بابه‌کر دڕه‌یی
مه‌به‌ستی بناخه‌یی له نوسینی ئه‌م دێرانه ڕونكردنهوهی ئه‌و بیروڕایانه‌یه كه له‌م دواییانه‌دا، ئاشكراتر له جاران، له دیدگا سیاسی و فیكریه‌كانی حزبی كوردیدا فۆرمۆلهكراون و تا ئه‌ندازه‌یه‌ك هاتونه سه‌ر رووپه‌ڕی رۆژنامه‌كان. ئه‌م بیروڕایانه له په‌رده‌یه‌كی ئه‌ستوری موجامه‌له‌و ئه‌ته‌كێتی سیاسی وادا پێشكه‌شكران كه ناسینه‌وه‌یان ئاسان نه‌بو، یان ئه‌توانین بڵێین به جۆرێك بون كه ته‌نانه‌ت ژماره‌یه‌كی زۆر له رۆشنبیران و نوخبه‌ی هوشیاری سیاسی ئه‌م ولاَتهش بواری درا وا ده‌ربخا كه له‌م سیاسه‌تانه حاڵی نه‌بوه یا ده‌توانێ وا نیشاندات كه ناچار به كاردانه‌وه‌و بیركردنه‌وه‌یه‌كی ڕه‌خنه‌گرانه نه‌كراوه و توشی "هه‌ڵوێستگیری" سیاسی نه‌بوه.
هه‌ڵبه‌ت ئه‌و دیدگایانه‌ی له‌ڕێی هه‌ندێ "قوتب"و كه‌سایه‌تی سیاسیه‌وه هاتنه وتن یه‌كجار تازه نه‌بوون و جاری تریش بیسرابون، به‌ڵام هه‌لومه‌رجی سیاسی و گۆڕانی فه‌زای فیكری كۆمه‌ڵگا به ئاقاری جۆرێك له جه‌مسه‌ربه‌ندیی تازه، واتایه‌كی جیاواز‌و نوێی به وته‌و سیاسه‌ت و مانۆڕی دیبلۆماسی ئه‌و كه‌سایه‌تیه سیاسیانه‌ی ناو ده‌سه‌ڵات به‌خشی.
ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجه‌و پێویسته له سه‌ره‌تاوه بۆ خوێنه‌ر ڕوون بكرێته‌وه ئه‌وه‌یه كه زاراوه‌ی "گوَڕان" له‌م وتاره‌دا واتایه‌كی جیاوازی پێدراوه له‌و واتایه‌ی واژه‌ی "گۆڕان" له سه‌ره‌تای بینین و بیستنه‌وه ده‌یخاته زه‌ینی مرۆڤه‌وه. هه‌ركه‌س له زمانی كوردیدا گوێبیستی وشه‌ی "گۆڕان" ده‌بێ، وای لێكده‌داته‌وه ئه‌و دیاردیهی قسه‌ی له باره‌وه ده‌كرێ حه‌تمه‌ن به‌ره‌و "باشه"و ئیجابیه‌ت جوڵاوه‌و وا تێده‌گات ئه‌گه‌ر كه‌سێك باس له گۆڕانی دیارده‌یه‌كی سیاسی یان كه‌سێكی دهسهلاَتدار بكات، ناوبراو به‌ره‌و چاكه و خێر هه‌نگاوی ناوه مه‌گه‌ر قسه‌كه‌ر راسته‌وخۆ و به ئاشكرا ده‌ریبڕێت كه مه‌به‌ستی له گۆڕانی قسهلێكراو به‌ره‌و خراپی و نێگه‌تیفی یه.
ئامانجی ئه‌م وتاره ئه‌وه‌یه له‌ڕێی هه‌ندێ فاكت و هێماوه ئه‌وه به خوێنه‌ر بگه‌یه‌نێ كه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی دۆخی "ده‌ره‌وه"(جهان و ناوچه) له قازانجی كورد ڕوو له گۆرانی ئیجابی و باشه‌یه، دۆخی "ناوه‌وه" ی حزبی كوردی، به پێچه‌وانه‌ی دۆخی زاڵ و به‌رهه‌سته‌وه، به‌ره‌و "گۆڕان"ێكی نه‌خوازراوو تا ئه‌ندازه‌یه‌ك مه‌ترسیدار هه‌نگاو ده‌نێ كه ــ به‌داخه‌وه ــ ئه‌م گوَڕانه نیگهتیفهش، وه‌ك سه‌رجه‌م حاڵه‌ته مێژووییه‌كانی له‌م چه‌شنه قابیلی دهركپێكردنێكی جه‌ماوه‌ره‌ی و گشتی نیه‌و ئه‌ركی نوخبه‌ی رۆشنبیر‌و لیبراڵه ئه‌و حاڵه‌ته‌ی لێره‌دا ناوی نراوه"گۆڕان" شی بیكاته‌وه‌و له تاریكستانی ڕسته‌ی بریقه‌دارو دره‌وشاوه‌ی به حساب "برایانه" و " هاوڕِێیانه" ڕزگاری بكا‌و له قاڵبی سیاسی و مێژوویی حه‌قیقی خۆیدا بیناسێنێ.
ره‌نگه سه‌ره‌تاییترین ده‌سپێك بۆ لێكدانه‌وه‌ی ئه‌و حاڵه‌ته نوێیانه‌ی له‌ناو حزبی كوردیدا خه‌ریكی سه‌رهه‌ڵدانن ئه‌وه بێ سه‌رله‌نوێ پێناسه‌ی حزب بكه‌ینه‌وه‌و بۆ خۆمانی ڕونبكه‌ینه‌وه كه: حزب چییه؟ میكانیزمی به‌رێوه‌چونی چۆنه‌و دوایین ئامانجی حزب له چیدا به‌رجه‌سته ئه‌بێ؟
بێ ناساندنی حزب وه‌ك "ئامرازێكی سیاسی بۆ ڕێكخستن و ڕێبه‌ریكردنی كۆمه‌ڵگا بۆ گۆڕان و پاشان گرتنی ده‌سه‌ڵات و ئاژۆتنی كۆمه‌ڵ له ڕێی ده‌زگای ده‌وڵه‌ته‌وه بۆ ئه‌و ئامانج و مه‌رامانه‌ی له به‌رنامه‌ی حزبدا دیاریكراون"، زه‌حمه‌ته له‌وه تێبگه‌ین كه بۆچی هه‌ندێ له‌م كه‌سایه‌تیه سیاسیانه‌ی كورد خه‌ریكی ئه‌وه‌ن خودی حزب بكه‌نه "ئامانج" و تا ئاستی په‌رستن به‌رزی بكه‌نه‌وه.
به‌لای هه‌ندێ له قه‌ڵه‌مبه‌ده‌ست و خاوه‌ن به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانه‌وه حزب "ئامراز" نیه بۆ گوَڕینی كۆمه‌ڵ و ناچێته ژێر تایتڵی ئه‌و پێناسه‌یه‌ی سه‌ره‌وه، به‌ڵكو حزب خۆی له خۆیدا "ئامانج"ه، ... پاراستن و داكۆكیكردن له یه‌كڕیزی حزب و پیرۆزكردنی سه‌ركرده‌كانی، به هه‌ر نرخێك و له گشت كات و ساتێك‌دا، سه‌دان كیلۆمه‌تر له پێش مه‌سه‌له‌كانی كۆمهڵگاو پاراستنی تاك و كۆی كۆمه‌ڵه‌وه‌یه له‌و گرفت و كێشانه‌ی مه‌زه‌نده هه‌یه بێنه رێگه‌یان.
به بڕوای هه‌ندێ له سه‌ركرده‌كانی حزبی كوردی، گرنگ ئه‌وه نیه چۆن كۆمه‌ڵگا خزمه‌ت ده‌كرێ و زه‌مینه‌كانی پێشكه‌وتنی ده‌ڕه‌خسێنرێ، به‌ڵكو ئه‌وه‌یه حزبی سیاسی وه‌ك موقه‌ده‌سێك تا هه‌تایه داكۆكی لێ بكرێ و شه‌ڕی له‌سه‌ر بكرێ. ئه‌گه‌ر ئه‌م حزبه دوچاری نه‌خۆشیه‌كانی گه‌نده‌ڵی، بێبه‌رنامه‌یی، بهرچاوتاریكی، بیرۆكراتیه‌ت و جۆرێك له ستالینیزم و توتالیتاریزم یش هات دیسان رێبه‌ره پلهدوهكانی حزب سه‌نگه‌ری پڕ خهلاَت و شیرینی ناو هاوڕێیانیان له هه‌ر سه‌نگه‌رێكی دیكه لا پیرۆز تره و داكۆكی لێده‌كه‌ن و وه‌ك خه‌نجه‌رێكی سیحری مشت و ماڵی ده‌ده‌نه‌وه.
