Print
 ناعه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی
Monday, January 19, 2009

د. له‌تیف شێخ مسته‌فا
"ناعه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی، هۆكاری سه‌ره‌كی بێزاریی خه‌ڵك له‌ ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی هه‌رێم پێشنیازێكی ئاسان بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی ناڕه‌زایی"


ده‌یه‌ها یان سه‌ده‌ها به‌ڵكو هه‌زاره‌ها ساڵه‌ خه‌ڵكی كوردستان خه‌ون به‌ به‌دیهێنانی حوكمڕانییه‌كی خۆماڵییه‌وه‌ ده‌بینن، 20 ساڵ‌ له‌مه‌وبه‌ر لای هه‌موومان ئه‌م ئه‌زموونه‌ی ئه‌مڕۆ هه‌مانه‌ له‌ خه‌یاڵ‌ خه‌یاڵتر بوو، له‌ سایه‌ی هه‌وڵ‌‌و ماندووبوونی بێ‌ پسانه‌وه‌ ئه‌و خه‌یاڵه‌ بوو به‌ واقیع، به‌ڵام دوای تێپه‌ڕبوونی نزیكه‌ی (17) ساڵ‌ به‌سه‌ر ئه‌زموونی حوكمڕانی كوردیدا، ناڕه‌زاییه‌كی به‌رفراوان‌و چاوه‌ڕوان نه‌كراو له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه‌ په‌یدابووه‌، كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ داهاتووی ئه‌م (ئه‌زموونه‌) ده‌كات‌و وامان لێده‌كات خه‌می جدیی لێ بخۆین‌و هه‌ریه‌ك له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌و به‌ گوێره‌ی بیركردنه‌وه‌و پسپۆڕیی خۆی، به‌دوای هۆكاره‌كاندا بگه‌ڕێت به‌ مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنی.
به‌ رای من هۆكاری سه‌ره‌كی ئه‌م ناڕه‌زاییه‌ جه‌ماوه‌رییه‌ گرانی، برسێتی، بێكاری، گه‌نده‌ڵی، نه‌بوونی خزمه‌تگوزاری نییه‌، راسته‌ ئه‌مانه‌ هۆكاری گرنگن، به‌ڵام هۆكاری هه‌ره‌ سه‌ره‌كی به‌ رای من نه‌بوونی عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌.

عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تیی دوو شێوازی هه‌یه‌، یان به‌ دوو چه‌مك به‌كارده‌هێنرێت، عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی راسته‌قینه‌و عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی موجه‌ره‌د، یان یه‌كسانی له‌به‌رده‌م یاسا، ئه‌وه‌ی یه‌كه‌میان ئه‌ركێك ئیجابی ده‌خاته‌ سه‌رشانی ده‌وڵه‌ت كه‌ هه‌وڵ‌ بدات لانیكه‌می خۆشگوزه‌رانیی بۆ هه‌مووان وه‌ك یه‌ك دابین بكات.

ئه‌وه‌ی دووه‌میان رۆڵی ده‌وڵه‌ت ده‌كاته‌ رۆڵێكی نێگه‌تیف، واته‌ ده‌وڵه‌ت ته‌نها هه‌له‌كان یه‌كسان ده‌كات، واته‌ ته‌نها هه‌لی یه‌كسان ده‌بێ‌ بۆ هه‌مووان بڕه‌خسێنێت، نابێت خۆی جیاكاریی بكات له‌نێوان هاوڵاتییان‌و گروپه‌كان، نه‌ رێگه‌ش به‌و جیاكاریانه‌ بدات.

دیاره‌ ئه‌وه‌ی ئێمه‌ مه‌به‌ستمانه‌ ئه‌وه‌ی دووه‌میانه‌، نه‌بوونی عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی موجه‌ره‌د یان نه‌بوونی یه‌كسانی هاوڵاتییان له‌به‌رده‌م یاسا، هه‌ست به‌ ناعه‌داله‌تیی لای تاكه‌كانی گه‌ل دروست ده‌كات، ئه‌م هه‌سته‌ له‌ ماوه‌یه‌كی دیاریكراودا ده‌بێته‌ هۆكار بۆ له‌ده‌ستدانی هه‌ست به‌ ئینتیمابوون، له‌ دواجاردا ده‌بێته‌ هۆی دروستبوونی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی په‌رته‌وازه‌ (مفلك)، كه‌ نه‌ك توانای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی مه‌ترسیی‌و هه‌ڕه‌شه‌ ده‌ره‌كییه‌كانی نامێنێ‌، به‌ڵكو زۆرجار خۆی په‌له‌ ده‌كات له‌ مه‌رگی خۆی، واته‌ نه‌بوونی عه‌داله‌تی موجه‌ره‌د هۆكاری سه‌ره‌كیی‌و یه‌كه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی په‌رته‌وازه‌یه‌، وتمان كه‌ هۆكاری سه‌ره‌كی ناڕه‌زایی جه‌ماوه‌ر (گرانی، برسێتی، بێكاری، گه‌نده‌ڵی، نه‌بوونی خزمه‌تگوزاریی.. هتد) نییه‌ به‌ پله‌ی یه‌كه‌م، به‌ڵكو ناعه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌، بۆ؟

