"له چ وڵاتێك پاشماوه‌ی 182 هه‌زار كه‌س مووچه وهردهگرێتو یارمه‌تی ده‌درێت به‌بێ هیچ"
"من وه‌كو خۆم ده‌هێنده‌ی ئێوه بێتاقه‌تم"
سازدانی: رۆژنامه
كێشه و گرفته ئیدارییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و چۆنیه‌تی پێدان‌و دابه‌شكردنی مووچه‌ی مووچه‌خۆران و چۆنیه‌تی وه‌رگرتنی مووچه‌ی هه‌رێم له‌به‌غدا و گرفتهكانیو ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی له نێوان به‌غدا و هه‌ولێردا هه‌یه بابه‌تی هه‌ستیاری ههنوكهیین و له ئێستادا هه‌مووان به‌بایه‌خه‌وه بۆیان ده‌ڕوانن، ان سه‌باره‌ت به‌و مه‌سه‌لانه ره‌خنه‌ی توند له حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵات ده‌گرن و له‌به‌رامبه‌ریشدا ده‌سه‌ڵات وێڕای جه‌ختكردنه‌وه‌ی له‌سه‌ر په‌رۆشی خۆی بۆ چاره‌سه‌ركردنی گرفته‌كان له‌و بوارانه‌دا، ئاماژه بۆ چه‌ندین هۆكاری دیكه ده‌كات كه به بڕوای ئه‌و په‌یوه‌ندییان به‌ده‌سه‌ڵاته‌وه نییه و بارودۆخه‌كه خولقاندوونی و بوونه‌ته مایه‌ی گه‌وره‌بوون و زه‌قبوونه‌وه‌ی گرفته‌كان.
عومه‌ر فه‌تاح جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌م دیمانه تایبه‌ته‌دا كه رۆژنامه‌ی "رۆژنامه" له‌گه‌ڵیدا ئه‌نجامیداوه له‌وه‌ڵامی چه‌ند پرسیارێكدا له بابه‌ته‌كانی بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان و موچه و كێشه ئیدارییه‌كان و هه‌ندێك مه‌سه‌له‌ی دیكه ده‌دوێت.
* چۆن شه‌ڕی بودجه ده‌خوێنیته‌وه كه له ماوه‌ی رابردوو له نێوان كورد‌و به‌غدا به‌ڕێوه‌چوو، ئایا به‌ڕاستی ئه‌و كێشه‌یه په‌یوه‌ندی به 17% و رێژه‌ی دانیشتووانه‌وه هه‌بوو یان ره‌هه‌ندی تریان له پشته‌وه بوو؟
عومه‌ر فه‌تاح: ئێمه خه‌باته‌كه‌مان له پێناو دیموكراتییه‌ت بۆ عێراق‌و فیدڕاڵییه‌ت بۆ كوردستان بوو، فیدراڵییه‌ت بۆ كوردستانیش به پێی بڕیارێكی په‌رله‌مانی كوردستان بووه، به‌ڵام به‌ڕاستی تا ئێستا ناتوانم بڵێم حكومه‌تی عێراق حكومه‌تێكی فیدڕاڵی راسته‌قینه‌یه‌و له ئامانجه‌كانی فیدراڵییه‌ت تێگه‌یشتووه، تا ئێستا نه‌یتوانیوه ده‌سه‌ڵات دابه‌ش بكات له نێوان ناوهندو هه‌رێمدا ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌زموونی فیدراڵی له عێراقدا نییه، به‌ڵام بۆچوونی ئێمه ئه‌وه‌یه كه كورد وه‌كو پێكهاته‌كانی تری عێراق نین، له عێراقدا دوو نه‌ته‌وه‌ی سه‌ره‌كی هه‌یه ئه‌م دوو نه‌ته‌وه‌یه حهقو حقوقی خۆیان هه‌یه، میلله‌تی كورد له‌وه‌ته‌ی حكومه‌تی عێراق دروستبووه رازی نییه به‌و به‌شه‌ی كه به‌ری ده‌كه‌وێت، هه‌میشه داواكاری هه‌بووه‌و هه‌میشه له به‌ره‌ی ئۆپۆزسیۆندا بووه بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت مافه‌كانی زیاتر بچه‌سپێنێت، ئێمه خۆمان ئه‌وه‌مان هه‌ڵبژاردووه كه به شێوه‌ی فیدراڵی له‌گه‌ڵ عێراق بژین، پاشان دروشمی بزوتنه‌وه‌ی كوردی‌و خهباتهكهشمان له‌وه زیاتر تێنه‌په‌ڕیوه، له‌به‌ر ئه‌وه ئه‌وه‌ی ئێستا له به‌غدا ده‌كرێ تێنه‌گه‌یشتنه له‌مه‌سه‌له‌ی فیدراڵی‌و مافه‌كانی كورد، زۆرجار باسی ئه‌وه ده‌كه‌ن كه پێكهاته‌كانی عێراق شیعه‌و سوننه‌و كوردن، به‌ڵام من وای نابینم ئێمه ئه‌گه‌ر سه‌یری تایبه‌تمه‌ندێتی نه‌ته‌وه‌یمان بكرێ ئه‌گه‌ر وه‌كو كورد‌و عه‌ره‌ب له عێراقدا سه‌یر بكرێین كه دوو نه‌ته‌وه‌ی سهرهكینو ئێستا ده‌ستوور چه‌سپاندوویه‌تی كه عێراق فیدراڵییه‌و ئه‌و ده‌ستووره‌مان به‌سه‌ردا جێبه‌جێ بكرێت، ئه‌و كێشانه‌مان نابێت، به‌ڵام ئێمه له ململانێداین له هه‌موو مهسهلهكاندا بۆ جێبه‌جێكردنی ده‌ستوور ئه‌و كێشانه په‌یوه‌ندی به ده‌سه‌ڵاته‌كان‌و وه‌زاره‌ته‌كانه‌وه هه‌یه، چونكه ئه‌و وه‌زیره یان كار به‌ده‌سته‌ی عێراق تێڕوانینێكی هه‌یه‌و ئێمه تێڕوانینێكی ترمان هه‌یه، به‌ڵام ئێمه تێڕوانینهكهمان له چوارچێوه‌ی فیدراڵی ناچێته ده‌ره‌وه ئێمه ده‌مانه‌وێت ته‌واوی مافه‌كانمان له هه‌رێم موماره‌سه بكه‌ین له سه‌ر بنه‌مای فیدراڵی‌و جێبه‌جێكردنی ده‌ستوور، له‌به‌ر ئه‌وه كۆمه‌ڵێكی زۆری مه‌سه‌له له‌گه‌ڵ به‌غدا كێشه‌مان له‌سه‌ری هه‌یه، من له ئه‌مریكا كۆمه‌ڵێكی زۆر عه‌ره‌بم بینی له سه‌فاره‌تی عێراقی باسی ئه‌وه‌یان كرد ئه‌و مافه‌ی ئێوه داوای ده‌كه‌ن جیابوونه‌وه‌یه وتم باشه بۆچی فیدراڵی جیابوونه‌وه‌یه ئێوه ئه‌وه‌تا لێره‌ن له‌م ئه‌مریكایه ئێوه رۆشنبیرن ئاگاتان له دهسهڵاتو ئیداره‌ی ئێره هه‌یه ئه‌م هه‌موو ویلایه‌ته جیاوازه هه‌ریه‌كه‌و موماره‌سه‌ی ده‌سه‌ڵاتی خۆی دهكاتو ئه‌مریكاش نه دابه‌ش بووه‌و نه وێران بووه، بۆ ئه‌گه‌ر ئێمه فیدراڵیمان هه‌بێت دابهشكردنو لاوازكردنی عێراقه به پێچه‌وانه‌وه ئێمه پێمان وایه فیدراڵی خاڵی به‌هێزه، له‌به‌ر ئه‌وه ئه‌و كێشانه‌مان هه‌ر ده‌مێنێ هه‌تا ئه‌و كاته‌ی ده‌ستوور به ته‌واوه‌تی دهچهسپێیو جۆرێك له موماره‌سه‌ی ئه‌وه بكرێت كه ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی له به‌غدا بزانێت قورسایی خۆی دابه‌ش كردووه‌و به پێی ده‌ستوور هه‌مووی له ده‌ست ئه‌ودا نییه هه‌ندێكی داوه به هه‌رێمه‌كان‌و هه‌ندێكی له ده‌سه‌ڵاتی خۆیایه‌تی، جا ئه‌و كێشانه‌ش هه‌ر ئه‌وه‌نده نییه، ئێستا هه‌ر یاسایه‌كی نوێ بێته پێشه‌وه هه‌مان كێشه‌مان ده‌بێت هه‌تا تێ‌یان ده‌گه‌یه‌نین كه دان به واقیعی عێراق‌و كوردستاندا ده‌نێن هه‌تا هه‌وڵ ده‌ده‌ن ده‌ستوور جێبه‌جێ بكه‌ن كه خه‌ڵكی عێراق ده‌نگی بۆ داوه، ئێمه پابه‌ندین به‌و ده‌ستووره‌وه له چوارچێوه‌ی ئه‌و ده‌ستووره‌دا ته‌واوی مافه‌كانمان داوا ده‌كه‌ین.
