Print
 رۆڵی‌ رای‌ گشتی‌ له‌ گۆڕاندا
Monday, January 19, 2009
نـه‌ژاد جـه‌لال
بوونی‌ رای‌ گشتی‌ له‌هه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌كدا مانای‌ مسۆگه‌ركردنی‌ ماف و ئازادییه‌كانی‌ تاك و پارێزگاریی‌ به‌رژه‌وه‌ندیی‌ گشتییه‌، فاكته‌ری‌ سه‌ره‌كی‌ له‌ دروستبوون و كارابوونی‌ رای‌ گشتی‌ به‌ پله‌ی‌ یه‌كه‌م په‌یوه‌ندی‌ به‌ وشیاریی‌ تاك و كۆمه‌ڵه‌وه‌ هه‌یه‌، دواتریش ئه‌و فۆڕمه‌ی‌ كه‌ ده‌نگ و رای‌ خه‌ڵكی‌ تێدا رێكده‌خرێت، چه‌مكه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی‌ رای‌ گشتی‌ پێ‌ كاراده‌كرێت، هۆكاری‌ دروستبونی‌ رای‌ گشتی‌ له‌ بوونی‌ بارودۆخێكه‌وه‌ په‌یداده‌بێت، گرفتێك و كێشه‌یه‌ك هه‌یه‌ جێی‌ سه‌رنج و گرنگییه‌ لای‌ خه‌ڵك كایگه‌ری‌ هه‌یه‌ له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیی‌ زۆرینه‌ی‌ تاكه‌كان یان به‌شێك و گروپێك یان كۆمه‌ڵگا به‌ گشتی‌، خه‌ڵك پشتگیری‌ دۆخێك یان گۆڕانكاری‌ دۆخێك ده‌كه‌ن.

پسپۆڕانی‌ و بیرمه‌ندان پێناسه‌ و شیكردنه‌وه‌یه‌كی‌ زۆریان بۆ رای‌ گشتی‌ كردووه‌، (جیمس برایس) كه‌ پێناسه‌یه‌كی‌ كورت و پڕمانای بۆ دیاریكردنی‌ رای‌ گشتی‌ كردووه‌، ده‌ڵێت: "رای‌ گشتی‌ چه‌مكێكه‌ ده‌لاله‌ت ده‌كات له‌ ئاڕای‌ كۆمه‌ڵێك خه‌ڵك ده‌رباره‌ی‌ مه‌سه‌له‌یه‌ك كه‌ كاریگه‌ری‌ هه‌یه‌ له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی‌ گشتی‌ و تایبه‌ت"، گرنگی‌ رای‌ گشتی‌ له‌وه‌دایه‌ مانای‌ وشیاری‌ تاكه‌كان ده‌نوێنێت، بوونی‌ دیموكراسی‌ و ئازادی‌ را ده‌ربڕین نمایش ده‌كات، له‌ هه‌ركوێیه‌ك رای‌ گشتییه‌كی‌ به‌هێز و تۆكمه‌ دروستببێت كاریگه‌ری‌ راسته‌وخۆی‌ له‌سه‌ر بڕیاری‌ ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵات ده‌بێت، رای‌ گشتی‌ ده‌ربڕینی‌ بیر و جۆرێكه‌ له‌ به‌شداری‌ سیاسیی‌ تاك، هۆكارێكی‌ په‌ستان خستنه‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی‌ سیاسییه‌ بۆ چاكسازی‌ و به‌ره‌و باشتركردنی‌ بارودۆخی‌ وڵات، كاریگه‌ره‌ له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی‌ یاسادانان بۆ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ یاسای‌ وڵات له‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ و پارێزگاری‌ مافی‌ هاووڵاتییاندا بێت، چاودێری‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ جێبه‌جێكردنه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵات به‌ خراپی‌ به‌كارنه‌یه‌ت، رای‌ گشتی‌ وه‌ڵامێكه‌ به‌ ده‌سه‌ڵات ده‌ڵێت "خه‌ڵك توانای‌ گۆڕانكاری‌ سیاسی‌ هه‌یه‌".

