Print
 مه‌كته‌بی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌
تارمایی‌ حزبه‌كان له‌ نێو ده‌سه‌ڵاتی‌ دادوه‌ری کوردیدا
Monday, January 19, 2009
فرمان عه‌بدولره‌حمان

له‌و كاته‌وه‌ی‌ ژنه‌كه‌ی‌ عه‌لی‌ ئیسماعیل له‌گه‌ڵ دۆسته‌كه‌یدا رۆژی‌ 31ی ته‌مموزی2007 ره‌دوو ده‌كه‌وێت بۆ ده‌ره‌وه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و نزیكه‌ی‌ 65000 دۆلار و چه‌ند ملیۆنێك دیناری‌ عیراقی‌ مێرده‌كه‌ی‌ ده‌بات، عه‌لی‌ و براكانی‌ هه‌موو رۆژێك ده‌نگه‌ ده‌نگ و شه‌ڕ و هه‌رایانه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ چۆن چاره‌سه‌ری‌ ئه‌و كێشه‌یه‌ بكه‌ن.

عه‌لی‌ ئیسماعیل،39 ساڵ، كه‌ ناوی‌ راسته‌قینه‌ی‌ خۆی‌ نییه‌، ئه‌فسه‌ری‌ پاسه‌وانی‌ سنووره‌ و دانیشتوی‌ ناوچه‌ی‌ پشده‌ره‌، ده‌یه‌وێت له‌ڕێگای‌ دادگاوه‌ كێشه‌كه‌ی‌ چاره‌سه‌ر بكات و حه‌قی‌ خۆی‌ وه‌ربگرێته‌وه‌، به‌ڵام براكانی‌ عه‌لی‌ پێیانوایه‌ دادگا هیچی‌ به‌ده‌ست نییه‌ و پێویسته‌ له‌ڕێگای‌ مه‌كته‌بی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ حزبه‌كانه‌وه‌ به‌ سوڵحی‌ عه‌شایه‌ری‌ حه‌قی‌ خۆیان له‌ ماڵی‌ باوكی‌ ژنه‌كه‌ وه‌ربگرنه‌وه‌.

عه‌لی‌ خاوه‌نی‌ دوو منداڵه‌ و نزیكه‌ی‌ 12 ساڵه‌ هاوسه‌رگیری‌ له‌گه‌ڵ ژنه‌كه‌یدا به‌ستووه‌ كه‌ مامۆستای‌ سه‌ره‌تاییه‌، بۆیه‌ خیانه‌تی‌ خێزانه‌كه‌ی‌ زۆر كاریگه‌ری‌ له‌سه‌ر ده‌رونی‌ جێ هێشتووه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌كرد كه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ خۆی‌ مرۆڤێكی‌ قانونییه‌ ده‌یه‌وێت به‌ یاسا و له‌ڕێگای‌ دادگاوه‌ چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌كه‌ی‌ بكات، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و ره‌خنه‌شی‌ هه‌بوو له‌ دادگا و به‌وه‌ وه‌سفیكردن كه‌"كه‌مته‌رخه‌میان كردووه‌ له‌ گرتنه‌به‌ری‌ رێوشوینی‌ پیوێست بۆ ده‌ستگیركردنی‌ تۆمه‌تباره‌كان".
عه‌لی‌ وتی‌ " له‌ڕووی‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ هه‌ست به‌ ئیهانه‌یه‌كی‌ زۆر ده‌كه‌م و ده‌شتوانم به‌ ئاسانی‌ له‌ڕێگا‌ی‌ عه‌شایه‌رییه‌وه‌ حه‌قی‌ خۆم وه‌ربگرم، به‌ڵام ده‌مه‌وێت یاسا بڕیاری‌ خۆی‌ بدات".

