Print
 سه‌كرده‌یه‌كی (ی‌.ن.ك) ره‌خنه‌گرتن له‌سه‌ر سه‌ركردایه‌تی‌ سیاسی كوردستان به‌رفراوان ده‌كات
Monday, January 19, 2009

 

راپۆرت: توانا عوسمان - رۆمان زاگرۆس (iwpr)

كه‌سایه‌تییه‌كی سیاسیی دیاری كورد، كه‌ به‌شداربوه‌ له‌ دامه‌زراندنی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان، كۆمپانیا میدیاییه‌ كاریگه‌ره‌كه‌ی خۆی به‌كار ده‌هێنێت بۆ روبه‌ڕوی بونه‌وه‌ی حیزبه‌كه‌ی‌‌ و ده‌سته‌ڵاتی‌ سیاسی هه‌رێمی‌ كوردستان.

به‌ڵام له‌ ئێستادا دیار نییه‌ ئاخۆ نه‌وشیروان مسته‌فا ده‌یه‌وێت پارتێكی ركابه‌ر دابمه‌زرێنێت، یان هانی چاكسازیی زیاتر ده‌دات له‌ نێو یه‌كێتیدا.
 
نه‌وشیروان مسته‌فا له‌ كانونی یه‌كه‌می ٢٠٠٦دا وازی له‌ پۆسته‌كه‌ی خۆی هێنا وه‌ك  جێگری سكرتێری گشتی یه‌كێتی‌، دوابه‌دوای سه‌رهه‌ڵدانی ململانێی ده‌سه‌ڵات له‌ناو حیزبه‌كه‌یدا.

له‌كاتێكدا وه‌ك ئه‌ندامێك له‌ناو‌ یه‌كێتیدا ماوه‌ته‌وه‌، نه‌وشیروان مسته‌فا له‌ چه‌ند ساڵی رابردودا به‌رده‌وام و راشكاوانه‌تر ره‌خنه‌ی‌ له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و پارته‌كه‌ی خۆی گرتوه‌، به‌وه‌ی كه‌ سیسته‌می "سه‌ركردایه‌تیی تاكه‌ كه‌سی" گرتوه‌ته‌ به‌ر.

یه‌كسه‌ر دوای ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی، نه‌وشیروان مسته‌فا كۆمپانیای وشه‌ی دامه‌زراند، كه‌ ئێستا گه‌وره‌ بوه‌ و بوه‌ته‌ یه‌كێك له‌ به‌هێزترین كۆمپانیاكانی میدیا له‌ كوردستانی عێراقدا، وشه‌ یه‌كێك له‌ رۆژنامه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی كوردستانی عێراق، سایتێكی هه‌واڵی پڕخوێنه‌ر به‌ڕێوه‌ده‌بات‌ و ئێستاش كار له‌سه‌ر كه‌ناڵێكی ته‌له‌فزیۆنی ئاسمانی ده‌كات.

نه‌وشیروان مسته‌فا، كه‌ باڵه‌كه‌ی له‌ناو یه‌كێتیدا به‌ "باڵی ریفۆرم" ناسراون، ده‌ستی له‌كار كێشایه‌وه‌ له‌ پۆسته‌ به‌رزه‌كه‌یدا دوای ئه‌وه‌ی بێ هیوا بو كه‌ گۆڕانی گه‌وره‌ و دیموكراتی له‌ناو خودی یه‌كێتی و سیسته‌می سیاسیی كورددا رو بدات.

نه‌وشیروان جاره‌های جار نیگه‌رانی ده‌ربڕیوه‌ سه‌باره‌ت به‌ ناسه‌ربه‌خۆیی ده‌زگا و ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریی له‌ حكومه‌تی هه‌رێم و ره‌خنه‌شی له‌ نه‌بونی ویستی سیاسی بۆ چاكسازی گرتوه‌.

نه‌وشیروان مسته‌فا وتی: "وازم هێنا دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ بێ ئومێد بوم له‌ گۆڕان له‌ناو حیزبدا به‌و كه‌ره‌سته‌ ته‌قلیدیانه‌ی‌ له‌ حیزبدا به‌رده‌سته‌، بڕوام به‌وه‌ نه‌ما كه‌ بتوانین له‌ناو حیزبدا گۆڕان بكه‌م".

