سازدانی: دیه فازڵ
د.بورهان یاسین، رۆشنبیر‌و نوسه‌ر ئاماژه به‌وه ده‌كات (ئه‌وانه‌ی له‌ناو دهسهڵاتو ئه‌وانه‌ی له ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات)، ئه‌گه‌ر بخوازن هه‌وڵه‌كانی چاكسازیی‌و گۆڕانكاریی سه‌ركه‌وتوبن، ئه‌وا پێویستییه‌كی حه‌یاتییه كه هه‌مو ئه‌و كهسو لایه‌نه چاكخوازانه جارێ به‌ر له هه‌ر شتێك یهكترو هه‌وڵه‌كانی یه‌كتر بخوێننه‌وه، هه‌روه‌ك باس له‌وه‌ش ده‌كات ئه‌و هاوپه‌یمانییه سیاسییه (ناموقهدهسهی) كه یهكێتیو پارتی له‌سه‌ری پێكهاتون، له باشترین حاڵه‌تدا سیستمێكی (حیزبوكراتی) هێناوه‌ته به‌رهه‌م، كه ئه‌مه‌ش ترسناكترین شێوازی گه‌نده‌ڵیی سیاسییه. ناوبراو له دیمانه‌یه‌كی رۆژنامه‌دا ده‌رباره‌ی پرۆژه‌كانی چاكسازیی‌و ئه‌گه‌ری ئه‌نجامدانی زیاتر ده‌دوێت.
*له‌م دواییه‌دا چه‌ند پرۆژه‌یه‌ك پێشكه‌شكران بۆ چاكسازیی له هه‌رێمی كوردستان، تا چه‌ند ده‌توانرێت سودیان ههبێتو گۆڕانكاریی بكه‌ن؟
د.بورهان یاسین: به‌ر له هه‌ر شتێك باسكردن له چاكسازیی‌و گۆڕانكاریی له ئه‌زمونی باشوری كوردستاندا، شتێكی تازه نییه‌و ده‌توانین بڵێین باسكردن له شێوه‌ی خه‌مڵاندنی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له باشوری كوردستان‌و خواستی به‌رده‌وام بۆ چاكسازیی له‌م ده‌سه‌ڵاته‌دا، هه‌ر له رۆژی سهرههڵدانو ده‌ستپێكردنی ئه‌م ئه‌زمونه (له 1991- 1992) له‌سه‌ر پێ بوه. له‌ڕاستیدا ده‌كرێت هه‌ر له سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنی ئه‌زمونی باشوری كوردستانه‌وه باس له ده‌هان هه‌وڵی دڵسۆزانه‌ی نوسهرانو رۆشنبیرانی كورد بۆ چاكسازیی‌و به‌رهه‌مهێنانی ده‌سه‌ڵاتێكی ته‌ندروست بكرێت. له‌ڕاستیدا به‌شێك له‌و بیروبۆچونانه‌ی كه ئه‌وكاته بڵاوكرانهوهو ده‌سه‌ڵاتدارانی باشوری كوردستان زۆر به چاكی لێیان ئاگاداربون، ئێستاش به‌های فیكری‌و سیاسیی خۆیان له‌ده‌ست نه‌داوه.
كه‌واته به‌ر له هه‌مو شتێك‌و به جهختكردنیشهوه، چاكسازیی‌و گۆڕانكاریی پێویستی به هه‌نگاو به‌رجه‌سته‌كردنی بیروبۆچونی چاكسازییه، نه‌ك ته‌نها به به‌رده‌وامی قسه‌كردن ده‌رباره‌ی چاكسازیی به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ هه‌نگاوێك بهاویژرێت، به‌هه‌رحاڵ ئه‌وه‌ی تێبینی ده‌كرێت ئه‌وه‌یه كه ئه‌و هه‌مو هه‌وڵانه وه‌كو چه‌ند دورگه‌یه‌ك له‌یه‌كتر دابڕاون، له‌وه‌ش خه‌راپتر زۆرجار كه لایه‌نێك یا كه‌سایه‌تییه‌ك یا چه‌ند لایه‌نێكی سیاسی باس له چاكسازیی ده‌كه‌ن، ئه‌وها باسه‌كه ده‌كه‌ن وه‌كو ئه‌وه‌ی نه كهسو نه لایه‌نی تر باسی له‌و چاكسازیانه كردبێت.