ئه‌و جه‌ده‌ل و گفتوگۆیه‌ی‌ نێوان عه‌لی‌ و براكانی‌ به‌شێكه‌ له‌و جه‌ده‌له‌ فراوانه‌ی‌ كه‌ هێزه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ جیاوازه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگا‌ داكۆكی‌ لێده‌كه‌ن یاخود دژایه‌تی‌ ده‌كه‌ن، ئه‌ویش په‌یوه‌ندی‌ به‌ به‌هێزكردنی‌ پێگه‌ و ده‌سه‌ڵاتی‌ دادگاكان و دانانی‌ سنوورێك هه‌یه‌ بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ ده‌خاله‌تی‌ مه‌كته‌بی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ حزبه‌كان، به‌ تایبه‌تی‌ مه‌كته‌بی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ هه‌ردوو حزبی‌ ده‌سه‌ڵاتداری‌ كوردی‌ یه‌كێتی‌ و پارتی‌. ئه‌ویش له‌ پێناو جیاكردنه‌وه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاته‌كان و هه‌نگاونان بۆ به‌رجه‌سته‌كردنی‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی‌ مه‌ده‌نی‌. یاخود به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ هه‌ندێك پێیانوایه‌ باڵاده‌ست بوونی‌ هۆشیارییه‌كی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ خێڵه‌كی‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ كوردیدا زه‌روره‌تی‌ بوونی‌ ئه‌و مه‌كته‌به‌ كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌یان به‌هێزتر كردووه‌.
زۆربه‌ی‌ حزبه‌كان مه‌كته‌بی‌ كۆمه‌ڵایه‌تییان هه‌یه‌ كه‌ ئه‌ركه‌كانیان له‌حزبێكه‌وه‌ بۆ حزبێكی‌ تر ده‌گۆڕێت، به‌ڵام پێده‌چێت هه‌مویان له‌وه‌دا هاوبه‌ش بن كه‌ ده‌یانه‌وێت هاوشانی‌ دادگاكان پشكیان هه‌بێت له‌ چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كاندا.

مه‌كته‌بی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ یه‌كێتیی‌ نیشتمانیی‌ كوردستان، یه‌كێكه‌ له‌ گه‌وره‌ترین و باڵاده‌ستترین مه‌كته‌بی‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ له‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌، جگه‌ له‌وه‌ی‌ 21 ناوه‌ندی‌ هه‌یه‌ له‌ شوێنه‌ جیاوازه‌كانی‌ كوردستان، نزیكه‌ی‌ 1200 كارمه‌ند و موچه‌خۆری‌ هه‌یه‌ و تائێستاش به‌رده‌وامن له‌ كاركردن و ته‌نها له‌ ماوه‌ی‌ حه‌وت مانگی‌ رابردوودا 406 كێشه‌ی‌ جۆراوجۆری‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ له‌و مه‌كته‌به‌دا چاره‌سه‌ركراون.

حامید حاجی‌ غالی‌، به‌رپرسی‌ مه‌كته‌بی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ یه‌كێتیی‌ نیشتمانیی‌ كوردستان، ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ كرد كه‌ یه‌كێك له‌ ئه‌ركه‌ گرنگه‌كانی‌ مه‌كته‌بی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ قه‌ناعه‌ت به‌ خه‌ڵكی‌ بكه‌ن برا له‌ بری‌ برا نه‌كوژرێت، به‌ڵكو پێویسته‌ ته‌نها كه‌سه‌ تاوانباره‌كه‌ سزا بدرێت ئه‌ویش له‌ڕێگای‌ دادگا و قانوونه‌وه‌. حامید حاجی‌ غالی‌ وتی‌: "به‌رقه‌راربوونی‌ هۆشیارییه‌كی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ خێڵه‌كییانه‌ له‌ ناو خه‌ڵكیدا وایكردووه‌ به‌هۆی‌ تاوانی‌ كه‌سێكه‌وه‌ سه‌رله‌به‌ری‌ خێزانێك تیابچێت، كه‌ ئه‌و حاڵه‌ت خراپه‌ به‌ دادگاكانمان چاره‌سه‌ر ناكرێت ئه‌گه‌ر ئێمه‌ نه‌بین". ناوبراو باسی‌ له‌وه‌ كرد چه‌ندین كێشه‌ی‌ كوشتن هه‌بوه‌ كه‌ دوای‌ ده‌ركردنی‌ سزای‌ له‌ سێداره‌دانی‌ تۆمه‌تباره‌كه‌ له‌ لایه‌ن دادگاوه‌، به‌ڵام كه‌سوكاری‌ كوژراوه‌كه‌ به‌وه‌ رازی‌ نه‌بون و خه‌ڵكی‌ تریان له‌ بنه‌ماڵه‌كه‌ی‌ به‌رامبه‌ر كوشتۆته‌وه‌. حامید حاجی‌ غالی‌ وتی:‌ "هه‌وڵه‌كانی‌ مه‌كته‌بی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ قه‌ناعه‌ت به‌ خێزانه‌كان بهێنین به‌ بڕیاری‌ یاسا و دادگا رازی‌ ببن".