به‌لای ئه‌م كه‌سانه‌وه هه‌وڵدان بۆ چاكسازی حزب و پاككردنه‌وه‌ی له پیسیه‌كان بێسوده.... شه‌ڕێكه له سه‌ره‌تاوه دۆڕان تیایدا مسۆگه‌ره. ئه‌م به‌حساب سه‌ركردانه سیاسه‌ته‌كانیان له سه‌ر پره‌نسیپی دیماگۆگیه‌ت و خڵه‌تاندنی ئه‌ندامان بیناكردوهو نایشارنه‌وه: ئه‌گه‌ر گوێگرهكانیان له توێژی ڕۆشنبیرو رادیكالی حزب و كۆمه‌ڵگا بێ ئه‌مانیش لایه‌نگری چاكسازین بهلاَم به‌و مه‌رجه‌ی له كاتێكی نادیاردا ئه‌نجام بدرێ و بارودۆخه‌كه‌ش پشتیوانی بكات! ، ئه‌گه‌ر گوێگرهكانیش له "كوڕه باشه‌كانی خۆمان" بن ئه‌وا هه‌رچی قسه‌ی شیاو و نه‌شیاوه به لایه‌نگرانی چاكسازی ده‌ڵێن.
بێگومان پێویست ناكا لێره‌دا ناوی هیچكام له‌و به‌ڕێزانه بهێنین كه دژی چاكسازی و گۆڕانی ریشه‌یین له جه‌سته‌ی حزب وحكومه‌تدا و زه‌روری نیه له‌باره‌ی مه‌وقع و پۆسته‌كانی ئه‌وان له‌سه‌ری برۆیین. گرنگ ئه‌وه‌یه بتوانین ئه‌و سیستمی بیركردنه‌وه‌و كاركردنه بخه‌ینه به‌ر وردبینی كه بۆ ئێستا‌و ئایندهی سیستمی سیاسی ولاَت و دهسهلاَتی دیموكراسی جێگای مه‌ترسیه‌و به خوێنه‌ران بڵێین كه هه‌ندێ له كه‌سایه‌تیه دیاره‌كانی حزبی كوردی پێیان وایه هه‌موو كه‌سێك بۆی هه‌یه ڕه‌خنه له حزب و حكومه‌ت و شێوازی به‌ڕێوه‌چونی كاره‌كان بگرێ به‌ڵام به‌و مه‌رجه‌ی (تكایه هه‌میشه خه‌ت بهێنه به ژێر"بهلاَم"هكهدا) نابێ ئه‌و ڕه‌خنانه بگه‌نه ئاستی سه‌ره‌وه‌ی حزب و ڕێبه‌ره مێژووییه‌كانی.
ئه‌مانه پێیان وایه پاسه‌وانیكردنی حزب له چاوی ره‌خنه‌یی كۆمه‌ڵگا ــ به‌هه‌ر نرخێ ــ له سه‌رووی هه‌موو مه‌سه‌له‌یه‌كی تره‌وه‌یه‌و ئه‌گه‌ر ته‌نانه‌ت ده‌یان كێشه‌ی هه‌ڵپه‌سێردراوی سیاسی و فیكریش له حزبدا هه‌بێ ده‌بێ وه‌لا بنرێن و به قسه‌ی ئه‌وان، "هیچ كه‌س بۆی نیه پیرۆزی حزب بخاته ژێر پرسیاره‌وه"!!.
كۆڵینه‌وه‌ی ئه‌م دیدگایهو هه‌وڵدان بۆ ساغكردنه‌وه‌ی بیرۆكه‌یه‌ك كه حه‌قیقه‌تی حزبی كوردی له ئاست "ره‌خنه"دا بۆ خوێنه‌ری كورد ڕون بكاته‌وه، منی گێڕایه‌وه بۆ هه‌ندێ كتێب و سه‌رچاوه كه خوێنه‌ر له سیاقی وتاره‌كه‌دا ده‌یانبینێ و به بایه‌خ و گرنگی نوسه‌ره‌كانیشیان ئاشنا ده‌بێ. بێگومان دۆزینه‌وه‌ی ڕیشه‌ی ئه‌م حاڵه‌ته دژی ره‌خنه‌ییه له‌ناو حزبی كوردیدا، به تایبه‌ت ئه‌وكاته‌ی نوكی قه‌ڵه‌م ئاراسته‌ی دهسهلاَتداره حزبیه‌كان ده‌كرێ، له باریدا هه‌بو زۆرتر په‌لبهاوێ و وتارێكی درێژتری لێ دروستببێ، به‌ڵام له ته‌سلیمبوون به نوسینێكی واهی خۆم بوارد چونكه له‌و حاله‌ته‌دا مه‌به‌سته سهرهكیهكهم كه پێشكه‌شكردنی لێكدانه‌وه‌یه‌كی سیاسی گشتی بوو ده‌رباره‌ی حزب له ده‌ست ئه‌چوو.... دیاره هه‌بوونی چه‌نده‌ها كتێب و سه‌رچاوه‌ی گرنگی تیۆری و مێژوویی له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌كانی توتالیتالیزم و ستالینیزم و ئیستبداد به شێوه‌یه‌كی گشتی ( به زمانی كوردی یان زمانه‌كانی تر ) تێگه‌یشتن و به‌دواداچون بۆ ئه‌وانه‌ی مه‌به‌ستیانه ئاسانتر ده‌كات.
چه‌قی قورسایی له‌م په‌تایه‌ی حزبی كوردیدا كه هه‌موو شتیكی قبوڵه ته‌نها ڕه‌خنه‌گرتن نه‌بێ له سیستمی حزب و سیاسه‌ته‌كانی نوكی سه‌ره‌وه‌ی حزب، له‌و شوێنه‌وه دێ كه لای ئه‌م جۆره بیركردنه‌وه‌یه حزب "ئامراز" نییه بوَ ئامانجێكی سیاسی، هۆكارێك نیه بۆ ده‌ستخستنی كۆمه‌ڵێك داخوازی كۆنكرێتی كۆمه‌ڵایه‌تی، چه‌كوشێك نیه بۆ كوتانه‌وه‌ی بارودۆخی ڕه‌ق و وشكههڵاتوی كۆمهڵگاو چاككردنی به ئاقاری چاكترو چاكتر، وه له دواین قوناغدا حزب لای ئه‌مانه چوارچێوه‌یه‌ك نیه بۆ بۆ به‌دیهێنانی ماف و خواسته‌كانی "تاك" كه بنج و بناغه‌ی تیۆری و پراتیكی لیبرالیزم و دیموكراسیه‌ت پێكده‌هێنێ، به‌ڵكو حزب خۆی له خۆیدا ئامانجه...، راگرتنی له‌نگه‌ری ئه‌م ئامانجه "مه‌زن" ه و به‌گژاچونه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی وه‌ك "ئامراز" ده‌یبینن خۆی ئامانجێكی هه‌ره مه‌زنه!!.
له‌م تێروانیه‌دا حزب كهعبهیهو بیركردنه‌وه له ده‌ستكاریكردنی كفرێكی گه‌وره‌و نه‌به‌خشراوه، حزب قه‌ڵایه‌كی ئه‌فسوناویه جگه له هه‌ندێ كه‌سی تایبه‌ت هیچ زیڕوحێكی تر بۆی نیه‌و لێی قه‌ده‌غه‌یه ته‌لیسمی بشكێنێ یان خۆماندو بكات و بێ ڕه‌زامه‌ندی "خاوه‌نماڵ" نه‌خشه‌ی تر بۆ نوێكردنه‌وه‌ی بكێشێ.
له مێشكی ئه‌و به‌رێزانه‌دا حزب شمشێرێكی سیحریه كه ته‌نها چه‌ند كه‌سێك بۆیان هه‌یه به‌كاری بێنن.... ئه‌ندام و لایه‌نگرو كادیر و م . س و دامه‌زرێنه‌ری حزب و ماالباقی گوێگرن و ده‌شێ وه‌ك ته‌ماشاچی و ڕه‌شه خه‌ڵك له دوره‌وه له‌م شمشێره بڕوانن و سه‌یری چۆنیه‌تی به‌كارهێنانی بكه‌ن له دژی ناحه‌زه وه‌همی و واقیعیه‌كانی "كه‌سی یه‌كه‌م".
له‌م دیدگایه‌دا دیسپلینی حزب و به‌رنامه و پێڕه‌و یه‌ك ته‌فسیریان هه‌یه ئه‌ویش ته‌فسیری سه‌رۆك و مرۆڤی یه‌كه‌می حزبه بۆیان. دنیا‌و بیروباوه‌ڕه‌كانی ناوی و پره‌نسیپه دانپیانراوه ناوخۆیی و گشتییه‌كان، ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ی له نێو كۆنگره‌و كۆنفرهنسهكانیشدا پهسندكراون نرخ و به‌هایان له ئاستی سفردایهو عه‌قڵی مرۆڤی مۆدیرن به گشتی و پێشنیاری ئه‌ندامانی حزب بۆ پێداگرتن له‌سه‌ر پره‌نسیپه حزبی وجهانییهكانی سیاسه‌ت و مافی مرۆڤ و دیموكراسیه‌ت و شتی تری وه‌ك " سۆسیال دیموكرات"، قه‌ده‌غه‌و نهگونجاوو شتی قێزه‌ونن.