ئه‌م حاڵه‌ته‌ش هێماو ده‌ربڕه بۆ شتێكی زۆر ترسناك، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه له پانتایی كورده‌واریدا به گشتی‌و له زهنیه‌تی زۆربه‌ی حیزبه سیاسییه‌كانی كوردستان به‌تایبه‌تی دیارده‌و كلتوری یه‌كتر خوێندنه‌وه نه‌ك هه‌ر لاوازه، به‌ڵكو زۆرجار وا هه‌ست ده‌كرێت كه له پشتی هه‌وڵه‌كان نه‌ك هه‌ر نه‌خوێندنه‌وه‌ی یه‌كتر، به‌ڵكو بگری‌و ئینكاركردنی یهكترو به‌هه‌ند هه‌ڵنه‌گرتنی هه‌وڵی ئه‌وی تر (كه‌س یا لایه‌ن) به‌دیده‌كرێت، ئاخر ئه‌وه‌تا ره‌وتی ره‌گ له‌به‌رئه‌وه‌ی داوای چاكسازیی‌و گۆڕانكاریی له حیزب‌و ده‌سه‌ڵات ده‌كات، هه‌ڵسوڕێنه‌رانی ره‌گ سزای حیزبی ده‌درێن له‌بری ده‌ستخۆشی لێكردنیان. له‌لایه‌كی تره‌وه مام جه‌لال خۆی له سه‌ری لوتكه‌ی ئه‌و حیزب‌و ده‌سه‌ڵاته ده‌بینێته‌وه كه سزا بۆ (ره‌گ)ی چاكسازخواز ده‌رده‌كات، كه‌چی ئه‌وه‌تا خۆی هاتوه به‌بێ خوێندنه‌وه‌ی رهگو چاكسازخوازانی تر، پرۆژه‌یه‌كی تری چاكسازیی ده‌خاته‌ڕو. نمونه‌یه‌كی تر گرنگینه‌دانه به پرۆژه‌ی چاكسازیی چوار حیزبه‌كه كه ده‌مێكی زۆره پێشكه‌ش به ده‌سه‌ڵاتی سیاسی‌و دو حیزبه سه‌ره‌كییه‌كه كراوه، كه‌چی له‌و هه‌مو ماوه‌یه‌دا ئه‌و پرۆژه‌یه به‌بێ وه‌ڵام ماوه‌ته‌وه.
ئه‌م پرۆژانه له‌به‌رئه‌وه‌ی له لایهنو كه‌سی جیاجیا ده‌رچون، ناكرێت جیاوازیی له‌نێوانیاندا نه‌بینین، به‌ڵام له‌گه‌ڵ بینین‌و خوێندنه‌وه‌ی جیاوازییه‌كانیش له‌نێوان ئه‌م پرۆژانه‌دا، ئه‌و شتانه‌ی كه هاوبه‌شه‌ن وه‌كو ده‌ستنیشانكردنی گرفت‌و كێماسییهكانو چه‌مكه‌كانی چاكسازیی‌و خاڵه‌كانی لێوهدهرچونی گۆڕانكاریی، زیاترن.