* ئایا ئه‌و ململانێیه‌ی كه دروست بوو له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی بودجه كێشه‌یه‌كی ته‌كنیكی بوو یان هۆكاری سیاسی له پشته‌وه بوو؟
عومه‌ر فه‌تاح: بێگومان ئه‌وان پاساو به بیانووی ته‌كنیكی ده‌هێننه‌وه، ده‌ڵێن داهاتو ده‌رامه‌تی خۆتان حساب بكه‌ن كه نه‌كراوه، ئێمه به ته‌واوی نازانین چه‌نده‌و چۆنه ئه‌و شتانه. تۆ كه بته‌وێت شتێك بكه‌یت پرۆژه‌یه‌ك ته‌به‌نی بكه‌یت ده‌بێت كۆمه‌ڵێك پێداویستی بۆ ئاماده بكه‌یت بۆ ئه‌وه‌ی باوه‌ڕ به به‌رامبه‌ره‌كه‌ت بێنیت كه بیچه‌سپێنیت له‌به‌ر ئه‌وه راسته باسی ئه‌وه ده‌كه‌ن كه نفوسی كورد ئه‌وه نییه و باسی 13% و 14% ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئێمه‌ش ده‌ڵێین با ئامار بكه‌ین كه ئامارمان كرد ئێمه پابه‌ندی ئه‌نجامه‌كانی ئه‌و ئاماره ده‌بین، كاتی خۆی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان شتێكی داناوه كه 13%یه، به‌ڵام ئه‌و كاته كۆمه‌ڵێك ناوچه له‌سه‌ر ئێره نه‌بووه ئاكرێی له‌سه‌ر نه‌بووه ناوچه‌كانی تری له‌سه‌ر نه‌بووه كه ئێستا له‌سه‌ر ئێره‌یه جگه له‌وه ئێمه داواكاری جێبه‌جێكردنی ماده‌ی 140 ده‌كه‌ین، ئێمه ئێستا زۆر هاوكاری ئه‌و ناوچانه ده‌كه‌ین له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا با ئامار بكرێت له عێراق به‌پێی ئامار ئێمه ئاماده‌ین رێژه‌ی خۆمان وه‌ربگرین، به‌ڵام هه‌تا ئه‌و كاته‌ی كه ئامار ده‌كرێت ئێمه یاسایه‌ك ئه‌و رێژه‌ی 17%مان پێده‌دات كه له لایه‌ن سه‌ره‌ك وه‌زیرانی پێشوو چه‌سپێنراوه.
* ئه‌و بودجه‌یه به شێوه‌یه‌ك خه‌مڵێنراوه كه نرخی به‌رمیلێك نه‌وت به 57 دۆلار دانراوه، ئه‌مه له كاتێكدایه كه ئێستا نرخی به‌رمیلێك نه‌وت گه‌یشتووه‌ته 100 دۆلار، بوونی ئه‌و زیاده‌یه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ موازهنهكه؟
عومه‌ر فه‌تاح: ئه‌م موازه‌نه‌یه خه‌مڵاندنه، هه‌م له رووی داهات هه‌م له رووی خه‌رجییه‌كانه‌وه، تۆ حسابی ئه‌وه‌ش بكه له ناكاو حاڵه‌تێك دێته پێشه‌وه نه‌وت سێ مانگ ناڕوات، له‌به‌ر ئه‌وه مه‌سه‌له‌كه خه‌مڵاندنه، ئێمه 17%ی میزانیه‌ی عێراق وه‌رده‌گرین جا میزانیهكه به‌رمیلی به 80 دۆلار بفرۆشرێت یان به 50 دۆلار ، چونكه ئه‌م ساڵه داهاته‌كه‌ت له‌سه‌ر بنه‌مای ساڵه‌كانی پێشوو و له‌سه‌ر بنه‌مای نرخی نهوتو نرخی ئه‌و داهاتانه‌ی هه‌یه دهیخهمڵێنی، هه‌ربۆیه له كۆتایی ساڵی داراییدا لایه‌ك ده‌ڵێ عیجزم هه‌یه لایه‌ك گله‌یی هه‌یه بۆچی سه‌رفنه‌كراوه، له‌به‌ر ئه‌وه ئه‌م میزانیه‌یه هه‌مووی خه‌مڵاندنه‌و ئێمه ده‌بێت 17%ی ئه‌و میزانییه وه‌ربگرین.
* ئه‌و میزانییه هاتووه بۆ هه‌رێمی كوردستان؟
عومه‌ر فه‌تاح: ئه‌و رێژه‌یه مانگانه دێت، چونكه عێراقیش ئه‌وه‌نده (سیوله‌ی نه‌قد)ی نییه ئه‌وه‌نده ملیار دۆلار یه‌كسه‌ر بنێردرێت، ئه‌گه‌ر هه‌شیبێت ناینێرێ، چونكه داهاتیش له‌سه‌ر حسابی مانگانه‌یه، مانگانه ئێمه به‌شه‌كه‌ی خۆمان وه‌رده‌گرین، رێژه‌كه‌مان دابه‌شده‌كه‌ن به‌سه‌ر 12 مانگهكهداو به‌و شێوه‌یه بۆمان ده‌نێرن، دواتریش ناردنی رێژه‌ی مانگانه‌كه په‌یوه‌ندی به‌و میزانییهو پرۆژانه‌وه نییه كه لێره دانراوه، چونكه ئه‌وان رێژه‌ی 17%ی خۆیان ده‌ده‌ن له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا داوایه‌كیان له ئێمه هه‌یه ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه هه‌ندێ باج‌و رسومو دهرامهتو گومرگ ئه‌وانه سه‌ر به ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندن ئێمه‌ش كه‌شفی ئه‌وه‌یان بدهینێو پێیان بڵێین ئێمه داهاتمان چه‌ند بووه، یه‌كێك له كێشه‌كانیش هه‌ر ئه‌م داواكارییه‌ی ئه‌وانه.
* ئایا رێژه‌یه‌كی دروست و دیاریكراوتان لایه كه داهاتی عێراق دهربخاتو ئێمه‌ش له‌و داهاته 17% مان به‌ربكه‌وێت؟ واته هیچ به‌رپرسێكی گه‌وره‌ی كورد ئاگاداری ورده‌كاری داهاتی عێراقه به تایبه‌تی ئه‌گه‌ر بزانین داهاتی عێراق ته‌نها نه‌وت نییه، ئایا تا چه‌ند ئه‌و داهاته شه‌فافه به نیسبه‌ت كورده‌وه؟
عومه‌ر فه‌تاح: وه‌ك وتم مه‌سه‌له‌كه خه‌مڵاندنه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له وه‌زاره‌تی دارایی عێراق كوردی لێیه‌و له وه‌زاره‌ته‌كانی تریشدا كورد هه‌یه كه‌م تا زۆر ئاگاداری وردهكارییهكانن.