ئه‌م به‌رێزانه‌ی سه‌ره‌وه‌ی حزب ده‌ڵێن: ده‌شێ تۆ مرۆڤێكی پسپۆڕ بیت، خه‌باتێكی بێ‌وچان و پێشینه‌یه‌كی تێكۆشه‌رانه و جه‌ماوه‌ری گه‌وره‌ت هه‌بێ، ته‌نانه‌ت ده‌شێ له دروستكردنی حزبیشدا هاوڕێ و هاوسه‌نگه‌رمان بوبی و بێ تۆ زۆر هه‌نگاو نه‌نرایه، به‌ڵام له چۆنیه‌تی به‌رێوه‌بردن و ئیداره‌ی كاروباری حزبدا بۆت هه‌یه ته‌نها جێبهجێكارو گوێگربیت. كاره گرنگه‌كان ( له پرسه هه‌ره گه‌وره‌كانه‌وه تا ده‌گاته كڕینی تایه‌ی مۆنیكای براده‌ران!) ئیشی سه‌رۆك و رێبه‌ری حزبن و ورده بڕیاریش ده‌درێته ده‌ست باقیاتی جه‌سته‌ی حزب...
وه‌ك وترا حزب (به پێی ته‌عریف ) ئامرازێكی له‌بارو گونجاوه بۆ كۆكردنه‌وه‌و رێكخستنی مرۆڤه‌كانی نێو كۆمهڵگاو ئاماده‌كردن و ته‌یاركردنیان به‌و ڕێ‌و شوێنه فیكری و سیاسیانه‌ی گونجاون بۆ وه‌رگرتنی ده‌زگای ده‌وڵه‌ت به شێوازێكی دیموكراسی، وه له رێگای ده‌زگای ده‌وڵه‌تیشه‌وه، به هۆی كادره هه‌ڵبژێراوه‌كانی حزبه‌وه سه‌رله‌نوێ دانانی كاریگه‌ریه له‌سه‌ر دۆخی كۆمهڵگاو گۆرینیه‌تی به‌ره‌و ئاراسته‌یه‌كی وا كه زۆرترین ژماره له ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵ به‌خته‌وه‌رو ئاسوده بكات.
له كوردستانی ئێمه‌دا خه‌ریكه هه‌لومه‌رجێكی دیكه پێده‌گرێ و سه‌قامگیر ده‌بێ كه بریتییه له پیرۆزكردن و په‌رستنی حزب وه‌ك ئه‌و چوارچێوه سیحریه‌ی كه نه‌ك هه‌ر نابێ گومان له وجودو مێژوو پره‌نسیپ و سیاسه‌ت و كرده‌وه‌ی ئه‌ندام و به‌ڕێوه‌به‌رانی بكرێ، به‌ڵكو ده‌بێ پاراستن و قایمڕاگرتنی له گشت حاڵ و دۆخێك‌دا، بێ له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌و گۆڕانه‌ی به‌سه‌ر دنیای ده‌ره‌وه‌و ناوه‌وه‌ی حزبدا هاتوون، بێ ته‌ماشاكردنی ئه‌و نه‌خۆشی و په‌تایانه‌ی توشی جه‌سته‌ی ئه‌م حزبه بوون، بێ گوێدانه ئه‌و ناڕه‌زایه‌تیانه‌ی ڕاوڕاوێنی فیلی حزب له كێڵگه‌ی كۆمه‌ڵگادا دروستی كردوه، له سه‌روو هه‌موو شتێكه‌وه بێت و بیركردنه‌وه له چاككردن و ده‌رمانكردنی "حزب"ی كوردی، هه‌وڵدان بۆ ده‌رهێنانی چقڵه زیهكان له پێی ئه‌م مه‌وجوده ئه‌فسانه‌ییه، خۆماندوكردن بۆ ته‌كاندنی فه‌رشی حزب له‌و خشت و خۆڵه‌ی به ئه‌ندازه‌ی ته‌ویله‌كانی ئۆژیاش له‌سه‌ری كه‌ڵه‌كه بوه، تاوان و خه‌تی سوره....
به واتایه‌كی تر، ئینسانه‌كان به‌گشتی و ئه‌ندامانی حزبی كوردی له هه‌ر ئاست و پله‌یه‌كی لێپرسراوتیدابن به تایبه‌تی، مافیان هه‌یه بخۆن، بچنه سه‌یران، رۆژنامه‌و گۆڤار بخوێننه‌وه‌و له ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی و ته‌نانه‌ت ژیانی سیاسیش‌دا به‌شداربن، به‌ڵام بۆیان نیه له یه‌ك شت‌دا خاوه‌ن ڕه‌ئی و بۆچون بن ئه‌ویش بریتییه له گۆڕینی حزب و مۆدێرنكردن و ئه‌پده‌یتكردنی به پێی پێویستیه‌كانی رۆژگار.
بۆچی؟
هۆی چیه هه‌موو شتێك له بازاڕی سیاسه‌تی كوردیدا ئازاده جگه له ده‌ستبردن بو گۆڕین و نوێكردنه‌وه‌و "چاكسازی" حزب؟..
وه‌ڵامه‌كه به ڕواڵه‌ت ساده‌یه‌و ڕه‌نگه بتوانرێ هه‌ندێك قسه‌ی حازرو بێ سه‌رئێشه‌ش له‌و باره‌وه بنوسرێن، به‌ڵام له راِستیدا پرسه‌كه هێنده‌ش بێ‌گرفت نییه‌و هه‌ر ئه‌مه‌ش وا ئه‌كا بۆ تێگه‌یشتن له‌م پیرۆزكردنه‌ی حزب بگه‌ڕێینه‌وه بۆ ئه‌و جوگرافیایانه‌ی حزب تیایاندا موقه‌ده‌س و مه‌زن كراوه‌و هه‌ر له‌وێشه‌وه سه‌ر بكه‌ین به باوه‌شی ئه‌و مرۆڤه بوێر‌و ههڵكهوتوانهدا كه له به‌رامبه‌ر ئه‌م ته‌قدیسكردن و سوك و چروككردنهی " تاك" مرۆڤدا وه‌ستاون و ڕهگو ریشه مێژوویی و سیاسیه‌كه‌یان ئاشكرا كردوه و به‌رچاوی هه‌زارانی وه‌ك ئێمه‌شیان ڕوناككردۆتهوه.
له‌م خاڵه‌وه ده‌چینه سه‌ر نوسینی ههڵكهوتویهكی كورد كه 11 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، له وتارێكی بێوێنه‌دا، به شێوازێكی شیكاری و زانستی هه‌وڵیداوه هۆكاره‌كانی ڕێگرتنی ناسیونالیزمی كوردی له "جیاواز بوون" لێكبداته‌وه.... به‌ڕای من ده‌گونجێ هه‌مان هۆو پاڵنه‌ر بۆ مۆراڵی حزبی سیاسی كوردیش ده‌رهه‌ق به ڕه‌خنه له‌به‌رچاوبگیرێ كه وه‌ك پێشتر ئاماژه‌مان پێدا، تا خوا حه‌زكات له به‌رامبه‌ر جیاوازبون و ره‌خنه‌ی بهرامبهرو هه‌بونی ناكۆكی ڕه‌وادا ئه‌وه‌ستێته‌وه‌و ده‌یه‌وێ "تاك" كۆمه‌ڵ له هه‌موو ئه‌و مافانه بێبه‌ری بكات كه له كۆمه‌ڵگای مۆدێرندا به ره‌سمی بۆی ناسێنراون و خوازیاره هاولاَتی به ئاسانی ده‌ستیان لێ هه‌ڵبگرێ و كه‌سیش مافی ئه‌وه‌ی نه‌بێ مافه‌كانی بۆ بگه‌ڕێنێته‌وه.
كاك مه‌ریوان وریا قانع له وتاری "ده‌سه‌ڵات و جیاوازی"دا كه له كۆتایی ساڵی 1997دا نوسراوه و له كتێبێكی سه‌ربه‌خۆدا ساڵی 2000به هه‌مان ناوه‌وه له ده‌زگای "سه‌رده‌م" چاپكراوه، به‌م شێوه‌یه ره‌فتاری ناسیونالیزمی كوردی ده‌رهه‌ق به جیاوازبون باس ده‌كات.
