Print
 چاره‌نووسی‌ رێكخراوه‌ دیموكراتی و جه‌ماوه‌رییه‌كان له‌ سێبه‌ری‌ حزبدا
Monday, January 19, 2009

راپۆرتی‌: سۆما عه‌بدوڵا
كه‌ له‌ مانگی‌ نیسانی‌ 2005، زیاتر له‌ چوار هه‌زار مامۆستای‌ سنوری‌ سلێمانی‌ بۆ ده‌ربڕینی‌ ناڕه‌زایی‌ و داواكردنی‌ مافه‌كانیان هاتنه‌ سه‌رشه‌قامه‌كان، یه‌كێتی‌ مامۆستایانی‌ كوردستان وه‌كو رێكخراوێكی‌ تایبه‌ت به‌و توێژه‌ به‌ ته‌واوی‌ نیگه‌ران بوو و رێكخه‌ران و به‌شداربووانی‌ خۆپیشاندانه‌كه‌ی به‌ گێره‌شێوێن و نا مه‌سئول وه‌سفكرد. له‌ به‌رامبه‌ردا مامۆستایانی‌ خۆپیشانده‌ریش ئه‌و ریكخراوه‌یان به‌ پاشكۆی‌ حزب و ده‌سه‌ڵات ده‌زانی‌ و ناچاربوون له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ ریكخراوه‌كه‌یان داكۆكی‌ له‌ مافه‌كانیان بكه‌ن.
سه‌رباری‌ رێگری‌ یه‌كێتی‌ مامۆستایان بۆ ئه‌و خۆپیشاندانه‌، به‌ڵام خۆپیشاندانه‌كه‌ ئه‌نجامدرا و یه‌كێك له‌ داواكارییه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی‌ مامۆستایانی‌ خۆپیشانده‌ر هاته‌دی‌، كه‌ سه‌رفكردنی‌ ده‌رماڵه‌ی‌ پیشه‌یی‌ بوو بۆ مامۆستایان.

ئالان حه‌مه‌ شه‌ریف، 29 ساڵ، مامۆستایه‌كی‌ به‌شداربووی‌ ئه‌و خۆپیشاندانه‌ بوو باسی‌ له‌وه‌كرد كه‌ ئه‌و رێكخراوانه‌ی‌ بانگه‌شه‌ی‌ كاری‌ رێكخراوه‌یی‌ و مه‌ده‌نییه‌ت ده‌كه‌ن له‌ كوردستاندا له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ زۆربه‌یان سه‌ر به‌ حزب و ده‌سه‌ڵاتن ناتوانن به‌ شێوه‌یه‌كی‌ راسته‌قینه‌ داكۆكی‌ له‌ ماف و داواكاری‌ توێژه‌كانیان بكه‌ن. ئالان وتی‌: "چه‌ندین جار داوامان له‌ رێكخراوه‌كه‌مان كرد داواكارییه‌كانمان بگه‌یه‌ننه‌ ده‌سه‌ڵات، به‌ڵام فه‌رامۆشیان ده‌كرد. هه‌ربۆیه‌ ناچاربوین خۆمان هه‌ستین به‌و كاره‌ و توانیشمان ئامانجه‌كه‌مان بپێكین".

ئه‌گه‌رچی‌ ئه‌و رووداوه‌ دوو ساڵی‌ به‌سه‌ردا تێپه‌ڕیوه‌، به‌ڵام پێده‌چێت كێشه‌ی‌ پاشكۆبوونی‌ كۆمه‌ڵه‌ و رێكخراوه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ مه‌ده‌نی‌ بۆ حزب و ده‌سه‌ڵاتی‌ سیاسی‌ ئێستاشی‌ له‌گه‌ڵدا به‌رده‌وام بێت، ئه‌وه‌ش چالاككارانی‌ بواری‌ كۆمه‌ڵگای‌ مه‌ده‌نی‌ نیگه‌رانكردووه‌ و ئه‌و كێشه‌یه‌ش به‌ جه‌وهه‌ری‌ پاسیڤبوونی‌ رێكخراوه‌ دیموكراتی‌ و مه‌ده‌نییه‌كان ده‌زانن.