* خاڵێكی مه‌ترسیدار هه‌یه تۆ باست له‌وه‌كرد كه میزانییهكه مانگانه دێت، له یاسای موازه‌نه‌ی عێراقیشدا هاتووه ئه‌و رێژه‌یه بۆ هه‌رێم سه‌رف ناكرێت ئه‌گه‌ر ته‌نسیقێك له نێوان وه‌زیری دارایی عێراق‌و وه‌زیری دارایی هه‌رێم نه‌بێت، گریمان وه‌زیری دارایی عێراقیش هه‌مان كێشه‌ی وه‌ك ئه‌وه‌ی شه‌هرستانی وه‌زیری نه‌وت دروستكرد، ئایا كوردستان رووبه‌ڕووی كێشه‌یه‌كی دارایی گه‌وره نابێته‌وه؟ چ به‌ندێكی ده‌ستووری یان چ زه‌مانه‌تێك هه‌یه كه ئه‌و رێژه‌یه مانگانه بگاته هه‌رێم؟
عومه‌ر فه‌تاح: هه‌تا ئێستا ئه‌وان رێژه‌كه‌ی خۆمانیان بۆ ناردوین مانگانه‌و نهیانوهستاندووه، دیاره داوایان هه‌یه، ئێمه‌ش داوامان له هه‌موو دامه‌زراوه‌كانی خۆمان كردووه كه ئه‌و داوایانه‌یان جێبه‌جێ بكه‌ن، وه‌فدی حكومه‌تی هه‌رێمیش ده‌چێت بۆ به‌غداو باسی ئه‌و كێشانه ده‌كات كه ئه‌گه‌ر رێگرییه‌ك هه‌بێت چاره‌سه‌ری بكه‌ین، به‌ڵام تا ئێستا نه‌یانكردووه.
* ئه‌گه‌ر تووشی كێشه‌یه‌كی له‌و شێوه‌یه ببین بۆ نمونه ده‌ڵێن هه‌ر نایده‌ین به‌ڵكو دوو مانگ رایانگرت یان دوایان خست‌و وتیان تا داهاتهكانو دهرامهتهكانتان نه‌نێرنه‌وه ئێمه‌ش بودجه نانێرین، ئایا تووشی قه‌یرانێكی دارایی گه‌وره نابین؟
عومه‌ر فه‌تاح: ئه‌گه‌ر نه‌ینێرن به‌ڵێ كێشه‌مان بۆ دروست ده‌كات، به‌ڵام ده‌ینێرن، ئێمه‌ش چاره‌سه‌ری ئه‌و مه‌سه‌لانه ده‌كه‌ین.
* كێشه‌كه له‌وه‌دایه ئه‌و یاسای موازه‌نه‌یه دواجار ره‌زامه‌ندی سه‌رفكردنی به‌شه‌كه‌ی هه‌رێمی به‌ستووه‌ته‌وه به ره‌زامه‌ندی وه‌زیری دارایی عێراقه‌وه، ئایا ئه‌مه مه‌ترسی لێناكرێت؟
عومه‌ر فه‌تاح: خۆ ئه‌و پاره‌یه ئێستا دانه‌نراوه له بانقدا ئێستا ئاماده بێت، راستییه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه رێژه‌یه‌كی گه‌وره‌ی داهاتی عێراق له‌سه‌ر نه‌وته نه‌وتیش دهفرۆشرێتو ئه‌وجا داهاته‌كه‌ی ده‌گات، پێشه‌كی پاره‌كه‌یان نه‌داوه له‌به‌رئه‌وه كه ئێمه مانگانه وه‌ریبگرین ئه‌ویش مانگانه داهاته‌كه‌ی ده‌گاته ده‌ستی، من پێموانییه له‌م ساڵدا كێشه‌مان بۆ دروست بێت.
* رۆژی 19/11/2007 بریكاری وه‌زاره‌تی هه‌رێم بۆ كاروباری دارایی رایگه‌یاند كه بودجه‌ی ئه‌مساڵی هه‌رێم به شه‌ش تریلیۆن‌و چوار سه‌دو نه‌وه‌دو سێ ملیار دینار خه‌مڵێنراوه، ئایا ئه‌م بودجه‌یه به‌شی ئه‌وه ناكات لانیكه‌م كۆمه‌ڵێك خزمه‌تگوزاری بنه‌ڕه‌تی بۆ هاووڵاتییان ده‌سته‌به‌ر بكرێت، ئه‌مه له كاتێكدایه به پێی وته‌ی هه‌ندێ له پسپۆڕانی ئابووری ئه‌و بودجه‌یه له بودجه‌ی ئوردن‌و سوریا ئه‌گه‌ر زۆرتر نه‌بێت كه‌متر نییه؟
عومه‌ر فه‌تاح: ئاخر سوریا‌و ئوردن نه گوندیان سووتاوه‌و نه ماڵیان رووخاوه‌و نه ئه‌نفالیان هه‌یه‌و نه شاره‌كانیان خاپوور بووه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا بنه‌مایه‌كی ئابووری به‌هێزیان هه‌یه‌و كارگه‌یان هه‌یه‌و به‌رهه‌میان هه‌یه، ئه‌م وڵاته‌ی ئێمه هیچی نییه هیچ بنه‌مایه‌كی ئابوریمان نییه، نه كارگه‌مان هه‌یه نه به‌رهه‌ممان هه‌یه، كه‌رتی كشتوكاڵمان نه‌ماوه، هه‌مووی پشتی به حكومه‌ت به‌ستووه هه‌مووی داوای مووچه له حكومه‌ت ده‌كات له‌به‌رئه‌وه سه‌یرم لێدێت باس له سوریا‌و ئوردون ده‌كرێت ئاخر ئه‌وان سه‌د ساڵه دهوڵهتنو كێشه‌یان نییه‌و ساڵ به ساڵ ده‌یخه‌نه سه‌ری، ئێمه‌ش ئه‌وه‌ی سه‌د ساڵ كردمان به فویه‌ك بۆیان تهختكردینو له‌ناویان برد ئێستا له سفره‌وه ده‌ست پێده‌كه‌ین، دوای ئه‌وه ئێمه وه‌ریسی رژێمێكین به هه‌موو خه‌ڵكێك مووچه‌ی داوه بۆئه‌وه‌ی قسه نه‌كه‌ن كه‌س دژی نه‌بێت ئێستا ئێمه ئه‌و هه‌موو مووچه‌یه ده‌ده‌ین به خه‌ڵك خۆ هه‌مووی فه‌رمانبه‌ر نییه، شه‌هیدانی تێدایه، ئه‌نفالی تێدایه، یارمه‌تی خێزانی كه‌مده‌رامه‌تی تێدایه، پێشمه‌رگه‌ی تێدایه، خانهنشینو داموده‌زگاكانی تری تێدایه، له چ وڵاتێك 182 هه‌زار كه‌س ئه‌نفال كراوه، له چ وڵاتێك پاشماوه‌ی 182 هه‌زار كه‌س مووچه وهردهگرێتو یارمه‌تی ده‌درێت به‌بێ هیچ، ده‌با له سوریاش 200 هه‌زار كه‌سێك ئه‌نفال بكه‌ن ده‌با بزانین بودجه‌كه‌ی چی لێدێت، بزانه چۆن سه‌رفده‌كرێت. به‌ڵام ئێمه بۆ ئه‌مساڵ ئهوهلیاتمان داناوه خستوومانه‌ته سه‌ر شانی خۆمان ده‌بێت كێشه‌ی كاره‌باو سووته‌مه‌نی‌و ئاو چاره‌سه‌ر بكه‌ین، ئه‌و سێ كێشه‌یه كێشه‌ی بنهڕهتیو خزمه‌تگوزاریی خه‌ڵكن ده‌بێت خه‌ڵك مسۆگه‌ری بكات، ئێمه میزانیه‌ی حوكمه‌تی هه‌رێممان ئاماده كردووه‌و ده‌ینێرین بۆ په‌رله‌مان هه‌روه‌ها لیستی پرۆژه‌كانی په‌ره‌پێدانی پارێزگاكانمان بۆ ساڵی 2008 ئاماده كردووه‌و ئه‌وه‌تا له‌به‌رده‌ستماندا، ده‌ڵێن له‌سه‌ر بودجه‌ی پارێزگا فڵانه پرۆژه كراوه‌و حكومه‌ت هیچی نه‌كردووه، به‌ڵام بودجه‌ی پارێزگاش له‌و 17%یه ده‌درێت. باسی ئه‌وه ده‌كرێت بۆ ناخرێته به‌رده‌م په‌رله‌مان ئێ باشه تاوه‌كو من نه‌زانم بودجهكهم چه‌نده چۆن بیخه‌مه به‌رده‌م په‌رله‌مان، ئێستا ئه‌وه ته‌واو بووه‌و 17% هكه موافه‌قه‌تی له‌سه‌ر كراوه‌و ئێمه‌ش له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی پلاندانان‌و دارایی دانیشتووین پرۆژه پێویسته‌كانیان داناوه هه‌ر وه‌زاره‌ته‌ی به‌شی خۆی پشكی هه‌یه میزانییه‌ی موازه‌نه‌ی وه‌به‌رهێنانی تێدایه‌و هه‌موو وه‌زاره‌ته‌كان به‌شی خۆیان بۆ جیا كراوه‌ته‌وه.