"ناسیۆنالیزم له رێگای گوتاری یه‌كگرتنه‌وه قسه‌كردن له‌سه‌ر ده‌یان بابه‌ت له رۆشنبیری ئێمه‌دا قه‌ده‌غه ده‌كات ، بۆ نمونه قه‌ده‌غه‌كردنی قسه له‌سه‌ر ئه‌و جیاوازیانه‌ی بۆته هۆی ئه‌وه‌ی ئێمه وه‌ك میلله‌تیك تا ئیستا له‌وه‌دا سه‌رنه‌كه‌وین كه هه‌ستێكی هاوبه‌شمان لا دروست بێت لانیكه‌م به‌رامبه‌ر كاره‌ساته هاوبه‌شه‌كانمان. قه‌ده‌غه‌كردنی قسه‌كردن له‌سه‌ر فه‌رد وفهردانیهت وه‌كو دو بابه‌ت كه گوایه بونی كۆیی ئێمه ده‌خه‌نه مه‌ترسیه‌وه(1) (ل 131)
داوا له خوێنه‌ر ده‌كه‌م له شوێنی زاراوه‌ی "ناسیونالیزم" زاراوه‌ی "حزب" دابنێ و دیقه‌ت بدات چ مه‌فهومێكی ڕۆشنكه‌ره‌وه‌ی سه‌باره‌ت به هه‌مان مه‌سه‌له‌ی "ترس له ڕه‌خنه"ی لێ ده‌رئه‌چێ..
ئایا حزبی كوردی كه به‌رهه‌م و شیله‌ی هه‌مان ئه‌و ناسیونالیزمه پڕگرفت و دواكهوتوهیه توانیویه‌تی شه‌قاوێك پێش "دایك"ی خۆی بكه‌وێ و لێی جیا ببێته‌وه؟ ئایا له "گوتاری یه‌كگرتن"ی حزبی كوردیدا مه‌ودایه‌كی یه‌ك سانتیمه‌تری ماوه بۆ جیاوازبون و به‌رجه‌سته‌كردنی تاك و تاكگه‌رایی؟
له ڕاستیدا حزبی كوردی كۆپیه‌كی بێ خه‌وشی ئه‌و ئیدیۆلۆژیا نه‌زۆك و بێڕیشهیهی ناسیونالیزمه كه مه‌ریوان له كۆی وتاره‌كه‌یدا، به پشتبه‌ستن به دیدی كه‌سانی وه‌ك ئیرنهست رینان و گڵنه‌ر كوتهككاریهكی باشی كردوه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێی داخه ئه‌وه‌یه كه یانزه ساڵ پاش نوسرانی وتاره‌كه‌ی مه‌ریوان، تازه به‌تازه حزبی كوردی به‌ره‌و گۆڕانێكی مه‌ترسیدار هه‌نگاو ده‌نێ و نیازیه‌تی ئه‌و جیاوازی و ناكۆكیه واقعی و ڕه‌وایانه‌ی له هه‌ناوی خۆی و كۆمه‌ڵدا سه‌رهه‌ڵئه‌ده‌ن و پرۆسه‌ی ژیان به ناچاری وائه‌كات په‌یداببن، به‌ره‌و كوژاندنه‌وه و سڕینه‌وه ببات و به پشتبه‌ستن به "گوتاری یه‌كگرتن"، په‌لاماری هه‌رجۆره نوزهیهكی ره‌خنه‌گرانه بدات كه ڕووبه‌رووی قه‌واره‌ی حزب و سه‌رۆكه‌كانی بكرێته‌وه.
به‌لای حزبی كوردیه‌وه سه‌رجه‌م ئه‌و ئامراز‌و دامه‌زراوانه‌ی عه‌قڵانیه‌تی سیاسی مۆدێرن دایمه‌زراندون و زۆربه‌ی كۆمه‌ڵگای مرۆڤ له‌سه‌ر ئه‌وه ساغ بۆته‌وه كاریان پێبكات و وه‌ك كه‌ره‌سته‌ی بیناكردنی خۆشبه‌ختی و عه‌داله‌ت به‌كاریان بهێنێ زه‌روری نین و ده‌كرێ پشتگوێ بخرێن: ده‌ستور، ده‌وڵه‌ت، په‌رله‌مان، داوه‌ری سه‌ربه‌خۆ ، دیموكراسیه‌ت و سه‌رجه‌م ڕێكخه‌ره فیكری و كارگێڕیه‌كانی دنیای هاوچه‌رخ له به‌رنامه‌ی حزبی كوردیدا له ده‌وری یه‌ك دیارده ده‌خولێنه‌وه‌و مانا په‌یدا ده‌كه‌ن كه پێی ده‌وترێ "ره‌مزی حزب". له چوارچێوه‌ی ڕۆشنبیری كۆنترۆڵكراو و چه‌پێنراوی میلله‌تێكدا كه حزبێكی واهی سه‌رپه‌رشتی ده‌كات، رێكخستنی كاره‌كان و ئاژۆتنی شه‌مه‌نده‌فه‌ری ژیان به ته‌واوی زنجیركراوهو هیچ كه‌س بۆی نیه له خۆڕا سه‌ره‌داوی بابه‌تێك بكاته‌وه‌و بێ گوێدانه بڕیاری "سه‌ره‌وه"، دیالۆگ و موناقه‌شه‌ی له‌سه‌ر دابمه‌زرێنێ. له ئه‌شكه‌وتی حزبی كوردستانیدا قسه‌ی بنه‌ڕه‌تی ده‌بێ كه‌سانێك بیكه‌ن كه یان راسته‌وخۆ له لایه‌ن "كه‌سی یه‌كه‌م"ه‌وه ڕاسپێردراون یاخود به مۆڵه‌تی به‌ڕێزیان ده‌بێ وشه‌كان له ده‌می بێنه ده‌رێ.
"به باوه‌ڕی فۆكۆ له هه‌موو كۆمه‌ڵگایه‌كدا به‌رهه‌مهێنانی هه‌موو ده‌قێكی گوتراو یان نوسراو ئه‌كه‌وێته ژێر پرۆسه‌ی چاودێریكردن و دیسپلینكردنێكی به‌رده‌وامه‌وه. له هه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌كدا نه هه‌موو كه‌س بۆی هه‌یه له‌سه‌ر هه‌ر بابه‌تێك له ئارادایه بدوێ و نه هه‌موو بابه‌تێكیش ده‌كرێت قسه‌ی له‌سه‌ر بكرێت. به مانایه‌كی دیكه له هه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌كدا كۆمه‌ڵێ خه‌ڵكی دیاریكراو ده‌بنه لێزان و مافی ئه‌وه‌یان ده‌درێتێ له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك دیارده‌ی تایبه‌ت بدوێن، له هه‌مان كاتیش‌دا كۆمه‌ڵێك بابه‌ت یاساغ ده‌كرێن و ناهێڵرێت ببنه بابه‌تی مه‌عریفه‌و قسه‌یان له‌سه‌ر بكرێت. ئه‌وه‌شی ئه‌م پرۆسه‌ی چاودیریكردنه به‌رێوه ده‌بات... فۆكۆ ناویان ده‌نێ "سیستمی گوتار"".(2)( مه‌ریوان.129)
بێ كهمو زیاد لێره‌ش هه‌مان سیاسه‌ت و رێ‌و شوێن پیاده ده‌كرێ.
"سیستمی گوتار"ی حزبی كوردی به‌و جۆره‌یه كه قسه‌كردن له مه‌سه‌له هه‌ره گرنگه‌كانی وه‌ك سیستمی دارایی و ئابووری، سیستمی كارگێری، سیستمی هه‌ڵبژاردن و ته‌نانه‌ت لیدوان و بڕیار سه‌باره‌ت به جۆری په‌یوه‌ندی سیاسیانه‌ی گه‌لی كورد له‌گه‌ڵ گه‌لانی تر‌و چۆنیه‌تی داكۆكی له‌مافه نه‌ته‌وه‌یی و مێژووییه‌كان، به گشتی قۆرخكراو بن بۆ "كه‌سی یه‌كه‌م"و مۆڵه‌تپێدراوه‌كانی ئه‌و. له‌م "سیستمی گوتار"هدا قه‌ده‌غه‌یه كه‌سێكی تر (جا هه‌ركه‌سێ بێ) له رێگای وتارێكی شیكردنه‌وه‌وه یان راِپۆرتێكی رۆژنامه‌وانی قسه له‌باره‌یانه‌وه بكات چ جای ئه‌وه‌ی ده‌زگایه‌كی ڕاگه‌یاندن دابمه‌زرێنێ و بیه‌وێ ده‌رهه‌ق به كۆی ئه‌و مه‌سه‌لانه به‌رچاو ڕوونی بدات به میلله‌ت.