هه‌رێمی‌ كوردستان یه‌كێكه‌ له‌و مه‌یدانانه‌ی‌ كه‌ رای‌ گشتی‌ تێیدا لاوازه‌ یان ده‌توانین بڵێین هه‌ربوونی‌ نییه‌، ئه‌مه‌ش گه‌وره‌ترین ڤایرۆسه‌ له‌ جه‌سته‌ی‌ دیموكراسی ئه‌م هه‌رێمه‌دا، بارودۆخی‌ هه‌رێم له‌ شه‌كه‌تیه‌كدا كه‌ ته‌نها گۆڕان ده‌توانێت زۆرێك له‌و دیاردانه‌ی‌ كه‌ بۆته‌ دوومه‌ڵی‌ سه‌ر جه‌سته‌ی‌ ئه‌م هه‌رێمه‌ چاره‌سه‌ربكات، تائێستاش شێوازێك له‌ دوو ئیداره‌یدا بوونی‌ هه‌یه‌، به‌شێكی‌ زۆری‌ سامانی‌ وڵات شاره‌وه‌یه‌، به‌شێكی‌ تری‌ به‌فیڕۆ ده‌درێت، ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ ئه‌م هه‌رێمه‌ بوونه‌ته‌ سه‌رمایه‌دار و بازرگان، دوای‌ شازده‌ ساڵ حوكمڕانی‌ تائێستاش هه‌موو دانیشتوان به‌رهه‌مهێنن و به‌رنامه‌ و پلانێك نییه‌ بۆ وه‌به‌رهێنانی‌ ناوخۆ، خزمه‌تگوزاریی‌ له‌ ئاستی‌ پێویستی‌ خه‌ڵكدا نییه‌،.....چه‌ندین كێشه‌ی‌ هه‌نوكه‌ی‌ تر كه‌ رۆژ به‌ڕۆژ بارودۆخ روو له‌ خراپییه‌، به‌ڵام هه‌موو ئه‌مانه‌ نه‌بۆته‌ هۆكارێك بۆ دروستبوونی‌ رای‌ گشتییه‌كی‌ رێكخرا و كارا، خه‌ڵك نیگه‌رانه‌، بێزاره‌، نائومێده‌، به‌ڵام ئه‌و نیگه‌رانییه‌ نه‌كراوه‌ته‌ هێزێك بۆ دروستكردنی‌ فشارێك بۆ سه‌ر ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی‌ كه‌ میلله‌ت به‌ ده‌سته‌مۆی‌ خۆی‌ ده‌زانێت.

ئه‌و ئامرازانه‌ی‌ كه‌ رای‌ گشتی‌ پێكاریگه‌ر ده‌كرێت و ده‌بنه‌ پاڵنه‌رێك بۆ رێكخستن و به‌هێزكردنی‌ رای‌ گشتی‌ پێكدێت له‌(حزب، راگه‌یاندن، رێكخراو)، به‌ڵام هه‌ریه‌ك له‌مانه‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا رۆڵی‌ خۆیان نه‌بینیوه‌ له‌ دروستكردنی‌ رای‌ گشتی‌ راسته‌قینه‌دا، حزب به‌و واتایه‌ی‌ كه‌ كۆمه‌ڵێك تاكی‌ تیا رێكخراوه‌ ئامانجێكی‌ سیاسی‌ و ئایدۆلۆژی‌ هاوبه‌ش له‌ نێوانیاندا هه‌یه‌، ئه‌و رێكخستنه‌ كار ده‌كات بۆ به‌دیهێنانی‌ كۆمه‌ڵێك به‌رنامه‌ی‌ داڕێژراوی‌ خۆی‌ كه‌ له‌ رێگایه‌وه‌ رای‌ گشتی‌ دروستده‌كات، حزبی‌ ئۆپۆزسیۆن هه‌میشه‌ ده‌یه‌وێت ئه‌و خاڵانه‌ بووروژێنێت كه‌ گه‌ل داوای‌ ده‌كات، گرنگی‌ بدات به‌ كاراكردنی‌ رای‌ گشتی‌ بۆ هه‌ر مه‌سه‌له‌یه‌كی‌ هه‌نوكه‌یی‌ كه‌ چاره‌نوسسازبێت یان گرنگ و جێی‌ سه‌رنجی‌ خه‌ڵك بێت، ده‌سه‌ڵاتی‌ سیاسی‌ یان حزبی‌ ده‌سه‌ڵاتدار ناچارده‌كرێت كه‌ هه‌رگیز بیر له‌و لادانه‌ نه‌كاته‌وه‌ كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ خه‌ڵكدا نییه‌، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا حزب هه‌میشه‌ له‌ خه‌یاڵاتی‌ كپكردنی‌ رای‌ گشتیدایه‌، ده‌توانین بڵێین ئۆپۆزسیۆنی‌ راسته‌قینه‌ ئاماده‌ی نییه‌ له‌ گۆڕه‌پانی‌ سیاسیدا، هه‌موو ئه‌و حزبانه‌ی‌ كه‌ خاوه‌ن پێگه‌یه‌كی‌ جه‌ماوه‌رین دواجار به‌شداركراونه‌ته‌وه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتدا له‌ڕێگای‌ هه‌ندێك ئیمتیازات و پله‌ی‌ وزاریی‌ و ئیدارییه‌وه‌، بۆیه‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا حزب هه‌رگیز نه‌بۆته‌ فاكته‌رێكی‌ دروستبوونی‌ رای‌ گشتی‌.