له رۆشنایی ئه‌وه‌ی سه‌ره‌وه ئه‌گه‌ر هێزو لایه‌نه‌كان (ئه‌وانه‌ی له‌ناو دهسهڵاتو ئه‌وانه‌ی له ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات)، ئه‌گه‌ر بخوازن هه‌وڵه‌كانی چاكسازیی‌و گۆڕانكاریی سه‌ركه‌وتوبن، ئه‌وا پێویستییه‌كی حه‌یاتییه كه هه‌مو ئه‌و كهسو لایه‌نه چاكخوازانه جارێ به‌ر له هه‌ر شتێك یهكترو هه‌وڵه‌كانی یه‌كتر بخوێننه‌وه، نه‌ك هه‌ر ئه‌وه به‌ڵكو تێكهه‌ڵكێشكردنی هه‌وڵه به‌رجه‌سته‌و جدییه‌كان له‌ناو یه‌ك خوێندنهوهداو چوارچێوه‌دا مه‌سه‌له‌یه‌كی گرنگه. ئه‌م ههڵوێستو نزیكبونه‌وه‌یه هه‌ندێك گرنگیی تایبه‌تی له‌خۆده‌گرێت: 1- خوێندنه‌وه‌ی یه‌كتر نهریتو ههڵوهستهیهكه كه له‌ناو كلتوری دیموكراتی جێگه‌ی ده‌بێته‌وه‌و به‌رجه‌سته ده‌بێت. 2- هه‌نگاوێكی ئه‌وها ده‌توانێت جگه له گرنگییه سیاسییه‌كه‌ی، خۆی له خۆیدا هه‌نگاوێكی گرنگی خودی سه‌رخستنی هه‌نگاوه عهمهلییهكانی چاكسازیی بێت.
*ئه‌و پرۆژانه‌ی پێشكه‌شكراون تا ئێستا وه‌ڵامیان نه‌دراوه‌ته‌وه، ئایا ئه‌مه شێوازێكی دروستی پێشكه‌شكردنی پرۆژه‌ی چاكسازیكردنه بۆ گۆڕانی سیستمی به‌ڕێوه‌بردن له هه‌رێم، له‌كاتێكدا ئه‌و هه‌مو گلهییو كه‌موكوڕییه له سیستمه‌كه هه‌یه؟
د.بورهان یاسین: هه‌ڵبه‌ته پرۆژه‌كه‌ی مام جه‌لال له‌گه‌ڵ تێبینیش له‌سه‌ر ناوه‌رۆك‌و ئه‌گه‌ری جێبهجێنهبونی تا پێچه‌وانه‌كه‌ی، گرنگییه‌كی تایبه‌تی وه‌رده‌گرێت، له‌به‌ر هۆیه‌كی زۆر ساده ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه له هه‌مو كات‌و زه‌مانێكدا ئه‌نجامدانی چاكسازیی فه‌راهه‌م نابێت ئه‌گه‌ر توانا‌و ده‌سه‌ڵاتێكی زۆر به‌هێزی له‌پشت نه‌بێت، ئه‌و وه‌كو سكرتێری گشتیی یه‌كێتی نیشتمانی‌و كلیل به‌ده‌ستێك له پانتایی سیاسیی باشوری كوردستان، ده‌رفه‌تێكی سه‌ركه‌وتنی له‌به‌رده‌ستدا هه‌یه. له‌لایه‌كی تره‌وه نابێت زێده‌ڕۆیی بكه‌ین له دهسهڵاتو تواناكانی تاڵه‌بانی له‌سه‌ر مه‌یدانی باشوری كوردستان، ئه‌و ده‌سه‌ڵاته دواجار زۆری سنورداره له‌سه‌ر ئاستی ته‌واوی ئه‌و پانتاییه، چونكه بۆ كه‌س شاردراوه نییه كه ئه‌مڕۆ پارتی دیموكراتی كوردستان‌و سه‌رۆكه‌كه‌ی (مه‌سعود بارزانی) نه‌ك هه‌ر نیوه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له باشور پێكده‌هێنن، به‌ڵكو هه‌ندێك زیاتریش له نیوه‌ی ده‌سه‌ڵات. له‌ڕاستیدا پارادۆكس (موفاره‌قه) ئه‌وه‌یه كه خودی ئه‌و ته‌رتیباته سیاسییه كه یهكێتیو پارتی له‌سه‌ری پێكهاتون (ئه‌و ته‌رتیباته‌ی كه زیاتر سوڕانهو موئامه‌ره‌یه له دیموكراسییه‌كی راسته‌قینه)، رێگره له به‌رده‌م هه‌ر چاكسازییه‌كی تهندروستو سه‌ركه‌وتو كه بتوانێت لایه‌نه هه‌ره گرنگه‌كانی حوكمڕانیی سیاسی له باشوری كوردستان بگرێته‌وه، ئه‌و ته‌رتیباته‌ی (یا راستتر بڵێین ئه‌و هاوپه‌یمانییه سیاسییه ناموقهدهسهی) كه یهكێتیو پارتی له‌سه‌ری پێكهاتون، له باشترین حاڵه‌تدا سیستمێكی (حیزبوكراتی) هێناوه‌ته به‌رهه‌م، كه ئه‌مه‌ش ترسناكترین شێوازی گه‌نده‌ڵیی سیاسییه‌و گه‌وره‌ترین كۆسپ‌و رێگره له‌به‌رده‌م بهدیموكراسیكردنێكی راسته‌قینه‌ی روانگه‌ی سیاسی له كوردستان.