* ئه‌و وه‌زاره‌تانه‌ی ئێستا هه‌ن؟
عومه‌ر فه‌تاح: به‌ڵێ ئه‌و وه‌زاره‌تانه‌ی ئێستا هه‌ن، ئه‌مه میزانییهكهی ئێمه‌یه، خه‌ڵك ده‌ڵێ ئێمه پیلانمان نییه ئه‌ی ئه‌مه پیلان نییه، كه له لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه ته‌سدیق كرا ئێمه بڵاویده‌كه‌ینه‌وه.
*له‌و موازه‌نه‌یه چه‌ندێكی بۆ مووچه ده‌ڕوات؟
عومه‌ر فه‌تاح: له‌و موازه‌نه‌یه ئه‌وه‌ی بۆ مووچه ده‌ڕوات رێژه‌كه جیاوازه، به‌ڵام تا ئێستا نزیكه‌ی زیاتر له 65%ی بۆ مووچه ده‌ڕوات، كه ده‌ڵێین مووچه هه‌مووی بۆ فه‌رمانبه‌ر نییه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا شه‌هیدان داوای زیاد ده‌كه‌ن ئه‌نفاله‌كان داوای زیاد ده‌كه‌ن كه‌مئه‌ندام داوای زیاد ده‌كه‌ن هه‌ر داوای دهكهنو ئێمه‌ش دهیدهینو تۆش ده‌ڵێی بودجه به‌چی ده‌ڕوات.
* هه‌ندێ سه‌رچاوه باس له‌وه ده‌كه‌ن كه به‌شێكی زۆری بۆ بودجه‌ی حیزبه‌كان ده‌ڕوات؟
عومه‌ر فه‌تاح: ئه‌و قسه‌یه راست نییه كه ده‌ڵێ نیسبه‌ی زۆری بۆ حیزبه‌كان ده‌ڕوات ئێمه ده‌یخه‌ینه به‌رده‌می په‌رله‌مان با په‌رله‌مان بڕیار بدات بڵێ ئه‌م به‌شه‌ی كه دانراوه بۆ حیزبه‌كان زۆره كه‌می بكاته‌وه .
* به‌شی زۆری رێكخستن‌و ئیعلامی حیزبه‌كان له‌سه‌ر ئه‌و بودجه‌یه‌یه؟
عومه‌ر فه‌تاح: ئه‌وه راسته ئه‌وه په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه هه‌یه كه ده‌ڵێین مووچه واته فه‌رمانبه‌ری حكومه‌ت نین، كه ئێمه ده‌ڵێین ئه‌و رێژه‌یه بۆ مووچه ده‌ڕوات له راستیدا ئه‌وه‌نده كارمه‌ندمان نییه، به‌ڵام ئه‌وه‌نده مووچه‌ی مانگانه ده‌ده‌ین ئه‌وه‌شی تێدایه كه دوو مووچه یان سیان وه‌رده‌گرێ تا ئێستا بۆمان پاك نه‌كراوه‌ته‌وه.
* باست له‌وه كرد كه ئه‌مساڵ حكومه‌تی هه‌رێم ده‌یه‌وێت كێشه‌ی كاره‌با چاره‌سه‌ر بكات، به‌ڵام راپۆرتێكی گۆڤاری نیویۆرك تایمز ئاماژه به‌وه ده‌كات كه كاره‌بای عیراق تا ساڵی 2028 به‌ته‌واوی چاره‌سه‌ر نابێت، ئایا ئێوه دڵنیان له ئه‌مساڵدا كێشه‌ی كاره‌با چاره‌سه‌ر ده‌كه‌ن؟
عومه‌ر فه‌تاح: جاران كاره‌بای عێراق ناوه‌ندی بوو به‌سه‌ر هه‌موو وڵات‌دا دابه‌شده‌كرا، به‌ڵام ئێستا ئێمه له كاره‌بای عێراق رێژه‌یه‌كی زۆر كه‌ممان به‌رده‌كه‌وێت ده‌توانم بڵێم هیچی وامان به‌رناكه‌وێت، به‌ڵام ئه‌و پلانه‌ی ئێمه هه‌مانه بۆ كاره‌بای كوردستانه ئێمه ئه‌وه‌ی كه پشتی پێده‌به‌ستین دوو وێستگه‌ی گه‌وره‌مان هه‌یه وێستگهیهكیان له هه‌ولێره كه 500 مێگایه وێستگهیهكیشیان له چه‌مچه‌ماڵه كه 750 مێگایه، له‌گه‌ڵ وێستگه‌یه‌كی 50 مێگاواتی، ئه‌و ده‌زگایانه‌ی كه هه‌مانه سه‌قه‌رو 29 ی میگاواتییهكه، به هه‌مووی ئه‌گه‌ر بتوانین ئه‌مساڵ بیخه‌ینه كار ده‌توانین بڵێین كێشه‌ی كاره‌با له كوردستان به شێوه‌یه‌كی باش چاره‌سه‌ر ده‌كه‌ین.
* ئه‌م پرۆژانه چه‌ندی ته‌واو كراوه؟
عومه‌ر فه‌تاح: چووم بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ولێر وتی بۆ 1/3 ده‌توانین سه‌د مێگای لێبه‌رهه‌م بێنین 1/4 دوو سه‌د میگاو واته هه‌موو مانگێك سه‌د مێگای دێته سه‌ر، منیش پێم وتن 1/3/2008 ئه‌و وێستگه‌یه كاره‌با ده‌دات دڵنیایان كردمه‌وه كه له‌و رۆژه‌دا سه‌د مێگا به‌رهه‌م ده‌هێنن، ئه‌وه‌ی چه‌مچه‌ماڵیش ده‌یوت 1/8/2008 (250) مێگا كاره‌با به‌رهه‌م دێنن منیش پێم وتن كارئاسانیتان بۆ ده‌كه‌ین 1/6 ده‌ست به به‌رهه‌م هێنان بكه‌ن، ئه‌مانه ئه‌گه‌ر هیچ بارانیش نه‌بارێت كێشه‌مان نابێت. ئه‌مه جگه له دوكان‌و ده‌ربه‌ندیخان، ئه‌وانه‌ی باسمكردن وێستگه‌ی گه‌وره‌ن له ژێر جێبه‌جێ كردندانو هه‌موو توانایه‌كمان خستووه‌ته‌گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌مساڵ ته‌واو ببن، به‌ڵام شتێك هه‌یه رۆژنامه‌كان‌و خه‌ڵكیش غه‌درمان لێده‌كه‌ن، كاره‌بای موه‌لیده‌كان به كاره‌بای حكومه‌ت حساب ناكه‌ن راسته موه‌لیده‌ی ئه‌هلییه، به‌ڵام ئێمه مانگانه به بڕی نزیكه‌ی دوو ملیۆن دۆلار گازیان بۆ ده‌كڕین، باشه ئه‌گه‌ر ئێمه گازیان بۆ دابین نه‌كه‌ین ده‌توانن كاره‌با دابینبكه‌ن، باشه من سبه‌ینێ گاز ناده‌م به موه‌لیده‌كان با بزانین ئه‌وان ده‌توانن كاره‌با بده‌ن به خه‌ڵكی .