راگه‌یاندن، بیگومان راگه‌یاندن ئامرازێكی‌ گرنگه‌ بۆ وشیاركردنه‌ و په‌یوه‌ندیكردن و ده‌ربڕینی‌ بیروڕای‌ خه‌ڵك، له‌ دنیای‌ ئه‌مڕۆدا راگه‌یاندن هێزێكی‌ كارایه‌ له‌ كارتێكردن بۆ سه‌ر ده‌سه‌ڵات و دروستكردنی‌ رای‌ گشتی‌، به‌و سیفه‌ته‌ی‌ كه‌ كه‌ناڵی‌ په‌یوه‌ندی‌ نێوان خه‌ڵك و ده‌سه‌ڵاته‌، رۆڵی‌ راگه‌یاندن له‌وه‌دا خۆی‌ ده‌بینێته‌وه‌ كه‌ چاودێری‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ یاسادان ده‌كات، رۆڵی‌ چاودێر ده‌بینێت به‌سه‌ر كاروباری‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ جێبه‌جێكردن، هه‌روه‌ها راگه‌یاندن رێگایه‌كه‌ بۆ ده‌ربڕینی‌ سكاڵا و ناڕه‌زایی‌ خه‌ڵك، هه‌موو ئه‌مانش واده‌كات كه‌ راگه‌یاندن یه‌كێك بێت له‌و ئامڕازانه‌ی‌ كه‌ رای‌ گشتی‌ پێدروستده‌كرێت و كارا ده‌كرێت، به‌ڵام زۆربه‌ی‌ كه‌ناڵه‌كانی‌ راگه‌یاندنی‌ كوردی‌ به‌و سیفه‌ته‌ی‌ كه‌ راگه‌یاندنی‌ حزب و ده‌سه‌ڵاته‌ ده‌بێت رۆڵی‌ داكۆكیكار ببینێت له‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ سیاسی‌ و حكومڕانێكی‌ بێسه‌لیقه‌، راگه‌یاندن له‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا ویستوویه‌تی‌ له‌ خزمه‌تی‌ ده‌سه‌ڵاتدابێت كاربكات بۆ مانه‌وه‌ی‌ ئه‌و فه‌رمانڕه‌وایه‌تییه‌ی‌ كه‌ به‌پێی‌ پێوه‌ری‌ جیهانی‌ دیموكراسییه‌تی‌ ئه‌مڕۆ مایه‌ی‌ قبوڵنییه‌، له‌ هه‌مان كاتدا هه‌ندێك راگه‌یاندنی‌ سه‌ربه‌خۆ بوونیان هه‌یه‌ به‌پێی‌ ئه‌و ئیمكانییه‌ته‌ی‌ كه‌ هه‌یان بووه‌ رۆڵیان بینیوه‌، به‌ڵام له‌و ئاسته‌دا نه‌بوون كه‌ رای‌ گشتی‌ دروستبكه‌ن.

رێكخراوی‌ مه‌ده‌نی‌(گروپی‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌) گرنگترین رۆڵ ده‌بینێت له‌ دروستكردنی‌ رای‌ گشتیدا، چونكه‌ هه‌ر رێكخراوێك تایبه‌تمه‌ندێتی‌ خۆی‌ هه‌یه‌ و كۆمه‌ڵێك خه‌ڵكی‌ تێدایه‌ كه‌ هاوپیشه‌ن و هاوبه‌رژه‌وه‌ندن، رۆڵی‌ رێكخراو له‌ دروستكردنی‌ رای‌ گشتییدا هه‌ر له‌ رێكخستن و كۆكردنه‌وه‌كان رای‌ تاكه‌كان و كردنیان به‌یه‌ك هێز، په‌خشكردن و ریكلامكردن له‌ڕێگای‌ راگه‌یاندنه‌وه‌ بۆ پێكهێنانی‌ هاوده‌نگه‌ كۆكراوه‌كان، تا دروستكردنی‌ هێزێكی‌ فشار بۆ سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی‌ سیاسی‌ و ناوه‌ندی‌ بڕیاردان، به‌گشتی‌ دروستكردنی‌ رای‌ گشتی‌ له‌لایه‌ن رێكخراوه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ مه‌ده‌نییه‌وه‌ دوو جۆره‌:

 یه‌كه‌م: رای‌ گشتی‌ گشتگیر، كه‌ ده‌لاله‌ت له‌ رای‌ زۆرینه‌ی‌ كۆمه‌ڵگا ده‌كات له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌یه‌كی‌ گشتی‌ كه‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌ هه‌موو گه‌له‌وه‌ هه‌بێت.

 دووه‌م: رای‌ گشتی‌ چینێك یان كۆمه‌ڵه‌ خه‌ڵكێكی‌ دیاریكراو كه‌ مه‌سه‌له‌كه‌ ته‌نها په‌یوه‌ندی‌ به‌وانه‌وه‌ هه‌یه‌.
 له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌ده‌یان رێكخراو بوونیان هه‌یه‌ و باره‌گا و ئیمكانیاتی‌ مایدییان هه‌یه‌، به‌ڵام ره‌نگه‌ نه‌بوونیان باشتربێت له‌ بوونیان، چونكه‌ مانای‌ راسته‌قینه‌ی‌ رێكخراویان شێواندووه‌، لێره‌ رێكخراو باڵۆچكه‌یه‌كی‌ حزبه‌، كاره‌كانی‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ و له‌ژێر باڵی‌ حزبدا ده‌كات.

 رێكخراوه‌ مه‌ده‌نییه‌كانی‌ كوردستان كه‌ له‌لایه‌ن حزبه‌كانه‌وه‌ سه‌ركردایه‌تیان ده‌كرێت و رێنمایی‌ له‌ ناوه‌نده‌ حزبییه‌كانه‌وه‌ وه‌رده‌گرن، توانای‌ هیچ رایه‌كی‌ جیاوازییان نییه‌ كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ حزبدا نه‌بێت، بۆیه‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا رێكخراوه‌كان نه‌یانتوانیووه‌ نوێنه‌رایه‌تی‌ خه‌ڵك و چینه‌كانی‌ خۆیان بكه‌ن رێبه‌رایه‌تی‌ دروستكردنی‌ رای‌ گشتی‌ بن.

ئه‌مڕۆ هه‌رێمی‌ كوردستان پێویستی‌ به‌ رێكخستنی‌ ده‌نگه‌ په‌رته‌وازه‌كانی‌ شه‌قامی‌ كوردی‌ هه‌یه‌ كه‌ سه‌رجه‌م ده‌نگی‌ ناڕازی و نیگه‌رانییه‌، پێویسته‌ ئه‌و ده‌نگانه‌ له‌ فۆڕمێكی‌ نوێدا رێكبخرێته‌وه‌ و رایه‌كی‌ گشتی‌ دروستبكرێت كه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندی‌ به‌ره‌و پێشچوونی‌ هه‌رێم ئاڕاسته‌بكرێت، له‌ ئه‌نجامی‌ نه‌بوونی‌ دادوه‌ریی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ خه‌ڵك له‌ حاڵه‌تێكی‌ خراپ و بێزاریدا، به‌ڵام به‌هۆی‌ نه‌بوونی‌ به‌دیلێكی‌ گونجاو سه‌رجه‌م ده‌نگه‌ ناڕازییه‌كان به‌ره‌و خاڵێكی‌ ترسناك ده‌ڕۆن كه‌ نه‌مانی‌ هیچ هه‌ستێكه‌ بۆ خاك و وڵات و نه‌ته‌وه‌، ئێستا هه‌رێمی‌ كوردستان پێویستی‌ به‌ هێزێكی‌ رێكخراو هه‌یه‌ كه‌ رایه‌كی‌ گشتی‌ بۆ گۆڕان دروستبكات، خه‌ڵك وا ئاڕاسته‌ بكات بیر له‌ گۆڕان بكاته‌وه‌ نه‌ك نائومێد بوون و دۆشدامان به‌دیار رووداوه‌كانه‌وه‌.
Sbeiy.com © 2007