دیسپلینی حزبی كوردی جۆره مه‌عریفه‌یه‌كی دزێو و كۆمیدی وای خستوَته بازاڕه‌وه كه جگه له كاربه‌ده‌سته هه‌ره متمانه‌پێكراوه‌كانی "دهسهلاَتی یه‌كه‌م"، به تایبه‌ت له ئاستی ڕه‌سمیات و كارگێڕیدا، هیچ جۆره فیكره‌و پێشنیارێكی عه‌مه‌لی و واقعی، نرخی نیه‌و دژایه‌تی ده‌كرێ.
له به‌رنامه‌ی ئێستای حزبی كوردیدا، دیالۆگ و گفتوگۆی سیاسی له‌سه‌ر مه‌سه‌له گرنگه‌كان و هه‌وڵدان بۆ ساغكردنه‌وه‌ی ئه‌و جیاوازیانه‌ی له‌ناو حزبدا هه‌ن و بهلاداخستنیان به‌رێگه‌ی هه‌ڵبژاردن و شێوازی دیموكراتیك، كاری بێ سودن و "كه‌سایه‌تی كاریزماتیك" ی سه‌ری سه‌ره‌وه بۆی هه‌یه‌و له‌باریدایه به شێوازی خۆی، كه شێوازێكی ته‌واو ستالینیانهیه كێشه‌كان ساغ بكاته‌وه و به‌لایاندا بخات.
ئێستاكه حزبی كوردی، به پێچه‌وانه‌ی هاش و هووشی ڕاگه‌یاندن و قسه‌ی هه‌ندێ له لێپرسراوه گه‌وره‌كان ده‌رباره‌ی دنیای نوێ و په‌یوه‌ندی به حزبه دیموكرات و سوسیالیسته‌كانی دنیاوه، به‌ره‌و ئه‌وه هه‌نگاو نانێت چۆن چۆنی ژیانی كۆمه‌ڵگا بگۆڕێ و مه‌عریفه‌ی ئه‌وه بڵاو ناكاته‌وه كه پایه‌كانی سیكولاریزم كامانه‌ن و میكانیزمی داكوكی لێكردنیان كام شێوه‌یه. به‌ڵكو له هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه كه‌ناڵه‌كانی به‌فیرۆدانی پاره‌ی میله‌ت بدۆزێته‌وه‌و مڵك و ماڵی میلله‌ت له‌سه‌ر خۆی تاپۆ بكات و هه‌رچی چۆنێك بۆی ده‌لوێ حكومه‌ت و دامه‌زراوه شكڵی یه‌كانی تریش قوت بدات و له‌باریان به‌رێ...
بۆ سه‌ركرده مێژووییه‌كانی حزبی كوردی ئه‌وه گرنگ نییه خه‌ڵك چی‌یان پێده‌ڵین و ڕای جه‌ماوه‌ر له‌سه‌ریان چییه، چونكه ئه‌مان خۆیان له‌و پرۆسه دیموكراتیه‌دا نابیننه‌وه كه بریاره چه‌ندساڵ جارێك نوێ ببێته‌وه‌و له ناخی خۆیاندا گاڵته‌یان به هه‌ڵبژاردن و ده‌نگدانی خه‌ڵك دێ و به‌و هۆیه‌شه‌وه ده‌نگی میلله‌ت لای ئه‌مان ئه‌و قورساییه‌ی نیه كه له وڵاته پێشكه‌وتو و یان ته‌نانه‌ت نیمچه پێشكهوتنهكانیشدا هه‌یه‌تی.
"ته‌كنیكه‌كانی دیسپلینكردن و چاودێریكردن له‌ناو گوتاردا هه‌مه‌جۆرن به‌ڵام دواجار هه‌موان به‌سه‌ر یه‌كه‌وه ئه‌و روبه‌ره پێكده‌هێنن كه ده‌ستنیشانی ئه‌وه ده‌كات چ مانایه‌ك له ساتێك له ساته‌كانی مێژوودا باڵاده‌ست بێت، چ بابه‌تێ ببێته بابه‌تی لێدوان له كۆمه‌ڵگایه‌كدا، چ شتێ ببێت به هه‌قیقه‌ت كه هه‌موومان ناچار بین باوه‌ڕی پێ بێنین و چی یاساغ و چی بێده‌نگ و چی پهراوێزو چی گرنگ بكرێت"(3)( ل 129)
رێك وایه! دانیشتوانی هه‌رێمی كوردستان وه‌ك ناوی خۆیان ئه‌وه ده‌زانن كه له هه‌لومه‌رجی ده‌سه‌ڵاتداربوونی جۆرێك له رۆشنبیری ده‌سه‌ڵاتگه‌رانه و له فه‌زای حاكمبونی ئایدۆلۆژیای دیسپلینكردن و چاودێریكردنی تاكی حزبی و ناحزبیدا، كام مه‌سه‌له‌یه بڤه‌یه‌و كام كێشه‌یه ڕێگاپێدراوه.
میزاجی كه‌سایه‌تیه‌كانی ناو حزبی كوردی به ته‌واوی ئه‌وه‌ی دیاریكردوه كه "هه‌قیقه‌ت" كامه‌یه‌و "هه‌ڵه" له كوێیه‌و سه‌رچاوه‌ی مه‌عریفه‌ت لای چ جۆره مرۆڤێكه‌و كوانوی "تێكده‌ری"و ناكۆكی له چ كانیهكهوه سه‌رچاوه‌ی گرتوه.
حزبی كوردی زۆر له هه‌وڵی ئهوهدابوهو ئێستاش ماندونه‌ناسانه له چالاكی نه‌كه‌وتوه كه كۆی سیستمی بیركردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگا به ئاقاری په‌رستنی "كه‌سی یه‌كه‌م"دا ببات و له هه‌مان ڕێگاوه تێكۆشاوه په‌راوێزه نزیكه‌كانی "سه‌ركرده" زه‌به‌لاحتر نیشان بدات ، وه خودی ڕێگرتن له ڕه‌خنه‌كردنی حزب و سیاسه‌ته‌كانی و نیشاندانی كه‌موكوڕیه‌كان، به‌شێكن له‌و سیستمی گوتاره‌ی كه حزبی كوردی، به چاولێكه‌ری له ناسیونالیزمی شپرزه‌ی باوانی، به حه‌ماسه‌وه ئاماده نییه مسقاڵێك له "گوتاری یه‌كگرتوویی" ی دور بكه‌وێته‌وه‌و پاشه‌كشه‌ی لێ بكات.
"ئه‌م گوتاری یه‌كگرتنه دێت بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ره‌سته ره‌مزی و خه‌یاڵیه‌كانی دروستبوونی ئه‌م گروپه یه‌كگرتوو جیاوازه فه‌راهه‌م بكات، مه‌به‌ست له‌و كه‌ره‌ستانه‌ش به‌رهه‌مهێنانی ده‌یان ئه‌فسانه‌یه تا بتوانێت ئه‌و بونه سهربهخۆو یه‌كگرتوه بسه‌لمێنێ، وه‌ك ئه‌فسانه‌ی بونی ئه‌سڵێكی هاوبه‌ش، مێژوویه‌كی هاوبه‌ش، سایكولۆژیایهكی هاوبه‌ش، ئابوریه‌كی هاوبه‌ش، زمانی هاوبه‌ش و هه‌موو ئه‌و هاوبه‌شانه‌ی دیكه‌ش كه ده‌شێ به‌هۆیانه‌وه فۆرمێكی دیاریكراو‌و یه‌كگرتوو به‌و گروپه بدرێت"(4) (مه‌ریوان 137)
مه‌ریوان تێكستی سه‌ره‌وه‌ی بۆ شیكردنه‌وه‌و خسته‌ڕووی ئه‌و "گوتاری یه‌كگرتن"ه نوسیوه كه ناسیونالیزمی كوردی ده‌یه‌وێ دایبهێنێ و له رێگای داهێنانی ئه‌و گوتاره‌شه‌وه به‌ربێته گیانی هه‌ر گروپ و تاكێك كه ته‌گه‌ره بخاته‌سه‌ر رێی به‌رژه‌وندیه سیاسیه‌كانی. من وای بۆ ده‌چم خوێنه‌ری به‌رێز ده‌توانێ هه‌مان دیدگای شیكردنه‌وه سه‌باره‌ت به ئایدۆلۆژیای ناسیونالیستی و نیه‌ته فیكریه‌كانی، بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر حزبیش وه‌گه‌ر بخات.
سه‌رانی حزبی كوردی شێت‌و شه‌یدای ئه‌وه‌ن به هه‌موان بڵێن كه حزبه‌كه‌ی ئه‌وان یه‌ك ئه‌سڵ و نه‌سه‌ب، یه‌ك ئابوری تایبه‌ت و یه‌ك سایكولۆژیاو ته‌نانه‌ت یه‌ك "زمان"ی هاوبه‌شیشی هه‌یه. ئه‌گه‌ر تۆ به هه‌زار زمان بیسه‌لمێنی و به ئاماری زانستیش ڕونی بكه‌یته‌وه كه حزبه‌كه‌ی ئه‌و له‌گه‌ڵ حزبی به‌رامبه‌ردا ته‌نها به میكرۆسكوب ده‌شێ لێك هه‌ڵاوێر بكرێن، پله‌ی توڕه‌ییه‌كه‌ی به‌رز ده‌بێته‌وه‌و هه‌زار ناتۆره‌و قسه‌ی خراپت وه‌دو ده‌خات و هه‌رچی پیلانی "برایانه" هه‌یه لێت ده‌خاته گه‌ڕ.