* ئه‌و پرۆژانه‌ی باست كرد‌و بڕیاره ئه‌مساڵ ته‌واوبن، بۆ ساڵی رابردوو نه‌كران؟
عومه‌ر فه‌تاح: هه‌موومان بارودۆخی عێراق‌و كوردستان ده‌زانین، هه‌رچه‌نده منیش ئه‌وه به پاساو ناهێنمه‌وه، به‌ڵام كاتێك كه چووم بۆ وێستگه‌كه‌ی هه‌ولێر ئه‌و هه‌موو كهلوپهلو ئامێره پێشكه‌وتووه هه‌بوو، پێی وتم تۆ هه‌ر به ئێمه ده‌ڵێی بۆ ته‌واونابێ كاكه ئێمه یه‌ك رێگامان هه‌یه قیرو چهوهكهی لای خۆته‌و مهكینهش ده‌ستده‌كه‌وێت به سێ ساڵ بۆت ته‌واو ناكرێت، ئێمه كه هه‌موو كهلوپهلێكمان له ده‌ره‌وه بۆ دێت چۆن ده‌توانین ته‌واوی بكه‌ین ئه‌مه چۆن گرێبهستهكهیو رێگه‌دانی بۆ هێنانی له توركیاوه بۆ ئێره، وتیان ئیشه‌كه به‌و شێوه‌یه‌یه ته‌قینه‌وه‌یه‌ك له هه‌ولێر روویدا چوار مانگ ئه‌ندازیاره ئه‌ڵمانییه‌كان نه‌هاتنه‌وه به‌لای ئیشه‌كه‌وه ئه‌وان ده‌زانن دایبنێن خۆ ئه‌ندازیاری ئێمه ناتوانێت ئه‌و كاره بكات وتیان نایه‌ینه‌وه ئه‌و ناوچه‌یه كاری تیرۆری تێدایه، وتمان وانییه یه‌ك ته‌قینه‌وه بووه‌و له ئه‌ڵمانیاو ئه‌وروپاش ته‌قینه‌وه هه‌ر ده‌بێـت، كه‌واته ئه‌م وڵاته حاڵه‌تێكی سروشتی نییه، ته‌سه‌ور بكه بۆ هێنانه‌كه‌ی وتیان پردهكانتان توانای هه‌ڵگرتنی ئه‌و ئامێرانه‌یان نییه به‌رپرسی گه‌وره‌ی ئێمه چووه‌ته ژێر پرده‌كه وتویه‌تی به‌سه‌ر پرده‌كه‌دا بڕۆن با بڕوخێت ئه‌وه له كوێی دنیادا ده‌كرێت.
* ئایا له كابینه‌ی دوای یه‌كگرتنه‌وه‌ی ئیداره‌كان هیچ لێپێچینه‌وه‌و بهدواداچوونێكتان بۆ كاری وه‌زیره‌كان كردووه، به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه كه‌مته‌رخه‌م بووبن یان ئیشه‌كانیان به باشی ئه‌نجام نه‌دابێ، رێوشوێنی یاساییتان له‌گه‌ڵیدا گرتووه‌ته‌به‌ر؟
عومه‌ر فه‌تاح: به دڵنیاییه‌وه ئێمه به‌دواداچوونمان هه‌یه، گله‌ییمان هه‌یه، به‌ڵام دیاره وه‌زیریش پۆستێكی سیاسیه ناكرێت یه‌كسه‌ر رایبگه‌یه‌نیت كه گه‌یشتیته ئه‌وه‌ی هیچ كه‌ڵكێكی نه‌مێنێت ئیعفای ده‌كه‌ین له كاره‌كه‌ی یه‌كێكی تر داده‌نێین، ئێمه به‌دواداچوونی رۆژانه‌مان هه‌یه بۆ كاره‌كانیان هه‌ر خۆم ببینن به‌سه‌ر پرۆژه‌كاندا رۆژ به رۆژ ئه‌سوڕێینه‌وه له كه‌موكووڕییه‌كانی ئه‌پرسینه‌وه كه باسی كه‌موكووڕیی ده‌كه‌ین واته هه‌ڵسه‌نگاندن ئه‌كه‌ین وه‌زیره‌كه‌ش به‌رپرسه له‌و كه‌موكووڕییه. ئه‌م دوو ساڵه هه‌ر خه‌ریكی ئه‌وه‌ین ئه‌ڵێین تێكه‌ڵ دهبێو چاك ئه‌بێ، به‌ڵام حه‌ز ئه‌كه‌م بزانن به‌دواداچوون زۆر زۆره.
* یه‌كێك له‌و پرۆژانه‌ی كه ماوه‌یه‌كی زۆره شاری سلێمانی چاوه‌ڕوانیه‌تی راكێشانی هێڵی دووه‌می ئاوی دوكانه، كه زۆربه‌ی هه‌وڵه‌كانی پێشوو سه‌ركه‌وتوو نهبوونو ئێستا دراوه به كۆمپانیای نۆكان، ئایا تا چه‌ند دڵنیان له‌سه‌ركه‌وتنی ئه‌و پرۆژه‌یه؟
عومه‌ر فه‌تاح: ئه‌و پرۆژه‌یه له 2005ه‌وه هه‌بوو، ئه‌مریكا 100 ملیۆن دۆلاری بۆ ته‌رخانكرد كه بێت ئه‌و پرۆژه‌یه بكات له‌گه‌ڵ ئاوی ئیفرازی هه‌ولێر، له مانگی ته‌موزی 2005 ئه‌بوایه دیزاینی ته‌واو بوایه‌و كۆمپانیا ئه‌مریكییه‌كان بهاتنایه‌و ده‌ستبكرایه به پرۆژه‌كه، به‌ڵام له مانگی ئابی هه‌مان ساڵدا وتیان بارودۆخی ئاسایشی عێراق خراپه، له‌به‌رئه‌وه ناتوانین ئه‌و پاره‌یه سه‌رف بكه‌ین له‌و پرۆژه‌یه‌دا ئه‌بێت دوایبخه‌ین، من خۆم زاڵمای خه‌لیل زادم بینی كه هات بۆ سلێمانی دوو سه‌عات بواری هه‌بوو، وتی: ئه‌چین بۆ هه‌ڵه‌بجه، له‌ناو ئۆتۆمۆبیله‌كه به‌یه‌كه‌وه سه‌ركه‌وتین به درێژایی رێگاكه باسی ئه‌وه‌م بۆ كردووه كه نابێت ئه‌و پرۆژه‌یه دوابخه‌ن چونكه ئه‌وه په‌یوه‌ندی به ژیانی خه‌ڵكه‌وه هه‌یه بۆ ناوبانگی ئێوه خراپه‌و خه‌ڵك بێزار دهبێتو داواكاری ده‌بێت، به‌ڵێنی پێدام وتی: ئه‌وه من وا ئه‌كه‌م كه جێبه‌جێ بێت وتیشی تۆ زانیاری‌و پرۆپۆزه‌ڵم بۆ ئاماده بكه ئه‌وه‌ی تری له‌سه‌ر من، منیش بۆم نارد به د. محه‌مه‌د سابیردا كه ده‌چوو بۆ به‌غدا وتم ئه‌و شتانه‌ی بده‌رێ، سێ جاری تریش كه له به‌غدا بینیم هه‌ر پێم وته‌وه، كه ده‌هاتیشه‌وه بۆ سلێمانی‌و منی ده‌بینی یه‌كسه‌ر ده‌یوت «water، water «، ئیتر بۆیان نه‌كردین، ناچار ساڵی دواتر رامانگهیاندو كۆمه‌ڵێك كۆمپانیا ته‌نده‌ریان پێشكه‌ش كرد، یه‌كێك له‌وانه كۆمپانیای فوئادی شێخ حه‌سه‌ن بوو، دوای ئه‌وه‌ی پرۆژه‌كه‌ی بۆ ده‌رچوو سێ بۆ چوار مانگ هیچ ئیشی نه‌كرد، پاشان ئێمه لیژنه‌یه‌كی سه‌رپه‌رشتیمان دروستكرد بۆئه‌وه‌ی ئه‌و كاره جێبه‌جێ بكرێت، خۆتان ئاگادارن فوئادی شێخ حه‌سه‌ن بانگكرا وتمان تۆ به‌ڵێنده‌ری بۆ ته‌واوی ناكه‌یت ئیتر كه گه‌یشته ئاستی گرتن ئیتر ئاستی كۆتاییه، ئێستا پرۆژه‌كه ده‌ستی پێكردووه به‌شێكی زۆری كاره‌كانی ته‌واو بووه گرێبه‌ست كراوه بۆ هێنانی بۆرییه‌كان، من ئومێدم زۆره ئه‌مساڵ ده‌بێت ئه‌و ئاوه‌ی دوكان ته‌واو بێت.