ئه‌گه‌ر به‌ وردیی سه‌یری ئه‌م حه‌ڤده‌ ساڵه‌ی حوكمڕانی كوردیی بكه‌ین، ده‌بینین كه‌ له‌ زۆر رووه‌وه‌ ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ خه‌ڵك سوودمه‌ند بوون كه‌ پێشتر له‌ هیچ سه‌رده‌م‌و زه‌مانیكی حوكمی غه‌یره‌ كوردیدا كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیی به‌خۆیه‌وه‌ نه‌بینوه‌، بۆ نموونه‌ هه‌رگیز هێنده‌ی ئیستا خه‌ڵك پله‌و پۆست‌و وه‌زیفه‌ی وه‌رنه‌گرتووه‌ چ له‌ رووی چه‌ندایه‌تی‌و چ له‌ رووی چۆنایه‌تییه‌وه‌.

هه‌روه‌ها هه‌رگیز هێنده‌ی ئێستا خه‌ڵك پارچه‌ زه‌وی نیشته‌جێبوونیان وه‌رنه‌گرتووه‌. قه‌د ئه‌وه‌نده‌ خه‌ڵك هه‌لی خوێندنی بۆ نه‌ڕه‌خساوه‌، هه‌رگیز به‌قه‌ده‌ر ئێستا به‌ڵێنده‌رو ده‌وڵه‌مه‌ندی كورد نه‌یتوانیوه‌ سوود له‌ پرۆژه‌كانی ده‌وڵه‌ت وه‌ربگرێت.

به‌ كورتی له‌ هه‌موو رووه‌كانه‌وه‌ چ له‌ رووی چه‌ندایه‌تی، چ له‌ رووی چۆنایه‌تی زۆرترین ژماره‌ی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستانه‌ له‌چاو سه‌رده‌مانی پێش حوكمڕانی كوردیی سوودمه‌ندنه‌بوون.

كه‌ وابێت ده‌بێت زۆرترین ژماره‌ی خه‌ڵك هه‌ست به‌ ره‌زامه‌ندیی بكه‌ن له‌م ئه‌زموونه‌، كه‌چی به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی ئه‌و هه‌موو ئیمتیازات‌و سوودمه‌ندبوونه‌ ره‌زامه‌ندیی یان هه‌ست به‌ ره‌زامه‌ندی له‌ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی دروست بكات، بووه‌ته‌ جێگه‌ی ناڕه‌زامه‌ندیی‌و گله‌یی، نه‌ك هه‌ر لای ئه‌وانه‌ی كه‌ هه‌رگیز سوودمه‌ندنه‌بوون، به‌ڵكو ته‌نانه‌ت لای ئه‌وانه‌ش كه‌ سوودمه‌ندبوون، له‌وانه‌یه‌ هه‌ستكردن به‌ ناڕه‌زامه‌ندیی بوون به‌ پله‌ی زیاتر لای ئه‌وانه‌ بێت كه‌ سوودمه‌ندبوون.

هۆكاری ئه‌وه‌ش دیاره‌ نه‌بوونی عه‌داله‌ت موجه‌ره‌ده‌ یان نه‌بوونی یه‌كسانییه‌ له‌به‌رده‌م یاسا، به‌ دوو شێواز، یه‌كه‌م جیاوازی له‌نێوان ئه‌ندامان‌و لایه‌نگرانی حیزب له‌گه‌ڵ‌ خه‌ڵكی بێلایه‌ن یان ناحیزبی یان ورد خه‌ڵكانی ده‌ره‌وه‌ی حیزبه‌كانی ده‌سه‌ڵات.

