Print
 جیاكردنه‌وه‌ی‌ حیزب له‌ حكومه‌ت، كارێكی‌ ئاسانه‌؟
Monday, January 19, 2009


پرۆژه‌كه‌ی‌ سكرتێری‌ گشتی‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان (جیاكردنه‌وه‌ی‌ حزب له‌ حكومه‌ت)، بۆ ئێستای‌ واقیعی‌ سیاسی‌ كوردستان پرۆژه‌یه‌كی‌ ژیانییه‌و به‌ ئه‌ندازه‌ی‌ جیاكردنه‌وه‌ی‌ ئایینه‌ له‌ ده‌وڵه‌ت كه‌ خواستێكی‌ سه‌ره‌كی‌ بونیادنانی‌ ده‌وڵه‌تێكی‌ دیموكرات‌و مه‌ده‌نییه‌، ده‌ستێوه‌ردانی‌ حزب له‌ حكومه‌ت هۆكارێكی‌ سه‌ره‌كی‌ سه‌رهه‌ڵدانی‌ ئه‌و گه‌نده‌ڵییانه‌یه‌ كه‌ ده‌زگاكانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ ئیفلیج كردوه‌و به‌رده‌وامیی‌ به‌ سراتیژی‌ (كه‌سی‌ نه‌شیاو بۆ شوێنی‌ شیاو) داوه‌ له‌ هه‌رێمدا، كه‌ ئه‌و ستراتیژه‌ش له‌ ماوه‌ی‌ رابردودا پشكی‌ شێری‌ هه‌بوه‌ له‌ وێرانكردنی‌ كایه‌ جیاوازه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ كوردی‌‌و پرۆژه‌كانی‌ حكومه‌تدا.

پێشكه‌شكردنی‌ ئه‌و پرۆژه‌یه‌ تائێستاش ته‌نها له‌ چوارچێوه‌ی‌ گوتار (دیسكۆرس)دایه‌و ورده‌كاریی‌‌و میكانیزم‌و لایه‌نه‌ پراكتیكییه‌كانی‌ ته‌رجه‌مه‌ كردنی‌ ئه‌و پرۆژه‌یه‌ دیارنییه‌و ناڕۆشنه‌، ئه‌مه‌یان مه‌سه‌له‌یه‌كی‌ تره‌، به‌ڵام كێشه‌ی‌ سه‌ره‌كی‌ به‌ بڕوای‌ من له‌ جێبه‌جێ‌ كردنی‌ ئه‌م پرۆژه‌یه‌دا ئه‌و تاكانه‌یه‌ كه‌ ئه‌زمونێكی‌ درێژیان له‌و گه‌مه‌یه‌دا هه‌بوه‌.

مامه‌ڵه‌ی‌ خراپی‌ یه‌كێتی‌‌و پارتی‌ له‌ ته‌داخولكردنی‌ ره‌هایانه‌ بۆ هه‌مو كایه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌‌و رۆشنبیری‌‌و ئابوریه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگه‌، كه‌لتورێكی‌ ناته‌ندروست‌و پێوه‌رێكی‌ خراپی‌ لای‌ سوپایه‌ك له‌و مرۆڤانه‌ دروستكردوه‌ كه‌ له‌ شوێنه‌ هه‌ستیاره‌كاندا پۆستیان هه‌بوه‌، ئه‌وان كه‌ حیزب هێواش هێواش رایهێنابون بۆ ئه‌وه‌ی‌ هاوڵاتی‌ باش‌و دڵسۆز ته‌نها به‌رمه‌بنای‌ ئینتیمای‌ حزبیان هه‌ڵسه‌نگێنن، له‌ ماوه‌ی‌ رابردودا چه‌ندین چیرۆكی‌ ئاوێته‌ به‌ نادادپه‌روه‌ری‌ كۆمه‌ڵایه‌تییان نوسیه‌وه‌، ئاخر چه‌ند ده‌رچوی‌ زانكۆی‌ خاوه‌ن توانا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ حیزبی‌ نه‌بو وه‌رنه‌گیرا له‌ خوێندنی‌ باڵاو دواتر وڵاتی‌ به‌جێهێشت، چه‌ند پرۆژه‌ی‌ ئابوری‌ ستراتیژی‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ حیزب داوای‌ شه‌راكه‌تی‌ ده‌كرد له‌بارچون.

ئایا ئه‌و به‌رێوه‌به‌ری‌ گشتی‌‌و راگری‌ كۆلێژو به‌رپرسه‌ حكومییانه‌ی‌ ساڵانێكه‌ ده‌ست‌و په‌نجه‌یان له‌گه‌ل ته‌زكیه‌و بیری‌ ته‌سكی‌ حزبایه‌تیدا نه‌رمكردوه‌و پێوه‌ری‌ هاوڵاتی‌ باش له‌ لایان حیزبییه‌كی‌ باش بوه‌ چۆن ده‌توانن له‌ ماوه‌ی‌ شه‌و رۆژێكدا دونیابینییان بگۆڕێت.