* رۆژی 20/9/2007 سه‌ردانی شاری سلێمانیت كرد و بڕیارتاندا 200 ملیار دینار ته‌رخان بكرێت بۆ پرۆژه‌كانی ئه‌و پارێزگایه، به‌ڵام تا ئێستاش هاووڵاتییان نیگه‌رانن له كه‌میی پرۆژهكانو هه‌ست ده‌كه‌ن له‌دوای یه‌كگرتنه‌وه‌ی هه‌ردوو ئیداره‌وه پارێزگای سلێمانی فه‌رامۆشكراوه؟
عومه‌ر فه‌تاح: ئێمه وتمان خه‌ڵكینه ئه‌وه پاره‌مان بۆ تهرخانكردونو لیژنه‌شمان بۆ به‌دواداچوونی كێشه‌كان دروستكردون، ئیتر ئه‌وه‌ی له‌سه‌رشانمان بووه كردومانه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ئێمه هه‌موو ناوچه‌كانمان رووخاوه له ناوچه‌كانی تر ئه‌و وێرانكارییه به‌و شێوه‌یه نه‌بووه، وێنه‌ی قه‌ڵادزێ بگره له 2003 و وێنه‌شی بگره له ئێستادا وه‌كو دۆكیۆمێنت پیشانی بده بزانه چه‌ند پرۆژه كراوه، بچۆره رانیه به‌هه‌مان شێوه، بچۆره هه‌ڵه‌بجه، كفری، كه‌لار، ده‌ربه‌ندیخان، چه‌مچه‌ماڵ، پێنجوێن بزانه چه‌ند پرۆژه كراوه كۆیانبكهرهوه بزانه چه‌ند پرۆژه كراوه ئه‌گه‌ر تۆ رانیهت بینیبێت له 2007 ئه‌گه‌ر ناسیته‌وه گله‌ییم لێبكه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێمه نیگه‌ران ده‌كات ئه‌وه‌یه ئه‌ڵێن «هیچ نه‌كراوه» ئه‌ی ئه‌و هه‌موو پرۆژانه چییه، ئه‌و بڕی 200 ملیار دیناره‌ی بۆ پارێزگای سلێمانیم ته‌رخانكرد، قائیمقامهكانم كۆكرده‌وه وتومه پێشنیارتان چییه بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه ناوچه‌كانتان ئاوه‌دان بكه‌ینه‌وه به‌قه‌ده‌ر پرۆژه‌كه پاره‌مان بۆ تهرخانكردون لیژنهیهكیشم دروستكرد له وه‌زیری دارایی، وه‌زیری پلاندانان، پارێزگای سلێمانی داوام كردووه ئه‌و كارانه جێبه‌جێ بكرێت، ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر حكومه‌ته هه‌ر ئه‌مه‌یه كه پاره ته‌رخان بكه‌یت، ناڵێن كێشه‌ی پاره‌مان هه‌یه ئه‌وه پاره‌م بۆ چاره‌سه‌ر كردون‌و لیژنه‌م دروستكردووه بۆ به‌دواداچوون ته‌نانه‌ت ئاگادارم كردنه‌وه كه پاره‌كه ده‌گه‌ڕێنمه‌وه ئه‌گه‌ر سه‌رفی ناكه‌ن، به‌ڵام ئه‌وه‌تا به‌شێكی زۆری پرۆژه‌كان ئیعلانكراوهو به‌شێكی تریشی له‌ژێر ئیعلانكردندان به‌ڕاستی ئینزارم كردون، چونكه یاسا وایه سه‌ری ساڵی دارایی ئه‌بێت پاره‌كه بگه‌ڕێنیته‌وه بزانم بۆ سه‌رفت نه‌كردووه جا له‌به‌رئه‌وه ئه‌وه‌ی سه‌رف نه‌كرابێت به‌ڕاستی هی ئه‌وه نییه كه حكومه‌ت له هه‌ولێره له‌كاتێكدا هه‌مووی ئه‌یانوت پاره نییه كێشه هه‌یه من چووم 200 ملیار دیناری زیاده پرۆژه‌م بۆ كردونه‌ته‌وه، ته‌نانه‌ت پرۆژه‌یه‌كی تیا نه‌بوو من پێم باش بوو تێیدا بێت ئه‌ویش نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی بازاڕی كفری بوو كه شتێكی شوێنه‌واری كۆنه.
* كاتێك كه پرۆژه‌یه‌ك ده‌كرێته‌وه له شوێنێك خۆتان بڕیارده‌ده‌ن یان به‌رپرسانی ئه‌و ناوچه‌یه داواتان لێده‌كه‌ن، بۆنمونه له‌كاتێكدا 80 كارگه‌ی كاشی له سلێمانی داخراون، به‌ڵام 36 ملیۆن دینار بۆ كارگه‌ی كاشی مه‌ڕمه‌ڕی ماوه‌ت ته‌رخانكراوه؟
عومه‌ر فه‌تاح: له راستیدا كه پلان داده‌نرێ هه‌ر وه‌زاره‌ته دادهنیشێتو پرۆژه‌و پلانی خۆی داده‌ڕێژێت، به‌ڵام هه‌ندێ پرۆژه ستراتیژییه، من ده‌مه‌وێ پاڵپشتی كه‌رتی كشتوكاڵ بكه‌م ده‌مه‌وێ یارمه‌تی كه‌رتی پیشه‌سازی بده‌م، ره‌نگه بپرسی ئیداری ناوچه‌كان ئه‌وانه به خه‌یاڵیاندا نه‌یه‌ت ئه‌و پرۆژانه بنوسێت هه‌ر لێشی نازانێت، ئه‌و میزانیهیهی كه بۆ هه‌رێمه من بڕیارم لێنه‌داوه، ئه‌مه وه‌زاره‌ته‌كان دانیشتون به‌پێی پێداویستییه‌كانیان دایده‌نێن پاش ئه‌وه‌ش به‌پێی ئهولهویاتو به‌پێی گرنگی من ئه‌مه‌وێت چ كه‌رتێك یارمه‌تی بده‌م، ئێستا بۆ نمونه كارگه‌ی مه‌ڕمه‌ڕی ماوه‌ت ئه‌و ناوچه‌یه به‌ردێكی زۆری لێیه‌و توانایه‌كی باشی هه‌یه ئێمه ئه‌مانه‌وێت هه‌ندێ كارگه بكه‌ینه‌وه ئه‌وه به ئه‌هلی ناكرێت، كارگه بچوكه ئه‌هلییه‌كان مونافه‌سه‌ی بازاڕیان پێناكرێت، ئه‌م كارگانه‌ی هه‌مانه هه‌مووی كۆنه، هه‌موو كارگه‌یه‌ك یاسایه‌كی هه‌یه كه ساڵی 8%ی خراپ ده‌بێت مانای ئه‌وه‌یه ئه‌م كارگه‌یه خۆی پێویستی به گۆڕین‌و لابردن هه‌یه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ویستومانه پشتیان بگرین یارمه‌تیان بده‌ین دوای ئه‌وه عاده‌تێك هه‌یه لای ئێمه خه‌ڵك پاره نادات به كارگه، ئه‌و یه‌كسه‌ر ده‌یه‌وێت به ساڵی یه‌كه‌م ئه‌وه‌نده ملیۆن قازانج بكات ئیشی زوو ده‌ستی ده‌وێت، له‌به‌رئه‌وه كه ئه‌و پلانه ئاشكرا ده‌كه‌ین من نیم به‌ته‌نها، به‌ڵام هه‌ندێ شت هه‌یه به‌رپرسانی ناوچه‌كه لێی نازانن خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ش لێینازانن. خه‌ڵك دنیای نه‌دیوه كارگه‌ی پێشكه‌وتووی نه‌دیوه نازانێ چۆن مونافه‌سه بكات ئه‌بێت حكومه‌ت سه‌ركردایه‌تی ئه‌و حاڵه‌ته بكات، له‌به‌رئه‌وه ئه‌وه به‌شێكه له ده‌عمی كه‌رتی پیشه‌سازی، به تهمابوین پێشینه‌ی پیشه‌سازی بده‌ن، وتیان پاره‌ی چی‌یان ده‌ده‌یتێ كابرا كارگه‌ی چكلێتی داناوه هینی 30 ساڵ له‌مه‌وپێشه ئێستا ئه‌و چكلێتهی له بازاڕدایه كه به‌رهه‌می وه‌ها كارگه‌یه‌كه، وا گریمان پاره‌شمان پێداو به‌شێك له كارگه‌كه‌ی نۆژه‌نكرده‌وه به‌وه كێشه‌كه‌ی ته‌واونابێت ده‌بێت سه‌رله‌به‌ری كارگه‌كه‌ی بگۆڕێت ئه‌بێت شتێكی بده‌یتێ بۆ لابردنی كارگه كۆنه‌كه‌ی، هه‌ندێ كارگه ده‌زانم زه‌وییه‌كی زۆر گه‌وره‌ی وه‌رگرتووه ئێستا زه‌وییه‌كه‌ی پاره‌یه‌كی باش ده‌كات له‌به‌رئه‌وه دێت ده‌ڵێت بۆم ته‌ملیك بكه، ئه‌وانه ته‌ماعیان له زهوییهكهدایه ئه‌گینا ئه‌زانێ به‌و كارگه‌یه‌ی ئه‌و مونافه‌سه‌ی بازاڕی دنیای پێناكرێت، ئه‌م مونافه‌سه‌یه‌ی من وڵاتێكی تر كه من هه‌ر له ئه‌ساسه‌وه به دواكه‌وتویی هێناومه له ئه‌ساسدا كۆنم هێناوه ئێستا ئه‌توانم مونافه‌سه‌ی بازاڕی دنیای پێ بكه‌م، ئێستا هه‌موو شتێك كه له ده‌ره‌وه ده‌هێنرێت ئه‌توانم پێتبڵێم هیچ مه‌هێنه من كارگهم هه‌یه‌و به‌رهه‌می ناوخۆییم هه‌یه، هه‌ربۆیه ده‌بێت حكومه‌ت له هه‌موو لایه‌نه‌كانه‌وه هه‌وڵبدات، واته ئیشه‌كانی حكومه‌ت زۆر‌و فره لایه‌نه‌یه هه‌ر لایه‌نێكیان بگریت‌و ئه‌وی تر فه‌رامۆش بكه‌ی هه‌ر خۆتان سبه‌ینێ بڵاویده‌كه‌نه‌وه كه حكومه‌ت له‌و لایه‌نه‌وه كه‌مته‌رخه‌مه، ئه‌گه‌ر جاران پرۆژه‌كان هه‌روا كرابێت ئێستا وه‌زاره‌تی پلاندانان ده‌ڵێ ئه‌و پرۆژه‌یه گرنگه‌و ئێمه‌ش ته‌ماشای ده‌كه‌ین‌و دواتر ره‌وانه‌ی په‌رله‌مان ده‌كرێ هه‌ر پرۆژه‌یه‌ك گرنگ نه‌بوو ئه‌وان بڕیاری لێده‌ده‌ن.