كه‌ هه‌موو ئه‌ندامێكی حیزبی ده‌سه‌ڵات له‌ هه‌موو رووه‌كانه‌وه‌ ئیمتیازی زۆری له‌چاو هاوڵاتیی تردا پێدراوه‌، ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ كه‌ هه‌ستكردن به‌ نایه‌كسانیی لای تاكی ئاسایی به‌رامبه‌ر به‌ ئه‌ندامانی حیزبه‌كانی ده‌سه‌ڵات دروست ببێت‌و هه‌ست بكات كه‌ ئه‌و هاوڵاتیی پله‌ دوو یان سێ‌ یان چوار یان هه‌ندێك جار پله‌ سفره‌.

شێوازی دووه‌م دابه‌شكردنی ئیمتیازات‌و سووده‌كانه‌ به‌سه‌ر ئه‌وانه‌شدا كه‌ سوودمه‌ندبوون له‌سه‌ر بنه‌مای یاسایی‌و بوونی مه‌رجی وه‌ك یه‌ك نه‌بووه‌، به‌ڵكو له‌سه‌ر بنه‌مای میزاجی شه‌خصی‌و ناسیاوی خزمایه‌تی‌و ته‌كه‌تولات‌و مه‌حبوبییه‌ت بووه‌، بۆ نموونه‌ ئه‌گه‌ر زه‌وی وه‌رگرتن وه‌ك نموونه‌ وه‌ربگرین، ده‌بینین كه‌ ئه‌وه‌نده‌ی ئێستا زه‌وییان وه‌رگرتووه‌ یان ژماره‌ی ئه‌وانه‌ی كه‌ زه‌وییان وه‌رگرتووه‌، هه‌رگیز له‌ هیچ مێژوویه‌كدا ئه‌وه‌نده‌ نه‌بووه‌، به‌ڵام له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی ئه‌م پرۆسه‌یه‌ ره‌زامه‌ندی دروست بكات لای ئه‌وانه‌ی وه‌ریان گرتووه‌، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ هه‌ستكردن به‌ ناعه‌داله‌تی‌ یان به‌ ناڕه‌زامه‌ندی لایان دروستبووه‌، چونكه‌ دابه‌شكردنه‌كه‌ یان پێدانه‌كه‌ به‌ گوێره‌ی پێوه‌رێكی یه‌كسان نه‌بووه‌، به‌ڵكو به‌ میزاجی شه‌خصی بووه‌، ئه‌وه‌ی كه‌ لێپرسراوێكه‌وه‌ نزیك بووه‌ زه‌وییه‌كی باشتری وه‌رگرتووه‌ له‌ویتر. بۆیه‌ ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ هه‌ست ده‌كات كه‌ زه‌وی یه‌كێكی تر له‌و باشتره‌، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و كه‌سه‌ خزمه‌ته‌كه‌ی وه‌ك مه‌رجه‌كانی ئه‌و وان یان له‌وانه‌یه‌ كه‌متریش بێت، ئه‌وا هه‌ستكردن به‌ بێزاریی‌و ناڕه‌زامه‌ندیی لا دروست ده‌بێ‌، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و زه‌وییه‌ی خۆی وه‌ریگرتووه‌ له‌وانه‌یه‌ ئه‌گه‌ر خۆی به‌راورد نه‌كات له‌گه‌ڵ‌ یه‌كێكی تری وه‌ك خۆی یان له‌ خۆی ناموسته‌حه‌ق تر "كه‌ زه‌وییه‌كی باشتری وه‌رگرتووه‌" له‌ خه‌وی ئه‌وایشیدا نه‌بووه‌ و كه‌ زۆر له‌ هیواو ئاره‌زووی‌ خۆی زیاتر بێت.

بۆیه‌ ئه‌م پرۆسه‌یه‌ لای هه‌مووان له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی ره‌زامه‌ندبوون دروستبكات، ته‌نانه‌ت لای سودمه‌نده‌كانیش هه‌سكردن به‌ به‌شخوراوی‌ و ناعه‌داله‌تی‌ دروستده‌كات، هه‌روه‌ها هه‌سكردن به‌ ناڕه‌زامه‌ندی له‌ناو سه‌رجه‌م فه‌رمانبه‌رانی‌ ‌ ئاسایش دروستكردوه‌ كه‌ به‌ خزمه‌تی زۆرو خاڵی زۆره‌وه‌ ده‌بینن فه‌رمانبه‌ره‌ حیزبییه‌كان پێشیان ده‌كه‌ون یان زه‌وی له‌وان باشتر وه‌رده‌گرن، هه‌روه‌ها ئه‌م هه‌ست به‌ ناڕه‌زامه‌ندیی بوونه‌ جارێكی تر له‌نێوان ئه‌وانه‌ی كه‌ هه‌ر زه‌وییان وه‌رنه‌گرتووه‌ له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وانه‌ی وه‌ریانگرتووه‌، خۆی ده‌رده‌خاته‌وه‌، به‌وشێوه‌یه‌ ناڕه‌زامه‌ندییه‌كان له‌نێوان تاكه‌كان‌و خۆیانداو هه‌روه‌ها له‌نێوان كۆمه‌ڵه‌كانیش ده‌رده‌كه‌وێت. سه‌ره‌نجام لای هه‌مووان هه‌ست به‌ ناعه‌داله‌تی یان به‌ نایه‌كسانی، به‌ڵام به‌ شێوازی جیا جیا لێده‌كه‌وێته‌وه‌، ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ بۆ نموونه‌كان وه‌ك پێدانی پله‌و پایه‌ یان وه‌رگرتنی هه‌لی خوێندن یان مقاولات یان .....هتد راسته‌و هه‌مان هاوكێشه‌ی به‌سه‌ردا پیاده‌ ده‌كرێت.