سه‌رانی حزبی كوردی و كادره‌كانی ئه‌ڵقه‌ی یه‌كه‌می په‌راوێزیان ئه‌وه‌یان قبوڵ نیه كه‌سێك به‌رامبه‌ر "گوتاری یه‌كگرتن" هه‌ڵوێست بگرێ و ئه‌و یه‌كگرتوییه‌ی به رواڵه‌ت له‌به‌ردی مه‌ڕمه‌ڕ تۆكمه‌تره به درۆینه‌و نه‌زۆك له قه‌ڵه‌م بدات.
ئه‌وان یه‌كگرتوویی درۆینه‌و بێبناغهیان زۆر لا پهسندترو مێژوییتره له هه‌ر جۆره ناكۆكیه‌ك كه له‌ناو فراكسیۆن و ئه‌ندامه‌كانی حزبدا ئیمكانی هاتنه‌مه‌یدانی كه‌سایه‌تیه‌كی نوێ و جیاواز بڕه‌خسێنێ و مه‌زنده‌ی ئه‌وه بێنێته ئاراوه له پرۆسه‌یه‌كی چاوه‌ڕوانكراودا كورسی ده‌سه‌ڵاتیان لێ به میرات وه‌ربگرێ.
گرێی ده‌روونی سه‌رانی حزبی كوردی هه‌بوونی ناكۆكی نیه. وتنی قسه‌ی ره‌ق و ڕه‌خنه‌ی سیاسی و زانستیش نیه، ڕوبه‌روبونه‌وه‌ی ناو ڕۆژنامه‌و گۆڤاره جهماوهریهكانیش ئه‌و بایه‌خه ستراتیژیه‌ی له وڵاتانی دیكه‌دا هه‌یه‌تی لای ئه‌وان ناتوانێ هه‌یبێ. گرێی ده‌رونی هه‌ره گه‌وره‌ی سه‌رانی كورد ئه‌وه‌یه كه ئه‌و ره‌خنه‌و ناكۆكیانه‌ی هه‌ن به شێوه‌یه‌ك فۆرمۆله بكرێن كه "ده‌سه‌ڵاتی سیاسی" و هه‌ژموونی شه‌خسی ئه‌وان گوماناوی بكات و بیخاته ژێر پرسیاره‌وه یاخود ئه‌گه‌ری خیلافه‌ت له كوڕه‌وه بۆ باوك له نێو حزبدا كه‌م بكاته‌وه.
گرێی سایكولۆژی به‌رێوه‌به‌رانی حزبی كوردی خراپ به‌رێوه‌چوونی كاروباری كۆی مرۆڤه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتیان نیه هێنده‌ی بیركردنه‌وه‌یه له به‌رێوه‌بردنی ئه‌و كۆمپانیا زه‌به‌لاحه ئابوری و بازرگانیانه‌ی له سه‌ریانه پرۆسه‌ی گواستنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات له باوكه‌وه بۆ كوڕ مسۆگه‌ر بكه‌ن.
"كێشه‌ی هه‌ره سه‌ره‌كی له گوتاری یه‌كگرتندا له‌وه‌دایه باز به‌سه‌ر تاكه‌كه‌س و دنیای تاكه‌كه‌س و هه‌مو ئه‌و جیاوازیانه‌دا ئه‌دات كه گروپه جیاجیاكانی دنیای ئێمه هه‌ڵگرین، یه‌كگرتن ده‌خوازێت دابه‌شبوونه سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان بشارێته‌وه‌و وێنه‌یه‌كی یه‌كگرتوو هه‌م بۆ ناوه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگای كوردی و هه‌م بۆ ده‌ره‌وه‌ی به‌رهه‌م بهێنێ"(5)(مه‌ریوان.149)
پرسیار ئه‌وه‌یه: بۆچی حزبی كوردی وه‌ك ڕۆڵه‌یه‌كی ره‌سه‌نی ناسیونالیزمی خۆماڵی باز به‌سه‌ر تاكه‌كه‌س و دنیای تاكه‌كه‌سدا ئه‌دات؟
حیكمه‌تی ئه‌و بازدانه چیه‌و سه‌رچاوه‌كه‌ی له كام ئه‌شكه‌وتی ترسناكی توتالیتاریهوه هاتوه؟
وه‌ڵامی یه‌كێك له شاره‌زایانی بواره‌كه به‌م جۆره‌یه:
"توتالیتاریزم شێوازێكی تایبه‌ته له حكومه‌تی دیكتاتوری كه به پاڵپشتی ده‌سه‌ڵاتێكی ڕه‌های حزبی كه خۆی به خاوه‌نی جیهانبینیه‌كی كامڵ و بێخه‌وش ده‌زانێ هاوشانه. ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له مۆنوپۆلی حزبدایهو هه‌قیقه‌تیش مافێكی مۆنۆپۆڵكراوی ئایدۆلۆژیای حزبی ده‌سه‌ڵاتداره... ئه‌م سیستمه، كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی كه ناوبژیوانه له نێوان تاك و ده‌وڵه‌تدا، هاوكات له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م ئه‌و دامه‌زراوو ئه‌نجومه‌نانه‌ی بڕبڕه‌ی پشتی ئه‌م كۆمه‌ڵگایه‌ن له ناو ده‌بات و هاوڵاتی به تاقی ته‌نها له به‌رامبه‌ر ده‌وڵه‌تێكی بێههوساردا جێده‌هێڵێ."(6) ( عباس میلانی:ل 10)
بهلاَم بۆچی سیستمی تۆتالیتاری له‌گه‌ڵ تاك و تاكگه‌رایی یان به ده‌ربڕینێكی تر، له‌گه‌ڵ شه‌خسیه‌ت په‌یداكردن و خۆنیشاندانی ئینسانیانه‌ی مرۆڤه‌كان به‌ده‌ر له قاوغ و چوارچێوه‌ی گروپ و حزب ناكۆكه؟ هۆی چیه دهسهلاَتی حزب و به‌ڕێوه‌به‌ره گه‌وره‌كانی حزبی تۆتالیتا‌ر نایانه‌وێ هیچكه‌س جورئه‌تی ده‌نگهه‌ڵبڕین بكات و له به‌رامبه‌ر هه‌یمه‌نه‌ی حزبدا وه‌ك هه‌ڵگری دیدگایه‌كی فیكری یان به‌رنامه‌یی و ته‌نانه‌ت سیاسی و تاكتیكی جیاواز ده‌ركه‌وێ؟
وه‌ڵامه‌كه‌ی له هانا ئارینت وه‌رده‌گرینه‌وه:
" كوشتنی كه‌سایه‌تی یاسایی له مرۆڤدا، یه‌كه‌م هه‌نگاوی سه‌ره‌كی بالاَدهستی گشتگیره. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش، دهسهلاَتداران چه‌ندین كۆمه‌ڵه خه‌ڵك له ده‌ره‌وه‌ی سێبه‌ری یاسای ولاَت داده‌نێن و جیهانی ناتۆتالیتاریش ناچارده‌كه‌ن دان به‌وه‌دا بنێن كه ئه‌و خه‌ڵكانه له‌ده‌ره‌وه‌ی یاسان چونكه ڕه‌گه‌زنامه‌یان لێسه‌ندراوه‌ته‌وه، ئنجا ئۆردوگاكانی گرتنی به‌كۆمه‌ڵ ده‌خرێنه ده‌ره‌وه‌ی چوارچێوه‌ی سیستمی سزادانی ئاساییه‌وه كه هه‌ر تاوانێكی دیاریكراو سزایه‌كی دیاریكراوی هه‌یه... "(7)
هه‌روه‌ها:
" كوشتنی ئه‌م تاكگه‌رایی و بێهاوتاییه جۆره ترسێك ده‌خوڵقێنێت كه هه‌ر جۆره ده‌ستدرێژیكردنه سه‌ر حورمه‌تی كه‌سایه‌تی یاسایی، سیاسی و ئه‌خلاقی مرۆڤ ده‌خاته ژێر سێبه‌ری خۆیه‌وه..."(8)
واوه‌تر له‌و تیروانینه مه‌ترسیداره‌ش بۆ مرۆڤ و "تاك" ی هاووڵاتی، ره‌فتاری حزبی پاوانخوازه له‌گه‌ڵ حه‌قیقه‌ت دا.