له ئه‌زمونی وڵاتان‌و میلله‌تانی تردا له چاكسازیی سیاسی‌دا شێوازی جیاجیا گیراوه‌ته‌به‌ر. چاكسازیی ده‌كرێت به ته‌نها حیزبێك، دامه‌زراوه‌یه‌ك یا كه‌رتێك له كه‌رته‌كانی كۆمه‌ڵگا یا ده‌سه‌ڵاتی سیاسی بگرێته‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی باشوری كوردستان له زۆر ئه‌زمونی تری وڵاتانی جیهان جیایه، له‌ڕاستیدا به مانایه‌ك له ماناكان ئه‌زمونی باشوری كوردستان ده‌توانێت تاكیش بێت، ته‌نها ئه‌زمونێك كه له خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا كه زۆر له هی باشوری كوردستان ده‌چێت، ئه‌زمونی ده‌سه‌ڵاتی نیشتمانی فهلستینییه، واته مه‌به‌ست ئه‌زمونی ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی فهلستینییهكانه له‌دوای رێككه‌وتنی ئۆسلۆ. له‌و دو ئه‌زمونه‌دا چوار پرۆسه‌ی گرنگ‌و به توندی‌و به ئاڵۆزییه‌كی زۆره‌وه تێكه‌ڵاو به‌یه‌كتر بونه:
1) پرۆسه‌ی ئافراندنی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی سیاسی له‌سه‌ر بنه‌مای پهرلهمانتاریزمو نهریتو میكانیزمه دیموكراسییه‌كان‌و رێزگرتن له مافی مرۆڤ... هتد، به مانایه‌كی تر‌و زۆر به كورتی به‌رجه‌سته‌كردنی سیستمی دیموكراسی.
2) داهێنانو به‌رجه‌سته‌كردنی كۆمه‌ڵگای بهدامهزراوكراو، واته خه‌مڵاندنی ده‌وڵه‌ت له بنه‌ما هه‌ره سهرهكهكانییهوه تا ده‌گاته میكانیزمه هه‌ره ئاڵۆزه‌كانی كۆمه‌ڵگای بهدامزراوكراو.
3) له هه‌ردو حاڵه‌تی كورد‌و فهلستینییهكاندا نه‌ك هێشتا ئازادیی ته‌واو به‌ده‌ست نه‌هاتوه، به‌ڵكو له هه‌ردو حاڵه‌تدا به هه‌ندێك جیاوازییه‌وه كێشه‌ی خاكی داگیركراوو كۆمه‌ڵێك كێشه‌ی ستراتیژی هێشتا له باشترین حاڵه‌تدا چاوه‌ڕوانی چاره‌سه‌ر ده‌كه‌ن، له‌وانه بۆ نمونه كێشه‌ی ده‌ستنیشانكردنی سنور.