ئارام جه‌مال به‌رێوه‌به‌ری‌ په‌یمانگای‌ كوردی‌ بۆ هه‌ڵبژاردن (KIA)، هۆكاری‌ دروستبوونی‌ رێكخراوی‌ مه‌ده‌نی‌ ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ ئه‌و پێویستییه‌ی‌ كه‌ كۆمه‌ڵگا هه‌یه‌تی‌ بۆ نوێنه‌رایه‌تی‌ ‌و شوناسی‌ خۆی‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ ده‌وڵه‌ت ده‌ستی‌ ناگاته‌ هه‌موو شوێنێكی‌ كۆمه‌ڵگا. له‌به‌رئه‌وه‌ رێكخراوه‌كان كاریان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ نوێنه‌رایه‌تی‌ ئه‌و توێژه‌بن كه‌ هه‌ڵیان ده‌بژێرن ‌و ده‌یانكه‌ن به‌نوێنه‌ری‌ خۆیان بۆ گه‌یاندنی‌ داواكاری‌ ‌و پێویستییه‌كانیان.
به‌ بڕوای‌ ئارام جه‌مال رێكخراوه‌ حزبییه‌كان مه‌رجه‌عیان هه‌یه‌ و ئه‌وه‌ش بۆته‌ هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ وه‌ك پێویست نه‌یانتوانیووه‌ رۆڵی‌ خۆیان ببینن به‌هۆی‌ ئه‌و مه‌رجه‌عییه‌ته‌ ئایدۆلۆژی‌ و حزبییه‌ی‌ كه‌ هه‌یانه‌، ئه‌وه‌ش وایكردووه‌ سنورێك دیاری‌ بكات بۆ رێكخراوه‌كان. ئارام وتی‌: "بۆ ئه‌وه‌ی‌ رێكخراوه‌كان چالاكبن، پێویسته‌ واز له‌ مه‌رجه‌عی‌ ئایدۆلۆژی‌ و حزبی‌ بهێنن و له‌ روانگه‌یه‌كی‌ مرۆڤایه‌تییه‌وه‌ سه‌یری‌ ئیش ‌و په‌یامه‌كانی‌ خۆیان بكه‌ن".
 
ته‌نها له‌ پارێزگای‌ سلێمانیدا 272 كۆمه‌ڵه‌ و رێكخراوی‌ بواری‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ مه‌ده‌نی‌ بوونیان هه‌یه‌ و ڕۆژ له‌ دوای‌ ڕۆژیش له‌ زیادبووندان، به‌لاَم له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا نه‌یانتوانیوه‌ ڕۆڵی‌ خۆیان له‌ كۆمه‌ڵگادا بگێڕن و به‌ بڕوای‌ زۆربه‌ی‌ چاودێران شكستیان هێناوه‌ له‌وه‌دا كه‌ بتوانن داكۆكی‌ له‌ توێژه‌كانیان بكه‌ن.

دارا قه‌ره‌داغی‌، سكرتێری‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ خوێندكارانی‌ كوردستان، هه‌رچه‌نده‌ نكۆڵی‌ له‌وه‌ ده‌كات ئه‌وان كه‌وتبنه‌ ژێر ڕكێفی‌ حزبه‌وه‌، به‌ڵام له‌ هه‌مانكاتیشدا پێیوایه‌ ڕێكخراوه‌كان ناچارن په‌نا ببه‌نه‌ به‌ر حزب، نابراو هۆكاره‌كه‌شی‌ ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ له‌ ناو ڕێكخراوه‌كاندا سه‌ركرده‌یه‌كی‌ به‌هێز و پێگه‌یشتوو له‌ ڕووی‌ پیاده‌كردنی‌ دیموكراسییه‌وه‌ په‌یدا نه‌بووه‌. دارا قه‌ره‌داغی‌ وتی‌: "هه‌وڵمانداوه‌ ببینه‌ هێڵی‌ ناوه‌ڕاست له‌نێوان ده‌سه‌ڵات ‌و توێژی‌ خوێندكاراندا" و ته‌ئكیدی له‌وه‌شكرده‌وه‌ كه‌ "بۆ ماوه‌ی‌ 14 ساڵه‌ كه‌مترین كاری‌ حزبیمان كردووه‌ و ئه‌وه‌شی‌ كه‌ كراوه‌ به‌حه‌زی‌ خۆمان كردومانه‌ و ویستومانه‌ به‌دیوێكدا حزبی بن".

هه‌رچه‌نده‌ زۆربه‌ی‌ رێكخراوه‌كان پاشكۆی‌ حزبن، به‌ڵام زۆربه‌یان له‌ حكومه‌ت پاره‌ وه‌رده‌گرن و مانگانه‌ بڕێكی‌ زۆری‌ بودجه‌ی‌ حكومه‌ت ده‌به‌ن، كه‌ به‌ پێی‌ هه‌ندێ‌ سه‌رچاوه‌ ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ مانگانه‌ نزیكه‌ی‌ سێ‌ ملیار و سێ‌ سه‌د و نه‌وه‌د و هه‌شت ملیۆن دیناره‌. ئه‌و بودجه‌یه‌ش جگه‌ له‌وه‌ی‌ له‌ ئاست كار و چالاكی‌ ریكخراوه‌كاندا نییه‌، له‌ هه‌مانكاتیشدا قورساییه‌كی‌ زۆری‌ له‌سه‌ر میزانییه‌ی‌ حكومه‌ت دروستكردووه‌.

سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ به‌رپرسی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم ئاشكرایكرد كه‌ له‌به‌ر زۆری‌ ژماره‌ی‌ رێكخراوه‌كان و زۆری‌ داواكاری‌ بۆ دامه‌زراندنی‌ كۆمه‌ڵه‌ و رێكخراو، حكومه‌تی‌ هه‌رێم له‌ سه‌ره‌تای‌ ساڵی‌ 2007ه‌وه‌ به‌خشینی‌ مۆڵه‌تی‌ یاسایی‌ به‌ رێكخراوی‌ تازه‌ دروستبوو وه‌ستاندووه‌.

له‌ لایه‌ن خۆیانه‌وه‌ چه‌ند رێكخراوێكی‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ مه‌ده‌نی‌ بۆ رزگاركردنی‌ ئه‌و ره‌وشه‌ خراپه‌ی‌ ریكخراوه‌كانی‌ پێدا تیپه‌ڕ ده‌بێت تۆڕێكی‌ كاركردنی‌ گروپئامێزیان پێكهێناوه‌ له‌ شێوه‌ی‌ فیدراسیۆنێكدا و هه‌وڵیانداوه‌ جیاواز له‌ كاری‌ باوی‌ رێكخراوه‌یی‌ كاربكه‌ن.
ئه‌و فیدراسیۆنه‌ كه‌ له‌ 20 رێكخراوی‌ جیاواز پێكهاتوون، به‌پێی‌ یاسا ‌و په‌یڕه‌وه‌ ناوخۆییه‌كان كارده‌كه‌ن بۆ دژایه‌تی‌ گه‌نده‌ڵی‌ ‌و لێپرسینه‌وه‌ له‌ مافه‌كانی‌ مرۆڤ ‌و پاراستنی‌ مافه‌كانی‌ مرۆڤ له‌ كوردستاندا. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌و جۆره‌ هه‌نگاوانه‌ نه‌بوونه‌ته‌جێگه‌ی‌ دڵخۆشی‌ چاودێرانی‌ كاری‌ ریكخراوه‌یی‌ و كۆمه‌ڵگه‌ی‌ مه‌ده‌نی‌ له‌ كوردستاندا.

ئارام جه‌مال به‌رێوه‌به‌ری‌ په‌یمانگای‌ كوردی‌ بۆ هه‌ڵبژاردن وتی‌: "رێكخراوه‌كان ئه‌وه‌نده‌ی‌ له‌ پێویستی‌ حزبیه‌وه‌ دروستبوون، ئه‌وه‌نده‌ له‌ پێویستی‌ توێژه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگاوه‌ دروستنه‌بوون، هه‌ربۆیه‌ رێكخراوه‌كان نوێنه‌ری‌ حزبن له‌ناو توێژه‌كاندا نه‌ك نوێنه‌ری‌ توێژه‌كان بن له‌ناو حزبدا و هه‌وڵ ده‌ده‌ن ئه‌و توێژانه‌ ده‌سته‌مۆی‌ حزب بكه‌ن، هه‌ر ئه‌وه‌شه‌ بووه‌ته‌ هۆكاری‌ شكستی‌ كاره‌كانیان له‌ رووی‌ به‌ مه‌ده‌نیكردنی‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ كوردییه‌وه‌".

هه‌ندێ‌ له‌ ریكخراوه‌ مه‌ده‌نییه‌كانی‌ كوردستان نه‌ك نه‌یانتوانیوه‌ رۆڵ بگێڕن له‌ پێشخستن و مه‌ده‌نیكردنی‌ كۆمه‌ڵگادا، به‌ڵكو خۆیان بوونه‌ته‌ شوێنێك بۆ به‌رهه‌مهێنانی‌ گه‌نده‌ڵی‌ و هێنانه‌دی‌ به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی به‌رپرسان و هه‌ڵسوڕێنه‌رانی‌ ئه‌و رێكخراوانه‌.
به‌پێی‌ چه‌ند راپۆرتێكی‌ ده‌زگای‌ چاودێری‌ دارایی‌ كه‌ ماوه‌ی‌ رابردوودا له‌ میدیا كوردییه‌كاندا بڵاوكرانه‌وه‌، هه‌ندێ‌ له‌ ریكخراوه‌كان له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵی‌ دارایی‌ لێپێچینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا كراوه‌ و رووبه‌ڕووی‌ یاسا كراونه‌ته‌وه‌. له‌وانه‌ رێكخراوی‌ چالاكییه‌كانی هاموون كه‌ رێكخراوێكی‌ بواری‌ گه‌نجان بوو.
به‌ هه‌مان شێوه‌ رێكخراوی‌ ماڵی‌ خانزاد كه‌ رێكخراوێكی‌ تایبه‌ت به‌ داڵده‌دانی‌ ئافره‌تان بوو، پاش ئاشكرابوونی‌ ئه‌و گه‌نده‌ڵییه‌ ئیداری‌ و  ئه‌خلاقیانه‌ی له‌و رێكخراوه‌دا ئه‌نجامدرا بوون، پاڵپشتی رێكخراوه‌كه‌، كه‌ رێكخراوی‌ وادی‌ ئه‌ڵمانی‌ بوو پاشه‌كشه‌ی‌ كرد و ئێستا كاره‌كانیان راگیراوه‌ و پێده‌چێت هه‌ڵسوڕێنه‌رانی‌ ماڵی‌ خانزادیش رووبه‌ڕووی‌ دادگا بكرێنه‌وه‌.

