‌مڕۆمان نییه).
بۆیه هاتووه باسی گه‌لی كوردستان و ئه‌و نه‌هامه‌تییانه‌ی كه به‌سه‌ری هاتووه له‌گه‌ڵ ئه‌و سه‌ركه‌وتن و نشوستیانهی پێیدا تێپه‌ڕیوه به‌دوور و درێژی كردوه، ئه‌مانه هیچیان فڕیان به ناوهڕۆك و ئه‌ركی دیباجهوه نییه و پێویست ناكات له‌و دیباجه‌یه‌دا هه‌بێت، ده‌شێت ئه‌و ناوه‌ڕۆكه‌ی له‌و دیباجه‌یه‌دا هاتووه له به‌یانی جاڕدانی فیدڕاڵی ساڵی 1992دا هه‌بێت یان ئه‌گه‌ر جاڕی سه‌ربه‌خۆییماندا له جاڕنامه یان به‌یاننامه‌ی سه‌ربه‌خۆییدا هه‌بێت، تا به‌جیهانی بڵێین ئه‌م هۆكارانه بوون وایكرد سه‌ربه‌خۆیی یان فیدڕاڵی هه‌ڵبژێرین، به‌ڵام ناكرێ و ناشێت له‌دیباجه‌ی ده‌ستووردا هه‌بن، چونكه وه‌ك وتم ئه‌رك و ناوه‌ڕۆكی دیباجه دیاریكراوه و بۆ ئه‌وه نییه به ئاره‌زووی خۆمان وشه‌ی تێدا ریزبكه‌ین.
ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان كارێكی ناوخۆییه بۆ رێكخستنی په‌یوه‌ندی له نێوان ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی هه‌رێم له‌گه‌ڵ خه‌ڵك و تیایدا ئه‌و شێواز و سنورانه دیاری ده‌كات كه له رێگایه‌وه ده‌سه‌ڵاتداران حوكمڕانی ئێمه‌ی پێ ده‌كه‌ن و پێمان ده‌ڵێن: ئه‌مه‌یه شێوازی سیستمه سیاسییه‌كه‌مان، ئه‌مه‌یه داموده‌زگاكانی ده‌سه‌ڵات، ئه‌مه‌یه ده‌سه‌ڵات (سه‌ڵاحیاتی) هه‌ریه‌كه‌یان و ئه‌مه‌یه ماف و ئازادییه‌كانی هاووڵاتیان، بۆئه‌وه‌ی هه‌ر كه‌سێك یان داموده‌زگایه‌ك له‌سنوری خۆی ده‌رچوو یان له ده‌ستوور ده‌رچوو ئیجرائاتی له‌گه‌ڵ بكرێت و بهێنرێته‌وه جێگه‌ی خۆی، له ئه‌نجامیشدا حكومه‌تێكی سنوردار به یاسا "ده‌ستوور" دروست ببێت، كه هه‌م ده‌سه‌ڵات و هه‌م هاووڵاتیان سنوری هه‌ڵسوكه‌وتی خۆیان بزانن.
له‌راستیدا باسكردنی خه‌باتی گه‌لی كوردستان‌و ئه‌و نه‌هامه‌تیانه‌ی به‌سه‌ری هاتوون ده‌شێت به‌وه لێك بدرێته‌وه كه دانه‌رانی پڕۆژه‌كه ده‌یانه‌وێت به په‌نابردنه به‌ر ئه‌و جۆره ختوكهدانه جه‌ماوه‌رییه هه‌ندێك مه‌رامی خۆیان جێبه‌جێ بكه‌ن، واته زیهنیه‌تی تاكی كوردی به‌لایه‌كی تردا به‌رن و له‌پاڵ ئه‌وه‌دا یان له‌ژێر په‌رده‌ی ئه‌وه‌دا ده‌ستوورێك بۆ هه‌رێمی كوردستان دابڕێژن كه مه‌رامی سیاسی ده‌سه‌ڵاتداران جێبه‌جێ بكات. چونكه په‌نابردنه به‌ر ئه‌و جۆره شێوازانه یان وروژاندنی ئه‌و هه‌سته نه‌ته‌وایه‌تییه و ئه‌و زوڵم و چه‌وساندنه‌وه‌یه، له‌وانه‌یه وا له تاكی ئاسایی بكات كهوابزانێت ده‌ستوور بۆ رزگاربوونه له مه‌ترسی و دوژمنی ده‌ره‌كی نه‌ك رێكخستنی ده‌سه‌ڵاتی ناوخۆیی و دیاریكردنی سنوری سهڵاحیهتهكانی، واته ئه‌م جۆره شێوازه كه‌شێكی له‌بار ده‌ڕه‌خسێنێ بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی به‌وردی و به عه‌قلانی له ده‌ستوره‌كه ورد نه‌بنه‌وه‌و دووباره پیشاندانه‌وه‌ی دوژمنه ده‌ره‌كییه‌كان و مه‌ترسییه ده‌ره‌كییه‌كان واده‌كات خه‌ڵكی غافڵگیر بكرێت و ده‌ستورێكی به ویستی ده‌سه‌ڵاتداران به‌سه‌ردا بسه‌پێنرێت.
بۆیه پێویست ناكات له دیباجهدا باس له مێژوو و نه‌هامه‌تییه‌كانی بكرێت و پێویستیش ناكات مخاته‌به‌ی لایه‌نه ده‌ره‌كییه‌كانی وه‌ك عێراق یان كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی یان هه‌رلایه‌نێكی تر بكرێ، ده‌توانرێت ئه‌وانه له شوێنی تردا باس بكرێت وه‌ك ئاماژه‌م پێدا.
بۆیه من پێشنیار ده‌كه‌م دیباجه به شێوازی له‌مه‌ی خواره‌وه دابڕێژرێت:
"ئێمه‌ی گه‌لی كوردستانی عێراق به هه‌موو پێكهاته‌كانیه‌وه كه له‌دوای جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌مه‌وه لكێندراین به عێراقه‌وه، له‌ماوه‌ی 80 ساڵی رابردوودا شێوازی ده‌وڵه‌تی ساده‌یی مه‌ركه‌زی نه‌ك هه‌رنه‌یتوانی مافه‌كانمان دابین بكات، به‌ڵكو رووبه‌ڕووی جینۆساید و قڕكردنیشی كردینه‌وه... هه‌ربۆیه ئه‌م گه‌له له‌رێگای یه‌كه‌م پارله‌مانی هه‌ڵبژێردراوی خۆی له ساڵی 1992دا بڕیاری هه‌ڵبژاردنی شێوازی فیدڕاڵی دا بۆ پێكه‌وه ژیان له عێراقی یه‌كگرتوودا.
پاڵپشت به ده‌ستوری عێراقی ساڵی 2005 بڕیارماندا كه ئه‌م ده‌ستوره دابنێین و له رێگه‌یه‌وه بتوانین سیستمێكی دیموكراتی نوێنه‌رایه‌تی لیبڕاڵی دابمه‌زرێنین كه بتوانێت عه‌داله‌ت و خۆشگوزه‌رانی و ئارامی و ئاسایش بۆ هاووڵاتیانی دابین بكات و ماف و ئازادییه‌كانیان بپارێزێت".
یان ته‌نها شه‌ش دێڕه‌كه‌ی كۆتایی دیباجه‌ی پڕۆژه‌كه به‌سه به‌ڕای من ئه‌وه‌ی تر لاببرێت و پێویست ناكات.