په‌یامی چاكسازیی گه‌لپه‌روه‌ریی نه‌وشیروان ره‌نگدانه‌وه‌ی‌ ره‌خنه‌و سكاڵای‌ هاوڵاتیانی‌ ناوچه‌ نفوزی‌ یه‌كێتیه‌ كه‌ له‌ سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌كانه‌وه‌و له‌وه‌ته‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌دوای‌ راپه‌ڕینی‌ 1991وه‌ له‌ عێراق جیا بویه‌وه‌، له‌ ژێر كۆنتڕۆڵی یه‌كێتیدا بوه‌.

نه‌وشیروان، له‌ نوسینه‌كانی‌ ئه‌مدواییه‌یدا جارێكی‌ تر ره‌خنه‌و سكاڵای‌ هاوڵاتیانی‌ دوباره‌ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ده‌ڵێن گه‌نده‌ڵی، خزمه‌تگوازریی خراپ، ده‌ستێوه‌ردانی‌ حیزب له‌كار و حكومه‌تدا، به‌ربه‌ستن له‌ به‌رده‌م به‌ره‌وپێشچونی ئابوری و شارستانی و باری گوزه‌رانی دانیشتوان.

له‌ زنجیره‌یه‌ك وتاردا كه‌ به‌م دواییه‌ له‌ رۆژنامه‌ی رۆژنامه‌ كه‌ هی كۆمپانیای وشه‌یه‌ بڵاوی كرده‌وه‌‌، مسته‌فا ره‌خنه‌ی توند له‌ سه‌ركردایه‌تی كورد ده‌گرێت به‌هۆی خراپی له‌ به‌ڕێوه‌بردن و كه‌مته‌رخه‌می و كاركردن له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تیدا.
 
ئه‌گه‌رچی‌ نه‌وشیروان مسته‌فا پێشتر ره‌خنه‌ی له‌ حیزبه‌كان گرتبو، به‌ڵام ئه‌م زنجیره‌ وتاره‌ی‌ دوایی له‌ شتێكی هانده‌ر ده‌چو كه‌تێیدا لایه‌نگرانی ریفۆرمی به‌ "ئێمه‌" و داكۆكیكاران ره‌وشی باوی‌ به‌ "ئه‌وان" ناو برد.

ئه‌و ده‌ڵێت: "ئێمه‌‌ ئه‌‌مانه‌‌وێ ده‌‌ستیوه‌‌ردانی حیزب له‌‌ كاروباری رۆژانه‌‌ی داوده‌‌زگاكانی حكومه‌‌ت و زانكۆ و دادگا و رێكخراوه‌‌كانی كۆمه‌‌ڵی شارستانی دور بخه‌‌ینه‌‌وه‌‌، ئه‌‌وان ئه‌‌یانه‌‌وێ ده‌‌ستێوه‌‌ردانی حیزب له‌‌ كاروباری حكومه‌‌ت و هه‌‌مو بواره‌‌كانی ژیانی رۆژانه‌‌ی خه‌‌ڵك دا توندتر بكه‌‌ن".

هه‌رچه‌نده‌ نه‌وشیروان موسته‌فا وازی له‌ پۆستی سه‌كردایه‌تی حیزبه‌كه‌ی‌ خۆی هێناوه‌، به‌ڵام هێشتا له‌ لایه‌ن زۆر كه‌سه‌وه‌ به‌ دوه‌م كه‌سی یه‌كێتی له‌ دوای تاڵه‌بانی داده‌نرێت و پشتگیرییه‌كی جه‌ماوه‌ریی به‌رفراوانی له‌ سلێمانیدا هه‌یه‌، هه‌ندێ كه‌س وا لێك ده‌ده‌نه‌وه‌ كه‌ مسته‌فای ته‌مه‌ن ٦٤ ساڵ ره‌نگه‌ رۆژێك جێگای تاڵه‌بانی ته‌مه‌ن ٧٥ ساڵ، بگرێته‌وه‌.

پرسیار‌ه‌كه‌ لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌ ئاخۆ نه‌وشیروان مسته‌فا، كه‌ ده‌نگێكی گرنگ بو له‌ناو یه‌كێتیدا بۆ چه‌ندین ده‌یه‌، خه‌ریكه‌ بزوتنه‌وه‌یه‌كی ئۆپۆزسیۆنی سه‌ربه‌خۆ دروست ده‌كات، یان به‌ شێوه‌یه‌كی ساده‌، خۆی وه‌ك ره‌خنه‌گرێك نیشانده‌دات كه‌ به‌ راده‌یه‌كی زۆر – به‌ڵام به‌ ته‌واوی نا – له‌ سیسته‌می سیاسی هاتوه‌ته‌وه‌ ده‌ره‌وه‌‌.