4) كێشه‌و ململانێ‌و گرژییه‌كانی ناو ماڵی سیاسی- نیشتمانی له هه‌ردو حاڵه‌تی كوردی‌و فهلستینیدا، به كه‌مێك جیاوازیی مهقتهعییهوه، به ره‌نگدانه‌وه له‌سه‌ر شێوه‌ی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ حاڵه‌تی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی‌و به گشتی هه‌ڵوه‌سته له هه‌رسێ خاڵی یهكهمو دوهمو سێیه‌مدا.
له‌و چوار خاڵ (یا راستتر بڵێین چوار ره‌هه‌نده‌ی روانگه‌و پێشوه‌چونی سیاسی)یه‌ی سه‌ره‌وه، له‌لایه‌كه‌وه ئاڵۆزیی پانتایی سیاسی‌و له‌وێشدا كێشه‌و گرفته‌كانمان ده‌رده‌خه‌ن، له‌لایه‌كی تریشه‌وه پانتایی‌و ئاڵۆزیی سیاسه‌ته‌كانی چاكسازیمان پێدهناسێن. ئه‌وه‌ی كه زۆر گرنگه ئه‌وه‌یه كه كێشه‌كان لهلایهكو چاره‌سه‌ره‌كان له‌لایه‌كی تره‌وه به‌شێوه‌یه‌كی ئۆرگانیكی تێكه‌ڵاو به‌یه‌كتر ده‌بن، به‌م مانایه هه‌ر هه‌وڵێكی چاكسازیی‌و گۆڕانكاریی كه ده‌خوازرێت سه‌رتاسه‌ری بێت‌و وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی پرسه مێژویی‌و سیاسییه ههنوكهییهكانو دواڕۆژێكی باشتر بۆ نه‌ته‌وه بێت، ده‌بێت چوارچێوه‌یه‌كی هه‌ره فراوانی نیشتمانی ههبێتو له هه‌مانكاتدا چاره‌سه‌ر بێت بۆ كێشه په‌یوه‌ندیداره‌كان، واته چوارچێوه‌ی هه‌ر چوار ره‌هه‌نده‌كه‌ی سه‌ره‌وه له‌به‌رچاو بگیرێن.
*له وڵاتانی ده‌ره‌وه پرۆژه‌ی له‌وشێوه‌یه چۆن كاری له‌سه‌ر ده‌كرێت؟
د.بورهان یاسین: له‌ڕاستیدا جیاوازیی گه‌وره هه‌یه له‌نێوان وڵاتانی به سیستم نادیموكراسی لهلایهكو وڵاتانی به سیستم دیموكراسی له‌لایه‌كی تره‌وه، له حاڵه‌تی یه‌كه‌مدا پرۆژه‌ی چاكسازیی‌و گۆڕانكاریی هی هه‌ڵبژارده (نخبه)یه، یا راستتر بڵێین هی تاكه سه‌ركرده‌یه (واته ئه‌وه‌ی پێی ده‌بێژن چاكسازیی له سه‌ره‌وه‌ڕا)، ئه‌مانه‌ش نمونه‌یان له خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا زۆرن، وه‌ك ئه‌تاتورك، ره‌زا شا‌و جه‌مال عه‌بدولناسر... به‌ڵام له حاڵه‌تی دوه‌مدا له سیستمی دیموكراسیدا پرۆسه‌كه ته‌واو جیاوازه، ئه‌وه‌ی گرنگه ئه‌وه‌یه كه هه‌رچه‌نده میكانیزمه‌كان زۆرن له حاڵه‌تی سیستمی دیموكراسیدا، به‌ڵام شتێكی سه‌ره‌كی له حاڵه‌تی گۆڕانكاریی له سیستمه دیموكراسییه‌كان ئه‌وه‌یه كه رای گشتی به چالاكی، به‌بێ ئه‌وه‌ی مه‌جبور