* هه‌ندێ جار كه پرۆژه‌یه‌ك ده‌كرێت زۆر له واده‌كه‌ی خۆی دواده‌كه‌وێت، گله‌یی خه‌ڵك له حكومه‌ت ئه‌وه‌یه پرۆژه‌كانی بۆ له‌كاتی خۆیدا ته‌واو نابن؟
عومه‌ر فه‌تاح: هه‌ر من هه‌م؟، ئه‌ی ئه‌م هه‌موو وه‌زاره‌ته ئه‌ی ئه‌م هه‌موو داموده‌زگایه ئه‌ی ئه‌م هه‌موو ئه‌ندازیاره ئه‌ی ئه‌م هه‌موو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه، هه‌رچی هه‌یه هه‌ر منم، كاكه من ده‌سه‌ڵاتم داوه‌تێ پاره‌م داوه‌تێ ده‌سه‌ڵاتی جێبهجێكردنهكهشم داوه‌تێ، ئێ باشه خۆ هه‌ر من نیم ئێمه وڵاتێكی دواكه‌وتوین ئێمه خیبرهمان نییه ئیشمان نه‌كردووه تا خیبرهمان تیا هه‌بێت، له‌كوێی بێنم چۆنی دروستبكه‌م، ئێمه وڵاتێكین خۆمان له خۆمانه‌وه پێشكهوتوینو هه‌موویمان هه‌یه، كاكه ئه‌و ئه‌ندازیاره‌ی من هه‌مه هیچ ئه‌زمونێكی نییه، تۆ وا ئه‌زانی من سكاڵام نییه من هه‌را ناكه‌م وائه‌زانی من ئه‌ڵێم باشه ده‌ستخۆش نه‌به‌خوا ناڵێم باشه، له‌ساڵی 91ه‌وه تا 2003 ئه‌ندازیاره‌كانمان هیچ ئیشێكیان نه‌كردووه، له UN یان به كاتب یا شۆفێر له‌و رێكخراوانه دامه‌زراون له‌به‌رئه‌وه ئه‌ندازیاره تازه‌كان هیچ خیبرهیهكیان نییه كۆلێژی ئه‌ندازیاری ته‌نها فێری به‌كارهێنانی كتێبت ده‌كات، هه‌موو ئه‌زموونێكی تازه خیبرهیهكت ده‌داتێ، گه‌نجه‌كان خیبره‌یان نییه‌و پیره‌كانیش خانه‌نشین بوون له‌به‌رئه‌وه له‌م نێوه‌نده‌دا بۆشاییه‌ك دروستبووه، من خۆم ئه‌ندازیارم به‌دوای ئه‌وه‌دا ده‌گه‌ڕێم بۆ ئه‌ندازیاره‌كانی ئێستا به‌و شێوه‌یه‌ن بۆ مواسه‌فاتی پرۆژه‌كان خراپن، رێگا باش نییه دیوار باش نییه، من وه‌كو خۆم ده هێنده‌ی ئێوه بێتاقه‌تم به‌و مه‌سه‌له‌یه، كه پرۆژه‌یه‌ك ده‌كه‌مه‌وه من ئه‌ندازیاری سه‌رپه‌رشتیار نیم، پرۆژه‌یه‌كه ته‌واوبووه‌و لێی وه‌رده‌گرم ده‌ستخۆشی لێده‌كه‌م، به‌ڵام نازانم سه‌یری كوێی بكه‌م هه‌مووی خراپه بۆ نموونه كۆلێژی كشتوكاڵی زانكۆی سلێمانی كه كردمه‌وه، وتم چیت پێ‌بڵێم سه‌قفه‌كه‌ی خراپه‌و دیواره‌كه‌ی خواره‌و كاشیه‌كه‌ی باش نییه‌و وتم سه‌یری هیچی ناكه‌م هه‌ر ده‌ڵێم ده‌ستخۆش بۆئه‌وه‌ی پرۆژه‌كان ته‌واوببن، چونكه من ئه‌ندازیاری سه‌رپه‌رشتیار نیم. به‌ڕاستی له هیچ بوارێكدا خیبرهمان نییه.
* به‌ڵام ئه‌و پاره زۆره‌ی حكومه‌ت له پرۆژه‌یه‌كدا ته‌رخانی ده‌كات له هه‌ر وڵاتێكدا بێت به‌و پاره‌یه ئه‌و پرۆژه‌یه جێبه‌جێ ده‌كرێت، بۆ حكومه‌ت لێپرسینه‌وه ناكات له كاری ئه‌و كۆمپانیایه له‌كاتێكدا ده‌زگای لێپرسینه‌وه‌و به‌دواداچوون هه‌یه، ده‌ڵێن فڵانه كۆمپانیا خراوه‌ته لیستی ره‌شه‌وه كه‌چی دواتر پرۆژه‌یه‌كی گه‌وره‌تری ده‌درێتێ، پاشان ئه‌و كه‌م ئه‌زموونییه‌ی باست كرد تاكه‌ی به‌رده‌وام ده‌بێت، ئایا به لێپرسینه‌وه ئه‌و كێشه‌یه چاره‌سه‌ر نابێت؟
عومه‌ر فه‌تاح: ئێمه ده‌ستمان به لێپرسینه‌وه كردووه رۆژانه ئه‌ندازیارو به‌ڵێنده‌ر سزا ده‌ده‌ین، رێنمایی ده‌رده‌كه‌ین، سه‌رپه‌رشتی ده‌كه‌ین ئیتر هه‌وڵه‌كان به‌رده‌وامن، به‌ڵام ئه‌وه پێویستی به هه‌وڵی هه‌موو خه‌ڵكییه‌و ته‌نها به سه‌رۆكی حكومهتو جێگره‌كه‌ی ناكرێت، ئه‌گه‌ر خه‌ڵك خۆی به خاوه‌نی ئه‌م وڵاته بزانێت خۆی به به‌رپرسیار بزانێت، ئێمه جاران وابووین كه ئیشێكمان ته‌واوده‌كرد حه‌زمان ده‌كرد بڵێن ئه‌و ئیشه فڵان ئه‌ندازیار كردویه‌تی، به‌ڵام ئێستا ده‌یه‌وێت خانوویهكو ئۆتۆمبیلێكو پاره‌یه‌كی ده‌ستبكه‌وێت‌و ته‌واو، هیچ به‌لایه‌وه گرنگ نییه ئه‌مه به‌رهه‌می ئه‌وه، ئه‌م حاڵه‌ته له وڵاتی ئێمه هه‌یه‌و ده‌بێت هه‌موومان هه‌وڵی چاره‌سه‌ركردنی بده‌ین، هۆكاری ئه‌وه‌ش تههجیرو تهبعیسهكهی رژێمی فاشیه، ئیداره‌ی كۆنه عه‌قڵیه‌تی خراپه، دڵ به وڵات خۆش بوون نییه. ئه‌بێ ئێمه له خه‌ڵكی بگه‌یه‌نین ئه‌مه وڵاتی خۆته، به‌ڵام حیزبه‌كانیش له‌بری هۆشیاركردنه‌وه‌ی خه‌ڵك، خه‌ریكی شتی تر بوون.