مێژوی‌ دروستبوونی‌ مه‌كته‌بی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ حزبه‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ دوای‌ راپه‌ڕین به‌ تایبه‌تی‌ ئه‌و كاتانه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ دادگا و ده‌سه‌ڵاتی‌ جێبه‌جێكردن له‌ كوردستان له‌وپه‌ڕی‌ لاوازی‌ و بێهێزیدا بوو، یه‌كێتی‌ و پارتی‌ بۆ پڕكردنه‌وه‌ی‌ فه‌راغی‌ دادگا و قانوون به‌ ناچاری‌ ئه‌و مه‌كته‌به‌ كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌یان دروستكرد، به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ جێگا‌ی‌ نیگه‌رانی‌ به‌شێكی‌ زۆری‌ پسپۆڕانی‌ بواری‌ یاسا و كۆمه‌ڵگه‌ی‌ مه‌ده‌نییه‌، تائێستاش ئه‌و مه‌كته‌بانه‌ به‌رده‌وامن له‌ كاری‌ خۆیان و بوونه‌ته‌ هۆی‌ لاوازكردنی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ دادگاكان و سه‌روه‌ری‌ قانوون.

سامان فه‌وزی‌، پسپۆڕی‌ بواری‌ یاسا له‌ زانكۆی‌ سلێمانی‌، یه‌كێكه‌ له‌و كه‌سانه‌ی‌ دژایه‌تییه‌كی‌ گه‌وره‌ی‌ بوونی‌ مه‌كته‌بی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ حزبه‌كان ده‌كات و پێی‌ وایه‌ سه‌رسه‌ختترین به‌ربه‌ستی‌ به‌هێزبوونی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ دادگا و دروستبوونی‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ مه‌ده‌نین. سامان ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌كرد بونی‌ مه‌كته‌بی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ حزبه‌كان پێچه‌وانه‌ی‌ بڕگه‌یه‌كی‌ گرنگی‌ ره‌شنووسی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و ده‌ستوری‌ عیراقه‌، هه‌روه‌ها باسیشی‌ له‌وه‌ كرد كه‌ پێچه‌وانه‌ی‌ گرنگترین پره‌نسیپی‌ مافه‌كانی‌ مرۆڤیشه‌ كه‌ یه‌كسان بوونییه‌تی‌ له‌ به‌رده‌م یاسادا. به‌ ڕای‌ سامان فه‌وزی‌ بوونی‌ ئه‌و مه‌كته‌بانه‌ وا ده‌كات تاوانباران له‌ به‌رامبه‌ر دانی‌ بڕێك پاره‌ به‌ كه‌سوكاری‌ كوژراوه‌كه‌ له‌ ده‌ست یاسا هه‌ڵبێن و مافی‌ گشتی‌ (حق العام) پێشێلبكرێت.
سامان وتی‌: "بوونی‌ مه‌كته‌بی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ هۆكارێكی‌ به‌هێزی‌ لاوازكردنی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ دادگایه‌، چونكه‌ ئه‌و مه‌كته‌بانه‌ حزبیان له‌ پشته‌وه‌یه ‌و مه‌به‌ستیان رازیكردنی‌ خه‌ڵك و ئه‌ندامه‌كانیانه‌ نه‌وه‌كو سه‌روه‌ری‌ یاسا". هه‌روه‌ها وتیشی‌: " هه‌رگیز مه‌كته‌بی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی‌ دادگا و كۆمه‌ڵگه‌ی‌ مه‌ده‌نیدا كۆنابنه‌وه‌".