حزبی كوردی به شێوه‌ی حزبه سوسیال دیموكرات یان لیبراڵ دیموكراته‌كانی تری دنیا ره‌فتار ناكات.
ئه‌م جۆره حزبه له شوێنكاتێكدا خۆی به مه‌رجه‌عی فیكر و ئایدۆلۆژیای گروپێ له مرۆڤه‌كان (وه له‌وانیشه‌وه به هی گشت كۆمه‌ڵ) ده‌زانێ كه له واقیعدا مه‌رجه‌عیه‌تی فیكری و عاتفی كۆمه‌ڵگا په‌ریوه‌ته‌وه بۆ ده‌ره‌وه‌ی رابه‌ره ته‌قلیدیه‌كانی حزب و په‌نای بردۆته به‌ر ئه‌و ڕۆشنبیره پاك و بێخهوشانهی ته‌عبیر له ده‌رده گشتیه‌كان ئه‌كه‌ن. حزبی كوردی له زه‌مانێكدا په‌نا ئه‌باته به‌ر پاره‌و سامان و خۆی پێوه بائه‌دات كه كۆمه‌ڵگای كوردی ــ له گشت‌دا ــ له‌وپه‌ڕی دهوڵهمهندیدایهو خودی ڕابه‌ران و سیاسه‌تمه‌دارانی ئه‌م جۆره حزبه، به‌هۆی (وه له ڕێگای) دوركهوتنهوهیان له یاسا‌و یاسامه‌ندی ده‌یانه‌وێ به میزاجی شه‌خسی سامانی نه‌ته‌وه‌یی به‌سه‌را دابه‌ش بكه‌ن و له‌وێشه‌وه نفوزی شه‌خسی خۆیان په‌ره پێبده‌ن و زه‌مه‌نێكی زیاتر له نزیك مه‌نجه‌ڵی دهسهلاَت ههڵتروشكێن.
سه‌رانی حزبی كوردی له دۆخێك‌دا به ئازادی هه‌ڵده‌ڵێن كه خۆیان، به چه‌ندین هۆكار، بونه‌ته پاڵپشت و زه‌مینه بۆ سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌و هێزانه‌ی خه‌ریكه له باڵی هه‌ره دواكه‌وتوو ڕاستڕه‌وی كۆمه‌ڵدا پێده‌گرن و له مه‌ودای قابیلی بینین‌دا جێگه به خودی خۆشیان لێژ ده‌كه‌ن و ئه‌و ئازادیه‌ی له ئارادایه ده‌خه‌نه به‌ر هه‌ره‌شه‌ی نه‌مانه‌وه.
سه‌رانی حزبی كوردی له سه‌رده‌م و زه‌مانێكدا باس له برایه‌تی و یه‌كیه‌تی دهرونحزبی و پێویستی مانه‌وه به یه‌كگرتویی ده‌كه‌ن كه خۆیان، به‌هۆی سیاسه‌تی بنه‌ماڵه په‌رستی وخۆپهرستیهوه، بونه‌ته گه‌وره‌ترین كۆسپ له‌به‌رده‌م مانه‌وه‌ی حزبدا به یه‌كگرتوویی و ته‌بایی.
حزبی كوردی پێویستی به درۆ په‌یدا كردوه‌و له‌گه‌ڵ حه‌قیقه‌تدا كه‌وتوته دوژمنایه‌تیه‌كی توندوتیژه‌وه:
"چونكه ده‌سكه‌وتی ئهپستمولۆژی هه‌ره مه‌زنی توتالیتاریزم ئه‌وه‌یه كه ناتوانرێ به درۆزن تاوانبار بكرێ، چونكه توانیویه‌تی خودی ئه‌ندیشه‌ی حه‌قیقه‌ت له‌ناوبه‌رێ"(9)..
چونكه "درۆی سیاسی هاكه‌زایی ئیشێكی وای به جیاوازی نێوان حه‌قیقه‌ت و درۆ نییه، به‌ڵام ئامانجی درۆی توتالیتاریستی نوێ، كۆنترۆڵكردنی زه‌ینی و ئه‌خلاقی هه‌موو خه‌ڵكه" (10) (تۆتالیتاریزم و فه‌زیله‌تی درۆ174)
كه‌س نییه له‌م وڵاته‌دا نه‌زانێ سه‌ركرده‌كانی حزبی كوردی ره‌فتاریان له‌گه‌ڵ یاسا‌و ئابوری و عه‌داله‌تی یاسایی و به‌رێوه‌بردنی حكومه‌تدا چۆنه. كارنامه‌ی سالاَنی رابوردوی ئه‌مان لای زۆر كه‌س ئاشكرایه‌و تا ئه‌ندازه‌یه‌كی باشیش چۆته بواری تۆماركرانهوه، به‌ڵام ئه‌م كاربههستانه حه‌قیقه‌تی مه‌سه‌له سیاسیه‌كان به شێوه‌یه‌ك ده‌گۆڕن كه مرۆڤی ئاسایی بۆی ناناسرێته‌وه‌و كاتێك باس له كه‌موكوڕی سه‌رۆكی حزبه‌كان یان كه‌سه نزیكه‌كانیان ده‌كرێ، هه‌زاران وتار‌و كۆڕ‌و سیمینار سه‌باره‌ت به مه‌ترسی شكاندنی خه‌تی سورو "به‌رژه‌وه‌ندی باڵای نه‌ته‌وه‌یی" و شتی له‌و بابه‌ته ده‌هێنرێته ئاراوه‌و به جۆرێك ئاراسته‌ی حه‌قیقه‌ت ده‌گوڕدرێ و ده‌خرێته به‌رچاوی خه‌ڵك كه ئه‌وه رهخنهگرو نارازیهكانن خه‌ریكی تێكدانی یه‌كگرتوویی حزب و ریزه‌كانی میلله‌تن نه‌ك ئه‌و سه‌ركردانه‌ی كه به پراتیكی دورودرێژی خۆیان یه‌ك كۆمه‌ڵگای زه‌به‌لاحیان به‌ره‌و ناعه‌داله‌تی و گه‌نده‌ڵی و بێ یاسایی ئاژۆتوه.
بێده‌نگی له راستیه‌كان سه‌باره‌ت به ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی و شاردنه‌وه‌ی پابه‌ندنه‌بونی ڕابه‌رانی میلله‌ت به یاسا‌و یاسامهندییهوه، لای رۆژنامه‌نوس وقهڵهمبهدهستهكانی سه‌رانی حزب نه‌ریتیكی هێنده قایم و سهقامگرتوه كه ته‌نانه‌ت چاوقایمترین نوسه‌رو بیرمه‌نده‌كانی كۆمه‌ڵگاش له‌ترسی وهتاقكهوتن و په‌راوێزخران و كوشتن، ناتوانن به‌رامبه‌ر لافاوی زه‌به‌لاحی ئه‌و ئاوهژوكردنهوانهی له حه‌قیقه‌تی ژیانی سیاسی‌دا ئه‌نجام ئه‌درێن بێنه زمان و به شه‌هامه‌ته‌وه بدوێن.
له كاتێكدا زۆربه‌ی خه‌لك ئه‌زانن كه سه‌رانی حزب له هه‌مو كه‌س زیاتر یاسا شكێنی ئه‌كه‌ن، وه له كاتیكدا كه‌س نییه نه‌زانێ ڕابه‌رانی حزب ده‌ستپێشخه‌ربوون له دابه‌شكردنی خێڵه‌كییانه‌ی سه‌روه‌ت و سامانی كۆمه‌ڵایه‌تی و ناعه‌داله‌تی و چڵێسیدا، وه له دۆخێك‌دا كه دژ به رهخنهگرهكانی دۆخی موجود هه‌میشه لوَمپهن و كۆنهخائین و مشه‌خۆره‌كان له نزیك دیوه‌خانی سه‌رانی حزبه‌وه مۆڵ دراون و قهڵهوكراون، وا ئیعلان ده‌كرێ كه ئه‌گه‌ر هه‌ندێ كه‌س واز له ڕه‌خنه‌و نوسین بهێنی، دنیا وه‌ك زه‌مانی موحه‌ممه‌دی مه‌هدیه و گورگ و مه‌ڕ پێكه‌وه ئاو ده‌خۆنه‌وه.
له به‌رامبه‌ر ئه‌م دۆخه پڕ له ناره‌زایه‌تیه‌دا كه سه‌رتاپای كۆمه‌ڵ تیایدا قوڵپ ئه‌دات و گێژاوێكی سیاسی و سایكولۆژی بێوێنه‌ی خوڵقاندووه، "گوتاری یه‌كگرتن" ی حزبی كوردی، بێ پرینگانه‌وه، سه‌باره‌ت به په‌یوه‌ندی هاوڕێیانه‌ی درۆینه‌و خۆشه‌ویستی هه‌ڤاڵانه‌ی بنیاتنراو له‌سه‌ر پیلان و پاشقول، له گوتاردان و قسه به‌رده‌وامه‌و درێژه به چنینه‌وه‌ی ته‌ونی گه‌نده‌ڵی و یاساشكێنی خۆی ئه‌دات.