له‌ دوای‌ روخانی‌ رژێمی‌ به‌عس و كرانه‌وه‌ی‌ كوردستان به‌ رووی‌ هه‌ندێ‌ رێكخراوی‌ بیانی‌ و دروستبوونی‌ كه‌ش و هه‌وایه‌كی‌ سیاسی‌ تایبه‌ت له‌ كوردستاندا، هه‌ندێ‌ له‌ كۆمه‌ڵه‌ و رێكخراوه‌كانی‌ كوردستان ستراتیژی‌ كار و ئه‌جێندای‌ خۆیان گۆڕی‌ و شێوازێكی‌ تری‌ كاركردنیان هه‌ڵبژارد. 

رێكخراوی‌ گه‌شه‌پێدانی‌ قوتابیانی‌ كوردستان، كه‌ پێشتر ناوی‌ یه‌كگرتووی‌ قوتابیان بووه‌ و رێكخراوێكی‌ خویندكاری‌ بووه‌ سه‌ر به‌ یه‌كگرتووی‌ ئیسلامی‌ كوردستان بووه‌، به‌ڵام له‌ ساڵی‌ 2005 ه‌وه‌ ناوی‌ رێكخراوه‌كه‌یان ده‌گۆڕن و شێوازێكی‌ تری‌ كاركردن هه‌ڵده‌بژێرن.

نوعمان محه‌مه‌د ئه‌ڵماس سكرتێری‌ ریكخراوه‌كه‌، ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ كرد كه‌ له‌به‌ر هاتنه‌ پێشی‌ كه‌شوهه‌وایه‌كی‌ جیاواز كه‌ پێویستی‌ به‌ كاری‌ رێكخراوه‌یی‌ جیاواز هه‌بوو ستراتیژی‌ كاری‌ رێكخراوه‌كه‌یان گۆڕی‌. نوعمان محه‌مه‌د وتی‌: "ئێمه‌ تاكه‌ رێكخراوین كه‌ حزب ‌و رێكخراومان جیاكرده‌وه‌ له‌ ساڵی‌ 2005 كه‌ چه‌ند كۆنگره‌یه‌كمان له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ به‌ست له‌ پێناوی‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ به‌مانایه‌كی‌ ته‌واوه‌تی‌ رێكخراوێكی‌ مه‌ده‌نی‌ بێت ‌و كار بۆ به‌رژه‌وه‌ندی‌ گشتی‌ بكه‌ین".

به‌ڵام پێده‌چێت ئه‌م جۆره‌ گۆڕانكاریانه‌ش هیچ بایه‌خێكی‌ نه‌بێت و كاری‌ رێكخراوه‌یی‌ نه‌توانێت له‌ دۆخه‌ پاسیڤ و چه‌قبه‌ستوه‌كه‌ی‌ ته‌جاوز بكات.
 
نوعمان محه‌مه‌د وتی‌ "ده‌سه‌ڵات جیاوازییه‌كی‌ زۆر ده‌كات له‌ نێوان رێكخراوه‌كاندا، ئه‌وه‌ش وا ده‌كات كوتله‌ و كوتله‌كاری‌ ‌و حزبپه‌رستی‌ دروست بێت ‌و رێكخراوه‌كان وا لێ‌ ده‌كات گروپیانه‌تر كاربكه‌ن وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ خزمه‌تی‌ توێژه‌كانیان بكه‌ن".
له‌به‌رامبه‌ریشدا زۆرێك له‌ هه‌ڵسوڕاوانی بواری چالاكییه‌ رێكخراوه‌یی و مه‌ده‌نییه‌كان پێ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ داده‌گرن كه‌ ئه‌م رێكخراوه‌ش " رێكخراوی‌ گه‌شه‌پێدانی‌ قوتابیانی‌ كوردستان" ته‌نها بۆ لابردنی تۆمه‌تی حزبیبوون له‌سه‌ری ناوی خۆی گۆڕیوه‌ و تا ئێستاش به‌شێكه‌ له‌ پێكهاته‌ و هه‌یكه‌لی یه‌كگرتووی ئیسلامی كه‌ دروستیكردووه‌.

Sbeiy.com © 2007