به‌ڵام ئه‌گه‌ر پێدانی ئیمتیازاته‌كان به‌ گوێره‌ی پێوه‌ری یاسای گشتگیرو موجه‌ره‌د بێ‌‌و تیایدا پێوه‌رو میزاجی شه‌خصی رۆڵی نه‌بێ‌ یان كه‌مترین رۆڵی هه‌بێت‌و پێشتر هه‌موو مه‌رجه‌كانی به‌خشینی ئیمتیازێك ئاشكرا بكرێت، ئینجا هه‌ل بڕه‌خسێ‌ بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی ئه‌و مه‌رجانه‌ی تێدایه‌ داوای خۆی پێشكه‌ش بكات‌و له‌ناو هه‌موو ئه‌وانه‌دا ئه‌وانه‌ی مه‌رجه‌كانیان تێدایه‌، بپاڵێورێن‌و ئیمتیازیان به‌ركه‌وێت، ئه‌وا ئه‌گه‌ر له‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی داوایان پێشكه‌شكردووه‌ یه‌ك كه‌س به‌ری بكه‌وێت، به‌ دڵنیاییه‌وه‌ هه‌ست به‌ ره‌زامه‌ندیی لای هه‌مووان دروست ده‌كات، به‌ڵام به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌گه‌ر هه‌موو ئه‌وانه‌ی داوایان پێشكه‌شكردووه‌، هه‌ر هه‌موویان ئیمتیازیان پێ‌ بدرێت، به‌ڵام میزاجی شه‌خصی تێبكه‌وێت‌و به‌ محسوبییه‌ت بێت، ئه‌وكات له‌ جیاتی هه‌ست به‌ ره‌زامه‌ندی، هه‌ست به‌ ناڕه‌زه‌مه‌ندی لێده‌كه‌وێته‌وه‌ لای هه‌مووان، چونكه‌ كاتێك خۆیان به‌راورد ده‌كه‌ن به‌ یه‌كتری، هه‌ریه‌كه‌یان بۆی ده‌رده‌كه‌وێت له‌ چاوی ئه‌وانیتر كه‌ ئه‌و مه‌رجه‌كانیشی له‌وان باشتره‌، به‌شخوراوتره‌.

بۆیه‌ زۆر پێویسته‌ له‌سه‌ر حكومه‌تی هه‌رێم به‌ په‌له‌و بێ‌ دواكه‌وتن له‌مه‌ودوا *** به‌ گوێره‌ی بنه‌مای یاسای گشتگیرو مجرد كاربكات‌و هه‌لی یه‌كسان له‌به‌رده‌م هه‌موواندا وه‌ك یه‌ك بڕه‌خسێنێت، واته‌ ئه‌ركی ده‌سه‌ڵات ته‌نها ئه‌وه‌بێت كه‌ هه‌لی وه‌كو یه‌ك بۆ هه‌مووان بڕه‌خسێنێت‌و رێگه‌ نه‌دا نه‌ به‌ خۆی نه‌ به‌ كه‌سی تر یاری به‌ هه‌له‌كان بكات. بۆئه‌وه‌ی وه‌ك چاره‌سه‌رێكی ئاسان‌و به‌ په‌له‌ بتوانرێت ئه‌و ناڕه‌زاییه‌و دڵساردبوونه‌وه‌ی خه‌ڵك كه‌م بكرێته‌وه‌و خه‌ڵك ئومێدی به‌ حكومه‌ته‌كه‌ی‌و ئه‌زموونه‌كه‌ی ببوژێته‌وه‌.

Sbeiy.com © 2007