ره‌خنه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا به‌لای مه‌لا به‌ختیار، گوته‌بێژی یه‌كێتی و لایه‌نگری‌ سه‌رسه‌ختی‌ تاڵه‌بانی،‌ ره‌خنه‌ی‌ دروست نه‌بون. به‌ختیار له‌ راگه‌یه‌نراوێكدا له‌مانگی رابردودا پێداگریكرد له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی مسته‌فا و هاوسۆزانی " هه‌م بۆ دژایه‌تی‌ یه‌كێتی‌ هه‌م بۆ ساغكردنه‌وه‌ی‌ سیاسه‌ت‌و نه‌خشه‌ شاراوه‌كانیان كه‌وتونه‌ته‌ نوسین‌و پڕوپاگه‌نده‌ی‌ ئاشكرا".

نه‌وشیروان به‌ IWPRی راگه‌یاند كه‌خۆی‌ به‌ئۆپۆزسیۆن نازانێت و جه‌ختیشی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ یه‌كێك له‌ ئامانجه‌كانی بریتییه‌ له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی چه‌ندین وتار "بۆ هێنانه‌ كایه‌ی مشتومڕی به‌رهه‌مدار و رۆشنبیرانه‌".

له‌ وتاره‌كانی به‌م دواییه‌دا، مسته‌فا وێنه‌ی خۆی وه‌ك سه‌ركرده‌یه‌كی گه‌لپه‌روه‌ر ده‌كێشێت كه‌ كۆمه‌ڵێك بیرۆكه‌ی چاكسازی‌ هه‌یه‌. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، له‌ ئێستادا مسته‌فا سوره‌ له‌سه‌ر گه‌شه‌پێدانیان له‌ڕێی میدیاوه‌ زیاتر له‌ مه‌یدانی سیاسیدا.

مسته‌فا وتی "له‌وانه‌یه‌ نه‌توانم ئۆپۆزسیۆنێك به‌ڕێوه‌ ببه‌م" وتیشی‌: "دامه‌زراوه‌یه‌كی میدیامان هه‌یه‌ كه‌ له‌ رێیه‌وه‌ ده‌توانین رای گشتی رێك بخه‌ین، كه‌ له‌ ئه‌نجامدا ده‌كرێت ببێته‌ ده‌سته‌یه‌كی فشار و هێزی‌ گۆڕانكاری".
 
نوسه‌ر و ره‌خنه‌گری به‌ناوبانگی كورد رێبین هه‌ردی پێی وایه‌ نه‌وشیروان مسته‌فا ده‌توانێت رابه‌رایه‌تی بزوتنه‌وه‌یه‌كی سیاسیی به‌دیل و گرنگ بكات، چونكه‌ پێشتر خۆی وه‌ك سه‌ركرده‌یه‌ك له‌ یه‌كێتیدا سه‌لماندوه‌ و به‌رده‌وامیش پاڵپشتییه‌كی به‌هێزی لێ ده‌كرێت. هه‌وره‌ها باسی ئه‌وه‌شی كرد كه‌ ناوبانگی‌ مسته‌فا به‌ بانگه‌شه‌ی گه‌نده‌ڵی له‌كه‌دار نه‌بوه‌.

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، هه‌ردی وتی: له‌وانه‌یه‌ نه‌وشیروان مسته‌فا به‌ ته‌واوی له‌ یه‌كێتی جودا نه‌بێته‌وه‌، و ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كرد كه‌ په‌یوه‌ندییه‌ كه‌سێتییه‌كانی مسته‌فا به‌ تاڵه‌بانییه‌وه‌ هێشتا كاریگه‌رییان به‌سه‌ریه‌وه‌ هه‌یه‌. " له‌ به‌رئه‌وه‌ی‌ خۆی‌ یه‌كێكه‌ له‌ دامه‌زرێنه‌ره‌كانی‌ یه‌كێتی‌ ئیلتیزامێكی‌ قورسی‌ مێژوی‌ به‌سه‌ره‌وه‌یه‌" هه‌ردی وتی. " بۆیه‌ دواجار هه‌ر ده‌یه‌وێت له‌ناو یه‌كێتی‌ دا بمێنێته‌وه‌".

 

Sbeiy.com © 2007