پێده‌چێت هه‌ندێک‌ بڕیاری‌ حكومه‌ت نێگه‌تیڤانه‌ رۆڵیان گێڕابێت له‌به‌خشینه‌وه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ مه‌عنه‌وی‌ به‌ بڕیار و نووسراوه‌كانی‌ مه‌كته‌بی‌ كۆمه‌ڵایه‌تیدا. له‌ مانگی‌ ئایاری‌ رابردوو سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم بڕیاری‌ لێبوردنی‌ گشتی‌ بۆ تاوانباره‌ زیندانییه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌ركرد، به‌ پێی‌ رێنماییه‌ هاوپێچه‌كانی‌ ئه‌و لێبوردنه‌ گشتییه‌ ده‌بوایه‌ زیندانییه‌كه‌ بڕیاری‌ لێخۆشبوون یان (ته‌نازول)ی‌ خاوه‌ن حه‌قه‌كه‌ هه‌بێت، له‌ دادگا بێت یان له‌ مه‌كته‌بی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ حزبه‌كان.

گۆنا عه‌بدوڵا به‌رپرسی‌ به‌شی‌ ئافره‌تان له‌ گرتوخانه‌ی‌ سلێمانی‌ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌كرد كه‌ به‌هۆی‌ ئه‌و رێنماییانه‌وه‌ نادادپه‌روه‌ری‌ له‌لێبوردنه‌كه‌دا دروستبووه،‌ چونكه‌ ئه‌وه‌ی‌ لێخۆش بوونی‌ نه‌بوایه‌ لێبوردنه‌كه‌ نه‌یده‌گرته‌وه‌ و ئه‌وه‌شی‌ هه‌یبوایه‌ لێبوردنه‌كه‌ ده‌یگرته‌وه‌، گۆنا عه‌بدوڵا وتی‌: " ئه‌وه‌ش جۆرێك له‌ ده‌سه‌ڵات به‌خشینه‌وه‌ بوو به‌ مه‌كته‌بی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ حزبه‌كان" هه‌روه‌ها وتیشی:‌ "ده‌بوایه‌ كردارباشی‌ بكرایه‌ته‌‌ پێوه‌ر بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ لێبوردنه‌كه‌ ده‌یگرتنه‌وه‌ نه‌ك ته‌نازول و سوڵحی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌".

به‌هۆی‌ نه‌بوونی‌ ته‌نازول له‌ (حه‌قی‌ شه‌خسی‌) له‌ كۆی‌ 12 كێشه‌ی‌ كوشتن ته‌نها دوو كێشه‌یان له‌ به‌شی‌ ئافره‌تانی‌ گرتوخانه‌ی‌ سلێمانی‌ لێبوردنه‌كه‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم شمولیكردن.
ئاشنا وه‌هاب ، 19 ساڵ، نه‌سیم قادر، 33 ساڵ، ئه‌و دوو ئافره‌ته‌ن كه‌ لێبوردنه‌كه‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم شمولیكردن، هه‌ردووكیان به‌ تاوانی‌ كوشتن زیندانی‌ كرابوون، یه‌كه‌میان به‌ تاوانی‌ كوشتنی‌ باوكی‌ و دووه‌میان به‌ تاوانی‌ كوشتنی‌ كوڕێك، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ ته‌نازول له‌ حه‌قی‌ شه‌خسی‌ كرابوو له‌و دوو كێشه‌یه‌دا و ته‌نازوله‌كه‌ش له‌ دادگا سه‌لمێنرابوون، هه‌ردووكیان ئازادكران، كه‌ یه‌كه‌میان به‌ 5 ساڵ و دووهه‌میان به‌ 15 ساڵ زیندانیكردن سزا درابوون.