"گوتاری جیاوازی"و ده‌سته‌به‌ركردنی مافی یه‌كسان بۆ ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵ له سه‌رجه‌م بواره ئابوری و سیاسیه‌كاندا، له خاڵی پێچه‌وانه‌ی ئه‌و "گوتاره" پڕ كێشه‌یه‌ی " یه‌كگرتن" دایه كه بێ هه‌بونی هیچكام له بنه‌ما راسته‌قینه‌كانی دیموكراسی و عه‌داله‌تی موجه‌ڕه‌د، ده‌یه‌وێ خۆی وه‌ك به‌هێزترین لایه‌نی حزبی نیشان بدات.
به‌ڵام "گوتاری جیاوازی" گوتارێكی بێ ناسنامه‌و تایبه‌تمه‌ندی نیه، ئه‌م گوتاره رێگه نادات دیسپلینی تۆتالیتاری كه‌سایه‌تی مرۆڤه‌كان وردوخاش بكات و "درۆ"ی ئیستبدادی بۆ فه‌وتاندنی خودی حه‌قیقه‌ت هێنده به راشكاوی ته‌عبیر له ره‌هه‌نده تۆقینهرهكانی بكات. به ده‌ربڕینی مه‌ریوان:
"گوتاری جیاوازی گوتارێكه پێویستی به سمبولی كۆیی به‌ناهه‌ق پیرۆزكراو، یان سمبولی كاریزمی كه به‌ناوی هه‌موو جیاوازیهكانهوه بدوێت، نیه. گوتاری جیاوازی بۆ نمونه پێویستی به عهرهفاتێك نیه به ناوی هه‌موو فه‌له‌ستینه‌وه بدرێت، .......، پێویستی به ئاپۆیهك نیه به ناوی هه‌موو پارچه‌كانی كوردستانه‌وه بدوێت،............ دوا ته‌ڵه‌زگه‌ی گوتاری یه‌كگرتن به‌رهه‌مهێنانی ئه‌و دۆخه كوشنده‌یه‌یه كه دواجار مه‌هزه‌له‌یه‌كی كوشنده ده‌خاته‌وه. مه‌هزه‌له‌ی ئه‌وه‌ی ده‌ڵێت: گه‌ر عه‌ره‌فات نه‌مێنێ رێكخراوی رزگاریخوازی فه‌له‌ستین له‌ناو ده‌چێت.."(11) ل 158
ناكۆكی سیاسی و ئه‌خلاقی هه‌ره بناغه‌یی له سیستمی به‌رێوه‌بردنی سه‌رانی حزبی كوردیدا ئه‌وه‌یه كه به رواڵه‌ت، ستالین ئاسا، پێیان باشه به‌و هێزانه هه‌ڵبڵێن كه گۆڕانی گه‌وره‌یان له عیراق و كوردستان و ناوچه‌كه‌دا دروست كردووه و ئه‌و گۆڕانه‌ش به قازانجی ئه‌وان و حزبه‌كانیان شكاوه‌ته‌وه.
به‌ڵام له ناخیاندا ( ئه‌مه‌ش گرفته‌كه‌یه) حه‌زیان لێیه لاسایی ئه‌و ره‌فتارانه‌ی ستالین بكه‌نه‌وه كه له مێژوودا وه‌ك جێگای توڕه‌یی چاوی لێده‌كرێت و بۆته جێگای قێزه‌ونی سه‌رتاپای توخمی مرۆڤ كه ئه‌ویش بریتیه له قه‌لاچۆكردنی ناڕازی و ناكۆكه‌كان له‌گه‌ڵ سیاسه‌ته ره‌سمیه‌كانی حزبدا و گوێنه‌گرتن له ویژدانی زیندووی میلله‌ت و نوَێنهرانی بیروباوه‌ڕه جیاوازه‌كانی.
سه‌رده‌مانێك ستالین به‌م جۆره به ئهمریكاو "ڕوحی ئه‌مریكایی" هه‌ڵده‌گوت:
"روحی عه‌مه‌لی ئه‌مریكی تریاكێكه دژ به مانیلوفیزمی"شۆرشگێرانه"و ده‌سپێشكه‌ری خه‌یاڵی. روحی عه‌مه‌لی ئه‌مریكی ئه‌و هێزه‌یه كه ناكه‌وێ و مل به رێگره‌كان نادا و دانیان پیانانێ، ئه‌و هێزه‌یه كه، به‌هۆی ڕاوهستاویه وردهكهیهوه ڕێگره‌كان له هه‌ر جۆر‌و پله‌یه‌كدا بن ته‌خت ده‌كات، وه ناپرینگێته‌وه له‌و ئه‌ركه‌ی ده‌ستی پێ كردووه تا كۆتایی بڕوات هه‌رچه‌نده كه‌مبایه‌خ بێت، ئه‌و هێزه‌یه كه بێ ئه‌و كارێكی بنیاتنانی جیدی نایه‌ته جێبه‌جێكردن"(12)
بهلاَم سه‌رجه‌م توخمی مرۆڤ ده‌زانن سه‌ره‌ڕای ئه‌و قسه‌و نرخاندنه باشانه، چ كاره‌ساتێك له لایه‌ن ستالینه‌وه به‌سه‌ر گه‌لانی ناو روسیا‌و ئۆپۆزیسیۆنی حزبیدا هێنرا.
ره‌نگه ته‌نها وه‌ڵام بۆ ئه‌م سیاسه‌ته دو فاقیه‌ی سه‌رانی حزبی كوردی ئه‌م وشانه‌ی تۆنی بلێر بێت كه پێش 14 سال، له 4ی ئۆكتوبه‌ر 1994 دا له كۆنفرانسی بلاكپول وتونی:
" پانزه ساڵ دوای ئه‌وه‌ی خاتو تاتشه‌ر پێی نایه سه‌ر پلیكانه‌كانی شه‌قامی داونینگ، ته‌ماشای بریتانیا بكه‌ن:
ئایا كاتێك ناكۆكی هه‌بێ ته‌بایی له ئارادایه؟
كاتێك چه‌وتی هه‌بێ ڕاستی وجودی هه‌یه؟
كاتێك گومان هه‌بێ باوه‌ڕ ده‌توانێ حوكم بكات؟
گه‌ر نائومێدی هه‌بێ هیوا هه‌یه؟
ته‌بایی؟
كاتێك تاوان دوقات زیاد بوه؟
حه‌قیقه‌ت؟
كاتێك هه‌ڵبژاردنیان له سه‌ر بناغه‌ی درۆهه‌ڵبه‌ستن له باره‌ی ئێمه‌وه‌و درۆكردن له مه‌ڕ ئه‌و شتانه‌ی ده‌یانه‌وێ بیكه‌ن برده‌وه؟
ئیمان؟
كاتێك سیاسه‌ت به‌هۆی ناپاكی ئه‌وانه‌وه بێ‌نرخ ده‌كرێ؟
هیوا؟
كاتێك سێ ملیۆن كه‌س بێئیشهو شه‌ش ملیۆن كه‌سیش له‌سه‌ر سۆشیال ئه‌ژین و یه‌ك له سێی منالاَنیش به هه‌ژاری گه‌وره ئه‌بن؟
ئه‌وان ناعه‌داله‌تی و ئینشیقاق یان بۆ هێناین...
بۆ شاردنه‌وه‌ی ڕاستیی كێشه‌كانی خه‌ڵك، موڵك و سه‌رمایه‌ی میلله‌تیان فرۆشت كه له ماوه‌ی چه‌ندین ساڵدا بنیات نرابو..."
سه‌رچاوه‌كان:
1، 2 ، 3 ، 4 ، 5 ، 11"دهسهلاَت و جیاوازی". مه‌ریوان وریا قانع، ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م. سلێمانی 2000
6. چند گفتار درباره‌ی توتالیتاریزم. ( پێشه‌كی وه‌رگێڕ)، ترجمه عباس میلانی. تهران. نشر اختران. 1381
7. 8 بنه‌ماكانی تۆتالیتاریزم: هانا ئارێنت . وه‌رگێڕانی حه‌مه ڕه‌شید، چاپی سه‌رده‌م 2007، ل 332، 344
9و 10 . "توتالیتاریزم و فزیلت دروغ"( لشك كولاكوفسكی) له كتیبی " چند گفتاری درباره توتالیتاریزم" ل 174
J. STALIN. works . volume 6, foreign languages publishing house. 12-11-
Moscow 1953 p195 196
13- TONY BLEAR NEW BRITAN MY VISION OF A YONUNG
COUNTRY FORTH ESTATE. LONDON 1996 PP35 36