كرابێت، چالاكانه به‌شداریی له پرۆسه‌ی گۆڕانكاریدا ده‌كات، هه‌ڵبه‌ته مه‌رجێكی گرنگی ئه‌و به‌شدارییه‌ش ئه‌وه‌یه كه میدیایه‌كی ته‌واو ئازاد‌و به‌بێ مه‌رج به‌شداریكردنه له ژیانی سیاسی‌و گۆڕانكارییه‌كاندا، هه‌ر له به‌رهه‌مهێنانی چوارچێوه فیكریه‌كه‌ی گۆڕانكاریی تا پرۆژه، تا پلاندانان بۆ گۆڕان‌و تا ده‌گاته خودی گۆڕانكاریی له ئاستی هه‌ره به‌رجه‌سته بون‌و عه‌مه‌لیدا، له‌ڕاستیدا زۆرجار بۆ چاكسازیی له بوارێكدا مه‌سه‌له‌ی ده‌ستنیشانكردنی كێشه‌كان‌و گه‌ڵاڵه‌كردنی چوارچێوه‌ی چاكسازیی وه‌كو ئه‌رك به لیژنه‌یه‌كی پسپۆڕی بێلایه‌ن ده‌سپێردرێت، دواتر ئه‌و راپۆرته‌ی كه ئه‌و كۆمیته پسپۆڕییه ئاماده‌ی ده‌كات، ده‌كه‌وێته به‌ر باس‌و لێكۆڵینه‌وه‌ی رای گشتی‌و هه‌مان راپۆرت رێگه خۆی ده‌گرێت له پرۆسه‌یه‌كی سیاسی- په‌رله‌مانیدا، به‌ڵام له هه‌مو حاڵه‌تێكدا گرنگه كه حیزبی (یا حیزبه‌كانی) ده‌سه‌ڵاتدارو ئۆپۆزسیۆن به‌شێوه‌یه‌كی ئۆرگانیكی تێكه‌ڵاوی ئه‌و پرۆسه‌یه‌بن.
*ده‌كرێت رۆڵی په‌رله‌مان چی بێت له‌م كاته‌دا، ئه‌گه‌ر بیه‌وێت یه‌كێك له‌و پرۆژانه بكاته یاسا ئایا ده‌توانێت له‌م بارودۆخه‌دا یه‌كێكیان ده‌ستنیشان بكات، پێتوانییه گه‌ر بیه‌وێت ئه‌وه بكات ئه‌وا ده‌بێت هه‌رسێكیان بكاته یاسا، چونكه لایه‌نه‌كه‌ی دی عاجز ده‌بێت؟
د.بورهان یاسین: جارێ به‌ر له هه‌ر شتێك من خۆشبین نیم به‌وه‌ی كه ئه‌و په‌رله‌مانه‌ی كه هه‌یه بتوانێت پرۆژه‌یه‌كی هه‌ره فراوان كه هه‌مو ئاست‌و ئه‌ركه سیاسییه گرنگه‌كان بگرێته‌وه، ئه‌نجامبدات، نه‌ك هه‌ر خه‌ڵك به گشتی، به‌ڵكو به‌رپرسه كورده‌كانیش به‌تایبه‌تی ئه‌وانی له به‌غدا ده‌ستبه‌كارن، ئه‌وه باش ده‌زان كه له‌گه‌ڵ بونی زۆر كۆسپ‌و گرژی‌و گرفتیش ئه‌وجا په‌رله‌مانه‌كه‌ی به‌غدا له په‌رله‌مانه‌كه‌ی هه‌ولێر "په‌رله‌مانتره"، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه په‌رله‌مانی كوردستان (هه‌ر نه‌بێت به ناو) ئه‌وه 17 ساڵه هه‌یه، به‌ڵام ته‌مه‌نی په‌رله‌مانی به‌غدا به زۆر كێشهشهوه ته‌مه‌نی چه‌ند ساڵێكی "كورته". په‌رله‌مانی كوردستان ئیفلیجه‌و ده‌ربڕی ئه‌و سترهكتوره حیزبۆكراتیهیه كه پارتی‌و یه‌كێتی بهرههمیانهێناوهو رۆڵی سیاسیشی له هی زۆرێك له په‌رله‌مانه‌كانی وڵاتانی ئه‌فریقیاش كه‌متره.