به‌ پێی‌ ئاماره‌كانی‌ مه‌كته‌بی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ یه‌كێتیی‌ نیشتمانیی‌ كوردستان، زۆرترین ئه‌و كێشانه‌ی‌ كه‌ له‌و مه‌كته‌به‌دا چاره‌سه‌ركراون له‌ ماوه‌ی‌ 7 مانگی‌ رابردوودا بریتیبوون له‌ كێشه‌ی‌ كوشتن، له‌ كۆی‌ 406 كێشه‌ی‌ جۆراوجۆر، 59 كێشه‌ بریتیبوون له‌ حاڵه‌تی‌ كوشتن و برینداربوون.
به‌ڵام به‌رپرسی‌ مه‌كته‌بی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ یه‌كێتیی‌ نیشتمانیی‌ كوردستان ره‌تیكرده‌وه‌ كه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ده‌خاله‌ت له‌ بڕیاری‌ دادگادا بكه‌ن و ده‌ستبخه‌نه‌ كاروباره‌كانیانه‌وه‌. حامید حاجی‌ غالی‌ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ كرد كه‌ ئه‌وان رێز له‌ بڕیاره‌كانی‌ یاسا ده‌گرن و سه‌ره‌تای‌ هه‌موو رێككه‌وتنێك به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ بكوژه‌كه‌ ته‌سلیم به‌ یاسا بكرێت، حامید وتی‌: "به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئێمه‌ كه‌سوكاری‌ خاوه‌ن كێشه‌كه‌ پێكنه‌خه‌ینه‌وه‌ ناچار ده‌چنه‌ ته‌كیه‌ و دیوه‌خانی‌ سه‌ره‌ك عه‌شیره‌ته‌كان و كێشه‌ی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ تری‌ لێده‌كه‌وێته‌وه‌".

له‌ لایه‌ن خۆشیه‌وه‌ فاروق جه‌میل، وه‌زیری‌ دادی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌كرد كه‌ تا پێش دوو ساڵ له‌مه‌وبه‌ر مه‌كته‌بی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ ته‌داخولی‌ هه‌بووه‌ له‌ بڕیاری‌ دادگاكاندا، به‌شێوه‌یه‌ك ده‌سه‌ڵات و پێگه‌ی‌ دادگاكانی‌ لاوازكردبوو. به‌ڵام به‌ وته‌ی‌ ناوبراو ئێستا ئه‌و ته‌داخوله‌ نه‌ماوه‌.
وه‌زیری‌ داد وتی:‌ "به‌ڵام بوونی‌ سوڵحی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ له‌وه‌دا سودی‌ هه‌یه‌ كه‌ كۆتایی‌ به‌ ناكۆكی نێوان دوو بنه‌ماڵه‌كه‌ ده‌هێنێت‌ و ئه‌گه‌ر ئه‌و سوڵحه‌ نه‌بێت له‌وانه‌یه‌ په‌ره‌ بستێنێت".

زۆرجار لاوازی‌ خودی‌ دامه‌زراوه‌كانی‌ داد و پۆلیس و لێكۆڵینه‌وه‌ جینائییه‌كان، به‌ شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان ده‌سه‌ڵاتیان به‌ مه‌كته‌بی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ حزبه‌كان به‌خشیوه‌ته‌وه‌، چونكه‌ نه‌بوونی‌ ئامێر و ته‌كنیكی‌ پێشكه‌وتوو بۆ دۆزینه‌وه‌ و كه‌شفكردنی‌ به‌ڵگه‌ی‌ جینائی‌ بۆ سه‌لماندنی‌ تاوانه‌كان واده‌كات كه‌ دادگا تۆمه‌تباره‌كه‌ ئازاد بكات یان سزایه‌كی‌ بدات كه‌ شایسته‌ی‌ تاوانه‌كه‌ی‌ نه‌بێت ئه‌وه‌ش كه‌سوكاری‌ خاوه‌ن حه‌قه‌كه‌ ناچارده‌كات خۆیان تۆڵه‌ی‌ خۆیان بكه‌نه‌وه‌ و كه‌سانی‌ تر له‌بری‌ تاوانباره‌كه‌ بكوژن و دواتر به‌ ناچاری‌ ده‌بێت بچنه‌ مه‌كته‌بی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ حزبه‌كان بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌كانیان.

شنۆ عارف، 27 ساڵ، ژنی‌ ماڵه‌وه‌، له‌ یه‌كێك له‌ رۆژه‌كانی‌ زستانی‌ 2007 له‌ بارودۆخێكی‌ نادیار و ئاڵۆزدا له‌ نێو گه‌رماوی‌ ماڵه‌كه‌یدا ده‌كوژرێت، هاوسه‌ری‌ ژنه‌كه‌ و كه‌سوكاره‌كه‌ی‌ وا بڵاویده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ حاڵه‌تی‌ كوژرانی‌ ژنه‌كه‌ی‌ (ئینتیحار) بووه‌، به‌ڵام كه‌سوكاری‌ ژنه‌كه‌ دڵنیابوون كه‌ كوشتنه‌كه‌ به‌مه‌به‌ست بووه‌ و ده‌ستی‌ مێرده‌كه‌ی‌ تیابووه‌.
پارێزه‌رێكی‌ ئاگادار له‌و رووداوه‌ باسی‌ له‌وه‌كرد له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ كه‌سوكاری‌ پیاوه‌كه‌ مه‌یدانی‌ تاوانه‌كه‌یان ده‌ستكاریكردووه‌ و به‌ڵگه‌ جینائییه‌كانیان شێواندووه‌، پۆلیسی‌ لێكۆڵینه‌وه‌كه‌ خاوه‌نی‌ هیچ ته‌كنیك و ئامێرێكی‌ پێشكه‌وتوو نییه‌ تاوه‌كو به‌ شێوه‌یه‌كی‌ زانستی‌ و دادپه‌روه‌رانه‌ به‌ڵگه‌ی‌ جینائی‌ كه‌شفبكات بۆ دۆزینه‌وه‌ی‌ تاوانباران. نه‌یتوانی‌ هیچ به‌ڵگه‌یه‌كی‌ جینائی‌ بدۆزێته‌وه‌ كه‌ تاوانباربوونی‌ مێردی‌ ژنه‌كه‌ بسه‌لمێنێت.
ئه‌و پارێزه‌ره‌ ئه‌وه‌شی‌ باسكرد كه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ دادگای‌ سلێمانی‌ له‌ رۆژی‌ 25/7/2007 بڕیاری‌ بێ تاوانی‌ هاوسه‌ری‌ ژنه‌كه‌ی‌ ده‌ركرد، له‌كاتێكدا كه‌سوكاری‌ شنۆ عارف ده‌یانزانی‌ كه‌ مێرده‌كه‌ی‌ كوشتویه‌تی‌، هه‌ربۆیه‌ دوابه‌دوای‌ دانیشتنه‌كه‌ی‌ دادگا كه‌سوكاری‌ شنۆ هێرشیانكرده‌ سه‌ر دادگا و كه‌سوكاری‌ پیاوه‌كه‌ و شه‌ڕێكی‌ نیمچه‌ گه‌وره‌ دروستبوو، كه‌ چه‌ند كه‌سێكی‌ تێدا بریندار كرا.
ئه‌و پارێزه‌ره‌ وتی:‌ " كه‌سوكاری‌ ژنه‌كه‌ هه‌ڕه‌شه‌یان له‌و پیاوه‌ كردووه‌ كه‌ بیكوژن، بۆیه‌ هه‌ردوولایان بڕیاریانداوه‌ بچنه‌ مه‌كته‌بی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ یه‌كێك له‌ حزبه‌كان چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌كه‌یان بكه‌ن".

گۆنا عه‌بدوڵا، به‌رپرسی‌ به‌شی‌ ژنانی‌ گرتوخانه‌ی‌ سلێمانی‌، هاوڕابوو له‌وه‌دا كه‌ هۆكاری‌ به‌هێزبوونی‌ مه‌كته‌بی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ حزبه‌كان، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ لاوازی‌ خودی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ دادگاكان خۆیان، چونكه‌ وه‌كو ئه‌و وتی‌: "ده‌زگای‌ پۆلیس و سیستمی‌ قانونی‌ و ده‌زگای‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ به‌ڵگه‌ جینائیه‌كان تا ئاستێكی‌ ترسناك خراپ و لاوازن وخه‌ڵك متمانه‌ی‌ پێیان نییه‌".

تێبینی‌ / ناوی‌ هه‌ندێك له‌وانه‌ی‌ كێشه‌ی‌ كۆمه‌ڵایه‌تییان هه‌یه‌ خوازراون، له‌سه‌ر داوای‌ خۆیان
Sbeiy.com © 2007