پارتی‌‌و یه‌كێتی‌ كه‌ ئه‌و سیستمه‌یان په‌سه‌ندكردبو ئینتیمای‌ حیزبی‌ بون جه‌وهه‌ریترین خاڵی‌ نێو سیڤییه‌كانمان بێت، ئاسان نییه‌ به‌ ته‌نها پرۆژه‌یه‌ك كۆتایی‌ پێبهێنریت.

ئایا گره‌نتی‌ چییه‌ دوای‌ ئه‌و پرۆژه‌یه‌ ده‌یان كه‌سی‌ خاوه‌ن بڕیار له‌به‌ر هۆكاری‌ ترس یان موجامه‌له‌ یاخود به‌رژه‌وه‌ندی‌ تایبه‌ت بتوانێت دوای‌ ئه‌ندام مه‌كته‌بێكی‌ سیاسی‌ بۆ دامه‌زراندنی‌ ئه‌ندامێكی‌ حیزبه‌كه‌ی‌ ره‌تبكاته‌وه‌و نه‌كه‌وێته‌ ژێر كاریگه‌ریه‌كانیه‌وه‌، ئه‌گه‌ر به‌رێوه‌به‌ری‌ ناحیه‌یه‌ك پێچه‌وانه‌ی‌ خواستی‌ به‌رپرسی‌ مه‌ڵبه‌ند یان لقێك جوڵایه‌وه‌ چی‌ رێگره‌ له‌وه‌ی‌ كه‌ گێچه‌ڵی‌ بۆ دروست ناكرێت. كه‌واته‌ ته‌نها پرۆژه‌یه‌ك پێناچێت ئاماژه‌ی‌ كۆتایی هێنان بێت به‌و كاره‌سات‌و دۆخه‌ ناته‌ندروسته‌.

له‌به‌ر ئه‌وه‌ پرۆژه‌كه‌ی‌ مام جه‌لال به‌ دوای‌ خۆیدا چه‌ندین رێوشوێنی‌ یاسایی‌‌و مامه‌ڵه‌ی‌ توندو كاریگه‌ر پێویست ده‌كات به‌ تایبه‌ت له‌گه‌ڵ‌ ئه‌و كه‌سانه‌دا كه‌ له‌سه‌ر ئاستی‌ شه‌خسی‌ حیزب ده‌هێننه‌وه‌ نێو كایه‌ جیاوه‌زه‌كانی‌ حوكمه‌تداری‌.

ئه‌گه‌ر وته‌كه‌ی‌ ئۆڵریچ لادورنه‌ر، سه‌رنوسه‌ری‌ به‌شی‌ سیاسه‌ت له‌ رۆژنامه‌ی‌ دیزایتی‌ ئه‌ڵمانی‌ هه‌ڵگری‌ شتێك له‌ راستی‌ بێت كاتێك ده‌ڵێت "بونیادنانی‌ سیستمی‌ دیموكراسی‌ ده‌بێت پێش هه‌مو شتێك خواستی‌ هاوڵاتیان بێت‌و له‌وانه‌وه‌ سیاسه‌تمه‌دار ناچار بكرێت ئه‌و خواسته‌ به‌رجه‌سته‌ بكه‌ن"، ئه‌وا بۆ ئه‌كتیڤكردنی‌ ئه‌م پرۆژه‌یه‌ هه‌ڵگری‌ راستی‌ ره‌هایه‌.

هه‌ربۆیه‌ پرۆژه‌ یاسایه‌ك بۆ ته‌رجه‌مه‌كردنی‌ ئه‌و پرۆژه‌یه‌و رێگرتن له‌ ته‌داخولی‌ حیزب له‌ حكومه‌ت به‌ رای‌ من گره‌نتی‌ به‌رجه‌سته‌ بون‌و به‌ زیندوێتی‌ هێشتنه‌وه‌یه‌ی‌ پرۆژه‌كه‌ی‌ سكرتێری‌ گشتییه‌.

هه‌وڵێك كه‌ ده‌بێت بدرێت ده‌ستكاریكردنی‌ خه‌ریته‌ی‌ دونیابینی‌ ئه‌و سوپایه‌یه‌ له‌ خاوه‌ن پۆسته‌كان كه‌ چیدی‌ ئینتیمای‌ حیزبی‌ نه‌كه‌نه‌ یه‌كه‌م‌و دواهه‌مین پێوه‌ر، فێر بكرێن یان ناچار بكرێن به‌ یاسا، كه‌ هاوڵاتی‌ دڵسۆز‌و باش مه‌رج نییه‌ حیزبیه‌كی‌ باش بێت، ئه‌مه‌ش ئاسانترینه‌ رێگایه‌ بۆ به‌رجه‌سته‌ كردنی‌ بنه‌مای‌ (كه‌سی‌ شیاو بۆ شوێنی‌ شیاو) كه‌ دواجار ئه‌وه‌ش به‌ سروشتی‌ خۆی‌ رێگاكانی‌ چون بۆ مه‌مه‌له‌كه‌تی‌ گه‌نده‌ڵییه‌كان به‌ ورده‌ شوشه‌ی‌ ویژدان‌و یاسا ده‌چێنێت.

 

Sbeiy.com © 2007