به‌شه‌كه‌ی تر له پرسیاره‌كه‌ت ئه‌گه‌ره (فهرهزیهیه)، ئایا په‌رله‌مان پرۆژه‌یه‌ك له‌وانه‌ی كه دراون هه‌ڵده‌بژێرێت، ئه‌وه ئه‌سڵه‌ن ئه‌گه‌ر هیچ یه‌كێكیان هه‌ڵبژێرێت، یا چی ده‌كات، ئه‌و بنه‌مایانه‌ی كه ده‌سه‌ڵاتی سیاسیان له باشوری كوردستان له‌سه‌ر بیناكراوه، هیچ پرۆژه‌یه‌ك به‌بێ قبوڵكردنی پارتی‌و سه‌رۆكه‌كه‌ی زۆر ئه‌سته‌مه، به‌ڵكو ئه‌سڵه‌ن مومكینیش نییه تێبپه‌ڕێت.
به‌هه‌رحاڵ ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رسوڕمان‌و بگره نیگه‌رانیشه ئه‌وه‌یه كه له‌لایه‌نی یه‌كێتییه‌وه ماوه‌یه‌كی زۆره نه‌ك هه‌ر باس‌و خواس ده‌كرێت له‌سه‌ر چاكسازیی، به‌ڵكو پێشوهچونهكانی په‌یوه‌ست به‌و ره‌وته‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا گرتیهبهرو سه‌رهه‌ڵدانی رهگو زۆر شتی تر، ئاماژه‌و هێمای ئه‌وه بونه كه باس‌و خواسه‌كان بۆ چاكسازیی تا ئێستا هه‌ر له ئاراسته‌ی یه‌كێتییه‌وه هاتون، به‌ڵام له ئاراسته‌ی پارتییه‌وه كه‌م تا زۆر باس له پرۆژه‌ی چاكسازیی ده‌سه‌ڵات نه‌كراوه. ئه‌م حاڵه‌ته نه‌ك هه‌ر به‌ره‌وڕوی چاودێرانی سیاسی ده‌بێته‌وه، به‌ڵكو بۆ نمونه به جدیی به‌ره‌وڕوی خودی پرۆژه‌كه‌ی مام جهلالو هه‌ر هه‌وڵێكی یه‌كێتی بۆ چاكسازیی ده‌بێته‌وه. دواجار تۆ چاكسازیی له پانتاییه‌كی سیاسی‌دا ده‌كه‌یت كه پارتی تێیدا نه‌ك هه‌ر به‌شدارێكی كارای سیاسییه، به‌ڵكو بگره به زۆربه‌ی پێوه‌ر باڵادهستیشه.
به‌هه‌رحاڵ گه‌ر په‌رله‌مان ده‌ستیش به‌رێت بۆ مه‌سه‌له‌ی چاكسازیی سیاسیی سه‌رانسه‌ری، ئه‌وا زۆر گرنگه خاڵی ده‌ستپێكردنی پێ‌زانین بێت به هه‌مو ئه‌و هه‌وڵانه‌ی كه تا ئێستا دراون به ئاراسته‌ی چاكسازیی، ئه‌مه كارێكی دیموكراسیانهیهو هێمایه‌كه كه هه‌مو هه‌وڵه‌كان ده‌خوێنرێنه‌وه‌و حسابیشیان بۆ ده‌كرێت، به‌م شێوه‌یه هه‌مو لایه‌نێك ده‌بن به خاوه‌ن پرۆژه‌كه‌و هه‌موشیان له به‌رپرسیارێتی سه‌ركه‌وتنییه‌وه ده‌گلێن، به‌و مانایه‌ش چاكسازیی سیاسی ته‌واوی پانتایی سیاسی ده‌گرێته‌خۆ، چاكسازیی پانتایی سیاسیی نه‌ته‌وه، نه‌ك هی تاقمێك یا حیزبێك، ده‌گرێته‌وه.