* به‌ڵام هه‌ندێ بۆچوون پێی وایه كه هاوبه‌شبوونی هه‌ندێ له به‌رپرسانیش له‌گه‌ڵ ئه‌و كۆمپانیایانه‌دا هۆكارێكه بۆ بوونی ئه‌و كه‌مته‌رخه‌مییه؟
عومه‌ر فه‌تاح: من حه‌ز ئه‌كه‌م ئێوه چاوی ئێمه بن و ته‌ماشابكه‌ن بزانین كێن ئه‌وانه‌ی كه شه‌ریكن، ئه‌گه‌ر ئیجرائاتمان نه‌كرد، حه‌قی خۆتانه، به‌ڵام به (وا ئه‌ڵێن) نا به‌ڵكو به به‌ڵگه‌و دۆكیۆمێنت. من ناڵێم نه‌بووه زۆریش بووه، به‌ڵام نایه‌ڵین بمێنێت.
* ئایا چه‌ندێك له ئیشوكاری وه‌زاره‌ته‌كانی كابینه‌ی دوای یه‌كگرتنه‌وه رازیتو دواتریش ئایا له كابینه‌ی نوێ‌دا بۆ دانانی وه‌زاره‌ته‌كان چه‌ندێك پشت به كه‌سانی ته‌كنۆكرات ده‌به‌سترێت؟
عومه‌ر فه‌تاح: من ناتوانم بڕیار له‌وه بده‌م كه ئه‌م كابینه نوێیه كابینه‌ی ته‌كنۆكرات ئه‌بێت سه‌د له سه‌د، چونكه من نیم به ته‌نیا وه‌زیره‌كان هه‌ڵئه‌بژێرم، وه‌زیره‌كان له مه‌كته‌بی سیاسی هه‌ردوولا ده‌ستنیشان دهكرێنو دواتر بڕیاروایه كه ناوی وه‌زیره‌كان ببرێته سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران لێیان هه‌ڵبژێردرێت، له‌هه‌موو دنیاشدا هه‌روایه ئه‌و حیزبانه‌ی له په‌رله‌مان دهردهچنو ده‌نگ ده‌هێنن ئه‌وان حكومه‌ت پێكده‌هێنن، به‌ڵام حه‌زه‌كه‌م بزانن ئێمه شتێكی باشمان كردووه، له دنیادا ئه‌زموونی یه‌كگرتنه‌وه نییه، هه‌مووی ئه‌زموونی دابه‌شكردنه، هه‌موو حكومه‌ته‌كان بوون به دوان‌و سیان، له‌به‌رئه‌وه ئه‌مه ته‌جروبه‌یه‌كی هه‌روا ئاسان نه‌بووه دوای ئه‌و هه‌موو ناخۆشی‌و كاره‌ساته كه به‌سه‌ر میلله‌ته‌كه‌ماندا هاتووه تۆ بێیت هاوسه‌نگییه‌ك رابگریت نه‌هێڵیت ئه‌و كاره‌ساتانه دووباره بێته‌وه، وه به‌رده‌وام بیت له ئیش كردن‌و پێشكه‌شكردنی خزمهتگوزاریو هه‌نگاویش به‌ره‌و پێشه‌وه بنێیت، من پێموایه ئه‌وه شتێكی گه‌وره‌یه، حه‌ق وایه خه‌ڵك زۆر ته‌قدیری ئه‌وه بكات، ئه‌م یه‌كگرتنه‌وه‌یه ته‌نها بۆ كوردستان نییه، توانیومانه كاریگه‌ریمان هه‌بێت له‌سه‌ر به‌غدا له چه‌سپاندنی فیدڕاڵی له داڕشتنی یاساكان. ئه‌گه‌ر ئێمه یه‌ك نه‌بووینایه تهسهورتان ده‌كرد ئه‌و بودجه‌یه‌یان بۆ سه‌رف بكردینایه له په‌رله‌مانی عێراق، یه‌كه‌م ئه‌زموونه‌و زۆر باشیشمان هێناوه، هه‌وڵمانداوه ئیداره‌كه ببه‌ین به‌ڕێوه بتوانین پارێزگاری له ئهمنو ئاسایش بكه‌ین، سێ شت گرنگه له خزمه‌تگوزارییدا بۆ خه‌ڵك كاره‌باو سووته‌مه‌نی‌و ئاو، به‌ڕاستی ئه‌وه بهڵایهكهو ئێمه توشی بووین ئه‌گینا ئه‌وانه ئه‌بوایه زۆر زوو چاره‌سه‌ر بكرانایه ئه‌وه هی ئێمه نه‌بووه‌و ئێمه توش بووین ئه‌شبێت ته‌واوی بكه‌ین.
* ئێوه له دروستكردنی حكومه‌تێكی نوێدانو بڕیاره زۆر تهقلیس بكرێت، ئه‌و بودجه‌یه‌ی ده‌یبه‌نه په‌رله‌مان هی ئه‌م كابینه‌یه‌ی ئێستایه ئایا ئه‌مه ئیشكالیه‌ت دروست ناكات؟
عومه‌ر فه‌تاح: له راستیدا وه‌زاره‌ته‌كان تێكه‌ڵ ده‌كرێن جا وه‌زاره‌ته‌كان پێداویستییه‌كانیان هه‌ر ده‌مێنێ ئیشه‌كانیان ده‌مێنێ، ره‌نگه له چه‌ند وهزیرێكو به‌ڕێوه‌به‌رێكی گشتی كه‌مبكرێته‌وه، ئه‌گینا فه‌رمانبه‌ره‌كانیان هه‌ر ده‌مێنێ خۆ ئێمه كاره‌كانیان هه‌ڵناوه‌شێنینه‌وه كه ده‌ڵێین وه‌زاره‌تی دادوئهوقاف ده‌بێت به‌یه‌ك، خۆ ئیشوكاری دادوئهوقاف هه‌رده‌مێنێ، به‌ڵام له‌بری ئه‌وه‌ی دوو وه‌زیرو دوو ستاف له دوو وه‌زاره‌ت یه‌ك ستاف ده‌مێنێ.
* به‌و قسه‌یه‌ی تۆبێت هه‌ڵاوسانه‌كه هه‌ر ده‌مێنێ، ئیتر حیكمه‌ت له تهقلیسهكه چی بوو؟
عومه‌ر فه‌تاح: ئه‌مه هه‌ڵاوسان له‌سه‌ره‌وه ورده ورده كه‌مده‌كاته‌وه هه‌تا ئه‌چینه خواره‌وه هه‌ڵاوسانه‌كه كه‌م ده‌كه‌ینه‌وه، هه‌موو وه‌زاره‌تێك به‌ڕێوه‌به‌رێتی دیوان‌و پلاندانانی هه‌یه كه دوو وه‌زاره‌ت ده‌بن به‌یه‌ك ئه‌و دوو پۆسته‌ش ده‌بێت به‌یه‌ك.
به‌ڵام حه‌زه‌كه‌م بزانن ئێمه شتێكی باشمان كردووه، له دنیادا ئه‌زموونی یه‌كگرتنه‌وه نییه، هه‌مووی ئه‌زموونی دابه‌شكردنه، هه‌موو حكومه‌ته‌كان بوون به دووان و سیان.